ڕێناس جاف : گوندی جیهانی یان به‌ندیخانه‌ی جیهانی .
” مه‌ک لۆهان ” هات جیهان بوو به گوندێ لامان ،
به‌م ده‌سکه‌وته ساڵه‌های ساڵ
گشت خه‌نی به‌ره‌ی ئینسان .
ته‌کنۆلۆژیا ژینی ته‌نی ،
دونیای لێکردینه په‌رژین ،
یانه نه‌خێر، خودی زیندان .
ڕاگه‌یاندن هه‌ست و نه‌ستی قورمیش کردین ،
مرۆ ، دیلی ده‌ستکردی بوو ،
مه‌ک لۆهان هات ژینی به‌خشی
به گشت ئینسان ؛
که‌چی وا هه‌نووکه گوندی جیهانیی مه‌ک لۆهان
مه‌زنترین به‌ندیخانه‌یه بۆ ژیان.
له ماڵه‌وه‌یت ،داوای چی بکه‌ی له‌به‌رده‌سته
له‌ناو گونده‌که‌ی مه‌ک لۆهان.
گوند سه‌رقاڵه،هیچ نایپه‌رژێ که‌س بدوێنێ،
له بازاڕه‌که‌ی ” عوککاز ” و گه‌وره مۆڵه‌کانی ئێستا
زۆر سه‌رقاڵ و قه‌ره‌باڵغتر.
گوندی جاران بۆنی مرۆیی لێ ده‌هات ،
تاسه‌ر ئێسقان خۆشه‌ویستیی ئاوێزانی باڵای گوند بوو ؛
ئه‌ی ئه‌مێستا بۆچ گوند چۆڵه ، کپه ، بێده‌نگ؟
چ ڕووی داوه به‌ره‌ی ئینسان په‌رێشانه؟!
خودی ئینسان سه‌رگه‌ردان و ماڵوێرانه!!
ناوماڵه‌که‌ی هه‌راو هه‌راو بۆ ژین و ژیان ،
به‌ڵام ئێستێ زۆر کپتره له بیاوان .
هه‌موو لێره‌ن ، کوڕ،کچ ، هاوژین،خزم و یاران
به‌ڵام درێخ درێخ له تاقه په‌یڤێ بۆ ژیان ،
له تۆزقاڵێ وه‌فا و سۆزی ناو دڵه‌که‌ی جاری جاران .
نه خێزان ،خێزانه‌که‌ی جارانه و
نه‌ش خزم و خوێشێ شک ئه‌به‌ی
هه‌ڵگری عه‌شقی وان ساڵان .
سه‌رده‌م سه‌رده‌می بۆش بۆشه
به‌تاڵ تاڵ ، زۆر به تاڵتر
له به‌ها واڵاکانی ژین .
من نازانم چی مرۆڤی به‌م ده‌رده بردووه له ژیان!
ئه‌و ئاسنهواڵانهی ئێستێ مرۆ حه‌یرانه حه‌یرانه بۆیان ،
کوا گیانه‌که‌م چی‌یان لێهات ،
یه‌ک به‌یه‌کیان به ناخی زه‌ویدا ڕۆچوون ؟!
ده ئه‌ی ئینسان ئیتر به‌سه ،
ده ڕاچڵه‌کێ ، ئه‌ی وشیارییهکهت چی لێهات؟!
به چیت فرۆت به‌های به‌رزی ناو ناخه‌که‌ی
زۆر به‌نرختر له سه‌رپاکی ئاسنهواڵاکهی ده‌ستکردت !!
زیندانه، زیندانه ، زیندان
جیهانه‌که‌ی زۆر گچکه‌تر له گونده‌که‌ی جاری جاران.
له‌مێژ ساڵه مرۆ وێڵه به‌دوای خودی ئازادیی دا
ساڵگارانێ دوور و درێژه
به هه‌زاران ده‌بنه فیدای هه‌ر یه‌ک وشه ، تاقه په‌یڤێ ،
ئه‌ویش ناوی به‌رزی ئازادییه و ئازادییه و ئازادی .
قوربانییه‌کانی ئازادی هه‌تا هه‌ر دێ
فره و فره و زۆرتر ئه‌بن ،
ته‌وره‌کانی مل ئازادیش فره‌وانتر ؛
که‌چی هیچ کۆڵ نادات به‌ره‌ی ئینسان .
ده ڕابه‌وه هه‌ستی خه‌وتوو
ده به‌سیه‌تی کۆیله‌بوونت بۆ دار ، په‌ردوو
ده بپسێنه ، کۆت و به‌ندی مل ئازادی
ده خێراکه نه‌وه‌ک سبه‌ی دادێ نه‌دات بانگت ، جاڕت بۆ ڕزگاری .
ده ده‌سبه‌رداری نسێ و سێبه‌ری کاڵ کاڵترت
له ڕوخساری زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی ته‌مه‌ن به ،
هاکا گه‌رده‌لوولێ هات و به‌ده‌م باوه
په‌ڕت وه‌ری ، مه‌لی ئازادیی ناو ناخیش
سه‌ری په‌ڕی و هیچ نه‌تزانی .
ده بگه‌ڕێوه گوندی جاران چاوه‌ڕوانه
ئاوه‌دانیی گوند و شاریش
بێ تاقه‌تی کۆڕه گه‌رمه‌که‌ی یارانه .
له کوێی مارشاڵ!
ئه‌وه‌ی تۆ ئه‌تویست بۆ جیهان ،
نها بۆته مێمڵ بۆ گیان .
مارشاڵ سه‌یر که
گونده مه‌زنه‌که‌ت چی لێهات !
ده‌ستکرده‌که‌ت بۆ پێوه‌ندی له مابه‌ینی گرۆی ئینسان ،
وا هه‌نووکه تۆڕ له دوای تۆڕ
شیرازه‌ی خێزان تێک ئه‌دا و
گونده جیهانییه‌که‌ی خۆتمان
لێ ئه‌کاته گۆشه‌ی زیندان!!
ئیتر مارشاڵ تۆ ڕابه‌وه ، به‌سیه‌تی خه‌و ،
گونده جیهانییهکهت سه‌رپاک
چه‌قیوه‌ته ناو قوڕ و چه‌و .
هه‌ر یه‌که و له سووچێکه‌وه
له په‌نا و پهسیوێکهوه
گیرۆده‌یه و ده‌ناڵێنێ ،
هه‌ر وه‌ک شێتان پێده‌که‌نێ ؛
یه‌کیش له‌ولا به گریانێ
هه‌ناو و جه‌رگ ده‌سووتێنێ.
” هه‌ی داد هه‌ی بێداد که‌س دیار نییه
که‌س له ده‌ردی که‌س خه‌وه‌ردار نییه ”**.
کاکه مارشاڵ جیهانه‌که‌ت وا هه‌نووکه
زۆر وێرانه ؛
باسی پێوه‌ندی هه‌ر مه‌که ،
جه‌ماوه‌ری ناو گونده‌که‌ت
به ده‌ستیه‌وه په‌رێشانه .
ساڵ ئێستاکه هه‌ر یه‌ک وه‌رزه ،
وه‌رز ، وه‌رزی لێکدابڕانه
ڕۆژگارهکهت ، ڕۆژگاری ده‌س لێک به‌ردانه .
تۆ چی ئه‌ویست ، چی لێ شین بوو ،
ڕه‌نجت یه‌کسه‌ر به بادا چوو .
* له شه‌سته‌کانی زایینیی دا بوو که ” مارشال مه‌ک لۆهان ” (1980-1911) کۆمه‌ڵناس و پسپۆڕی بواری ڕاگه‌یاندن به بیردۆزیی خۆی ” گوندی جیهانی ” دونیای سه‌رسام کرد . مه‌ک لۆهان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه بوو که جیهانی ئه‌مڕۆ جیهانێکی ئه‌لکترۆنییه و دوابه‌دوای په‌ره‌سه‌ندنی ڕاگه‌یاندنی ئه‌لکترۆنی ئیدی تخووب و سنوور و مه‌ودا چ مانا نادات و له ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه له چرکه‌ساتێکدا وردترین و بچووکترین ڕووداو له‌م سه‌ری دونیاوه بۆ ئه‌وسه‌ری جیهان ده‌گوێزرێته‌وه .
به‌واتایه‌کی دی که‌ره‌سته‌کانی ڕاگه‌یاندنی گشتیی هه‌روه‌ک ته‌له‌ڤزیۆن ، ڕادیۆ ، چاپه‌مه‌نییه‌کان ، ئینته‌رنێت و … به شێوه‌یه‌کی زۆر قووڵ کار ده‌که‌نه سه‌ر شێوازی ژیانی مرۆ بۆیه دونیای ئه‌مڕۆ ده‌شوبهێنن به گوندێکی جیهانی .
** ” هه‌ی داد ……” له فۆلکلۆری کوردی وه‌رگیراوه .
به‌هاری 2714