Zana-Osman

زانا عثمان : نەبوونی ئایدۆلۆژیاو بناغەی كاری سیاسەتكردنێكی ژیرانە ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم نوسینەمدا باس لە نەبوونی ئایدۆلۆژیاو هێنانە كایەی سیاسەتێكی ژیرانە دەكەم لەلایان بزوتنەوەی گۆڕان لەناوچەكە بەگشتی و كوردستانی باشور بەتایبەتی , لەبناغەیەكی واقعیانەوە شیكردنەوەی بۆ دەكەم دور لەلایەنگیری و دژایەتی ناواقعیانە بەرامبەر حیزبەكانی تر , كەبناغەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرپرسە كۆنەی یەكێتی كەلەناو بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆیشتە دەرەوە یەكێك لەخاڵەكانی ڕۆیشتنی بریتیە لەخاڵێكی پێچەوانەی ئەم سیاسەتەی كەبزوتنەوەی گۆڕان و هەموو حیزبێكی تر بەمانای سیاسەت پەیڕەوی لێدەكەن , كەپێی وابووە پێویست بوو بزوتنەوەی گۆڕان بەنەخۆشكەووتنی (مام جەلال) نەرمی بەرامبەر یەكێتی نواندبا لەسیاسەتكردنی , واتە هاویشتنە ناو وشەی( ئەگەر) لەسیاسەتكردنی !؟ , كەئەمەش تەواو بێمانایە لەگۆڕەپانی سیاسیدا تۆ ( ئەگەرێك) دابنێیت بەشڵەژانی لەباری بەرەو بچوكبوونەوەی حیزبی بەرامبەر واتە ڕكابەر نەرمی بنوێنیت و خۆت بێدەنگ بكەیت و تەنها لەكاتی بەهێزیدا ڕكابەرایەتی بكەیت !؟ ئەی باشە سیاسەتكردن بۆچییە ئەگەر بۆ بەهێزبوون و چوونە دەسەڵات و خزمەت نەبێت ؟

بناغەو ڕێڕەوی سیاسەت ( ئەگەر ) بۆ هیچ جۆرە نەرمیەك دانانێك بۆ ڕووداوەكانی حیزبی ڕكابەر , حیزبێك لەگۆڕەپاندا هەبێت و سەرنەوی كردن بۆ حیزبی بەرامبەر لەحاڵەتی بێهێزیدا قبوڵ بكات ..! , چونكە ئەمە دەبێتە تەواو پێچەوانەی ویستی سیاسەتی ڕاستەقینە لەوڵاتدا بەڵكو بەردەوام دەبێت لەهەوڵەكانی بۆ بەهێزكردنی پێگەو جەماوەی خۆی لەچالاكیدا بێت ، چونكە بنەڕەتی سیاسەت و سیاسەتكردن ڕێك لە وشەكەیەوە وەردەگیرێت ئەویش ( سیاسەت) نەك ( بازرگانی) كەتاقە بەڕێزی ڕۆیشتوو وێنەو كاری سیاسەتكردنی بەبازرگانی خوێندۆتەوەو لێی تێگەیشتووە , حەقیقەتی سیاسەت ئەوەیە كەڕێكخەری گشتی لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە كردوویەتیە بناغەی كاری حیزبایەتی ، بەپێچەوانەی تەواوی حیزبەكانی تر بەعەلمانی و ئیسلامیەوە ، چونكە ئەوەی گۆڕان دەیكات ئیشكردنە بۆ سیاسەتێكی پتەو كەسەرئەنجام بزوتنەوەیەكی بەهێز لەدایكبوو كەلێیەوە هاوكێشەی سیاسەتكردنی هەڵگێڕایەوە لەم هەرێمە و ناوچەكەدا كەخاڵیە لەسیاسەتكردن بەتەواوی مانا ، لەحیزبێكی هەواداری پارەوە كردی بەحیزبێكی مۆدێرن و سەردەمی لەعێراق و ناوچەكە ، كەتێیایدا هەواداری حیزب پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی ئەو سیاسەتە دەكات ، بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتێك كەمرۆڤ لەكۆیلەبوون و كڕین و فرۆشتن ڕزگاردەكات و سەنگ و گەورەیی بۆ مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە ، خزمەتێكی بێ جیاوازی دەهێنێتە كایەوە لەكاتی گرتنەدەستی دەسەڵات , بۆیە ئەمەش وای كردووە بەرژەوەند خوازەكان ئەوانەی خۆیان بەدنیای سیاسەت هەڵواسیووە بێ ئەوەی لێی تێبگەن تانەو تەشەر دەبەخشنەوە بەسەر ئەم بزوتنەوە جەماوەریە كەباوەشێكە سیاسەتكردن تەنها بۆ بیرعەلمانیەكان نیە یان تەنیا بۆ بیر ئیسلامیەكان و …. هتد . بگرە حیزبێكە جەماوەرەكەی بریتیە لەو گۆزە جوانەی نیشتیمان كەتێیایدا هەموو ئایدۆلۆژیا جیاوازەكانی لەخۆیدا كۆكردۆتەوە بووە بەڕەقەمێكی جوانی كاری حیزبایەتی لەعێراق و ناوچەكەدا ، ئەو جوانی كاری حیزبایەتیەی بزوتنەوەی گۆڕان وای كردووە لەوەتەی دروستبوونیەوە ئەو شێوەی سیاسەتكردنە حەكیمانەی ببێتە هۆی خۆڕانەگیری بیر تەسكەكانی نیشتیمان بەعەلمانی ئیسلامیەكانەوە ، مەبەستم لەبیر تەسكی ئەوانەیە كەتائێستاش باوەڕیان بەحیزبێكی كۆمەڵایەتی نیە , ئەوانەی دەیانەوێت كۆمەڵگایەكی فرە ڕەنگ بەئیسلامی یان عەلمانیەكی ڕووت بكەن !؟ نەك قسەكردنم لەسەر عەلمانی و ئیسلامی هێرشكردنە سەریان بێت بەگشتگیری بەڵكو تەنهاو تەنها مەبەستم لەبیركردنەوەیەكی تەسكی كاری حیزبایەتییە لەكۆمەڵگادا كەبیر تەسكەكان باوەڕیان پێ هەیە ئەویش سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراوە بەسەر ئەوانی تر , چونكە بیركردنەوەكان تەسك و سنوردارە لەسەرئەنجامی دواكەووتوویان , كەپێم وایە بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی وەك بزوتنەوەی گۆڕان جوانترین چەپكە گوڵ لێیەوە لەدایك دەبێت لەژێر ناونیشانی تاكە حیزبێك كارو چالاكیەكانی خۆی تێدا ئەنجامدەدات بۆ گەیشتن بەئامانجە باڵاكانی هەموو بیركردنەوە جیاوازەكانی ناوی كەداواكاریەكانیش ڕەنگاو ڕەنگدەبن كەسەرئەنجام بەرهەمەكەی پەخش دەبێت بەسەر چەپكە گوڵەكەدا ، كەئەویش كۆمەڵگایە ، نەك حیزبایەتیەك هەمیشە پڕ بێت لەشێوازێكی دیاریكراوی ئایدۆلۆژی , كەئەم شێوە حیزبایەتیە ئەگەر شتێكی چارەسەر كردبێت یان شتێكی كردبێت وەكو زیاتكراوێك بەرهەمێك بۆ كۆمەڵگا ئەوە لەبەرامبەردا شتێك یان چەندین شتی بەدوای خۆیدا هێناوە وەك دژایەتیەك بۆ ئەو شتە هاتووە دییە ، بەڵام ئەو كارانەی كەبزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت بیكات تەنها مووچە خۆرانی بێ‌ بەرامبەر كارێك , بەمانا سادەكەی ( بن دیوار ) و بازرگانانی لەناكاو هەڵتۆقیووی بەناو بەرپرسن دژی دەوەستنەوەو لێی دەترسێن , ئەمەش وایكردووە زۆرجار ئایدۆلۆژیا دیاریكراوەكان بۆ سیاسەت دژایەتیەكی كارای ئەم بزوتنەوە پڕجەماوەری و بێ ئایدۆلۆژییە بكەن لەڕێگای بەكارهێنانی هەموو لایەكی هێزەوە ( پارە ، قسە ، نوسین …. بۆ ئەوەی بگەنە ئەو ئامانجە تەسكانەی كەهەیانە) كەهەموو جارێك لەگەڵ وروژاندنی ئایدۆلۆژی حیزبی لەلایان بەشە بیرتەسكەكانی باوەڕدارانی ئایدۆلۆژی دیاریكراو یەكسەر وەك دژایەتیەك گۆڕەپانی بێ ئایدۆلۆژی بزوتنەوەی گۆڕانیان كردۆتە بنەمای قسە لەسەر كردن و ڕەخنە لێگرتنی .
هەموو مەبەستەكانیشیان بەبۆچوونی من مانەوەی كۆمەڵگاو دابەشكردنیەتی بەسەر ( عەلمانی و ئیسلامی) دا ، بەڵام لەگەڵ هەر هەنگاوێكی ئەوان بۆ ڕەخنەلێگرتنێكی ناشایستە , بزوتنەوەی گۆڕان چەندین هەنگاو چۆتە پێشەوەو باڵانسی بەرەو بەرزبوونەوە چووە ، كەئەمەش لەبیرێكی نیشتیمانیەوە سەری هەڵدا كەتێیایدا حیزبایەتی لەلای ئەوان بریتیە لە خزمەتكردنی گشتی نەك بەشی و خۆیی لەڕێگای ئایدۆلۆژیای دیاریكراو ، من لێرەدا تەنها مەبەستم لەشێوەی كاری حیزبایەتیەكی سەركەوتووە لەعێراق و ناوچەكە نەك گشتگیر بێت بەسەر هەموو جیهاندا ، كەئەمەش خاڵی جەوهەری ئەم بۆچوونەم دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو دواكەوتووییە سیاسیەی كە لەحیزبایەتی كردنی ئەم ناوچەیەدا پەنگی خواردۆتەوە ، بەڵام لەوڵاتانی پێشكەوتوو هەیە نەك حیزبی دەسەڵاتدار بگرە سیستەمی سیاسی وڵاتەكە بریتیە لەعەلمانیەكی ڕووت ، بەڵام بەهیچ شێوەیەك مافی بێباوەڕێك یان مەسیحیەك و…. هتد . فەرز ناكات بەسەر ئیسلامیەكی سیاسی یان موسوڵمانێك ….هتد , وەبەپێچەوانەشەوە ، واتە سیستەمێكە هەموو مرۆڤەكان لەژێریەوە بەرژەوەندیەكانیان پارێزراوە بەبێ جیاوازی بەشێوەیەكی گشتی ، بەڵام ئەو دواكەووتوویەی ناوچەكەو عێراق و كوردستانی باشور لەسیاسەتكردن و تێگەیشتن لەبنەڕەتی سیاسەتكردن كارو فرمانی و ئەو بێ ئایدۆلۆژیایەی بزوتنەوەی گۆڕان وای كردووە ببێتە یەكێك لەهەرە خاڵە بەهێزەكانی ئەم بزوتنەوەیە بەشێوەیەك بەردەوام كێرڤی جەماوەری ڕوو لەهەڵكشان بكات ، بەبێ دروستبوونی هیچ هەژانێكی لەناكاو چاوەڕواننەكراو ، نمونەش/ ڕۆیشتنی كەسێكی باڵای ناو ئەم بزوتنەوەیە نەبۆتە هۆی ئەوەی كەبەدوای خۆیدا لێشاوێك لەمرۆڤەكان وابەستەی ڕۆیشتن بكات بەگرە هاوكێشەكە لەناو ئەم بزوتنەوەیە تەواو پێچەوانە بۆتەوە ، چونكە حیزبەكانی تر كاریان بریتیبووە لە دابەشكردنی هەوادارانیان بەسەر دووبەشەوە بەبیرێكی جێگیرو كۆنەوە بەرامبەر ئەو بیرە نوێیەو پێشكەوتنە بەرچاوەی كەجیهانی ئێستا بەخۆیەوە بینیووە , ئەوانیش :
1) دروستكردنی كۆمەڵە بازرگانێكی دیاریكراو , بەناونیشانی بەرپرسی حیزبی , كەتێیایدا فەرمانەكانیان لەسەر هەموو هەوادارانیان پێویستە جێبەجێی بكەن بێ‌ یەك و دوو , ئەگەریش وانەكەن ڕووبەڕووی ترس و دەركردن دەكرێنەوە .
2) زۆرینەیەك جوڵەیان تەنها لەڕێی قسەی بازرگانە بەناو بەرپرسەكانەوەیە و هیچی تر , ئەگەر وتیان چەپڵە لێبدەن دەبێت بەیەك و دوو لێی بدەن , ئەگەریش ووتیان تۆمەت ببەشنەوە دەبێت بیبەشنەوە بێ‌ گەڕانەوە بۆ عەقڵ و ویژدان !؟ …… هتد .
بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بەنەبوون و كارنەكردن بەئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو , سیاسەتێكی ژیرانە , شتێكی وای نەكردووە كەلێیەوە بازرگانێكی هەڵتۆقیوو بەساڵێك و دووساڵ دروست بێت و جەماوەرێكیش بێ‌ كاركردن بەعەقڵ و ویژدان بێنێتە بەرهەم , كاندیدنەكردنەوەو مانەوەی كەسێك لەشوێنێك بۆ ماوەیەكی درێژ یەكێكە لەخاڵە هەرە بەهێزەكان كەڕێگری دەكات لەدروستبوونی حەزی دەسەڵاتێكی تاپۆكراو لەمانەوەی پۆستەكەی لەلای و كردنی بەبازرگانێكی گەورە بەچەند ساڵێكی كاركردنی و هەڵبژاردنی كەسەكان بەڕەچاوكردنی توانای كەسەكە نەك گەڕانەوە بۆ مێژووی كەس و كارەكەیوو واستە بۆكردن بەرتیلدان بۆ گەیشتن بەشوێنی بڕیاردان , لەلایەكی تریش نزیكبوونەوەی بەرپرسەكانی ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ هەوادارەكانی خۆیان و دەرەوەی خۆیان بۆ ئاگا لێبوون لەنێوان ئەو بەشەی كەپێی دەوترێت ( داواكار ) كەخەڵكە و ( جێبەجێكەر ) كەبەرپرسەكانی هەڵبژێردراون , دیسانەوە خاڵی پڕشنگداری ئێستاو داهاتووی ئەم بزوتنەوەیەیە , كەلێیەوە ئەم بەستەڵەكەی شكان لەنێوان بەرپرس و هەواداری گشتی حیزب , كەببوو بە دیواری دیارو وونی نێوان هەواداری زۆرینەی حیزب و بڕیاردەرانی حیزب , تەنانەت بووبە وانەیەك بۆ حیزبە خۆسەپێنەكانیش كەبەرپرسەكانی حیزبەكانیان زۆرینەیان لەیەك شوێن هەڵنەبژێرن بۆ جێبەجێكرنی ئیش و كاری حیزب و حكومەت , بەڵكو پێویستە بەپێی ڕێژەی جیاوازی ناوچەكان كاندید بۆ پۆستە جیاوازەكان دیاریبكەن و بێنە ناو خەڵكەوە نەك لەڤێلاكانەوە متمانەیان پێبدرێت , كەتادامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان نەك حیزبە عەلمانیەكان بگرە ئیسلامیەكانیش نایان توانی تەجاوزی ئەم شێوازە چەقبەستوویە سیاسیە بكەن كەسیاسەتكردنیان لەدەوری زنجیرێكدا هێشتبۆوە لەچالاكیەكی دیاریكراوو كەرنەڤاڵیدا .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت