alai_Kurdistan

تەحسین زراری : سەربەخۆى هەرێمى کوردستان کۆتا چارەسەرى کێشەکانە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی دووەم

نەتەوەى کورد بەیەکێک لەنەتەوە هەرە مەزنە بێ دەوڵەتەکان دادەنرێت لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وجیهانیش ، بەڵام بەهۆى دابەش کردنى خاکەکەى بەسەر چەندین دەوڵەت تا ئێستا نەبوتە خاوەنى کیانێکى سەربەخۆ ، دەوڵەمەندى خاکەکەى بە نەوت و گازى سروشتى و کانزاکانەوە لە جیاتى ئەوەى هۆکارى یارمەتیدەر بێت بە پێچەوانەوە فاکتەرێک بووە بۆ نەهامەتى و چەوسانەوەى گەڵەکەى ، ئەمەش پەیوەستە بە فاکتەرى ناوخۆیی و هەڵومەرجى نێودەوڵەتى .
گۆڕینى هەڵوێستى دەوڵەتانى کوردستان بەسەر دابەش کراو مامەلە کردنیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان!!!
هەرێمى کوردستان لە دواى ڕاپەڕینەوە خاوەنى ئیدارەیەکى خۆجێی تایبەت بەخۆی بووە ، بەڵام وڵاتانى دەورو بەر بەتایبەتى هەریەکە لە ئێران و تورکیا سوریا هیچ کاتێک ئامادە نەبوون مامەلە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکەن وەکو ئیدارەیەکى خۆجێى بەڵکو شێوازى مامەلەکەیان تەنها لە چوار چێوەى لایەنێکى دیارى کراو دا بوو ، واتە ئامادە نەبوون بە شێوەیەکى فەرمى مامەلە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکەن ، تەنانەت دواى نەمانى ڕژێمى دیکتاتۆریش بۆ ماوەیەک گرژیەکى زۆر هەبوو بەڵام دواتر هەریەکە لەم دەوڵەتانە بەتایبەتیش تورکیا و ئێران شێوازى مامەلەکردنیان لە هەرێمى کوردستان ئاسایی بووەوە ، بۆیە ئەمە هەنگاوێکى گرنگ بوو بۆ هەرێمى کوردستان لەبەر ئەوەى پێشتر ئامادە نەبوون ناوى کوردستانیش بێنن بە شێوەیەکى فەرمى بەڵام دەبینین ئێستا هەریەکە لە ئێران و تورکیا لە ڕووى وەبەرهێنانەوە لە کوردستان خاوەن ڕێژەیەکى زۆرن ، ئەمەش دەبێتە فاکترەکى زۆر گرنگ بۆ داهاتووى کوردستان ، ئەوەى لێرە دا زۆر گرنگە پێویستە لەسەر هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى هاوسەنگ مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتە بکەن نەک بە شێوەیەک کە لاسەنگى لە شێوازى مامەلەکردن بێت ، چونکە هەر دوو دەوڵەت بۆ هەرێمى کوردستان زۆر گرنگن لەلایەکەوە هاوسێى هەرێمى کوردستان لەلایەکى تریشەوە لە ناو هەردوو دەوڵەت پرسێکى گرنگ هەیە ئەویش پرسی کوردە ، لەبەر ئەوە چەند هەرێمى کوردستان لەو دوو دەوڵەتە نزیک بێت ئەوەندە لەبەرژەوەندى پرسی کورد لەو دوو دەوڵەتە دایە ، بۆ نموونە پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا لەگەڵ کوردەکاندا هەرێمى کوردستان تێیدا ئەکتەرێکى سەرەکى بووە و کاریگەرییەکى زۆرى بەسەر ڕەوەتى پرۆسەکە لەتورکیادا هەیە .
هەرێمى کوردستان بنەماکانى دەوڵەتى تێدایە !!!
بۆ ئەوەى دەوڵەت دروست بێت پێویستە چەند بنەمایەک هەبێت بە پێی یاسایی نێودەوڵەتى ئەوانیش هەرێم واتە خاک، گەڵ، دەسەڵاتى سیاسی لەگەڵ دانپیانانى نێودەوڵەتى کە لە ئێستا فاکتەرێکى گرنگى دروست بوونى دەوڵەتە بەهۆى تێک هەڵکێشتى بەیەکداچڕژانى بەرژەوەندى نێوان دەوڵەتان لەئەنجامى پێشکەوتنى شۆڕشی تەکنۆلۆژیاى زانیارى ، ئەگەر بە پێی ئەم پێوەرانە بڕوانینە بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان ، ئەوا بە ڕوونى سێ لە و بنەمایانەى تێجایە کە پێویستن بۆ کیانێکى سەربەخۆ ئەوانیش هەریەک لەخاک و گەڵ و دەسەڵاتى سیاسی، ئەمانە هەرسێکیان پێکەوە سێ بنەماى زۆر گرنگن پێکەوە دەتوانن ببنە هۆى ئەوەى کە بنەماى چوارەم تەواو بکەن، هەرێمى کوردستان لە ئێستا بە هۆى ئەو ڕێژە زۆرەى کۆمپانیا وەبەرهێنەرە بیانییەکان لەسەر ئاستى جیهان کە لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان دەکەن دەتوانن ببنەهۆى فاکتەرێکى یارمەتیدەرى بۆ ئەوەى لەڕێگەیانەوە فشار بۆ سەر سیستمى سیاسی دەوڵەتەکانیان دروست بکەن بەو ئامانجەى کە پاڵپشتى لە کیانى سەربەخۆى بۆ هەرێمى کوردستان بکەن، چونکە لە ئێستا هەریەکە لە نەوت و وزە دەتوانرێت ببێتە گرنگترین لە پێناو پاڵپشتى کردن لە دەوڵەتێکى سەربەخۆ بۆ هەرێمى کوردستان ، لەبەر ئەوەى دەوڵەتانى جپهان بە شێوەیەکى گشتى و دەوڵەتانى پیشەسازى بەشێوەیەکى تایبەتى پێویستیان بە ڕێژەیەکى زۆر لە نەوت و وزە هەیە بۆ ئەوەى بەرەو پێشەوەبچن ، لەم ڕوانگەشەوە هەرێمى کوردستان خاوەنى بڕێکى زۆر لە نەوت وزەیە ، بۆیە هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى ئەمانەوە دەتوانێت بەشێوەیەک مامەلە بکات کە کە پەیوەندییەکى ڕاستەوانە دروست بکات لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەرژەوەندییەکانى دەوڵەتان ، بۆ ئەوەى بە یەکجارەکى ڕزگارى بێت و ببێت بە خاوەنى کیانێکى سەربەخۆ .
ڕاستکردنەوەى هەلەیەکى مێژوویی لە عێراق
عێراق بە شێویەک دروستکراوە کە هەم ناکۆک بووە لەگەڵ شێوازى دابەش بوونى پێکهاتەکانى و هەم بە پێی هەڵومەرج و پرۆسەیەکى مێژووى دروست نەبووە، جا ئەمەش بەشێوەیەکى زۆر زەق کاریگەرى هەبووە بەسەر مێژووى سیاسی ئەو وڵاتە ، دواى نزیکەى سەد ساڵ دەوڵەتانى سەرداریش لە جیهان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە دەوڵەتانى هاوسێی یان ئەو دەوڵەتانەى کە کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە تا ڕادەیەک گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەى کە تا ئەو هەڵە مێژووییە لە عێراق ڕاست نەکرێتەوە بارودۆخى عێراق باشتر نابێت لەو بارودۆخەى کە ئێستا تێیدا گوزەر دەکات ، بۆیە پێویستە ئیتر کورد لە عێراق جیا ببێتەوە چونکە ئەزموونى ڕابردوو ئەو دوو نەتەوەیە ئەوەى سەڵماندووە کە تا ئەم دوو نەتەوەیە لەچوار چێوەى یەک دەوڵەت دابن زیاتر ناکۆکیەکانیان بەرە و قۆڵ بوونەوە دەچن، چونکە قەدەر و فاکتەرى دەرەکى ئەم دوو نەتەوە جیاوازەى پێکەوە گرێداوە نەک بەرژەوەندى هاوبەشی نێوانیان .
گفتو گۆکان و دانوستاندن چارەى کێشەکان ناکەن !!!
لە دواى 2003 وە ناکۆکیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەرەو قوڵ بوونەوەى زیاتر ڕۆیشتون، لەسەر چەندین پرسی جۆراو جۆر بەڵام ئەگەر بەوردى سەیرى قوڵایی ناکۆکیەکان بکەین ئەوا دەبینین مەبەستى سەرەکى حکومەتى عێراق لە کێشەکانى لەگەڵ هەرێم بریتى یە لەوەى کە عێراق بە هیچ شێوەیەک نایەوێت هەرێم بەشێویەکى سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى ناوەندى مامەڵە بکات، چ لە ئاستى ناوخۆ و یان دەرەوە بێت، لەبەر ئەوەى کلتورى کەسێتى دەسەڵاتدار لە عێراق ئەرەو ئەو ئاراستەیە کە هەمیشە کەسی فەرمانڕەوا بەشێوەیەکى گشتى حوکمى گشت عێراق بکات بە شێوەیەکى تاکڕەوى، بۆیە دواى چەندین کفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق بەڵام نەگەیشتونەتە رێککەوتنێکى هاوبەش لەسەر پرسە ناکۆکەکانى نێوانیان، بەپێی بۆچوون و تێڕوانینی شارەزایانیش هەرێم و بەغدا زۆر زەحمەتە بتوانن بگەنە ڕێککەوتنى تەواو، سەرەڕایی ئەوەى چەندین بە شێوەیەکى کاتى گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بەڵام لە نزیکترین ماوە کێشەکان دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە ، بۆیە ئەزموونى چەند ساڵەى دانوستاندنەکانى نێوان هەرێم و بەغدا ئەوەمان پێ دەڵێن کە دانیشتن و گفتوگۆ ناکۆکیەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو تا کات بڕوات ناکۆکیەکام زیاتر دەبن .
دوو دەوڵەتى هاوسێ باشتر لە دەوڵەتێکى پڕ لە قەیران !!
جیابوونەوەى هەرێمى کوردستان لە عێراق پرسێکە کە زۆر لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان بەگرنگیەوە دەپرژێنە سەرى ، بە شێوەیەک کە هەریەکەیان لێکدانەوەى جۆراوجۆر بۆ پرسەکە دەکەن ، بەگشتى ئەو بۆچوونە باوە کە دەلێن ئەگەر هاتوو هەرێمى کوردستان جیابووەوە ئەوا کاریگەرى نەرێنى لەسەر عێراق دروست دەکات ، دەسەڵاتدارانى عێراق بە درێژایی مێژوو کێشەیەکى لەگەڵ بەکارهێنانى ئەم چەمکە هەبووە ، بەڵام ئەوەى ئێستا دەبینرێت لەبارەى بەکارهێنانى ئەم وشەیە گۆڕانکاری دروست بووە ، چونکە بەشێک توێژەران و ڕۆشنبیرنى عەرەبیش لە ئێستا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى کە دوو نەتەوەیی لەیەک جیاواز کە بە شێوەیەکى نائارەزوو مەندانە بەیەکەوە ڵکێنراون ئیتر ناتوانن بەیەکەوە لەچوار چێوەی یەک دەوڵەت بژین ، بۆیە پێمان وایە باشترین ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو حاڵەتە قەیراناوییەى کە عێراق تێیدا ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان لە عێراق جی ببێتەوە و کۆتاى بە ناکۆکیەکان بێت و لەجیاتى ئەوەى لە نێو یەک دەوڵەتى پڕ کێشە و ناکۆکى دوو لایەنى جیاواز درێژە بە ژیان بدەن باستر وایە ئەو دوو لایەنە ببنە دوو دەوڵەتى هاوسێى خاوەن بەرژەوەندى هاوبەش لە پێناو بە هێز کردنى پێگەى هەر دوو لایەن ، ئەمەش یارمەتیدەرێکى باش دەبێت بۆ ئەوەى لە داهاتوو ئەو دوو لایەنە لاپەڕەیەکى سپی لە پەیوەندى نێوان خۆیان دەست پێ بکەن ، چونکە لە نێو سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە و هەموو شتێکیش قابیڵى گۆڕانە لەبەر ئەوەى یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانى نێو سیاسەت ئەوەیە کە هەندێک گۆڕانکارى ڕوو دەدەن لە دەرەوەى پێشبینیەکانن، بۆیە ناکرێت بە شێوەیەکى نەگۆڕ و چەقبەستوو سەیرى هەلومەرج و پرسە سیاسیەکان بکەین .
سەربەخۆى کۆتا چارەسەرى کێشەکانە !!
کورد لە عێراق دواى تاقی کردنەوەى گشت بژاردەکان جگە لە بژاردەى سەربەخۆى نەبێت لە عێراق تاقى کردۆتەوە ، وەکو شۆرش ، ڕاپەڕین ، دانوستاندن و پێکەوە کار کردن بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانیوە چارەى کێشەکانى کورد بکەن لە عێراق، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە جیاتى چارەسەرى قوڵ بوونەوەى ناکۆکیەکانى بەدواى خۆیدا هێناوە ، بۆیە لە بەرئەنجامى ئەزموونى مێژوویی و بارودۆخى ئێستاى عێراق ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چارەى کۆتایی بۆ کێشەکانى لە عێراق جگە لە سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان هیچ بژاردەیەکى تر ناتونێت کێشەکانى کورد لە عێراق چارەسەر بکات ، بۆیە ئەمە باشترین بژاردەیە کە هەم کورد ڕزگارى دەبێت و دەوڵەتى عێراقیش بەشێک لە کێشەکانى بۆ کەم دەبێتەوە ، لەبەر ئەوە گرنگە حکومەتى عێراق درک بەو ڕاستیە بکات، سەرەڕایی ئەوەى من پێوایە ئێستا دەسەڵاتدارانى حکومەتى عێراقیش خەریکە ئەو ڕاستیە تێ دەگەن و بۆیان ڕوون دەبێتەوە کە جیا بوونەوەى لەوانەیە لە داهاتوو لەبەرژەوەندى عێراق دابێت ، بەڵام بە شێوەیەک ئەگەر هاتوو جیابوونەوەکە بە ڕێگەی دیڵۆگ و ئاشتیەوە بێت ، بۆ ئەوەى لە داهاتوودا ببنە دوو دەوڵەتى هاوسێی باش لە پێناو بەرەو پێش بردنى هەر دوو لایەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت