gorran-party

دکتۆر کەمال میراودەلی  : ئەخلاق یان بێئەخلاقیی  — کامیان حکومەت دروست دەکات ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەرچی ( رووداو) وەک دەزگایەکی میت لە رووی سایکۆلۆجیی و ساختەکارییەوە کار لە سەر ئەوە دەکات پارتی وەک خاوەنی سروشتی و شەرعی بێ رکابەر وێنا بکات و لە پشتەوەش یاری بە دەنگەکان بکات .
ئەم وتارە یەکەمجار لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٣ دوای هەلبژاردنەکانی پەرلەمان بلاوکراوەتەوە بەلام لەبەر ئەوەی تا ئێستا حکومەت دروست نەکراوەو ئەو بابەتانەی باسکروان یەکلایی نەکراونەوە دووبارە بلاوی دەکەمەوە  — کەمال میراودەلی .

سەرەرای کەمبوونی کورسییەکانی دەوری یەکێتی یەکلاکەرەوەیە لەو چەشنە حکومەتەی پێک دێت یان نایەت ؟
لایەنی تەکنیکیی :
لە رووی تەکنیکییەوە ، دروستکردنی حکومەت گەمەی ژمارەیە ، بەلام زۆریی ژمارە مەرج نییە . واتە کاتێ حیزبێک بە تەنیا ، زۆرینەی رەهای نابێت و ناتوانێت حکومەت پێکبێنێت، ئەوسا حیزبیکی پچووکی کەمژمارەش دەشێ لە هاوکێشەی تەواوکردنی ( نیساب و نسیب ) دا ، هێندەی حیزبێکی دوو جار لە خۆی گەورەتر ، شانسی هەبێت .
تا هەلبژاردنی حەفتەی رابردووی ئەڵمانیا ، کە حیزبەکەی ئەنجیلا مێرکل ، توانی بە تەنیا دەنگی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت بێنێت ، حیزبێکی لیبرالی زۆر بچووک بە ناوی پارتی دیمۆکراتە لیبرالییە ئازادەکان ، کە قەت لە %٥ – %١٢ ی دەنگی زیاتر نەدەهێنا ، پارسەنگی دروستکردنی حکومەتەکانی پێشوو بوو . ئەمجارە نەیتوانی %٥ ی پێویست بۆچوونە ناو پەرلەمان پێکبێنێت . ئێستا دەنگەکان بەمجۆرەن :
• CDU bloc: 41.5% یەکێتی دیمۆکراتی مەسیحی ( بلۆکی کۆنەپارێژی مێرکل )
• SPD: 26% پارتی سۆشیال دیمۆکرات
• FDP: 4.8% پارتی ئازادیی دیمۆکرات
• Left Party: 8.6% پارتی چەپ
• Green: 8.4% پارتی سەوز
• AfD: 4.7% ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا
ئەمەی دوایی پارتێکی نوێیە کە دژی یەکێتی ئەوروپییە. وەک دەبینین بۆ ئەوەی کە حیزبەکەی مێرکل حکومت پێکبێنێت ناچارە یان ( هاوپەیمانی مەزن ) لەگەڵ حیزنی سۆسیال دیمۆکرات بکات کە ئەو کاتە دەبێ زۆر لە داواو مەرجەکانی ئەو قبوڵ بکات ، یان لەگەل دوو حیزبی بچووکی زۆر جیا یان دژ لە ئایدیۆلۆجی و ئامانجدا حکومەت دروست بکات کە دیارە رازیبوونی ئەوانیش مەرجە. واتە دوو حیزبی ىجووک کە کەمتر لە %١٠ ی دەنگیان هەیە دەتوانن ببنە فاکتەری دروستبوون یان نەبوون و چەشن و بەرنامەی ئەو حکومەتەش کە دروست دەبێت .
کەواتە گەر پارتی ٣٧ کورسی هەبێت و ١١ کورسی ( کۆتا ) ی کەمیینەکان بۆ ئەو مسۆگەر بێت ، ئەوا تەنیا پێویستی بە ٨-١٠ کورسی دەبێت تا حکومەتێکی زۆربەی سادە پێکبێنێت . بەرامبەر ئەوەش گەر گۆڕان ٢٧ کورسی بهێنێت ئەوا پێویستی بە ٢٨-٣٠ کورسی دەبێت تا حکومەتێکی هاوپەیمانیی پێکبێنیت .
وەک دەبینین گەر تەنیا لە رووی تەکنیکییەوە سەرنجی پرۆسەکە بدەین پارتی بژاردەی فروانی لە بەر دەستدایە .
پارتی گەر بگاتە ٣٧-٣٨ دەنگ و دەنگەکانی کۆتا بۆ خۆی قۆرخ بکات ، ئەوە دەتوانێت تەنیا بە دەنگی یەکێک لە حیزبەکانی تر بە تەنیا : یەکگرتوو ، گۆان ، یەکێتی ، کۆمەل بگاتە ئاستی دەنگی زۆربەی سادە بۆ دروستکردنی حکومەت . لە بەرامبەردا گۆران پێویستی بە دەنگی یەکێتی و بەلای کەمەوە یەکێک لە حیزبە ئیسلامییەکان دەبێت .
بەلام دیارە پێکهێنانی حکومەت کارێکی سیاسییە و هۆکارو لێکدانەوە سیاسییەکان و فاکتەرە دەرەکییەکان دەوری سەرەکی لە پرۆسەکەدا دەبینن .
ئەوەی گرنگە لە رووی تەکنیکییەوە ، پارتی و گۆران دەتوانن هەردووکیان وەک پێکهێنەری حکومەت ( نەک بەشدار) لە ئێستاوە قسە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەن . لە بەرئەوە ساغکردنەوەی حکومەت بۆ پارتی وکە هێزیكی مسۆگەر وبێ رکابەر لە جێگەی خۆیدا نییە گەرچی ( رووداو) وەک دەزگایەکی میت لە رووی سایکۆلۆجیی و ساختەکارییەوە کار لە سەر ئەوە دەکات پارتی وەک خاوەنی سروشتی و شەرعی بێ رکابەر وێنا بکات و لە پشتەوەش یاری بە دەنگەکان بکات .

لایەنی عەقلانی

گەر گۆران بە نیازی دەسەلات بووایە ئەلف وبێی لۆجیک ئەوە بوو هەرگیز ناتوانێت تەنیا و بێ هاوپەیمان بچیتە دەسەلاتەوە مەگەر بە موساوەمەو تەنازولێکی خۆکوژانەوە نەبێت بۆ دەسەلات .
لەم روانگەوە مادام لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو چوار سالە ئۆپۆزسیۆنن و شەش پاکیج کۆیان دەکاتەوە ، دەبوو دەمێکە ئەوەیان روون بکردبایەوە ئایا هاوپەیمانی لە دەسەلاتدا دەکەن یان نا ، گەر بیکەن بێگومان نەدەبوو هەر قسە بێت، دەبوو پەیمانی ئیلتیزامی ئەخلاقیی و خۆبەسەتنەوە بە بەرنامەیەکی سیاسیی و بەتایبەتی ڕێکەوتن لە سەر ەدقی دەستوور و لە سەر هەیکەلی حکومەت بە ئەنجام بگەێندرایە. گەر ئەمانە نین پەککەوتەیی عەقلی سیاسیی تەنانەت گۆڕان – یش وەک هێزێکی گوایە تازەو گۆڕانخواز دەردەخات ، راستی دەبوو گٶڕان هەر دوای هەلبژاردنی پێشوو ناوی ( گۆڕانخواز) ی لابردبایەو ناوی ( گۆڕانکار) ی بخستایە جێگەی واتە کەسێکی هوشیار کە تەنیا بە زیندەخەوو خەیالی خۆش وبانگاشە و تەپل ودەهۆڵ کوتان گۆڕانی ناوێت بەلکو بە نەخشەی لەوەپێش و بەرنامەی پراتیکی و کرداری بەهەمدار دەتوانێت گۆرانکاریی بکات، بە تایبەتی لە پێش هەموو شتێکەوە ، گۆرێنی خۆ ، تاک ، خوو ، نەریت ، عەقلییەت ، ، ئەوسا سیاسەت و ستراتیج .
وا دیارە هیچ هاوپەیمانیی و ساغکردنەوەیەکی نێوان ئۆپۆزیسۆن نییە ، کەوایە ئەم لایەنە فت .

لایەنی ئیلتیزامی ئەخلاقیی

هێشتا فاکتەری ئەخلاقیی لە روانگەی خەلک و واقیعەوە لە گۆڕێیە :
١ – لە نێوان پارتی و یەکێتی دا: گەر هاوپەیمانیی ستراتیجیش نەبێت کە خۆشیان نازانن مانای چییە، ئەوا ئەو راستییە هەیە کە بارزانی فت بوو بوو، گەر سەرانی یەکێتی دووساڵ تەمەنی تەزویریان بە ناهەق بۆ درێژنەکردبایەوە، دوای ئە ودوو سالەش کوڕەکەی دەبێتە چل ساڵ و جێگرەوە. داتەپانی سومعەی یەکیتی زۆری بۆ ئەمە دەگەرێتەوە وەک بیرخەرەوەو خەستکەرەوەی هەموو شتە خراپەکانی و گوێنەگرتنی مەکتەبە سیاسییە ئێکسپایەرەکەی لە ئەندامان ولایەنگرانی. بارزانی و پارتی پێویستییان بە پێستێکی یەکجار ئەستوورە بتوانن خۆیان لەو قەرزدارییە ئەخلاقییە بدزنەوە .
٢ – لە نێوان یەکێتی و خەڵکدا: بەرامبەر ئەوەشدا یەکێتی دەبێت ئیلتیزامێکی ئەخلاقی بە بڕیارو بەڵینەکەی خۆیەوە هەبێت کە ئەوان تەنیا بە مەرجی هەموارکردنەوەو بڕیاردانی دەستوور پشتگیریی ماوە-دڕێژکردنەوەی بارازانی – یان کردووە. واتە دەستوور بکەنە مەرج بۆ بەشداری لە هەر حکومەتێکدا بەمە دەسکەوت و سەربەرزییەک تۆمار دەکەن کە دە قات تٶلەی دۆڕانەکەیان بۆ دەکاتەوە .
٣ – لە نێوان گۆران و یەکێتیدا: بە تایبەتی لە نیوان لوتکەی سەرۆکایەتی دوو حیزبەکەدا: ئەو ریکەوتنەی دەباشان کە دەهۆڵی زۆری بۆ لیدرا، لە سەر بابەتێکی گرنگ بوو کە بریتی بوو لە ریکەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستوور. بۆیە هەر هاوکارییەک لە نیوان یەکێتی و گۆراندا لە دەرەوە و یان ناوەوەی حکومەت کە دەستوور نەکاتە ئامانجی یەکەم کارێکی نائەخلاقیی و درۆکردن لە گەل خۆو خەلک دەبێت بە تایبەتی لەگەڵ مام جەلال کە ئەم ڕیکەوتنە ئەنجامی هەولەکانی ئەو بوو .
٤ – لە نێوان لایەنەکانی ئۆپزیسیۆن دا: گۆران و دوو حیزبە ئیسلامییەکە چوار سالە کەم یان زۆر وەک یەک بەرە کاریان کردووە و بەیەکەوە رووداوەکانی دوای ١٧ ی شوباتیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار‌هێناو شەش پاکیجیان پیکەوە هەیە، گەرچی هیچ پەیماننامەیەکی مۆرکراویش نەبێت، بە عادەتی پێکەوەبوونی ئەو چوارساڵە دەبی جۆرە ئیلتزامێکی ئەخلاقی هەبێت و هەرنەبێت روایژکاریی و هاودەنگییەک بەرامبەرهاوپەیمانیکردن بۆ دروست بوونی حکومەت هەبێت. بەلام بەلای منەوە ئیلتیزامەئەخلاقییەکەی هەر سێ لایەنەکە دەبێت بەرامبەر خەلک بێت. ئەوان بۆیە ئۆپۆزسیۆن بوون تا ئەم دەسەلاتە خۆی و گەر نەتوانن بنیاتی سیستمەکەی بگۆڕن، بۆیە بەشداریی لە حکومەتدا تەنیا بۆ دەسەلات و وەزارەت یان بە نەقیزەی رژیمە داگیرکەرەکانی دەوروبەر، کارێکی ئەخلاقی نابێت و لەم سەردەمی زانیاری و تەکنۆلۆجییەدا زۆریان لە سەر دەکەویت .
ئیلتیزامی ئەخلاقی دەسەلات و ئۆپۆزیسۆن بەرامبەر خەلك :
رەنگە ساتوسەوداکان بەوە بشكێنەوە حکومەتێکی هاوپەیمانی بنکە فراوان یان گشتگر دروست بکرێت، بەلام ئەمەش گەربە روالەت کارێکی بی گوناح و لۆجیکی دەردەکەویت، کارێکی ئەوپەڕی بێئەخلاقیی دەبیت بۆ هەموو بەشداران گەر ئەو هاوپەیمانییە لە سەر بنەمای دەستوورو رێکەوتن لە سەر دەستوورو ڕێفراندۆمکردن لە سەر نەبێت لە ماوەیەکدا لە سی مانگ زیاتر تێپەر نەکات. باشترە دەستوور لەگەڵ هەڵبژرادنی پارێزگاکاندا رێفراندۆمی لە سەر بکرێت. دوای ٢٢ سال دەسەلاتی بێ دەستوور، ىی یاسا، بێ سیستم و پر لە تالان و تاوان و دزیی و داگیرکاریی کە بەراستی لە دنیادا شازەو تەنیا دەتوانرێت بە سیستمی [گەوادی سیاسیی] ناو بنرێت، هەر حکومەت و پەرلەمانێکی تری بی دەستوور گەر هەموو حیزبەکانیش بەشدار بن تێیدا حکومەت و پەرلەمانی بەردەوامکردنی سیستمی گەوادی سیاسیی دەبێت لە هەموو ئاستەکانی ژیانی خەلکدا. سسیتمێک کە چەند کەسێکی دزو داگیرکەری بەرەلا دوور لە دەستوور و یاسا و ئەخلاق، یاری بە خاک و خەلک و سامان و چارەنووسی کوردەوە دەکەن .

ئیلتیزامە نائەخاقییەکان

١ – ئیلتیزامە نائەخلاقییەکانێش کە هەندی لە سەرانی یەکێتی و پارتی کۆدەکاتەوە رەنگە زۆر لە ئیلتیزامە ئەخلاقییەکە کاریگەرتر بن: کۆنتراکتە نەوتییەکان ، پێوەندییەکان لەگەل کۆمپانیاکانی نەوت، قاچاغجێتی نەوت، بازرگانێتیی جگەرەو دەرمان و خواردنی ئێکسپایەر، دزیی و دابەشی بودجە، داگیرکردنی زەویوزارو ناوچە گەشتوگوزارییەکان، قۆرخکردنی بازارو قۆنتەراتەکان، پێوەندییە ئیستیخباراتییەکان، ئیمزارەشەکانی خانەنشینی و بەشینەوەی زەوی و ملکوماڵی گشتی، کۆمپانیا حیزبییە مافیاییەکان، داوینپیشیی و بازرگانکردن بە ترافیکی کرێکارو ئافرەتەوە، قۆرخکردنی پلەو پایەو پۆستەکان لە کوردستان و عێراق و سەفارەتەکانی دەرەوەدا، هتد گەر پارتی ئاشبەتاڵ بە یەکێتی بکات، ئەم سەوداو نهێنییانە چییان بە سەر دێت؟ بەلام گەر پارتی ستاتسکۆ واتە حاڵەتی ئێستای ئەم ئیلتیزامە نائەخلاقییانەش بپارێزێت، هێشتا ئەمە بابەتێکە لە غیابی تاڵەبانیدا لە ناو یەکێتییدا شایانی تەقینەوەیە چونکە تەنیا یەک جار عیماد ئەحمەد بە راست یان درۆ، وتوویەتی ئاگاداری کۆنتراکتەکانی نەوت و پارەدزراوەکانی سەوداکانی نەوتە بە بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بە حیزبەکەی یان خەڵکی کوردستان بدات .
لە بەرئەوە سەرکەوتنی گروپی ئیلتیزامی نائەخلاقی لە ناو یەکێتی و پارتیدا دەبێتە هۆی یەکەم هەرەسپێهێنانی تەواوی یەکێتی و دووەم ریگا خۆشکردن بۆ هەمان چارەنووس بۆ پارتی گەر گۆران و حیزبە ئیسلامییەکان هاوبەشی بێئەخلاقییەکەی پارتی نەکەن .
٢ – ئیلتیزانی نائەخلاقی بە دەزگا ئیستیخباراتییەکانی دەرەوە: بەرپرسێکی پارتی رایگەیاندووە کە ئەوان یەکێک لە حیزبە ئیسلامییەکانیان مسۆگەر کردووە کە دیارە مەبەستیان یەکگرتووە کە دەمێکە نێچیرڤان لەگەڵ میتی تورکی کار بۆ ئەوە دەکات ئەردۆگان فشار بخاتە سەر یەکگرتوو بۆ بەشداری لە حکومەتێکدا کە بەرژەوەندی و ئامانجە ستراتیجییەنانی تورکیا بپارێزێت و پێشبخات بە تایبەتی دروستکردنی بەرەیەکی کوردی دژی پەکەکەی و پەیەدە .
هەروەها ئێران لە سەر خەتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئیستیخباراتی و بازرگانییەکانی خۆی . بەشداریکردنی یەکگرتوو بە تەنیا لەگەڵ پاررتی پەرچەکردارێکی گەورە لەلای قاعیدەکەی دروست دەکات و ناسنامەی وەک وەک حیزبێکی جددی سەربەخۆ ون دەکات . دەمێنیتەوە بزانین تا چەند گۆران و یەکێتی وحیزبەکانی تریش وەک دوا ئەزمۆۆنی ئەخلاقی پابەند دەبن بە دەستوورو دروستکردنی سیستم بۆ گەل و نیشتمانەکەیان یان بە بەرژەوەندی کاتیی ئینتیهازیانەو نائەخلاقییانە .
بە کورتی هەر حکومەتێکی نوێی بی دەستوور حکومەتێک دەبێ لە سەر بنەمای تەوافوقی نائەخلاقیی دروست دەبێت و درێژەپێدەری سیستمی گەوادیی سیاسیی دەبێت لە هەرێمدا.
ئێستا دەرفەتە بۆ ریفۆرمیستەکانی یەکێتی کە یەکەم: دڵسۆزبن بۆ هەوڵ و ئامانجی مام جەلال لە رێکەوتنی دەباشان دا بۆ هەمواکردنەوەی دەستوور و بریاردانی ٢. دلسۆزبن بۆ ئەو بەلێن و وبانگاشەی کە کردیان کە بە مەرجی هەموارکردنەوەی دەستوور ماوەی بارزانییان درێژ کردەوە. با بە بێ دەستوور نەچنە ناو هیچ حکومەت و هاوپەیمانییکەوەو سەروەریی دورستکردنی دەستوور بۆ ئەم ولاتە بۆ خۆیان تۆمار بکەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت