عیماد عەلی : هەماهەنگی یەکێتی و گۆڕان قازانجی دەبێت بۆ هەمووان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە روانگەی تاکێکی ئەم کوردستانەوە قسە بکەین ، پاش چاوخشاندن بە وەزعی گشتیدا ، ئەم قۆناغە گواستراوە بە پردی پەرینەوە بۆ سەرەتایەکی یان زۆر باش یان زۆر خراپ دەبینین . دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و سیناریۆی پێکهێنانی حکومەت و دابەشبونی لایەنەکان بەسەر دو بەرەی زەرد و سەوز لەئاستی کوردستان و عیراق و ناوچەکە ، ئەگەر و شێمانەیەکی زۆرمان دەخەنە بەرچاو . کە زۆر پێویستە لایەنەکان بە وریاییەوە لەگەڵیدا مامەڵە بکەن .
لە رووی ناوچەییەوە ، ئەگەر ریکەوتنی ستراتیجی پارتی و یەکێتی زەرەری ناوخۆیی خۆی هەبوو بەڵام تا رادەیەک زەرەری دەرهاویشتەکانی ململانێی بەرەی تورکیا و ئێرانی لەسەر کوردستان کەمکردبووەوە کە هەردوکیان دوو هێزی دەسەڵاتداری باڵادەستبون . ئێستا سێ هێزی گەورە هاتۆتە ئاراوە ولە دەسەڵاتدان ، ئەگەر دوانیان لەگەڵ هەر بەرەیەکدا بن تای تەرازووەکە بەو لایەدا دەشکێتەوە و ، ئەمەش راستەوخۆ زەرەری گەورە بە ئامانجە ستراتیجیەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت ، چونکە بەرەی دۆرا و بە ئاسانی دەست لە بەرژەوەندیەکانی لە کوردستان هەڵناگرێت و هەموو یاریەک دەکات لە پێناو بەهێز مانەوەی خۆیدا بەرامبەر نەیارەکەی . بۆیە لەم رووەوە هەماهەنگی یەکێتی و گۆڕان ئەو ئەگەرە لاوازدەکاتەوە و دەکرێت ئاستەنگ بخاتە بەردەم یاریەکانی بەرە ناوچەییە دۆراوەکە و باڵانسی هێزی ناوچەیی لەکوردستان وەک خۆی بهێڵێتەوە و ، سەرئەنجام دەکرێت لە قازانجی کوردستانیشدا سیاسەتی لەگەڵدا بکرێت و بە جۆرەها رەفتاری سیاسی بەکاربهێنرێت لە قازانجی دورارۆژی کوردستاندا . ئەگەر گۆڕان نەچێتە ژێر رکێڤی پارتی و خۆی لە هیچ بەرەیەکدا ساغنەکاتەوە ، بە قازانجی خۆی و کوردستانیش بە گشتی دەشکێتەوە ، واتە وەک قورسایی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی لە ئاست کوردستاندا مامەڵە بکات ، ئەمەش دوور لە هەموو رێککەوتنێک ، دەتوانێت هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو هێزەکەی کوردستان بکات ، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هاوسەنگن لە هێزی زۆنی خۆیاندا . لەلایەکی ترەوە و لە دەرئەنجامدا دەستی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان بە گشتی ، لە مامەڵە کردن لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی عیراقیشدا ، کراوە دەبێت .
لە رووی ناوخۆی کوردستانەوە ، ئەگەر گۆڕان و یەکێتی دوور لە رق و قینەی حزبی و شەخسی ، هەماهەنگیەکی دروست پەیرەو بکەن ، زۆر کاری سیاسی قازانجبەخش بە کوردستان دەگەیەنن ، لە رووی بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاشتی لەم ناوچەیە و ، بەهێزبون لەئاست ململانێی پارتی و نەهێشتنی فەرمان سەپاندن و فەرزکردنی بەرەی تورکیا لەم ناوچەیە و ، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی لایەنگرانی هەردوولا و ، گۆرینی واقعی رۆشنبیری و سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی لەم ناوچەیە و پێشکەشکردنی نمونەیەک بۆ کوردستان بە گشتی ، کە لە نەهێشتنی پەرەسەندنی تاکڕەوی حزبی و شەخسیدا خۆی بدۆزێتەوە . بەو شێوەیەش تارادەیەک دەتوانن قەرەبوی نەمانی هێزی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستاندا بکەنەوە .
لەبەرامبەردا ، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لە بورجی عاجیی خۆیان نەیەنە خوارەوە و ئەوەی بۆیان بکرێت لە رقی یەکتر بیکەن ، ئەوە دەبێت باش بزانن ، پێش هەموو لایەک خۆیان زەرەمەندی یەکەم دەبن چ لە ئاست ناوچەکە بە گشتی یان لە ناوخۆی کوردستاندا ، لەبەرامبەردا دەکرێت هێزیێکی محافزکاری وەک پارتی بەڕەکە لە ژێر هەردوکیان دەربکات و بەرەی تورکیاش وەک هێزی ناوچەیی خۆی بەسەر ئەم ناچەیەی کوردستانیشدا بسەپێنێت و بگاتە ململانێیەکی قورس لەگەل ئیراندا و لە ونێوەندەشدا کوردستان دەبێتە ناوەندی تەراتێنی ململانێی هەردوولا و زەرەرمەندی یەکەم .
پێشتر لە رۆژنامەی هاوڵاتی بەرێزدا وتارێکم بە ناونیشانی ( هەماهەنگی پارتی و گۆڕان قازانجی نابێت بۆ هەموان نوسی ) ، ئەم پەرەگرافەی لێرە دوبارە دەکەمەوە کە بۆ ئەمرۆ دەگونجێت ( ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان هەموو بیرو کارو خەیاڵی سیاسی خۆی لە رووبەرێکدا گردبکاتەوە ، کە هەرچیەک بکات بەهانەی بەدەستەوەیە و لەو پێناوەشدا بۆی هەیە هاوپەیمانی لەگەل شەیتانیشدا بکات بەرامبەر ئەو لایەنانەی کە بە رکابەر و نەیاری سەرەکی خۆی دادەنێت ، ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکات و لەهەردوو حاڵەتی سەرکەوتن وژێرکەوتنیشیدا لەدواجاردا بە دۆراو لێی دەردەچێت ، بە تایبەتی ئەو ئیدعای گۆرانکاری دەکات و هەر هەنگاویکێ دژ بە گۆڕانی گشتی بێت لەگەڵ بۆچونەکانی خۆیدا یەکناگرێتەوە و یەکتردەبرێت ، چونکە خاڵە ئیجابیەکانی سەرکەوتنە کاتیەکەی ئەگەر لە هەر هەماهەنگیەکیشدا بێتەدی، لەو کارلێکە کورتخایەنەدا خۆی دەبینێتەوە و ، سەرئەنجام دەکەوێتە سەر ئەو زنجیرە بردنەوە و بەرەو پێشچونە سیاسیانەی پارتی بەتەنها بۆی لواوە و ، لەم ماوەیەی دوو دەیەدا قازانجیی حزبی خۆی بەدەستیهێناوە بەو وململانێە کلاسیکیەی خۆیشیەوە) لە هەموانی بردۆتەوە .
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەماهەنگی یەکێتی و گۆران قازنجی بۆ خۆیان و کوردستانیش دەبێت لەم قۆناغە و لە ماوەیەکی دورمەوداشدا.

 

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت