فەتاح حەسەن : من و قەرەج .
ئەو شەوەی منی گریاند ، باسی قەرەجیشمان کرد .
ئەمە ، من ، ئەوەش ، قەرەج .
من
خۆشەویستیتان دەوێت
ئەوە خۆشەویستی
رقتان دەوێت .. ئەوە خۆشەویستی
ببورن ..
هەر خۆشەویستی شك دەبەم .
***
بە ئاواتەوەم ، رۆژێك دابێ
بۆ خۆم بژیم .
ئای لە ( من) ، چەند بەدفەڕم
بەرامبەر ( خۆم ) .
***
کە:
خونچە ناپشکوێ ..
لە هەور ، باران نابارێ
خەزان
گەڵای درەخت ، ئەنفال دەکا .
هێلانەیەك
خاپور دەکرێ
ماسی
بێ بەزەییانە راو دەکرێ .
من لێرەوە ..
دەبم بە گوڵ
بە باران .. بە گەڵا
دەبم
بە پوش ، بە گەرا.
***
لێوانت پڕ خەمترە
لە لێوانی من ؟
بەختی رەشت ، کەچترە
لە بەختی سیاهی من ؟
دەسا وەرە .. هاودەمم بە .
***
پیرێك وتی :
کە خەمبار بوویت
لە ژێر رێژنە باراندا ..
دابنیشە بە تەنهایی .
باران
خەمی ، لێوبەباران دەشواتەوە .
گەر وەرزی بارینیش نەبوو ،
بە کوڵ بگری
ئەی نازانی؟!
گریانیش برای بارانە .
***
باری خەمم زۆرگرانە
لەم وەرزی بێ بارانیەدا
دەبێت بگریم ..
بە کوڵ بگریم .
کە ساویلکەن
ئەو کەسانەی وا هەست دەکەن
گریان تەنها موڵکی ژنە !!
ژنێك دەناسم پێی وتم :-
من زۆر لە تۆ خەمبارترم
چەند حەز دەکەم
وەك تۆ بگریم .
قەرەج
لە قەرەج ئاسودەتر
لە دنیادا ..
ئەگەر هەبێت !!
هەر قەرەجە .
***
کە ، من .. لە خاکی خۆم
هەست بە بونی خۆم نەکەم
خۆزگەم بەخۆت ..
ئەی قەرەج
کە بێ وڵاتی .
***
لەبەر ئەوەی ، بێ ولاتم
لە هەر کوێیەک بمرم
ئەوێ دەکەمە وڵاتم .
کفنەکەم
نە خام بێ نە بلوری
نە جاو ..
شەدە یا سرکەیی
کوڕە یا ژنە قەرەجێکی
بەجێماوبێ لە کاروان .