جیهاد موحەمەد : بانگهێشتی هەڵبژاردنەکان چییان پێوتین ؟ .
لە ماوەی مانگێکی تەواودا لیستو قەوارە سیاسییەکانی کوردستان، ئازادبوون لە کێبركێو بانگهێشتکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شارەکانی کوردستانو دیسان بۆ ئەنجومەنی عێراقیش. لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک یاساو ڕێسا لە کۆمسوێنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوەو هەروا لە لیژنەکانی ئەمنی شارەکانەوە دانرابوون ، بەڵام سەرکێشانە هیچ لایەک بە تەواوەتی پابەند نەبوون پێیانەوە.
گومانی تیا نییە کە بارودۆخ کاریگەریەکی بەهێزی هەیە لەسەر هەڵسوکەوتو ڕەفتاری مرۆڤەکانی هەرچ کۆمەڵگایەک . ئەگەر بارودۆخەکە لەسەر کولتوورێکی دیوموکراتیانەو پێکەوە هەڵکردن/ تۆلێرانسو خۆ ڕاهێنان لەسەر ئازادیەکانو ڕێزو شکۆمەندی مرۆڤ بونیادنرابێت ، ئەوە حەتمەن گیانی مرۆڤبوون لە مرۆڤەکاندا دروستدەکات . ئەگەر بارودۆخەکەش ، لەسەر کولتووری جیاوازیی چینایەتیو ستەمکارییو چەوساندنەوەو دڵڕەقییو نەبوونی خۆشەویستیو بڕواو متمانەو تۆڵەسەندنەوە بونیادنرابێت ئەوە حەتمەن گیانی ئاژاڵێتییو دڕندەیەتیی لە مرۆڤەکاندا دروستدەکات . نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە بارودۆخی هەرچ کۆمەڵگایەک گرێدراوی جۆری حوکمڕانییو فەلسەفەو جیهانبینی حوكمڕانیەکەیەتیو هەردوو لایان( کۆمەڵگاو دەسەڵاتی سیاسیی حوکمڕان ) کارلێکیان لەسەر یەکتری هەیە ، واتا هەردوو لایان بەرەنجامی یەکتریینو پێوەندیەکانیان پیوەندیەکی دایالێکتیکیانەیە .
ئەوەی من وەک هاووڵاتیەک ، وەک چاودێرێک لە هەڵبژاردنەکاندا تێبینیمکرد. سەرجەمی ئەندامانو هەوادارانی حیزبو قەوارە سیاسیەکان لە ماوەی مانگێکدا کە بانگهێشتییان دەکرد لەسەر ڕێنماییو بەرنامەی کاری حیزبو قەوارە سیاسییەکانیان کە تووشی هەژینو خرۆشانێکیان کردبوون کەمترین ئاستی شارستانیەتی تیا بەدیدەکراو گەورەترین پێشێلکاریکردنی مافی مرۆڤیشی تیا بەدیدەکار، تا ئەو ئاستەی کە رۆژانە کوردستان لێوان لێو بوو لە بێحورمەتییو شکاندنو وێرانکردنی بەهاو نرخی بەرامبەرە ڕکەبەرەکانیان . ڕکەبەرەکان بە جۆرێک دڵڕەقانە پەلامارو هێڕشیان دەکردە سەر یەکتریو حیزبو لایەنی سیاسیی بەرامبەریان ، تا ئاستی دووژمنایەتییو ئێسکشکاندن ، کە رەنگە ئەگەر ئێسکیشی بە فیعلی تیا نەشکابێت بەڵام شەڕو پەلاماردانەکان بۆنی خوێنیان لێدەهات . ئەم ڕەوشە ناهەمووارەی ماوەی ئەم مانگەی نێوان حیزبو قەوارە سیاسییەکان ، کە بە ناوی ئازادیی بانگهێشتکردنەوە بوو، پێیوتین :
- ماوەی بیستوو دوو ساڵە ، دەسەڵاتی سیاسییو حکومەتی هەرێمی کوردستان ، نەک هەر نەیانتوانی بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەرییان هەبێت لەسەر تاکی کورد، بەڵکو بە پێچەوانەوە زیاتر تاکی کوردیان لە ڕووی بیرکردنەوەو شارستانیەتو ئاکاری مرۆڤدۆستیەوە تێکشکاندوە.
- ئەوە ئازادیی بانگهێشتکردن نەبوو ، بەڵکو ئەوە شەڕوپێکدادانبوو ، چونکە ئازادیەکان لە پێناوی ئازادبوونو مرۆڤبووندا نەبوو ، بەڵکو لە پێناوی گەیشتن بە دەسەڵاتی لیستو قەوارە سیاسییەکاندا بوو ، کە هیچ شتێکیان لا گرنگ نەبوو جگە لە ( بردنەوە) نەبێت . هەرچی بەهاو ئاکارو ڕەوشتی مرۆڤبوون هەیە لە بردنەوەو دۆڕاندندا ، یان لە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگەکاندا کورتیانکردبوەوە .
- سیاسەتکردنی سیاسیەکانی کوردستان و حیزبایەتیکردن لەسەر بنەمای بردنەوەو دۆڕانو دەسەڵاتگەرێتی خۆی بونیاد نابوو ، ـ وەک ئاکاریی هەمیشەییانـ نەک لەسەر کارو کردەوەیی مرۆڤیانەو مرۆڤدۆستییو پەروەردەکردنی مرۆڤ بەو جۆرەی کە مرۆڤبوون تیایدا گەوەرترو بەرزتربێتەوە .
- لە ماوەی مانگێکی بانگهێشتکردنەکاندا ، کولتووری دیموکراتییو ئازادیی کە پایەیەکی گرنگێتییو هەروا مافی مرۆڤو هاووڵاتیبوون ، لە ئاستێکی یەجگار نزمدا دەرکەوت .
- ئازادبوونی لیستو قەوارە سیاسییەکان بە جۆرێک ماڵوێرانکەرو نامرۆییانە بوو کە نەک خۆشەویستییو برواو متمانەی دروستنەکرد، بەڵکو گیانی شەرەنگێزییو زەبەروزەنگی زۆری لەلای هاووڵاتیی کورد زیاترکرد.
- لە نێو ڕکەبەرەکاندا پێکەوە هەڵکردن/ تۆلێرانسو دیبەتو دیالۆگی شارستانیانە لە نزمتریین ئاستادابوو .
- بیرکردنەوەی تاکی کورد بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستێکی هێندە نزمدا دەرکەوت تا ئەوەی کە بە ئاسانی دەتوانرێت کۆیلەبکرێتو تەنانەت بە ئاسانیش گەمژەبکرێت .
- دەرکەوت، کە تا ئێستاش خەڵکی کوردستان نازانن گۆڕانی ڕیشەیی چییەو دەبێت چۆن بکرێتو لە چیدا پێویستە گۆرانی ڕیشەیی بکرێت . گۆڕانی ڕیشەییو چاکسازی لای خەڵک جیاناکرێتەوەو تێکەڵدەکرێت.
- ، بە گشتی جیاوازییەکی ئەوتۆ نەبوو لە نێوان حیزبو لایەنە سیاسیەکاندا ئەگەر هەشبووبێت ڕەنگە لە مفرەداتو گوزارشتەکاندا بووبێت ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هیچ حیزبو لایەنێکی سیاسی بە دەسەڵاتدارەکانی جارانو ئۆپۆزسوێنەکانی چوار ساڵی ڕابوردووەوە دەرکەوت کە نایانەوێت بونیادی سیاسییو کۆمەڵایەتییو فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردستان بگۆرنو پەیکەرە چەقبەستوەکان ، بروخێنن . بەڵکو ئەوەی کە هەیە بۆ لابردنی کۆمەڵە پەیکەرێکەو لە جیاتی ئەوەش دانانی کۆمەڵە پەیکەرێکی دیکەی دەمامکراو لە ژێر ناوی گۆڕان یان چاکسازییدا.
- لە ماوەی یەک مانگی پڕ لە بانگهێشتی هەڵبژاردنەکاندا ، کەمێک لە ڕاگەیاندنکارانو رۆژنامەنووسانو کەناڵەکانی پەخشی تەلەفزوێنو ڕادوێو ڕۆژنامەو گۆڤارەکان هەبوو کە توانیبێتی پرۆفیشناڵانە کاربکاتو خۆی لە لایەندارێتی بپارێزێت .
- تووندوتیژیی بە جۆرێک لە ماوەی بانگهێشتکردنی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت کە ڕەنگە بە ڕێکەوت بووبێت کە چەندین پەلامارو کوشتنو خوێنڕشتن ڕووینەدابێت ،( لەگەڵ ئەوەی کە لە پیشاندانی گرتە ڤیدیۆیەکەی جەلال تاڵەبانیدا ، بە فیشەک١١ هاووڵاتی بریندارکران) ڕەنگیشە خۆ بەتاڵکردنەوە بە قسەکردنی توندووتیژو سوکایەتیکردنو جنێودانو کەرامەتشکاندن جێگەی خوێنڕشتنی گرتبێتەوە . کە لە حاڵەتی وادا جیاوازییەکە تەنیا ئەوەندەیە کە مرۆڤێک گیان لە دەستنادات ، دەنا هەمووی هەر توندووتیژییە .
- گەورەترینو فراوانترینو بەهێزترین کەرستەی حیزبو قەوارەسیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکان ، مرۆڤ بوو، هەموویان وەک یەک بە بێ ئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی بکەن ، مرۆڤەکانیان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسوڕان ، توانیان بیانئاخنن لە دروشمی حەماسییو هاتوهاوارو دەنگە دەنگو هەراو زەنا ، بە جۆرێک بیانورووژێنن کە خۆیان بیربچێتەوە کە مرۆڤنو لەگەڵ مرۆڤدا مامەڵەدەکەن ، هیچ بەهاو نرخێک بۆ مرۆڤبوونی خۆیانو بەرامەبەرکانیان دانەنێن ، تەنیا سەرکەوتنی پەیکەرە گەورەکانی حیزبو قەوارە سیاسیەکانی خۆیان لەبیبربێتو هیچیدیکە . لەم هەڵبژاردنانەدا مرۆڤ وەک شمەک بەکارهێنرا ، مرۆڤەکان کران بە ئۆبجێکتو لە سەبجێکت دەرچوون . مرۆڤ وەک شمەکو کەرستەکانی تری پەڕۆو پاڵو کاروانی ئوتومبیلو وێنە گەورەکانی کاندیدکانو تەلەفزوێنو ڕۆژنامەو ڕادوێکان بەکارهێنرانو جیایان نەکردنەوە لە یەکتری . پەڕۆوپاڵەکان چۆن بە دەم ڕەشەباو باووبۆرانەوە دەدڕان ، یان بە دەستوپەنجەی هەوادارانی حیزبەکانەوە دەدڕێنرانو فڕێدەدرانو تف باراندەکران ، بە هەمان شێوەش مرۆڤەکان دەدرێنرانو سوکایەتییان پیدەکراو هەرچیی هەیەو نییە لەسەر یەکتری دەیانوت ، بە جۆرێک یەکترییان تۆمەتباردەکرد ، کە لای مرۆڤی بە ویژدانو بە ئاگاو هوشیار جێگەی بەزیی بوون .