Umed-Qeredaxi

ئومێد قه‌ره‌داخی : سه‌رده‌می نوێی په‌رله‌مان ، به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی پله‌ تایبه‌ته‌كان و ، نه‌هێشتنی خانه‌نشینی ده‌ستپێده‌كات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یه‌كێك له‌ خراپترین دیارده‌كان له‌ ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردیدا ، بریتییه‌ له‌ نادادپه‌ره‌وه‌ری له‌ دابه‌شكردنی سامانی گشتیدا ، برییتیه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونێكی هه‌میشه‌یی و هه‌ژاربوونێكی هه‌میشه‌یی ، بێگومان ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ له‌ حوكمرانی كوردیدا به‌ چه‌ندین شێواز و فۆرمی جیاواز خۆی پراكتیزه‌ كردوه‌ و له‌ واقیعدا بوونی خۆی نیشانداوه ‌، یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ گرنگه‌كانی ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ بریتیه‌ له‌ به‌رزی ئاستی موچه‌ی په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و پله‌ تایبه‌ته‌كان ، دواتریش خانه‌نشینكردن به‌ پله‌ی تایبه‌ت ، موچه‌ی په‌رله‌مانتارێك زیاتر له‌ هه‌شت ملیۆنه‌ و ، موچه‌ی وه‌زیرێك به‌ ده‌رماڵه‌وه‌ ئه‌گاته‌ 10 ملیۆن دینار، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا موچه‌ی ده‌رچوویه‌كی زانكۆ نزیكه‌ی 400 هه‌زار دیناره‌ ، به‌م پێیه‌ موچه‌ی په‌رله‌مانتارێك نزیكه‌ی بیست ئه‌وه‌نده‌ی موچه‌ی ده‌رچوویه‌كی زانكۆ ئه‌بێت ، موچه‌ی وه‌زیرێك بیست و پێنج ئه‌وه‌ندی موچه‌ی ده‌رچویه‌كی زانكۆیه‌ ، ئه‌مه‌ با له‌وه‌ بگه‌رێیین موچه‌ی په‌رله‌مانتارێك زیاتر له‌ په‌نجا ئه‌وه‌نده‌ی موچه‌ی كه‌م ئه‌ندامێكه‌ و موچه‌ی وه‌زیرێك زیاتر له‌ شه‌ست و پێنج ئه‌وه‌نده‌ی موچه‌ی كه‌م ئه‌ندامێكه ‌ .
ئه‌م به‌رزی موچه‌یه‌ به‌راده‌یه‌ك نادادپه‌ره‌وه‌ر كه‌ گونجاوه‌ به‌ ڤایرۆسه‌ كوشنده‌كه‌ی نێو ژیانی سیاسی و ئابووری كوردستان ناوببرێت ، ئه‌م دیارده‌یه‌ راسته‌وخۆ بۆته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جیاوازییه‌كی چینایه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ كوردستاندا ، چینێك كه‌ له‌ په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و پله‌ تایبه‌ته‌كان و خانه‌نشینكراوه‌كان پێكدێت ، خاوه‌ن موچه‌یه‌كی باڵاو خانوو و ڤیلان، خاوه‌ن هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كی خۆشگوزه‌رانین ، ئه‌م چینه‌ ته‌نانه‌ت له‌ نه‌ریت و ستایلی موماره‌سه‌كردنی ژیانیشدا هێدی هێدی خۆیان له‌ خه‌ڵكی تر جیا ئه‌كه‌نه‌وه‌ و وه‌ك چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ ده‌ر ئه‌كه‌ون ، چینێك كه‌ بناغه‌یان له‌سه‌ر بنچینه‌ی نا دادپه‌روه‌ری له‌ سامانی گشتید اداكوتاوه‌ ، چینێك كه‌ رێك وه‌ك چینی بۆرژوازی سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رمایه‌داری خۆیان ده‌ر ئه‌خه‌ن ، كاریگه‌رییان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و بڕیاری سیاسییه‌وه‌ هه‌یه ‌، خۆیان یاسا دا ئه‌نێن و خۆیان ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنن ، ئه‌گه‌ر بۆرژوازی سه‌ره‌تاكانی سه‌رمایه‌داری به‌رهه‌می پێشكه‌وتنی ته‌كنیك و توانای به‌رهه‌مهێنان بوبێت ، ئه‌وا ئه‌م چینه‌ بۆرژوازییه‌ی كوردستان به‌رهه‌می هیچ شتێك نین جگه‌ له‌ تاڵانكردنی سامانی نیشتیمانی ، هیچ به‌شدارییه‌كیان له‌ گه‌شه‌پێدانی ئابووری و بازاردا نییه‌ جگه‌ له‌ قۆرخكردن و ده‌ستبه‌سه‌را گرتنی ، به‌رانبه‌ر به‌م چینه‌ بۆرژوازییه‌، چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رین وگه‌وره‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌شی هه‌ره‌ فراوانی كۆمه‌ڵگا پێكدێنێت ، ئه‌م چینه‌ پێكدێت له‌ موچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی ئاسایی ده‌وڵه‌ت ، كریكاران و خاوه‌ن پیشه‌ بچووكه‌كان ، ئه‌م چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ خاوه‌نی هیچ شتێك نین جگه‌ له‌و داهاته‌ كه‌مه‌ی به‌ ره‌نجی شان په‌یدای ئه‌كه‌ن ، بۆیه‌ یه‌ك مانگ مووچه‌ دوا بكه‌وێت ئاستی ئیستیهلاكی ئه‌م چینه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دێته‌ خواره‌وه ‌، ئه‌م چینه‌ له‌راستیدا هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی خۆشگوزه‌رانی له‌به‌رده‌ستدا نییه ‌، داهاته‌ سنوورداره‌كه‌ی رێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێ نادات لانیكه‌می پێویستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیان دابین بكات، نرخی شوێنێكی نیشته‌جێبوون( بۆ نموونه‌ شوقه‌یه‌ك) له‌ هه‌رزانترین شوین و نزمترین كوالیتیدا له‌ هه‌شتا هه‌زار دۆلار كه‌متر نییه‌ ، ده‌رچویه‌كی زانكۆ بۆ كڕینی شوقه‌یه‌ك پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌ درێژایی 20 ساڵ ته‌واوی موچه‌كه‌ی پاشه‌كه‌وت بكات ، ئه‌مه‌ ته‌نها وه‌ك نموونه‌یه‌كی ساده‌ بۆ راده‌ی ئاستی خۆشگوزه‌رانی ئه‌م چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌رینه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیچ تاكێكی ناو ئه‌م چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ناتوانێت هیچ دڵنیاییه‌كی بۆ ژیان و ته‌ندروستی خۆی هه‌بێت ، چونكه‌ ته‌ندروستی مرۆڤ له‌نێو دنیای سه‌رمایه‌داریدا یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین جۆره‌كانی سه‌رمایه‌گوزاری و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سامان ، سروشتی به‌رهه‌مهێنان و خستنه‌ڕووی ده‌رمان سروشتێكی قۆرخكاری هه‌یه‌ ، بۆیه‌ نرخی ده‌رمان و پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كان یه‌كجار گران و قورسه‌ ، نرخی زۆربه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ قورسه‌كان له‌ ده‌یان هه‌زار دۆلاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات ، بێگومان ئه‌مه‌ش بڕێكه‌ به‌م چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ژاره‌ دابین ناكرێت ، بۆیه‌ هه‌ژار ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ مه‌حكومه‌ به‌ مردن ، پێشكه‌وتنه‌ ته‌ندروستییه‌كانی ئه‌مڕۆ سنوورداره‌ بۆ خزمه‌تكردنی چینی ده‌وڵه‌مه‌ند ، شه‌رمه‌زارییه‌ له‌ ئیستای دنیا و كوردستانیشدا مرۆڤ له‌به‌ر نه‌بوونی توانای كڕینی ده‌رمان بمرێت ، شه‌رمه‌زارییه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی توانای نه‌شته‌رگه‌ری رۆژنامه‌نوسێكی وه‌ك كیۆمه‌رس و هه‌زاران نه‌خۆشی وه‌ك ئه‌و گیان ئه‌سپێرن ، له‌ كاتێكدا ره‌وشێكی ئاوا له‌ نێو چینی هه‌ره‌ به‌رفروانی خه‌ڵكدا بوونی هه‌یه‌ ، به‌هۆی نادادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی سامانی گشتیدا موچه‌خۆرێك موچه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی به‌شی كرینی شوێنێكی نیشته‌جێبوون ناكات ، له‌ ئه‌گه‌ری توشبوون به‌ نه‌خوشییه‌كی مه‌ترسیدار ئه‌بێت به‌هۆی نه‌توانینی كڕینی ده‌رمان و نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی مردن بكات ، له‌ ره‌وشێكی له‌م شێوه‌یه‌دا موچه‌ی هه‌شت ملیۆنی و ده‌ ملیۆنی وه‌زیر و په‌رله‌مانتاری حازر و خانه‌نشین هیچ نیه‌ جگه‌ له‌ لوتكه‌ی نادادپه‌روه‌ری ، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌وپه‌ری بێڕێزی به‌ كه‌سایه‌تی و ژیان و ئایینده‌ی تاك به‌تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ، مانایه‌ك نابه‌خشێت جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ ناوی نوێنه‌رایه‌تیی ئیراده‌ی گشتییه‌وه‌ كار ئه‌كه‌ن ، نوێنه‌ری ئیراده‌ی گشتی نین به‌ڵكو تاڵانچی سامانی گشتین .
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی سیاسی تازه‌ كه‌ گرنگترین بنه‌ماكانی گوتاری سیاسی خۆی له‌سه‌ر نه‌هێشتنی ناداپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی سامان و به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی گشتی بنیادناوه‌ ، ئه‌مرۆش سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی وه‌رگرتوه‌ و له‌سه‌ره‌تای وه‌رگرتنی ئه‌م سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ ئه‌وه‌راگه‌یاندوه‌ كه‌ ئیدی سه‌رده‌مێكی نوێ له‌ په‌رله‌ماندا ده‌ستپێده‌كات ، پێویسته‌ موچه‌ی تێكڕای په‌رله‌مانتار و پله‌ تایبه‌ته‌كان بۆ نیوه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ و كۆتاییش به‌و تاڵانكردنه‌ی سامانی نیشتیمانی بهێنێت كه‌ به‌ ناوی خانه‌نشیینییه‌وه‌ بوونی هه‌یه ‌، ئه‌مه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ و سه‌ختیشه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ، پێویسته‌ به‌ زووترین كات پرۆژه‌ یاسا له‌مباره‌یه‌وه‌ پیشكه‌ش بكات ، هه‌وڵبدات ره‌زامه‌ندی لایه‌نه‌كانی بۆ كۆ بكاته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌مه‌ نه‌كات ، ئه‌وه‌ وه‌ڵامی پێویستییه‌ راسته‌قینه‌كانی خه‌ڵكی نه‌داوه‌ته‌وه‌ .
له‌ راستیدا نه‌ك ته‌نها بزووتنه‌وه‌ی گۆران به‌ڵكو هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی پشتگیری كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی په‌رله‌مانتار و پله‌تایبه‌ته‌كان و نه‌هێشتنی موچه‌ی خانه‌نشینی پله‌ی تایبه‌ت بكات ، ده‌سكه‌وتێكی سیاسی راسته‌قینه‌ بۆ خۆی به‌ده‌ست ئه‌هینێت ، ره‌نگه‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و كه‌سانی به‌رژه‌وه‌ندخوازی نێو حزب بدۆرێنی به‌ڵام ویژدان و ئه‌خلاق و ره‌زامه‌ندی هاوڵاتیانیش ئه‌باته‌وه‌ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت