پە شێو حەمەئەمین : بە مقەدەسکردنی سەرکردە و بەکۆیلە بوونی تاك .
لە چوار چێوەی هەموو ئەو ئینتماو ڕازانەی کە تاك لە کۆمەڵگادا بۆ سەرکردە هەیەتی بە تایبەت تاکی کوردی ، لە زۆر باردا کارە ساتی گەورە بە دووای خۆیدا دێنێ وکۆمەڵگا بەرەو ئامانجی کۆیلە بوون دەبات ، لێرەدا من تیشك دەخەمە سەر بە مقەدەسکردن و پیرۆز ڕاگرتنی سەرکردە لە لایەن تاکی کوردیە وە ، ئەوەندەی من سەرنجم دابێ ولای هەمووان ئاشکرایە جار جار بە شێوەی گرووپ ودەستەو تاقمی جیا جیا بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، خۆبچوککردنەوە یەك دەبینم لە لایەن لایەنگران و ئەندامانی سەرجەم حیزبەکان بەبێ جیاوازی ، کە خراپترلە سەدەکانی ڕابردووم بیر دێننەوە بەر لە ڕێنسانس وشۆڕشی فەڕەنسی . بۆیە دەڵێم خراپتر ، چونکە ئەو دەمە کۆیلەتی لە ژێر فشاری سەرمایەدارەکاندا بە زۆر ئەنجامدادرا ، واتە وەك کۆیلە بوونی ئیستا بەحەزوو ئارەزووی تاك نەبوو ، کە بۆخۆی بڕیار لەسەر کۆیلە بوونی خۆی دەدات .
گەر سەرنج بدەن یەك بە ناوی خزمەتکاری سەرۆك و یەکی تر بە ناوی فیداییەکانی فڵان و کۆمەڵێك دەستەی تر لە ژێر ناونیشانی بە خوێنمان دەتپارێزین و بە چاومان بەرگریت لێدەکەین دێنە مەیدانەوە . ئە مە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگا لە ژێر سایەی حوکمڕانی ئەو سەرکردانەدا بێ نەواو بێداد کەوتووە و ، ڕۆژانە دەبینین مرۆڤ لە برسێتیدا خۆی ئینتیحار دەکات وخوێندکاری زانکۆلە کرێکاریدا گیان دەبەخشێ و بە دەیان وسەدانی تر ژیانیان لێوانلێوە لە تراجیدیاو یادگاری تاڵ . ئەمانە جگە لەوەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەواندا ، چەندین ساڵە هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانی و فەرهەنگی وکەلتوری بۆ نیشتمان وە دەست نە هاتووە و ، ئەوەی کە بەرهەم و زادەی سیاسەتی ئەوان بێت ، پارچە پارچە کردنی نیشتمان وشەڕی ناوخۆو بە بازرگانکردنی خۆیان و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و بەرتەسكکردنەوەی ئازادی تاك و دروستکردنی هاوڵاتی پلە یەك و دوو و سێ بووەو … هتد .
بۆیە کاتێ ئەم هەموو قوربانی دانە دەبینم لە پێناو مانەوە وئاسایش و بەرژەوەندی سەرکردەکان ، کە زۆر بەیان بێ ئەرزش بێ سەوادوو و تۆمەتباری یەکەمن ، لە هەموو ئەو ڕووداوو پێشهاتە نەخوازراوانەی بەسەر ووڵاتدا دێن وهاتوون ، کاتێ کۆمەڵێك تاکی نامەسئول دەبینم کە خۆیان وەك کۆیلە نمایش دەکەن و دەبنە خاکی بەر پێی نامبارەکی سەرکردەکانیان ، ئیتر ئایندەی ووڵات لە ئاوێنەیەکی ناڕۆشندا لێڵ دەبینم وهەست بە ڕوودانی دووبارە بونەوەی مێژوو و چەسپاندنی سیستەمی پادشایەتی و گەڕانەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەکەم لە ووڵاتتدا . بۆیە لێرەدا پرسیارێك بۆ ئەو کەسانەی کە بەکۆیلە بوونی خۆیان ڕازین دێتە پێشەوەو دەپرسم ؟
ئایا ئێوە خوێنەوارن ؟ باشە هەرگیز ڕۆژێك نە تانخوێندۆتەوە یاخود نەتان بیستووە کە غاندی و ماندێللاو گیڤارا کێن وچیان کردووە بۆ نیشتمانیان ؟ دە باشە ئیستاو لە سەردەمی خۆیدا هاونیشتمانیانی وڵاتانی ئەو پیاوە گەورانەی کە سەروەرین بۆ تەواوی جیهان وەك ئێوەیان کردووەو دەکەن ؟ دە باشە بۆ دەستکەوتەکانی ئەوان لەگەڵ ئەو سەرکردانەی کە خۆتان قوربانیان دەکەن و دەیانپەرستن بەراورد ناکەن و ، ڕانامینێن بۆئەو هەموو تاوانەی کە دەرحەق بە مرۆڤ بوون و کەسایەتی خۆتانی دەکەن ، کە بوون بە قەڵغانی بەرژەوەندیەکانیان و زیاتر لە گیانی خۆتان دەیانپارێزن . بۆیە لەپاش وەڵامدانەوەی هەموو ئە و پرسیارانە ، دووبارە لە خۆتان بپرسنەوە ئەو ڕێگایەی کە ئێوە گرتووتانە ، بۆ کوێتان دەبات ؟ وە جگە لە کۆیلە بوون چ شووناسێکی دیکەتان هەڵگرتووە ؟.