ئیسماعیل حەمەرەحیم : پەیکەرى ئۆپۆزسیۆن شکا .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ماوەى زیاتر لە چوار ساڵە هێزە دین و جەمارى و رادیکاڵ و ئایدۆلۆژییەکان گوێى خەڵکیان لەوە پڕکرد کە حکومەت بێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن باڵندەیەکى یەک باڵە و ناتوانێت بەیەک باڵ بە ئاسماندا بڕوات ، ئەمەش بۆ رەوایەت دانبوو بە کارى خۆیان لەناو پانتایی کارى سیاسیدا ، بۆئەوەبوو کە زۆرترین هاوڵاتى و خەڵک بۆ بۆچونەکانى خۆیان رابکێشن ..
ئێستا کە زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر ئەو بەروارەدا تێدەپەرێت ، کە چەند حزبێک بڕیارى ئۆپۆزسیۆن بونی خۆیان راگەیاند لە سەر ساحەى هەرێم ، ئەگەر نەڵێم هەموو حزبەکان ئەوا زۆرترین حزبەکان مەیلى دەسەڵات دەکەن و لەسەر چونە ناو پرۆژەى حکومەتى بنکە فراوان ململانێیەکى بیتام و ناشیرین دەکەن ، تەنانەت هەندێک لەو حزبانە خۆیان بەبەشخوراو دەزانن لەوەى کەنەچونەتە ناو پرۆژەیەک کەپێشتر زۆر بەتوندى رەخنەیان لێگرتووەو بە حکومەتێکى گەندەڵ و تاسەرئێسقان رزی و داتەپیودەزانى .
بزوتنەوەى گۆڕان کەبە ڕاى هەموو کەسێکى بەئاگا لەکوردستان رۆڵى قوتبى ئۆپۆزسیۆنى دەبینى ئێستا ئەو قوتبە لەناو دەسەڵاتدایەو بەرەى خەڵکى چۆلکرد! واتە ئەگەرپێشتر ئۆپۆزسیۆن پەیکەرێک بوبێت ئەوا ئۆپۆزسیۆن سەرى ئەو پەیکەرە بووە و ئێستا پەیکەرەکە بەدەستى دەسەڵات سەرى لەلاشە کراوەتەوە ، ڕەنگە هەر هێزێک مافی خۆیبێت بەچ شێوەیەک سیاسەت دەکات ، لەدەرەوە یان لەناو دەسەڵات دەبیت ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو هێزانە بەرەى خەڵک چۆڵنەکەن وەک ئەوەى پێشتر پارتە ئۆپۆوسیۆنەکان خۆیان بانگەشەیان دەکرد کە ئۆپۆزسیۆن لەبەرەى خەڵکدایەو بەرگرى لە مافى خەڵک دەکەن ، تەنانەت هەندێک کات هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەسەڵات و حکومەتیان بە داگیرکەر و بردنى سامانى خەڵک و میللەت تۆمەتباردەکرد بۆ ئەم مەبەستەش دەیان بەڵگە و شیکردنەوەیان بۆ پاساوى ئەم قسانەى خۆیان دەهێنایەوە ، ئایا ئێستا خۆیان و راگەیاندنەکانیان لەناو دەسەڵاتدان ئەو هەڵوێستانەى خۆیان لەبەرچاوە ؟ ئایا ئەو هێزانە هەرلەو بڕوایەدان کەدەسەڵات کەستەم لەدانیشتوانى هەرێم دەکات ؟ ئایا قوتبەکەى ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت ئەوتەمەى لەسەر ئاسمانى حکومەت و دەسەڵات بوو بیڕەوێنێتەوە و بیکاتە حکومەتى خەڵک ؟
لێرەدا پرسیارێکى جدی پێویستە لە حزبە سیاسییەکانى کوردستان بکرێت بەتایبەت ئەو حزبانەى دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ساحەى کوردستان هەبێت ئەوەش ئەوەیە ئایا ئێوەى دیموکراتخواز و نوێخواز ئێستاش بڕواتان بەوەهەیە کە حکومەت پێویستى بە لایەنى ئۆپۆزسیۆن هەیە ؟ یان نەخێر ئێوە لەناو حکومەت دەبنە ئۆپۆزسیۆن و داواى مافى خەڵک دەکەن ؟ چونکە خۆتان دەزانن ئەو حزبانەى کە لەم چەند دەیەی رابردودا حوکمڕانى کوردستانیان کردووە بڕواى تووندیان بەوە هەیە کەدەبێت یان حکومەت یان ئۆپۆزسین ، یان دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن . لەم کاتەشدا بەشێکى گەورەى بەرنامەسیاسییەکانى ئەو حزبانە هەڵدەتەکێن و دەنگدەری ئەو حزبانە توشی سەرلێشێوان دەبن ، تەنانەت وتار و راگەیاندن و راگەیەنکارەکانیشیان سەرلەبەرى ئاوەژوو دەبێت …
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە