شێرزاد وڵاتدۆست : عێراق لە بەردەم هەڵبژاردندا .
لە گەڵ نزیکبونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە 30 ی نیسان ، ئەو پرسیارە خۆی دێنێتە پێشەوە کە ئاخۆ هەڵبژاردن دەبێتە ڕێچکەی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات ؟ یاخود درێژە دەردەبێت بە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی ئێستا ؟
ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەروڵات و ناوچەیەک دەرخەری دیموکراسیەتی حکومڕانیەی ئەو وڵاتە و ناوچەیە ، بەڵام بێگومان ئەم دەستەواژەیە تەنها بۆ ئەو وڵات و ناوچەنە ڕاستە ، کە هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە ساختەکاری و ئازادانە بەڕێوەبچێت و لە سایەی ئەم هەڵبژاردنە کەسانی هەڵبژێردراو دەسەڵاتی حکومڕانی بگرنە دەسەت ، بەڵام زۆر جار هەڵبژاردن لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکتاتۆر حکوم هەڵبژاردن وەک سیناریۆیەک بۆ درێژەدان بە حکومڕانی ئەو دیکاتەتۆرانە و نیشاندانی دیموکراسیبونیان بەکاردێنن .
ئاڵوگۆڕکردن و ڕادەستکردنی دەسەڵات لە ڕێی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی مێژوویەکی تاریکە ، بەڵکو دەتوانین لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرۆسەی هەڵبژاردن تا ساڵنێک نیزک لە ئێستا بوونی نەبوە و تەنانەت تائێستاش لەچەند لەم بەشەی جیهان کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە پرۆسەی هەڵبژاردن بوونی نیە ، لەگەڵ نەبوونی ئەم پرۆسیەش کۆمەڵێک کەس و بنەماڵە وحزب توانیویانە لە کورسی دەسەڵاتدا بمێنەوە و حکومڕانیەکی دیکتاتۆرانە بەرقەراربکەن، هەربۆیەش بۆ گۆرانکاریکردن و ڕادەستکردنی دەسەڵات چەندین شۆرش و ڕاپەڕین بەرپابوون ، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە دوای ئەوەی سەرکەوتنی ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینەنانە و وەرگرتنی دەسەڵات لەڕێی چەکداریەوە دووبارە ئەو کەسە شۆڕشگێرانە ڕێگەی حوکمڕانی دیکتاتۆریان هەڵبژاردووە و پڕۆسەی هەڵبژاردن بەو ڕێچکەیەدا ڕۆیشتووە هاوشێوەی دەسەڵاتی پێشووتر ،واتا ئەم پڕۆسەیە لە دوای شۆڕشیش هەر وەک دەسەڵاتی لەکار لابراوی پێش خۆی لە بیرکراوە .
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ، ئەو دەرفەتە بۆ عێراقیەکان هاتە کایەوە کە بواتنن لە ڕێی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سوندوقەکانی دەنگدان دەسەڵاتی حکومڕانی لە عێراق دیاری بکەن ، بەڵام دوابەدوای ئەنجامدانی چەندین هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پێکهێنانی چەندین حکومەت ، نەتواندرا عێراق لە باردۆخی ناهەمواری ناوخۆیی ڕزگار بکەن و بیگەینە کەناری ئارامی ، بەڵکو زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق بە تایبەتی ناوارەستی عێراق واتا ناوچە عەرەبە سوننە مەزهەبەکان و ناوچە کوردستانیە دابراوەکان بونەتە مەیدانی جەنگی نێوان حکومەت و گروپە چەکدارە توند ڕەوەکان و مەیدانی ململانێ ناخۆیی و دەرکیەکان .
لە ئێستادا هاوڵاتیانی عێراقی لە چاوەڕوانی ڕۆژی 30 ی مانگی نیسانن بۆ هەڵبژاردنەوەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، بەڵام ئەوەی ترسی هاوڵاتیانی عێراقە ئەوایە دووبارە ئەم هەڵبژاردنەش روبەڕووی ساختەکاری بێتەوە و هەروەها لەبەر بوونی ڕووبونەوەی سەربازی توند لە لە ناوچە عەربیە سوننە مەزهەبەکان لە نێوان سوپا و چەکدارانی گروپی داعش نەتوانرێت هاوڵاتیانی ئەو ناوچەنە بتوانن دەنگ بدەن بەشێوەیەکی گونجاو ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لای هاوڵاتیان ترسی زیاترە ئەم جارەش دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان کاندیدە دەرچووەکان پشت لە جەماوەرەکانیان بکەن و هەموو بەڵێن و بانگەشەکانی کاتی هەڵبژاردن لەبیر بکەن و دووبارە دەسەڵات حکومەتێکی دیکتاتۆر و مەزهەبی و تاکڕەوانە لە عێراق دروستبێتەوە .
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە دەوڵەتی عێراق بەژدار دەبێت لە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نێونەرانی عێراق ، بەڵام ئەوەی هەرێمی کوردستان جیاوەزی کردەوەتەوە لە ناوچەکانی تری عێراق ، لەم هەڵبژاردنە هاوشان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نێونەران هەڵبژاردنی ئەنجومەنی هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بەرەوەدەچێت لەگەڵ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ماوەی چەند ساڵ لە وادەی خۆی لەلایەن چەند لایەنێلی سیاسی هەرێمەوە دواخرا ، بەڵام لەژێر گوشاری جەماوەر و چەند لایەنێک بڕیاردا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30 ی ئەم مانگە ئەم هەڵبژاردنەش بەڕێوەبچێت ، کە ئەمەش وای کردووە گەرموگوریەکی زیاتر بە بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانەوە دیار بێت ، چونکە هەرلایەنێک لەگەڵ هەوڵدانی بۆ زیاتر کردن کورسیەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوشان لەگەڵ ئەوەش دا لە هەوڵدانێکی زیاتر دان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسین لە هەر سێ ئەنجومەنی پارێزگای هەرێم .
لەگەڵ تێپەڕینی زیاتر لە 6 مانگ بەسەرهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، هەر لەبەر ئەمەش ئەگەری ئەوە لە ئارادایە هاوڵاتییان وەک هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی کوردستان بەگەرموگوریەوە بەژداری هەڵبژاردن نەکەن ، چونکە دوای ماوەیەکی زۆر بەسەر تێپەڕبوونی ئەو هەڵبژاردنە دەنگداران پەرلەمانێکی سڕکراو و حکومەتێکی کاربەڕێکەر نەبێت هیچی تریان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەبینی ، لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری بەسەر نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان دا هێناو گۆرانکاری بەسەر ڕیزبەندی هەردوو هێزی سیاسی بزووتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا داهات ،بەجۆرێک یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕیزبەندی دووەم هێزی سیاسی چووە ڕیزبەندی سێییەم و بزووتنەوەی گۆڕان توانی ڕێژەی دەنگەکانی زیاد بکات و ببێتە دووەم هێزی سیاسی لەدوا پارتی دیموکراتی کوردستان ، بەڵام لێرەدا پرسیارێک خۆی دێنێتە پێشەوە کە ئاخۆ لەدوای هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی 30 ی نیسانە وە ئەم گۆڕانکاریە لە هەر بەم شێوەیە دەمێنتەوە یاخود دووبارە گۆرانکاری بەسەر ڕیزبەندی هێزە سیاسیەکان دادێتەوە ؟ بۆ بەدەستهێنانی وڵامی ئەم پرسیارەش پێویستە چاوەڕی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 30 ی نیسان بکەیەن .
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین لەگەڵ زیاتر ئاڵۆز بوون یان وەها مانەوەی باردۆخۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هاوشان بەوەش باردۆخی ناوخۆی عێراق زیاتر ئاڵوزتر دەبێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەنجامی بەدەستهاتووی هەڵبژرادنی ئەنجومەنی نێونەران دەبێت ، چونکە بەدرێژەکێشانی قەیران و جەنگی ناوخۆیی سوریا و زیاتر ئاڵۆز بوونی پەیوەندیەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران ، کاریگەری تەواوی دەبێت لە زیاتر تێکچوونی باری ئاسایشی ناوخۆیی عێراق و دەرکەوتنی زیاتری ناکۆکی لە نێوان هێزە سیاسیە شیعی و سوننیەکان،هەر ئەمەش وادەکات ئەم هێزە سیاسیەنە توشی ململانێی زیاتر ببنەوە و لە پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی عێراق درەنگ یاخود نەگەنە ڕێکەوتنێکی کۆتایی ، هەرەوەها پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان هەولێر و بەغداش یەکێک دەبێت لە گیرو گرفتانەی ، کە کاریگەری نەرێنینان دەبێت لە ڕێکەوتنی هێزە سیاسیەکانی عێراق لە دوای بەدیارکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ، لەگەڵ ئەوەش دا ئەوەی ڕوونە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەنی عەربی شیعەدا دەبێت و لەگەڵ بەژداری کردنیان بە چەندان لیستی جیاواز لە هەڵبژاردن ، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دورستبوونی ترس لەلایان بە لەدەستانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای لە عێراق و دووبارە دەستکەوتنی دەسەڵات بە عەربە سوننەکان لە ژێر گوشاری وڵاتی ئێران و مەرجەعی شیعی لە عێراق خۆیان وەک یەک لیستی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕادەگەیەنن هاوشێوەی ساڵی 2009 دووبارە لیستی زۆرینە پێکدەهێنن و ڕادەسپێردرێن بۆ پێکهێناوەی حکومەت ، هەر لەم سۆنگەیەشەوە دەتوانین بلێین لە دوای هەڵبژاردنی 30 ی نیسان هەر دەسەڵاتی هێزە عەرەبییە شیعیە مەزهەبەکان زاڵ دەبێت بەسەر جومگە بنەڕەتییەکانی حکومڕانی لە عێراق و ئەگەری بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەنێکی ترەوە زۆر لاوازە .
- Latest Posts by شێرزاد وڵاتدۆست
شێرزاد خدر حیدر: هەرێمی کوردستان لە لێواری کەوتن.
-شێرزاد خدر: مرۆڤکوژی لە کۆمەڵگای کوردی.
-شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: باشوری کوردستان لە نێوان دوو تابڵۆ دا.
- All Posts