دکتۆر کەمال میراودەلی رەخنەی توند لە گۆڕان و نەوشیروان مستەفا دەگرێت!
تێبینی / ئەم چاوپێکەتنە ، کاک دکتۆر کەمال بۆمانی ناردووە ، نەک وەرمان گرتبێت .
دکتۆر کەمال میراودەلی لە چاوپێکەوتنیکی تایبەتی سایتی پێنووسەکاندا رەخنەیەکی توند لە گۆڕان و نەوشیروان مستەفا دەگرێ و بەشداری گۆران لە دەسەڵاتی [ بنەمالەیی بێ دەستوورو یاسا‌و دزو داگیرکەرو گەندەل و ژنکوژو خیانەتکار] دا بە بی ڕێکەوتن لە سەر دەستوورو بەرنامەیەکی چاکسازیی بۆ حکومەت ، بە کارێکی ئەوپەری ئینتیهازییانەو دەسەلاتپەرستانە وەسف ەدکات کە هەموو بنەماکانی دەستوورو دیمۆکراسی و راستگۆیی و ئەخلاق دەخاتە ژێر پێوە . لە ئەنجامدا دکتۆر کەمال جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە [ .. هەر حکومەتێک لە سەر بنەمای دەستوورێکی دیمۆکراتی رێفراندۆم لە سەرکراوو سەروەریی بڕیاری پەرلەمان پێک نەیەت ، حکومەتێکی زۆڵ و ناشەرعیی و سەرسەرییانە دەبێت کە سیستمی دزیی و داگیرکاریی هەراجکردنی خاک و نەوت و شەرەفی نەتەوەیی و داڕزاندنی کۆمەلایەتیی دەهیڵێتەوەو گرفتەکان قوولتر دەکاتەوەو شەرعییەتی ناشەرعییەت بە دەسەلاتی حیزبی بنەمالەیی تاوانکارو مافیا حیزبییەکان دەدات کە پێنج ساڵی تریش ولات و خەلک بڕوتێننەوە .] ..
ئەمەی خوارەوە ەدقی تەواوی چاوپێکەتنەکەی د. کەمال میروادەلی یە لەگەڵ سایتی پێنووسەکان .
د.کەمال میراودەلی رەخنەی توند لە گۆڕان و نەوشیروان دەگرێت !!
هەر حکومەتێک بە پێی دەستوور پێک نەیەت حکومەتێکی زۆڵ دەبێت
دکتۆر کەمال میراودەلی داوای کۆتاییهێنان بە دەسەلاتی ناشەرعیی و دروستکردنی حكومەتیکی کاتیی تەکنۆکراتی ناحیزبیی دەکات
دکتۆر کەمال میراودەلی : گۆڕین بە ریفراندۆم لە سەر دەستووری دیمۆکراتی دەست پێدەکات و بە حوکمی دەستوور و یاسا کۆتایی دێت
پێنوسەکان : دوای حەوت مانگ پێکنەهینانی حکومەت و بێدەنگی بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەوە هۆکارەکەی چیە ؟
ئێستا ئاشکرا دیارە گۆڕان ئەم حەوت مانگە و دیارە زۆر پێشترێش بە نهێنیی تەماعی بەشداریی لە دەسەلاتی ناشەرعیی، نایاسایی، بێ دەستووردا هەبووە، دەسەلاتێکی دزو داگیرکەرو داوێنپیس و ژنکوژو گەندەڵ و خیانەتکار کە بەرامبەر خۆی نەبێت بەرامبەر هیچ شتێ بەرپرس و لێپرسراو نییە .
بێگومان ئەمە رەخنە نییە لە پرینسیپی بەشداری لە دەەسەڵات یان حکومەت دا. بەلکو لەو لۆجیک و مانا‌و سیاسەت و ستراتیجەی لە پشت ئەمە وەستاوە.. کام حکومەت؟ کام دەسەلات ؟ چۆن بەشدارییەک؟ بە چ پرۆسەیەک؟ بە کام دەستوور؟ کام یاسا؟ کام ستراکتوور و میکانیزمی دیمۆکراتی؟ کام ئەخلاقیات ؟
ئێمە هەرگیز شتێکمان لە باشوور نەبووە ناوی حکومەت بێت… ئێمە ئەم ٢٣ ساڵە زێرابێکی حیزبیی گەورەمان هەبووە کە نە ئاوەڕۆی هەبووە، نە کەس پاکی کردۆتەوە، نە کەس باکی بە کوشندەیی بۆن و بەرامەکەی هەبووە، رۆژ بە رۆژیش دەخرێتە سەری. لەوەش گەڕێ کە دوو سێ ملێۆن بە ناو گەشتیاریش سالانە بەرەکەت و بەرامەتی خۆیانی بۆ زیاد دەکەن. ئێستا حکومەت ئەو زێرابەیە کە خەریکە بۆگەنەکەی کوردستانی گەورەش پڕ دەکات .
ئەو بێدەنگییە بەرامبەر ناشەرعییەت، نەبوونی دەستوور ، دزیی و داگیرکاریی وگەندەڵیی و خیانەتکاریی ، ژن کوشتن و داڕزانی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی، تەنیا بێدەنگیی نییە، بەڵکو ژێرپێدانی هەموو پرینسیپ و بەهاو ئەخلاقیات و پێوانەیەکی سیاسەتەو دەربڕی ئەوپەڕی ئینتیهازییەت و دەسەلاتپەرستی یە : کوا باسی دەستوور، یاسا، دیمۆکراسی، موئەسسەسات، مەرجەعییەتی پەرلەمان، ناشەرعییەتی هەموو شتێک؟ هتد سەرۆکایەتییەکی هەرێمی تەزویرو ناشەرعیی، حکومەتێکی بنەمالەیی ناشەرعی نوقمی خیانەت و گەندەڵیی کە بە ئارەزووی خۆی خۆی دەخاتە باوەشی تورک و یاری بە ژیان و خاک و سامان و چارەنووسیی نەک تەنیا گەل و لاتی باشوور بەلکو هەموو کوردستانی گەورەوە دەکات، پەرلەمانێک کە کراوەتە قۆندەرەخانەی بنەمالەو ناوی پەرلەمان وپەرلەمانتاری بە یەکجاری پیس و گڵاو کرد. بوونی گەندەڵیی بە دین، بوونی کوشتن و سووتاندنی ژنان بە سەوابیتی دینیی. کوشتنی مافیایی خەڵک و فشەبوونی یاسا، ئەوپەڕی ناعەدالەتیی و هەرزانبوونی ژیانی مرۆڤ و هەراجکردنی کەرامەتی مرۆڤ و پاشەرۆژی نەوەکان. ئەوە خەندەقی خیانەت و خۆفرۆشیی و فرۆشتنی شەرەفی نەتەوەییش لە وێ بوەستێ. گەر لە پێش بەشدارییەکی هەزیلی پاشکۆیی لە دەسەلاتی بنەماڵەییدا، ئاوا هەموو قیەم و ستاندارد‌و ئەخلاقیاتێک ژیڕ پێ بدرێت، دوای غروری دەسەلات و مووچەو نیعمەتی بوون بە شەریکی دزیی و گەندەڵیی و داگیرکارییەکانی خاک و نەوت و سامان و مڵک و مەنسەب، چ روو دەدات؟ گوایە پەرلەمان دەسەلاتدارو چاو‌دێر دەبێت بە سەر حکومەتەوە، بەلام سەیرکەن مووچەخۆریی و مووچەی بەلاش و حەرامی خانەنشینیی چی بە سەر پارەلمان و پارەلەمانتاران هێنا..! (ئەو ناوە راستترە و ناوی پەرلەمان بۆ ئەو شتە سەخیفە کوفرە).. ئەی بەشداری لە هەموو پرۆژەی دزیی و داگیرکاریی و مافیایی حیزبیی بە بێ هیچ بنەماو ڕیگرێکی دەستووریی و یاسایی و جەماوەریی، دەبی چ فەرتەنەیەک بنێتەوە ؟
پێنوسەکان : نزیکبوونەوەی نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی و کۆبوونەوەی داخراوی دوو قۆڵی چی تێدا دەخویندرێتەوە ؟
بە داخەوە لە سەرەتاوە پرۆژەی گٶڕان ئەوە بوو قەت بواری پرسیاری لەو شێوە نەدات، هەرگیز نەتوانرێ پرسیاری ئاوا دەربارەی گۆڕان بکرێت، واتە شەخسەکان، شەخساندنەکان، شتە شەخسییەکان، بتە شەخسیەکان، رقە شەخسییەکان ، پێوەندییە شەخسییەکان، تەماعە توڕەهاتییە شەخسییە ناڕەواکانی دەسەلاتی تاکڕەویی وتۆتالیتاریی نەخۆشی تاڵەبانی – یانە ، و پێوەندییە گوماناویی و نهێنییەکانی ژوورە تاریکەکان لە نێوان هەمان رەمزەکانی دەسەلاتی ئەنفالسازی بەربەریی شاخ و دزو و داگیرکا‌ر و داوێنپیسی شاردا، هیچی تر نەبنە میکانیزمی بڕیاری سیاسیی لە پشت و لە سەرووی پرۆسەی شەفافییەت و ئەخلاق دەستوورو یاسا‌و چاودێری پەرلەمان و کۆمەلگای مەدەنییدا . گەر ئێوە هەر ئەو پرسیارە دەکەن ئەوە تراجیدیایەکی گەورەیە و نیشانەی و بۆشیی و ساختەیی ئەو پرۆژەیە کە لە سەرەتادا کۆمپانیای وشە بانگاشەی بۆ دەکر . بێگومان من قەت دژی کۆبوونەوەو دایەلۆگی نێوان سەرکردەو هێزە کوردییەکان نەبووم. یەکەمجار کە بارزانی و کاک نەوشیروان لە سلێمانی لە ٢٠١١ دا کۆبوونەوە . من لە وتارێکدا کە لە سایتە سەنگینەکەتاندا بلاوبۆتەوە رای خۆم بە روونی دەربارەی پرینسیپ و پرۆسەو وئامانجی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە دەربڕی :
پرینسیپی کۆبوونەوەو دایەلۆگ
دەربارەی پرینسیپی کۆبوونەکان ئەوەم نووسیوە :
[[ وه‌ک پرینسیپێکی نه‌گۆر و وه‌ک یه‌که‌م بنه‌مای چاکسازییه‌کی رادیکالی گشتگر هه‌میشه باوه‌ڕم به‌وه بووه‌و باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه که ده‌بێ کۆبوونه‌وه‌و دانیشتن و دانوستاندن و دایه‌لۆگ له نێو هێزه کوردییه‌کان و کوردستانییه‌کان هه‌بێ به‌لام به پێی مه‌رجه‌کانی دایه‌لۆگ: کراوه‌یی، راستگۆیی، روونکاریی (شه‌فافییه‌ت) و دیمۆکراسیبوونی دایه‌لۆگ و هه‌بوونی ئه‌جنداو ئه‌نجامی ئاشکرا به تایبه‌تی له پرسه سیاسییه نه‌ته‌وه‌یی و گه‌لیی و چاره‌نووسسازه‌کاندا. جه‌وهه‌ری دایله‌کتیکی دایه‌لۆگ راستگۆیی یه له ده‌رخستن و ده‌ربرینی ناکۆکییه‌کان و جیاوازییه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری عه‌قلانی پراتیکی کاریگه‌ر بۆیان و خۆبه‌ستنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیی دیار به به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی گشتی و به‌شداری خه‌لک له پرۆسه‌ی کراوه‌ی باسکردن و چاوه‌دێریکردن و بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆیاندا. کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی ئۆپۆزیسیۆن به کاک نه‌وشیروانیشه‌وه ئاسایی و پێویسته گه‌ر ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه سه‌ره‌تای پرۆسه‌یه‌کی نوێی دایه‌لۆگ و ئاکامێکی مسۆگهرو خێرای هه‌بێ و به پله‌ی یه‌که‌م و له پێش هه‌موو شتێکدا بۆ خه‌ڵک و له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لکی کوردستان و پرسی دادپه‌وه‌ریی و دیمۆکراسی و ئازادی نه‌ته‌وه‌ییاندا بێ. به تایبه‌تی که بنه‌مایه‌کی ده‌ستووریی و ئاقارێكی دیمۆکراتی یاسایی ره‌وای بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له رێگای مه‌رجه‌عییه‌تی ده‌سه‌لاتی په‌رله‌مانه‌وه هه‌بێ و جیابوونه‌وه‌یه‌کی دیار‌و رادیکالی بێ له کۆبوونه‌وه ته‌قلیدییه شکڵییه زڕو زۆرخایه‌ن و بۆش و ىیناوهڕۆک و بێ ئامانج و ئه‌نجامه‌کانی سه‌رانی کورد که گه‌لی ئێمه باش پێیان راهاتوووهو مسقاڵێ رێزی بۆیان نییه‌و هیوای پێیان نه‌ماوه‌و له میکانیزمی هه‌لخه‌له‌تاندن و ژێڕبهڕهدان و دواخستن و هێشتنه‌وه‌ی باری باو زیاتر هیچی تر نین.]]
http://www.penusakan.com/nusaran/159-dktorkamalmirawdaly/1851-2011-10-02-15-46-19.html.
گۆڕان و شەفافییەت و راستگۆیی بۆ بەرنامەو دروسمەکانی
دەربارەی خودی ئامانجی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەک و راستگۆیی لەگەڵ خۆیدا ئەمەم نووسیوە :
[[ پرۆژه‌ی گۆڕان و پێشتر کۆمپانیای وشه که سه‌رنجی رووناکبیران و گه‌نجان و جه‌ماوه‌ری راکێشا و له 25/7/2009 دا جه‌ماوه‌رێکی زۆر ده‌نگی پێداو کردی به هێزێکی سیاسی و په‌رله‌مانی و جه‌ماوه‌ری گه‌وره له کوردستان دا‌و له نێو جه‌ماوه‌ری کوردستاندا له ده‌ره‌وه‌ش، دا هه‌ندێ پریسیپ و به‌لێنی بنچینه‌یی بوون :
که له سیاسه‌تی چهقبهندی ده‌سه‌ڵاتی شه‌خسی یه‌وه بۆ سیستمی دامه‌زراوه‌و دیمۆکراسی ده‌ستووری بڕوا ، که ده‌سه‌ڵاتی حیزب جیا‌و که‌مبکاته‌وه‌و حکومه‌ت بکاته ده‌زگایه‌کی یاسایی سه‌ربه‌خۆ له خزمه‌تی خه‌لکدا، که پرسی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌لایه‌تی و بنه‌بڕکردنی جیاوازی حیزبی و قۆرخکردنی ئابووری و گه‌نده‌ڵی بکاته بابه‌تی یه‌که‌می ستراتیجی خه‌باتی په‌رله‌مانی و سیاسی و جه‌ماوه‌ری ، که هه‌وڵدا سیستمێکی حوکمرانی له سه‌ر بنچینه‌ی ده‌ستوورو یاسا‌و دامه‌زراوه‌کان دابمه‌زرێنێ، که بنه‌ماکانی راستگۆیی و شه‌فافییه‌ت و دیمۆکراسی له کاری خۆیدا پێره‌و بکاو نموونه‌یه‌کی رێکخراوه‌یی مه‌ده‌نی دیمۆکراتی ناحیزبی ناستالینی نوێ ره‌چاو بکات و ببێته نوێنه‌ری هه‌موو گۆرانخوازان به جیاوازی بیر‌و بۆچوون و بیرورایانهوه و، که پشتگیری په‌رله‌مان و ده‌زگاکان و کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی ئازاد و میدیای ئازاد بکات،
به تایبه‌تی که هه‌وڵدا له رێگای کاری په‌رله‌مانی و یاسایی و سیاسی و دیمۆکراتی و جه‌ماوه‌ری به‌رده‌وامه‌وه ئه‌م گه‌له قوربانیده‌ره له ئه‌نفالی رۆژانه‌ی مردن و کوێره‌وه‌ری و دواکه‌وتنی زانستی و ده‌رده سیاسی و کۆمه‌لایه‌تییه کوشنده‌کان رزگار بکات.
من ئه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌لک و ده‌نگده‌ران ده‌هێلمه‌وه که حوکم بدات داخۆ گۆڕان و چی و چه‌ندی له‌مانه کردووه‌و چه‌ند له‌گه‌ڵ به‌ڵینه‌کانی بۆ خه‌لک راستگۆ‌و وه‌فادار بووه.]]
ئامانجی تاکتیکی و ستراتیجی کۆبوونەوەکان
دەربارەی خودی کۆبوونەوەکەی کاک نەوشیروان و ئەنجام و ئامانجەکانی من ئەو کاتە بە ئاشکرا گومان و ترس و رەشبینی خۆم بەم جۆرە دەرىڕیوە ::
[[جه‌ماوه‌ر ده‌نگی به گۆڕان دا تا له‌م سیستمه دۆزه‌خییه ده‌ربازی کات، تا نمونه‌یه‌کی ئه‌خلاقیی سیاسیی جه‌ماوه‌ری نوێی هیوا به‌خش پێشکه‌ش بکات. نه‌ک هه‌مان مودێلی حیزبی و ره‌فتاری ده‌سه‌لات دووباره بکاته‌وه. راسته که‌س داوا ناکا گۆڕان موعجیزه دروست کات، به‌لام داواکردنی راستگۆیی، روونکاری (شه‌فافیه‌ت) به‌شداری خه‌لک له زانیاری و بریاردا، و بوونی ستراکتوری دیمۆکراتی گفتوگۆۆو دیبات و بریارادن، نه‌خشه‌ی ستراتیجی کار‌و پلانی سه‌رکه‌وتنی واقیعی ، له ده‌ستنه‌دانی ده‌رفه‌ت، خراپبهکارنههێنانی جه‌ماوه‌ر، پشتگیری و به‌هێزکردنی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی ئازاد‌و میدیای ناحیزبی کراوه‌و ئازاد، هتد ئه‌مانه ئاسایین و موعجیزه ئاسا نین. به‌ڵێ دانیشتن پێویسته به‌لام یه‌که‌م چۆن و دووه‌م بۆچی: چ ئامانج و ئه‌نجامیکی بۆ میلله‌ت، بۆ خه‌لک، بۆ گه‌نجان، بۆ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ده‌نگی به گۆڕان داوه‌و هه‌موو رۆژی به ده‌یان جۆر ده‌کوژرێ و زیاتر و زیاتر ژیانی ده‌کرێ به دۆزه‌خی داخراویی و بێهیوایی و بنبه‌ستی ئه‌خلاقی و سیاسیی؟
……………………..
خۆزگه کاک نه‌وشیروان چووبووبایه بۆ سه‌ری ره‌ش به‌لام که ده‌گه‌رایه‌وه ئه‌نجامێکی پێ بێ به خه‌لکی بگه‌یه‌نێ؟ ئایا رازیبوون له ماوه‌ی مانگێکدا ده‌ستوورێکی نوێی دیمۆکراتی بۆ هه‌رێم بریار بدرێ و ده‌ستوور ببێته مه‌رجه‌ع و کۆکه‌ره‌وه‌ی ئیراده‌و عه‌قڵ و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و زامنی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌لك؟ ئایا له جیاتی ئه‌نجومه‌نی بالای حیزبیی و موساوه‌مه‌و دوکانی سیاسیی حیزبی په‌رله‌مان کارا ده‌کرێ و ده‌ىێته شوێنی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و به‌هێزکردنی یاسا‌و دیمۆکراسی و دامه‌زراوه‌کان و سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی ده‌گۆڕدرێ و عه‌قلانی و ده‌ستووری ده‌کرێ؟ ئایا بارزانی رازی بووه یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و خه‌لک بتوانی بۆ ده‌ربرینی ناره‌زاییه‌کانیان له هه‌ولێر ئازادانه خۆپیشاندان بکه‌ن؟ ئایا رێکه‌وتوون کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی ئازاد بێ و حیزب له رێکخراوه پێشه‌یی و دیمۆکراتییه‌کان دوور بکه‌وێته‌وه؟ ئایا نه‌خشه‌یه‌کیان داناوه ملک و مال و بینای گشتی له لایه‌ن حیزب داگیرکراوه‌وه بگهریندرێنهوه بۆ حکومه‌ت؟ ئایا پاره و سه‌رمایه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی ئاشکرا کردوه‌و بۆ به‌رنامه‌یه‌کی فراوان بۆ دامه‌زراندن و کاردۆزینه‌وه بۆ به‌ناز جهوادهکان؟
تاوانه که کاک نه‌وشیروان رازی بووه ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه بکا به بێ ئه‌وه‌ی پێشتر هیچ ده‌سکه‌وتێکی کۆنکرێتی بۆ خه‌لک نه‌ک حیزبه‌که‌ی زامن کردبێ و بتوانێ به ئاشکرایی و له به‌ر خۆردا به خه‌لکی بگه‌یه‌نێ. یان پیشانی بارزانی و خه‌لک بدات که ئه‌و نوێنه‌ری گۆرانی دوای 25/7 هو له جیاتی کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و بارزانی ناچار کردایه، که کۆبوونه‌وه و گفتوگۆی کراوه له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نێکی فراوانی نوێنه‌رایه‌تی گۆڕان بکا که نوێنه‌ری ده‌نگده‌رانی له هه‌موو ناوچه‌یه‌کی هه‌رێمه‌وه تێدا بێ؟ به‌لام کوا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه؟ کوا ئه‌نجومه‌نێکی دیمۆکراتی نوێنه‌رایه‌تی خه‌لکی سلێمانی و گه‌رمیان بکاو بتوانی به ناوی ئه‌وانه‌وه قسه بکات؟ ئایا ته‌نانه‌ت ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی گۆڕانیش به‌شدار بوون له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا؟
بەراوردکردنی ئامانجی دەسەلات و ئەو دەورەی بە گۆڕانی داوە لەو کۆبوونەوانەدا ئاوا باس کراوە :
له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌که نه‌ک ته‌نیا باشتر نه‌بووه به‌لکو له پێش 17 ی شوبات خراپتریش بووه، بارزانی به تاکتیکی کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رکه‌وتنێکی ستراتیجی به‌ده‌ستهێنا. له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆکوشتنی به‌ناز ببێته کڵپه‌ی راپه‌رینێک و هه‌موو سلێمانی له گه‌وره‌ترین خۆپیشانداندا بێته‌ده‌ر بۆ رهفزکرنی ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵی ئه‌نفالی کوردکوژو ژنکوژهو عهدالهتکوژ و هیواکوژ، و گۆڕان وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و خه‌لکه ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانه بکا، به پێچه‌وانه‌وه گۆڕان هه‌موو ده‌نگه‌کانی بۆ ده‌سه‌ڵات خامۆش کردن و هه‌ر وه‌ک هیچ رووینهدابێ گه‌ڕانه‌وه بۆ گه‌مه کۆنه‌که :
ئێستاش ئامانجی گه‌مه‌که‌و پاداشه‌که‌ی ئاشکرایه: بنه‌ماڵه ده‌یه‌وێ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تیش وه‌رگرێته‌وه‌و حوکمی بنهماڵهنشینی دابمه‌زرێنێ و پاره‌و سامان و بودجه‌و نه‌وت و ملکومالی خه‌لک هه‌روه‌ک کردوویه‌تی به ئاره‌زووی خۆی ته‌خشان و په‌خشان بکا: نابێ هیچ جۆره ئۆپۆزیسیۆنێک بۆ ئه‌مه هه‌بێ، نابێ رێگه بدرێ شه‌قام بجوولێ. ده‌بێ ئۆپۆزیسیۆن ته‌نانه‌ت میدیا‌و راگه‌یاندنه‌که‌شی کپ بکاو بێته ژێر خێوه‌تی شۆڕشه‌وه؛ ئه‌وسا وه‌زاره‌ت و بودجه‌و مه‌نسه‌ب و پله‌و پایه‌و پاره‌و سامانی زۆر و کۆبوونه‌وه‌ی دهمبهپێکهنینی دڵدارییانهو ئه‌نجومه‌نی بالای حیزبه‌کان و به‌شداری له ده‌سه‌لات و نیعمه‌ت و به‌ره‌که‌تی به‌غداش هه‌مووی به ناوی یه‌کریزی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه؟ خه‌لکی ناوچه دابراوه‌کان، قوربانییه‌کانی بۆردومانی تورکیا‌و ئێران، گه‌نجانی بێ هیوا. سه‌رده‌شت و به نازه‌کان و رێژوانه‌کان، ئه‌نفالی جادده‌و خواردنی ئێکسپایه‌رو کوشن و سووتاندن و بە کۆیله‌کردنی ژنان، نه‌وه‌یه‌کی بێ هیواو ده‌سه‌لاتێکی به‌ربه‌ریش که باکی به کوشتنی نه‌وه‌کانی و کوشتنی ئایدیای نێشتمان و کۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه نییه.
هیوادارم رهشبینییهکهم له چێگه‌ی خۆیدا نه‌بێ و موعچیزهیهک روو بدا.]]
ئەمە بەشێکە لەو سەرنج و بۆچوونانەی ٢٠١١ .. دوای سێ سال چ گۆڕاوە؟ هیوادارم بۆ روونکردنەوەی زیاتر خوێنەران تەواوی وتارەکە لە سایتەکەتتاندا بخوێننیەوە.
http://www.penusakan.com/nusaran/159-dktorkamalmirawdaly/1851-2011-10-02-15-46-19.html
پێنوسەکان: بزووتنەوەی گۆڕان ، لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە تا وەکو ئێستا، توانیویەتی هیچ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستاندا بکات ، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و هزری خەڵکیدا هەبێت ؟
گۆڕان یانی چی؟ چۆن دەتوانی هیچ بگۆڕی گەر پێناسەی گۆران نەکەی؟ چۆن دەتوانی پێناسەی گۆران بکەیت گەر فەلسەفە و ئایدیۆلۆجیایەکت بۆ گۆرین نەک گۆڕان نەبێت؟ چۆن دەتوانی هیچ بگٶڕی گەر بیرکردنەوە، سیستم، ستراکتور، میتۆد‌و شێوەی کارکردن، ئامانجەکان و بەهاکان وکاراکتەرەکان نەگۆڕیت؟ چۆن بە هەمان عەقڵی شاخ و کەرەستەی شاخ و پیاوانی شاخ کە خۆیان ئەندازیارو هاوکارو پارێزگاری ئەم سیستمە حیزبییە بۆگەنەن، گۆڕان دەکرێت؟ گٶڕان چۆن بە ئینتیهازییەت و میکاڤیلیەت و کالتی شەخسپەرستیی دەکرێت؟ گٶڕان چۆن بە فشەکردنی پەرلەمان و ژێپێدانی دیمۆکراسی و دەنگ و رەنگی شەقام ومافی خۆپێشاندان و رێکخستنی ئازاد‌و سەربەخۆی کۆمەلگای مەەدنیی و ئازادیی وجیاوازیی بیرورا‌و دایەلۆگ و خیانەتکردن لە خوێنی شەهیدانی ١٧ ی شوبات و خەونی ملیۆنەها خەلک بۆ رزگاربوون لە دەسەلاتی بۆگەنی حێزبی تۆتالیتاریی بنەمالەیی، دەکرێت؟ گۆران چۆن بە درۆسازیی و دیماگۆگییەتی میدیای حیزبیی دەکرێت ؟
گۆڕین بە ریفراندۆم لە سەر دەستووری دیمۆکراتی دەست پێدەکات و بە حوکمی دەستوور و یاسا کۆتایی دێت. بەبی دەستوور و بڕیاردانی دەستوورو حوکمکردن بە دەستوور و مەرجەعییەتی سەرەتاو کۆتایی پەرلەمان، هەموو باسێکی دیماگۆگی گۆڕانکاریی و چاکسازیی لە درۆسازیی و ساختەکاریی و خیانەتکاریی زیاتر نییە .
گٶڕان گۆڕینی سیستمە نەک گۆڕینی وەزیرو گزیر. ئەمە پێشتر خۆی گۆڕان جەختی لە سەر دەکرد.دەیان وت ئەوان شەڕیان لە سەر گۆرینی سیستم و بەرنامەی حکومەتە نەک پلەو پۆستەکان. پرسەکان گرنگن نەک پۆستەکان؟ پرسی دەستوور، گەندەلیی، دزیی و داگیرکاریی حیزبیی، ژن کوشتن، جیاوازی چینایەتی و ناعەدالەتیی.بەتالاندنی نەوت و سامان، خیانەتکاری نەتەوەیی…هتد بەلام ئێستا ئەوی باسی ناکرێ دەستوورو موئەسسەسات و یاسا‌و بەرنامەی حکومەت و چاکسازییە. کوا لە سەر چ بەرنامەیەکی حکومەت و چاکسازیی رێککەوتوون؟ لە پۆستەکانیشدا خۆ بۆ پۆستە عەسکەریی و ئەمنییەکان دەکوتن نەک وەزارەتێکی گرنگی وەک پەروەردە یان تەندروستی کە پێوەندی راستەوخۆی بە ژیان و پاشەڕۆژی خەلک و نەوەکانمانەوە هەیە. گەرچی وەزارەت جگە لە دەرفەتێک بۆ دزیی و داگیرکردنی زیاتر‌و زیاتری خاک و ملک و سامانی گشتی لە لایەن حێزبەوە، هیچ دەورێکی نییە
پێنوسەکان : ئایا بەشداری هەموو حیزبەکان لە حکومەتدا بە گۆران یشەوە بە کارێکی باش نازانیت؟
راستە بەڕاستی شتێکی پیرۆز‌و باش و خۆش دەبوو گەر هەموو حیزبەکان بەشداریان لە پێکهێنانی حکومەتێکی نەتەوەیی هاوپەیمانیی [ئیئتیلافییدا] کردبا، بەلام نەک بە شەڕکردن لە سەر پۆستەکان و دابەشکردنی ولات وەک کەلاکێک لە نێوان کەڵپە درێژەکانی خۆیاندا، بەلکو بە رێکەوتن لە سەر بەرنامەیەکی چاکسازیی قۆناغی گواستنەوە.لە سەر دەستوورێکی دیمۆکراتی و دوورخستنەوەی حیزب لە حکومەت و دروستکردنی حکومەتێکی تەکنۆکراتی ناحیزبیی
لە هەموو ولاتاندا کۆبوونەوەو دانوستاندن هەیە. بەلام ئەوا دوو قۆڵییانەی ژووری تاریک و کۆبوونەوەی حیزبیی نییە. لە ئەوروپا کۆبوونەوەی جی ٧، یان جی ٢٠، واتە حەوت وڵات و بیست ولاتی ئابووریی گەورەی دنیا دەکرێت. دوای بیست و چوار سەعات گفتوگۆ بەرنامەی ریکەوتننامەیەکی فراوانی ئیمزاکراو بلاو دەبێتەوە، بەلام ئەم بەرنامەیە لەو ٢٤ سەعاتەدا باس نەکراوەو نەگەیوەتە ئەنجام. پێشتر دەیان دەستەی پسپۆری نوێنەری ولاتەکان ئەجندای پرسە گرنگەکانیان داناوە، و ودوای گفتوگۆیەکی دەیان سەعاتیی لە سەری رێکەوتوون و تەنیا باسکرد نی پوختەی خالەکان و ئیمزاکردن بۆ سەرۆکەکان دەمێنێتەوە. من رەخنەم لەوە نییە کاک نەوشیروان بە تەنیا لە تاریک و نووتەکترین ژووردا لەگەڵ کاک مەسعودا کۆ ببێتەوە، بەلام پێش ئەوە با دەستەی پسپۆڕی هەردوو لا لە سەر پرسە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەت و قۆناغی گواستنەوە رێک کەون: دەستوور، دیمۆکراسی، دادپەروەری کۆمەلایەتی، پرسی نەوت، کێشە کۆمەلییەکان، پەروەرەدو تەندروستی، ئابووریی و بازاری ئازاد، ئەنفال و گەرمیان، جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت و کۆمەڵ، بنبڕکردنی گەندەڵیی و گێرانەوەی سامان و ملکوماڵی دزراوو داگیرکراوی گشتیی ، کێشەی کوردستانی دەرەوەی هەرێم و پێوەندیی لەگەڵ بەغداو تورکیا، پرسە کوردستانییەکان…، ئەوسا لە ژوورە تاریکەکەدا ئیمزای بکەن و لە بەر هەتاوی رووناکدا بیدەن بە رۆژنامەنووسان و خەلك. بەلام لێرەشدا کارەکە تەواو نابێت: دەبێ پەرلەمان وەک گەورەترین سەرچاوەی دەسەڵات و یاسارەوایی دیباتی بکات و رازی بێت لە سەری. ئەمەیە پرۆسەی موئەسسەساتیی بریاردان. بەلام سەیری ئەو سەخافەتە بێوێنە بکە کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەیە. حەوت مانگە پەرلەمان تەنانەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و سکرتێرێک بۆ خۆی کۆنەبۆتەوەو رێگای نادرێ کۆبێتەوە لە کاتێکدا دەبوو پەرلەمان گەورەترین و مەرجەعیترین دەسەلات بێت و بتوانێت سەرۆکی تەزویر و بەسەرچووی هەرێم لاباو دادگایی بکات و حکومەت حەل بکات و حکومەتی نوێ دامەزرێنێت. کەچی حەوت مانگە بێ کار، بێ دەنگ، بێ ئابڕوو، بێ ویژدان، فشە پەرلەمانتارەکان مووچەکەیان دەخەنە تەنگەی باخەڵیانەوەو هەست بە هیچ شەرم و ئیحراج و بێ نرخیی و بێ کەرامەتییەک ناکەن . تاکە کەسێك بیر لەوە ناکاتەوە ئەو سەرشۆڕیی و خۆفرۆشتن و بازرگانیکردنە بە دەنگ و درۆ‌و کەرامەتی خۆیان و مافی خەڵک قبوڵ نەکات و واز بهێنێت.. بزانە ئەم سیستمە زێرابییە چ جۆرە ئینسانێکی [درۆ لە پێناو دراودا] ی دروست کردووە، چ جۆرە سیاسییەکی پاریزگاری مافی خەلک، چ جۆرە پەرلەمان و پەرلەمانتارێک؟ حەوت مانگە ئەم دەسەلاتە لە سەرۆکی هەرێمەوە بۆ سەرۆکی وەزیران و حكومەتی خۆقەڵەوکەر، هیچ شەرعییەتێکی دەستووریی و یاسایی و ئەخلاقیی نییە کەچی خاک و ولات و خەلک و پاشەرۆژو شەرەفی نیشتمانیمان هەراج دەکات و خەندەقی فرۆشتنی شەرەف و هەراجکردنی کەرامەتی نەتەوەیی و ئەبەدییکردنی پارچەپارچەکردنی کوردستانی مەزن لێ دەدات و خەڵکیش چاوەڕوانی ئەوەیە کێو بزێ و مشکی لێ ببێت .
ئەوەی ئێستا پێویستە دروستکردنی حكومەتێکی تەکنۆکراتی ناحیزبی یە کە تەمەنی لە سێ مانگ زیاتر نەخایەنێت و ئامانجی ئەوە بێت :
١. شێوەی دوایی دەستووری هەرێم گەڵالە بکات و بیخاتە رێفراندۆمەوە
٢. لەهەمان کاتدا بەرنامەیەکی هاوبەشی چاکسازیی ئامادە بکات و ئەویش بخاتە رێفراندۆمەوە تا ببێتە بەرنامەی حکومەتی داهاتوو. کاتی ئەوە هاتووە بۆ میللەت بگەرێنەوەو لە سەرەوەو لە پشتەوە بە کەلەگایی و ناشەرعیی و ساختەکاریی و خیانەتکاریی بڕیارەکان نەدرێن.
٣. ئامادەکاری بکات بۆ هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەت و موئەسسەساتی نوێ بە پێی دەستوور .
باسکردنی پێکهێنانی حکومەت و چاکسازیی و گۆانکاریی بێ ڕێکەوتن و رێفراندۆم کردن لە سەر دەستووری دیمۆکراتیی و دامەزراندن و تواناسازکردنی موئەسسەساتی حکوومیی راستەقینە دوور لە دەسەلاتی حیزب و بنەمالە ، لە فشەیەکی قۆڕ زیاتر نییە.. هەر حکومەتێک لە سەر بنەمای دەستوورێکی دیمۆکراتی رێفراندۆم لە سەرکراوو سەروەریی بڕیاری پەرلەمان پێک نەیەت، حکومەتێکی زۆڵ و ناشەرعیی و سەرسەرییانە دەبێت کە سیستمی دزیی و داگیرکاریی هەراجکردنی خاک و نەوت و شەرەفی نەتەوەیی و داڕزاندنی کۆمەلایەتیی دەهیڵێتەوەو گرفتەکان قوولتر دەکاتەوەو شەرعییەتی ناشەرعییەت بە دەسەلاتی حیزبی بنەمالەیی تاوانکارو مافیا حیزبییەکان دەدات کە پێنج ساڵیتریش ولات و خەلک بڕوتێننەوە ..