عیماد عەلی : گەر سەرۆکی هەرێم بام چیم دەکرد ؟ .
جارێک بەم وەزعە گشتیە و بە وردبونەوە لە چۆنێتی بەرێوەچونی حوکمی کوردستان و داگیر کردنی پلە باڵاکان ، ئەگەر بەم شێوەیە بروات تا چەند دەیەیەکی تر کەس چاوەرێی ئەوە نەکات ناوەندی دەسەڵات لە ئەڵقەیەکی تەسکی دوو جۆر حوکمی هاوشێوەی پاشایەتی یان کۆماری بنەماڵەیی دەربچێت ، مەگەر خواخواستە شۆرشێکی پاک و بێگەرد یان کودەتایەکی راستەرێکردنی دەسەڵات روبدات .
وەک تا ئێستا دیارە ، ناوەندی دەسەڵات لە هەوڵی توندکردنی پایەکانی حوکمی بنەماڵەیی و تاک حزبیە بە روکەشکردن و بۆیاغێکی بەناو دیموکراسیەوە ، ئەویش لە رێگەی تەنها ئالیەتێکەوە کە هەڵبژاردنە ، تەنانەت هەڵبژاردنیش پر لە گزی و ساختەکاری و لەژێر نەبونی دەمودەزگەیی و رۆشنبیری گشتی کۆمەڵایەتی لە تێگەیشتن لە ماف و ئەرکەکان ، کە پایەیەکی سەرەکی بەرقەراربونی ئازادی و یەکسانی هەلی بەشداری بۆ هەموان و پاراستنی ماڵ و موڵکی گشتی و نەبونی گەندەڵی و بەرجەستەبونی عەدالەتی کۆمەلایەتیە کە کاکڵەی دیموکراسی راستەقینەن ، بەرێوەدەچێت .
گەر خەونەکەمان هاتە دی و کوردستان بو بە وڵاتێکی دیموکراسی عەیار بیست و چوار و ، هەر تاکێکی شایستە دەیتوانی شوێنی شایستەی خۆی بگرێت . گەر بویت بە سەرۆکی هەرێمێکی لەوجۆرە ، ئەرکەکانت زۆر ئاسان دەبێت . بێگومان لەوکاتەدا دەسەڵاتەکان دیاریکراون و دابەشبون ، هیچ پێویست بە ئیجتیهادی شەخسی ناکات لە بەرێوەبردنی حوکمدا. لەو کاتەدا هەموو هەوڵێک لەپێناو دابینکردنی مافەکانی خەڵکدا دەبێـت ، ئەویش بە نوێبونەوە وگۆرانکاری بەردەوام لە پێناو خۆگونجاندن لە گەڵ دونیای سەردەم و باشترکردنی حاڵ و گوزەرانی هاوڵاتیان .
بەڵام لەم وەزعەی ئێستادا گەر سەرۆکی هەرێم بام ، بۆ تۆمارکردنی مێژویەکی شایستەی پاک و خاوێنی هەتاهەتایی و دابینکردنی دوارۆژێکی روون ، لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ئەم ئەرکانەم جێبەجێ دەکرد :
یەکەم هەنگاو : لە کار و ئینتمای حزبی بە فیعلی وازم دەهێناو دەبوم بە موڵکی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە ، بە عەمەلی و بە مامەڵەی هەمەچشن لەسەر ئەرزی واقیع بۆم دەسەپاندن کە بە یەکسانی و بە یەک چاوەوە تەماشای هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەکەم .
دووەم: لە قۆناغی حوکمەکەمدا، هەوڵی دانان و تێپەراندنی دەستورێکی پەرلەمانی دیموکراسی فراوانم دەدا کە هەتاهەتایە رێ لەدیکاتۆریەت بگرێت و دەبوو بە یەکەم هەنگاوی بەرجەستەکردنی دیموکراسی راستەقینەی گونجاو بە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانم دەکردە تاکەمەرجەعی سەرەکی بۆ یەکلاییکردنەوەی هەموو پرسەکان .
سێیەم : بە کۆمەڵێک هەنگاوی نەتەوەیی و نیشتمانی دڵی خەڵکم لە دەسەڵات و حوکمی کوردستان ئاشتدەکردەوە و ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی تاکی کۆمەڵگام وەک ساڵانی خەباتی پیرۆز م لێدەکرد .
چوارەم: لەسەرجەم هەنگاوە گشتگیرەکان کە رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانیان هەیە رای خەڵک بە پێوەر دادەنا ، بە هەموو وەسیلەیەک لەسەر رای زۆرینە دەرۆیشتم و لە خاڵی یەکلاکەرەوەدا پرسم پێدەکردن .
پێجەم: لە رووی داراییەوە هەموو هەوڵێکم لەسەر خودئیکتفا دەبوو کە سەرەکیترین ستونی راگرتنی سەربەخۆییە لە بریار و حوکمی هەر وڵاتێکدا .
شەشەم : لەئاست خەتەر و پیلانەکانی دەرەوە و بۆ خۆپاراستن، سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو دور لە ئینتمای حزبی و پڕچەک بە هەموو ئامرازێکەوە دادەمەزراند کە پارێزگاری لە سنوری راستەقینەی کوردستان بکات .
حەوتەم : پەیوەندیەکانی دەرەوەم لە سەر بەرژەوەندی باڵای کوردستان دەبوو نەک بە پشتبەستن بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی و ناوچەیی .
هەشتەم : ستراتیجی حوکمی وڵاتم لەسەر گەیشتن بە سەربەخۆیی لە کاتی گونجاوی خۆیدا بە پلانێکی بەهێزی بێ کەموکورتی، بە ئامراز و رێگە و شوێنێکی زانستیانەی گونجاو و تایبەت بە بارودۆخی هەمەچشنی کوردستانەوە، بنیاتدەنا .
نۆیەم : زمانی کوردی ستاندارد لەسەر زەمینەیەکی مێژویی رۆشنبیری یەکلاییدەکردەوە دور لە ناوچەگەریی و خۆسەپاندن .
دەیەم : هەوڵی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان بە هەموو شێوەیەک دەدا و وەزعی کۆمەڵایەتی ئابوری خەڵکی کوردستانم جێگیر دەکرد .
یازدەهەم : هەموو تواناکانم دەخەستەگەر لەپێناو نەهێشتنی گەندەڵی و هەنگاو بە هەنگاو رێ و شوێنم دەگرتەبەر بۆ بەرجەستەکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی .
دوازدەهەم : گرنگیم بە ناوەخنی رۆشنبیری و ئەخلاقی تاک و کۆمەڵگە دەدا پێش روخسار و خۆدەرخستنی پوچ .
ئەمە و چەندین مەهامی سەرەکی یەکلاکەرەوەی تر کە سەرەتای ژیانێکی ئاسودە و دوارۆژێکی دڵنیاکەرم بۆ خەڵک دابین دەکرد نەک تەنها کۆشک و تەلاری بەرز لەسەر ئەرزیێکی سیاسی رۆشنبیری ئابوری فشەڵ .