عەتا قەرەداخی : حکومەتی داهاتووى عێراق و ئەگەری دابەشبوونی کورد .
ئایا مالیکی بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق ؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لیستەکەى مالیکی حکومەت پێکبهێنێت بەڵام کەسێکی تر ببێتە سەرۆک وەزیران ؟ ئایا ئەگەر ئەمە رووبدات هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی بەغدادا روودەدات ؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە نەیارەکانی مالیکی لە سونەو شیعە هاوپەیمانێتیەک پێک بهێنن و حکومەت درووست بکەن ؟ ئایا شوێنی کورد چی دەبێت بەرامبەر بە هەریەکە لەو دوو ئەگەرە ؟ ئەى داخۆ ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تر کورد ببێتەوە بە هاوپەیمانی مالیکی و حکومەتی زۆرینەى سیاسی لەگەڵدا پێکبهێنێت کە کۆی کورسیەکانی مالیکی و هاوپەیمانەکانی و کورد پێکەوە دەکاتە نزیکەى 185 کورسی ؟ ئەی ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە کورد دابەش ببێت و بەشێک لە کورد ببێتە هاوپەیمانی مالیکی و بەشەکەی تریشی بەشداری حکومەتی مالیکی نەکات ؟ ئایا ئەگەر ئەمە رووبدات چ زیانێکی بۆ کورد دەبێت ؟ ئایا رۆڵی ئێران لەم رووەوە چییەو چی دەبێت ؟
لەراستیدا من بڕوام وایە لە بنەڕەتەوە بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی بەغدادا لە رووی نەتەوەییەوە هیچ سوودێکی بۆ کورد نییەو بە فیڕۆدانی توانای کوردە وەکو نەتەوە . بەڵکو وەکو چەندین جاری تریش نووسیوومە بەشداریکردنی کورد لە حکومەت و تەنانەت پەرلەمانی بەغدا تەنیا سوودی حیزبی و تایبەتی بۆ حیزب و کەسانی سەرەبە حیزبی ناو لایەنە کوردییەکان هەبووە ، کە ئەوەش روون و ئاشکرا لەسەر حیسابی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەو نیشتیمان بووە . هەروەکو پێشتر وتوومانە لە ماوەى یازە ساڵی رابردوودا کورد لە بەغدا ئەوەندەى لە خەمی درووستکردنەوەى عێراقدا بووە ، ئەوەندە لە خەمی بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیدا نەبووە . بۆ ئەمجارەش بڕوا ناکەم کورد بتوانێت شتێکی زیاتر لە رابردوو بەدەست بهێنێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئێستا عێراق بەرەو خۆبەهێزکردن دەچێت و هەر بەهێزبوونێکی عێراقیش مانای دانانی فشاری زیاترە لەسەر هەرێمی کوردستان و لەسەر کورد. کەواتە بە بۆچوونی من بەشداریکردنی کورد لە بەغدا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیەو ئەگەری ئەوەى هەیە کورد ناچاری پاشەکشەى زیاتر بکات . بەڵام دیارە ئێستاوە ، واتە لە بارودۆخی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ، قۆناغی کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکات . کەواتە دەبێ سیناریۆکانی پێکێهنانی حکومەت چی بێت و کورد چی بکات؟
دیارە ماوەیەکە مالیکی بە ئاشکرا رایدەگەیەنێت کە حکومەتی زۆرینەى سیاسی تاکە رێگاچارەیە بۆ عێراقی ئێستا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مالیکی نایەوێت حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی پێکبهێنێت ، واتە نایەوێت حکومەتێکی لە جۆری دووجاری پێشووی پێکبهێنێتەوە کە خۆی پێی دەڵێت حکومەتی حیزبی و وەزارەتی حیزبی. دیارە هەموومان دەزانین کە پێکهێنانی حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی کارێکی گرانەو ئەگەری پێکهاتنی زۆر لاوازە. بەڵام پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسی بۆ ئێستای مالیکی رەنگە کارێکی ئەوەندە ئەستەم نەبێت ، بە تایبەتی ئەو ئێستا پێویستی بە 42 کورسی هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەکەى کە دەشێ بە ئاسانی لە ناو لیستە جیاوازەکانی تری شیعەو سوونەو تەنانەت کوردیشدا ئەو 42 کورسیە بەدەستبهێنێت. بە تایبەتی لە نێو ئەنجومەنی باڵاو سەدرییەکان و هەندێ لەو سوونانەى کە دەتوانێت بە پۆست و پلەو پایە رازییان بکات. ئەمە سەرباری ئەوەى کە دەشێ رۆڵی ئێرانیش لەسەر شیعەکان و ئەو لایەنانەی تری عێراقیش کە لەژێر هەژموونی ئێرانیدان یارمەتیدەری مالیکی بێت و لەو رووە دەوری کاریگەر لەبەرژەوەندی ئەو بگێڕێت. بۆیە من وایدەبینم ئەگەر مالیکی خۆی یەکلا بکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت ، کە بێگومان ئەوەش دەبێتە بەدەستهێنانی شەرعیەتی تەواوەتی لەلایەن مالیکیەوە بۆ ئەوەى سیاسەتی تاکڕەوانەى خۆی بە رەهایی بسەپێنێت و عێراق بگێڕێـەوە بۆ خاڵی سفر واتە بۆ سەردەمی دیکتاتۆریەت. دیارە زەمینەى عێراقیش زەمینەیەکی بەپێت و گونجاوە بۆ درووستکردنی دیکتاتۆریەت بە تایبەتی کە جەماوەری رەشەخەڵکی عێراق تاکو ئێستا بە ئاشکرا جەماوەرێکی ناهوشیارو ملکەچەو تاکو ئێستا لە مۆتەکەى هەژموونی دیکتاتۆریەتی تەمەن درێژی رابردوو رزگاری نەبووەو دەشێ زۆرێک لە عێراقیەکان خەون بەو رابردووەوە ببینن ، بەو رابردووەوە کە هەرچەندە ئازادییان نەبوو بەڵام تا ئەندازەیەک گەدەیان تێربوو ، سکیان هەڵنەدەگوشی .
کەواتە لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەدا ، ئاشکرایە بارودۆخی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات . کە من وای بۆدەچم مالیکی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەى حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت کە بەوەش رووبەرێکی فراوان لە عێراقییەکان دەکاتە ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی بەشێکی دیار لە سوونەکان کە ئەوەش بە ناوی شەڕی تیرۆرەوە بواری زیاتر بۆ حکومەتی داهاتووی چاوەڕوانکراوی مالیکی دەکاتەوە کە هەموو هەوڵێک بدات بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانی لە پێشەوە لە سوونەو دواتریش ئەگەر شیعەکانی تر کێشەیان بۆ درووستکرد چاوپۆشی لەوانیش ناکات . دیارە دواتریش هەموو هەوڵێک دەدات دەسەڵاتی کورد سنووردار بکات . دیارە مالیکی لەبەرئەوەى دەسەڵات و داهاتی عێراقی بەدەستەوەیەو سوپایەکی سەربەخۆیی درووستکردووە ، ئەگەر ئەمجارە حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت ئەوا جارێکیتر بە ئاسانی ناخرێتە دەرەوەى دەسەڵات .
ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە مالیکی حکومەتی زۆرینەى بۆ پێکنەهێنرێت و فشاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش ناچاری بکەن کە حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی پێکبهێنێت ، کە لەم بارەشدا ناچار دەبێـت جۆرێک لە سەوداگەری لەگەڵ لایەنەکانی تر بکات . دەشێ یەکێک لەو لایەنانە کە داوای بەشداریکردنی حکومەتی لێبکات لایەنی کوردی بێت . ئایا دەبێ کورد چۆن و بەچ شێوەیەک بەشداری ئەو حکومەتە بکات ؟ هەڵبەت ئەوە ئاشکرایە کە سیاسەت بە پێوانەى بەرژەوەندی دەڕوات بەڕێوە ، کەواتە لەبارێکی وەهادا دەبێ کورد لە بری ئەوەى هەموو داواکارییەکانی لە پێداگرتن لەسەر پۆست چر بکاتەوە ، باشتر وایە داوای رێکەوتنی جیدی لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەیەکان بکات کە ئەوانیش بریتین لە گێڕانەوەى ناوچە کوردییەکان بۆ سەر هەرێم و جێبەجێکردنی ماف و داواکارییە دەستوورییەکانی هەرێم لە هەموو ئاستەکانداو ئەمەش وەکو رێکەوتنێکی مەرجدار بکرێت و ئەگەر حکومەتی بەغدا لەو رێکەوتنە پاشگەز بووەوە ئەوا کورد مافی جیابوونەوەى هەبێت. هەر جۆرە رێکەوتنێکی وەهاش پێویستە زەمانەتێکی نێودەوڵەتی هەبێت. بێ رێکەوتنێکی لەم جۆرە هەر بەشداریکردنێک لە حکومەتی عێراقیدا کە مالیکی سەرۆکی بێت یان هەر کەسێکی تر ، بە گوێرەى کورد گەمژەیی و ساویلکەیی و پشتکردنە لەبەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمان و کارکردنە لە پێناوی حیزب و بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکاندا ، هەرچۆن لە کابینەکانی جەعفەری و مالیکیدا پێشتر کورد شەڕی پۆست و پارەو بەرژەوەندییە حیزبی و تاکە کەسیەکانی کردووەو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی پشت گوێ خستووە .
ئەگەرێکی تر کە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد ئەوەیە کە نەیارەکانی مالیکی لە شیعەو سوونەو کورد حکومەت پێکبهێنن و هەوڵبدەن مالیکی و هاوپەیمانەکانی بکەنە ئۆپۆزسیۆن ، کە ئەمەیان ئەگەرێکی زۆر دوورە بە تایبەتی کە ماوەی هەشت ساڵە مالیکی فەرمانڕەوایەو کۆی جومگە هەستیارەکانی دەوڵەتی عێراقی کۆنترۆڵ کردووەو پێناچێت هەروا بە ئاسانی کورسی فەرمانڕەوایی بەجێبهێڵێت . بە تایبەتیش تاکو ئێستا ئێران پشتگیری مالیکی دەکات و ئەمەریکاش هیچ جێگرەوەیەکی بۆ مالیکی نییە . لە روویەکی تریشەوە لە دنیای سیاسەتدا ، ئەوە گرنگە بۆ پاراستنی پێگەى لیستێک کە لە هەڵبژاردندا سێ ئەوەندەى ئەو گەورەترین لیستەى دەنگ هێنابێت کە گوایە کێبڕکێی ئەم دەکات . هەر لەم رووەشەوە پەراوێزخستنی مالیکی ئەستەمە. کەواتە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت لە لایەن لایەنەکانی ترەوە بە بێ لیستەکەى مالیکی ئەگەرێکی لاوازەو لەوەش خراپتر بۆ کورد ئەوەیە کە ئەو تێڕوانینی ئەو لایەن و لیستانەى تریش بۆ کورد ناشێت لە تێڕوانینی مالیکی و لیستەکەى مالیکی باشتر بێت . بە گوێرەى لاینە شیعەکان هەمان هەڵوێستی مالیکیان هەیە بەرامبەر کورد . بە گوێرەى سوونەکانیش هەمان روانینی ناسیونالیستی عەرەبییان هەیە بۆ کورد کە حیزبی بەعس لە رابردوودا نوێنەرایەتی کردووەو ئێستاش سوونەکان کە هەڵگری هەمان عەقڵیەت و تێڕوانین بەرامبەر بە کورد نوێنەرایەتی دەکەن و ئەگەر ئێستا جۆرێک لە نەرم و نیانیان تێدا بێت لەبەرئەوەیە کە زۆر لاوازن ، ئەگینا ئەگەر ئەوانیش هێزیان هەبێت هیچ لە حیزبی بەعس باشتر نابن بەرامبەر بە کورد .
بەهەرحاڵ وەکو گووتم ئەگەر کورد بەشداری بکات لە حکومەتی ئەمجارەی عێراقیدا کە ئەگەری چاوەڕوانکراو ئەوەیە مالیکی ئەو حکومەتە پێکبهێنێت، چی حومەتی زۆرینە بێت یان حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی. لەم بارەدا پێویستە کورد جێبەجێکردنی داخوازییە نەتەوەییەکان بکات بە مەرجی بەشداریکردن . هەروەک ئەگەر کورد بەشداری بکات پێویستە بە یەک دەنگ و پێکەوە بەشداری بکات ، چونکە هەر دابەشبوونێک لە ریزی کورددا ، یان بەشداریکردنی هەر لایەنێک بە تەنیا پێگەى کورد لەوەى ئێستای زۆر لاوازتر دەکات و بۆ ئەو لایەنەش دەبێتە جۆرێک لە ریسوایی و قۆناغێکی نوێ لە ملکەچی و پاشکۆیەتی بۆ نەوەکانی سەفەوی و قاجاری و عوسمانی دەست پێدەکاتەوە کە ئەوەش روونە ئەنجامەکەى بەرەو کوێمان دەبات . بۆیە گرنگە بۆ کۆی لایەنەکانی کوردستان سەرباری ناکۆکی و ململانێکانیان لە ناوخۆدا هەڵەى لەوجۆرە نەکەن ، بەتەنیا نەک لەگەڵ مالیکی بەڵکو لەگەڵ هیچ لایەنێکی تری عێراقی هاوپەیمانی نەکەن و یەکێتی کورد بەرامبەر بە بەغدا دابەش نەکەن چونکە رووزەردی مێژوو دەبن .