Bekir-Ibrahim

بەكر ئیبراهیم  : یارییەكە لە كابینەی نوێ دەست پێدەكات  .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەراقم هیچ تۆپی پێ نییە و زۆر زۆر بە كەمیش سەیری دەكەم و تا ئێستاش غەیری گوێبیستبوونی ناوی هەندێ یاریزانی جیهانی و كوردستانی نازانم كامیان ئەو ناوەیە كە من بیستوومە ، ناشزانم بۆ تۆپی پێ بەلای منەوە مەراق نییە و بە لای هەندێك كەسەوە پێچەوانەی منە ، بەڵام ئەوەی لە لام بووەتە مەراق و جارجار مێشكم مەشغوڵ دەكات ، یارییە دۆستانەكەی نێوان حكوومەت و پەرلەمانە كە بڕیار بوو لە كابینەی حەوتەمی حكوومەت و خولی سێیەمی پەرلەمان ئەنجام بدرێت كە نەكرا .

وەكو گوتم ئەم یارییە بەتایبەت لەلای من مەراقە هەر ئەوەش وای لێ كردم دەست بۆ سەرچاوەی زانیارییەكان بەرم و پرسیار دەرباری دووبارە لە كابینەی هەشتەم و خولی چوارەمی پەرلەمان بكەم , هەندێكیان وەڵامەكەیان ئەوە بوو كە كوا حكوومەت و پەرلەمان ئاگایان لەو بەڵێَن و لەو یارییە ماوە جا بكرێ و نەكرێ گرنگیی چییە ! ئەو جۆرە وەڵامانە نەیانتوانی وازم پێ لە مەراقەكەم بێنن و هەوڵی دیكەم دا ، ئەوجارەیان لە سەرچاوەیەكی باڵا و باوەڕپێكراوی پەرلەمان و حكوومەتەوە زانیم یارییە تەواونەكراوەكەی نێوانیان لە خولی چوارەمی پەرلەمان و كابینەی هەشتەمدا تەواوی دەكەن ، بەس زانیاریی تەواوم دەست نەكەوت كە ئایا جارێكی تر كۆبوونەوەی لەسەر ئاستی باڵای پەرلەمان و حكوومەت بۆ ئەنجام دەدەن یان ئامادەكاری و مەشق و دیاریكردنی هێرشبەر و دیفاع و گۆڵچی و جلوبەرگی یاریزانان و سپۆنسەرەكەی و رۆژی دیاریكراوی یارییەكە كە ئاخۆ لەبەر گەرما و سەرما خوانەخواستە لەبەر تەندروستیی یاریزانەكانی حكوومەت و پەرلەمان كە ئاخۆ پاییز دەبێ یان هاوین، بەهار دەبێ یان زستان ، بە شەو دەیكەن یان بە رۆژ ، ئەوەشم نەزانی كە لە كام یاریگا بەڕێوە دەچێ ، گوتیان لەبەر وەزعی ئەمنی باش نییە بڵاوی بكەینەوە، منیش لەبەر سەلامەتیی ئامادەبووان و بینەرانی یارییەكە و یاریزانەكانمان لێی گەڕام .
ئەو لایەنەی ئێستا ئامادەیە و دەیبینین بۆ یارییەكە پەرلەمانە ، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی رایاننەگەیاندووە كە هەر 111 ئەندامەكانی لە رۆژی 16/11/2013 سوێندی یاساییان بەم شێوەیە خوارد ، سوێند بە یەزدانی مەزن ، پارێزگاری لە یەكێتیی گەل و خاكی كوردستانی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی بكەم دوای یەكەم كۆبوونەوەیان خۆیان كرد بەكەرەی شەربەت و زیاتر لە 200 رۆژ لە پشووی بەمووچەدا بوون دەی كاكە خەڵك دەنگی پێداون یاخوا گۆشتی پێ بگرن و بیكەن بە گۆشت ،  لەوانەیە ئەو دوعایەشیان پێ ناخۆش بێ و هەندێكیان تووڕەش بن و بڵێن ئێمە وەرزش و رجێم و ئەو شتانە دەكەین و خۆمان بۆ یارییەكەی حكوومەت ئامادە دەكەین  .
بەڵام بە بێ ئەوەی ئێستا یاریزانەكانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم جگە لە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم دیاری كراوە ، تا ئێستا لەلایەن لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی هەشتەمەوە دیار نییە كە بزانین وەزیرەكانی كابینەی هەشتەم جگە لە تەكنۆكراتی و شارەزایی و دڵسۆزییان ، یاریزانی باشی نێوان پەرلەمان و حكوومەتەكەیان و چوار ساڵی داهاتووش دەبن ، ئەو یارییەی كاك نێچیرڤان پێشنیازی كرد تا پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو فراكسیۆنەكانییەوە یارییەكی دۆستانەی تۆپی پێ لە یەكێ لە یاریگاكان لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن كە ئەوكات پێشوەختە ئۆپۆزسیۆنی ئەوكات و ئێستای بەشدار لە حكوومەت باسی بایكۆتی یارییەكەی نێوان حكوومەت و پەرلەمانیان دەكرد  ، بۆیە دەبێ كاك نێچیرڤان بارزانی لە دانانی هەموو وەزیرەكانی كابینە نوێیەكەی لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە كابینەی هەشتەم حسابی یاریزانی باش بكات و سەد لەسەد حسابی بردنەوەی یارییەكەی نێوان حكوومەت و پەرلەمان و هەموو یارییەكانی تری ناوخۆ و ناوچەكە و نێودەڵەتییشی كردبێ بە تایبەتی ئۆپۆزیسیۆن و لەناویشیاندا وەزیرەكانی گۆڕان نابێ پشتیان پێ ببەسترێ بۆ بردنەوە لە پەرلەمان ، چونكە دڵنیام سۆزیان بۆ كاك یوسفی سەرۆكی پەرلەمان دەجووڵێ و بردنەوەكەی حكوومەت گرانتر دەبێ كاك یوسفیش دەبێ بە هەمان شێوە سەیری پەرلەمانتارانی پارتی بكات و ئاگای لە دانیشتنی ژێربەژێریان بێت تا بردنەوەكەی پەرلەمان و حكوومەتیش بە تەواقوق نەبێ كە ئەمجارە گەل یەكسانبوون و تەواقوق قبوڵ ناكات ئەگەر بە پەناڵتیش بێ، دەبێ براوەی یارییەكە و چوار ساڵی داهاتووی نێوانتان یەكلا بكەنەوە . 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت