عیماد عەلی : تاکەی پارتی بۆی دەچێتە سەر؟ .
ئەمە یەکەمجار نیە پارتی هیچ بنەمایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاو نەگرێت و ، لە پێناو رازیکردنی وڵاتانی دراوسێیدا ئەوەی بۆ بکرێت و بلوێت قسوری لێناکات و ، رەفتاری وادەنوێنێت کە لەگەڵ ئەم زەمانەی دونیا و تەنانەت ناوچەکە و کوردستانیشدا ناگونجێت . کێ بینیویە لەم کاتەدا خەڵک باوەری تەواوی بە دیموکراسی بێت و تەنانەت خودی خۆیشی بەیت و بالورەی هەمەرەنگ بە باڵای ئازادی و دیموکراسیەوە بڵێت و ئاواز و گۆرانیی رەنگاورەنگی بۆ بچرێت کە چی بە پێچەوانەوە رەفتار بکات و لە هەلێک بگەرێت کە ئەوانەی بزانێت بەموو لە بۆچونەکانی لابدەن پەلاماری بدات . کەس هەیە لەم کاتەدا وا رەفتار بکات و پەلاماری حزب و دەزگایەکی رۆشنبیری و رۆژنامەوانیی هاورەگەز و هاوزمانی خۆی بدات ، لە کاتێکدا قبوڵی بێت هێزی داگیرکەر لە لوتکە و چیاو دۆڵەکانیدا بە ئازادی بجوڵێنەوە و ئەوەی بیانەوێت ئەنجامی بدەن .
پەلاماری پارتی بۆسەر بارەگاکانی حزبێکی کوردستانی زۆر رەفتاری کۆنی ئەم حزبەمان دێنێتەوە یاد ، کە خودی پارتی نکوڵی لێدەکات و نەوەی نوێ تارادەیەک باوەری پیدەکەن و ، کەسیش متقەی لێوە نایەت . پرسیارەکە لەوێدایە، کە پارتی ئستیغلالی ئەم کاتە هەستیارەی پاش هەڵبژاردن دەکات و خەڵک و حزبەکانیش لەپێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان نوزەیان لێبراوە ، چونکە لە چاوەروانی پارچە کێکەکەن لە دەسەڵاتدا،ئەی بۆچی رۆشنبیران و خەڵکی سەربەخۆ و خاوەن بیروباوەر نایەنە دەنگ ، یان تۆ بڵێی چاورەێی ئەو حزبانەن کە لێیانەوە نزیکن ، کەوابێت هیچ رۆشنبیر و نوسەر و چاودێرێکی سەربەخۆمان نیە . کە ئەو خەندەقە بێمانایە لێبدات قسە نەکەیت ، کە پەلاماری حزبێکی کوردستانی بدات و قسە نەکەیت ، کە ئازادی بەرتەسک بکاتەوە قسە نەکەیت ، کە دەست بخاتە نێو دەستی ولاتێکی داگیرکەری پارچەیەکی ئەم کوردستانە دەنگێکت لێوەنەیەت ، کەساختەکاری و تاکحزبی و تاکرەوی فەرز بکات قسە نەکەیت ، کە ململانێی حزبی و شەخسی بخاتە ناوچەکەتەوە و خۆی لەدورەوە پێبکەنێت و تۆش مەرامەکانی جێبەجێبکەیت. بە خەڵکی کوردستان ناڵێیت کەی هەڵوێست وەردەگریت ، کە چەندین ساڵە لافو گەزافی هەمەجۆر لێدەدەیت و رۆژ نیە هەڵوێست بەم خەڵکە داماوە نەفرۆشیتەوە.
ئەوەی سەیرە لام و جێگای پرسیارە ؛ ئەگەر لەم کاتەدا نەبوایە ئۆپۆزسیۆن هەڵای نەدەنایەوە ، کەچی لەگەڵ ئەوانیشدا هیچ هەڵوێستێکی حزبی و شەخسی هیچ لایەنێکیمان نەبینی ، بۆ ؟
دیارە لەم کاتەدا، سەرجەم حزبەکان لەبیری دەسەڵات و بەدەسهاتەکانیانن، هەموو روانینێکیان لەو گۆشەیەوەیە و،رەفتاریشیان بە گوێرەی زەمان و کاتەکەیە ، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە جگە لە بەرژەوەندی حزبی و شەخسی ، هیچ لایەنێک حساب بۆ بەرژەوەندی باڵای کوردستان و دوارۆژی نەتەوەکەی نەکردوە و لە روبەرێکی تەسکی حزبیدا نەبێت ، هیچ لایەنێکمان نەبینی هەنگاوێک بهاویژێت .
لەم رەفتارەی پارتی و ، بێهەڵوێستی لایەنەکانەوە ، زۆر شتمان بۆ رونبوەوە ، ئۆپۆزسیۆنی دوێنی و بەشداری دەسەڵاتی ئەمرۆ بەم شێوەیە دەیەوێت ئارامی کوردستان بپارێزێت ، کە لە زەرەری ئامانجە ستراتیژیەکان دەشکێتەوە ، ئەمەش دژ بە ئامانجەکانی خودی ئۆپۆزسیۆنی دوێنێیەکە تا ئەمرۆش رەفزی لۆکاڵیبونی خۆی دەکات .
بۆیە ، ئەگەر تا دوێنی بە هەڵوێست و رەفتار و هەنگاوەکانی ئۆپۆزسیۆن بارودۆخە سیاسیەکە گۆرانێکی بەخۆوە بینی و هاوکێشە سیاسیەکان لەبەرژەوەندی خەڵکدا شکانەوە ، ئەمرۆ هەست بەوە دەکرێت کە سەرەتای لەنگەربەستن یان پاشگەزبونەوە لە دونیای سیاسی کوردستاندا دەردەکەوێت و حاڵی هەرێمی کوردستان کتومت وەک ئەم چوارساڵەی پێشوی عێراق دەبێت کە جگە لە دابەشکردنی پارچە کێکەکە بۆ حزب و لایەنەکان هیچی تری لێ سەوز نەبو ، ئەمەش زۆر سروشتیە لە ولاتێکی بێ ئۆپۆوسیۆندا هیچ پێشکەوتنێک نەبینین و تەنانەت وڵاتانی دەرەوە و چواردەور و دراوسێ ئەوەی بیانەوێت بەبێ هیچ رێگریەک جێبەجێی بکەن .
ئەم رەفتارەی پارتی لەم رۆژانەدا ئەو سیناریۆ خەتەرناکانە دێننە بەرچاومان کە چاوەرێمان دەکەن و یاریچی سەرەکی تێیدا ئەم حزبانەن و براوەی یەکەمیش وڵاتانی داگیرکەری کوردستانن .
بۆیە ، لەوڵاتێکی بێ ئۆپۆزسیۆندا، ئەگەر رۆشنبیران و خەڵکی بژاردەی سەربەخۆ رۆڵی خۆیان نەبینن ، دەبێت چاوەروانی پاشەکشە و گەرانەوە بکەین بۆ چوارگۆشەی یەکەم . لەم سۆنگەیەوە ئەکرێت بڵێین ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەو خەڵکانەیە کە هەڵوێستی راست و دروستی خۆیان بەهەموو شێوەیەک لەمەر هەر پێشهاتێک دەربرن و ، نەهێڵن پارتی ئاسا حزبەکان مەرامی تەسکی خۆیان جێبەجێ بکەن .