بەكر ئیبراهیم : كورد داوەكەی نێوان هەولێر و بەغدای پساند .
ئەوەی كوردی بە بەغداوە دەبەستەوە پارە بوو، ئەگەرنا هەرێمی كوردستان لە ڕووی پەیوەندیی ناوچەیی و جیهانیش وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی كردووە و لەگەڵیشی كراوە، پێشم وایە كورد دەمێكە هیوای بە پرۆسەی سیاسیی عێراق نەماوە و ئەو نەمانی هیوایەش لە چارەسەرنەكردنی هەموو ئەو كێشانەوە سەرچاوەی گرتووە كە 11 ساڵە كورد بۆ چارەسەریان سەبری ئەیوبی گرتووە، لە بەرامبەر ئەو سەبرەش كورد هەنگاوێكی ناچاری و جەریئانەی هاویشت بە فرۆشتنی نەوتەكەی ، ئەوەش لە قسەكانی كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت دەركەوت كە لە پەرلەمان و بۆ پەرلەمانتارانی كوردستان پەیوەست بەو پرسە ، گوتی : “ دوو رێگەمان لە بەردەمدا بوو، یان تەسلیمبوون بە خواستی بەغدا و كەوتنەژێر كۆنتڕۆڵیان، یان هەناردەكردنی نەوت و گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابووری ، ئێمە بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلەكەمان، رێگەی دووەممان هەڵبژارد . واتە ئێستا بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، قۆناعی تەسلیم بوونمان تێپەڕاند و زۆر دوور كەوتینەوە لە حكوومەتی فیدراڵ و زۆریش نزیك بووینەوە لە سەربەخۆیی ئابووری و سەربەخۆیی كوردستانیش ، هەروەها ئەو چاوەڕوانییەشمان لە حكوومەتی عێراق كۆتایی پێهات ، تا پارەو مووچەی فەرمانبەرانمان بۆ بنێرێت كە11 ساڵە كورد لە بەردی بناغەی سەرپێكەوتن و دروستكردنەوەی حكوومەتی عێراقی دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە بەشدارە و تا ئەمڕۆش نەمانتوانیوە مافە دەستووری و ئیستیحقاقە نەتەوەییەكانمان بەدەست بهێنین ، بۆ نەمانتوانیوە؟ ئەوەیان دەبێ بە پلەی یەكەم لەوانە بپرسین كە 11 ساڵە ئەگەر بۆ رۆژێكیش بە ناوی نوێنەرایەتی كوردەوە و لەسەر خوێنی شەهیدانمان و بەدەنگی میللەتە مەینەت دیدەكەیان لە بەغدا بوون، وەڵامی ئێمە و نەوەی داهاتووش بدەنەوە، كە چییان كردووە و چییان بە دەست هێناوە و چۆن داكۆكییان لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان كردووە و چیشیان لە دەست داوە، چونكە دڵنیاین بۆ گیرفانی خۆیان زۆریان كردووە .
ئەگەر لە رۆیشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دروستكردنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ لایەنە براوەكانی تری عێراق بڕوانین ، ئەوا كورد پێویستی بە چوونەوە بۆ بەغدا و بەشداریی حكوومەتی هاوشێوەی ئێستای عێراقی نەماوە ، چونكە بە رۆیشتنی نەوتی هەرێم و ئەو جۆرە مامەڵەیەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەگەڵ كورد هەڵیانبژاردبوو، لێكترازان و دەستبەرداربوونی لە نێون هەولێر و بەغدا ئاسانتر كرد ، بۆیە واپێویست دەكات كوردستان بە یەكجاری و بە یەكدەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان بڕیاری بەجێهێشتنی بەغدا بدەن و پاشەكشە بكەن ، چونكە ئێستا ئاماژەكان ئەوە دەخەنە روو كە هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاو دەنێ و سەربەخۆیی ئابووریش بەپێی قسەی شارەزایان كورد دەگەیەنێتە سەربەخۆیی یەكجارەكی، كوردیش بە بەجێهێشتنی دەزگاكانی تەشریعی و تەنفیزی و قەزایی لە عێراق هیچی لە دەست ناچێ ، وەك11 ساڵە لە بەشداریدا هیچی وای بەدەست نەهێناوە ، ئەوەی كە دەمێنێتەوە و كێشەی چەندین ساڵە و لەمێژینەی نێوانی كورد و دەسەڵاتدارانی عێراقە ، ناوچەكانی ماددەی 140ـە ئەویش پێویستی بە بڕیارێكی گرنگی وەك بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەیە ، كە حكوومەتی هەرێم ، بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، بڕیاری بەپارێزگابوونی بۆ دەركرد ، دەبێ درەنگ یا زوو هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بڕیارێكی ئاوا گرنگ و مێژوویی و چاوەڕوانكراو بدەن هەر وەك چۆن لە هەموو قۆناغەكانی سەختی و نەهامەتی و خۆشییەكانیشدا تا رۆیشتنی نەوت پشتان بە ئیرادەی گەل بەستووە ، لە بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ناوچانەش دڵنیا بن و پشت بە ئیرادەی گەلەكەتان ببەستن .