Daesh-Nasra

ئاکۆ برایم : داعش مەکەن بە کەڵەگا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

داعش هێزێکى چەتەگەرى هۆڤى و داماڵراوە لەهەموو بەهایەکى مرۆیى و ئیسلامى و ئەخلاقى ، هێزێکە نوێنەرایەتى عەقڵیەتى دواکەوتو چەقبەستوى ، کۆنە پارێزى عەرەب لەژێر ناوى ئیسلامدا دەکات ، ئەم هێزە جگە لە کۆمەڵێک چەکدارى و یان رەواتر بڵێن جگە لەکۆمەڵێک جاش و بەکرێگیراو و هیچى دیکە نى یە ، نە خاوەن رێکخستنە نەخاوەن ئایدۆلۆجیا و نەبەرنامە و نە ستراتیژ ، ئەوەى هەیەو نیە لاى ئەوان کوشتن و خاپورکردن و سوتاندنە و هیچ دیکە ، ئەوان جگە لەکرێگرتەیى و پاشکۆیى بۆ هەرکێ پارە زیاتر بدا هیچى دیکە نین ، تۆ تەماشا داعش بە پێى ناو و کارو ناسنامەى بێت ، ئەبێت نوێنەرایەتى سوننەوە عەقڵیەتە کۆنەکەى بکات و ، خۆى بەسەلەفى ساڵح بزانێت و لەهەمبەر شیعە و ئایەتولڵا کان سەنگەر بگرێت و شەڕى تائیفى لەدژى شیعەگەرایى بەرپا بکات ، بەڵام هەموان پێچەوانەکەیمان بینى ، کە ئەو هێزە جگە لەوەى قورسایى و زەبرى لەناوچە سوننە نشینەکاندا هەیە بەقازانجى شیعە و مالیکى و ئیران دەجوڵێت ، بارتەقاى ئەوە هیچ پێگەو بونێکى لە ناوچە شیعەنشینەکاندا نى یە ، لەکاتێکدا بەپێى عەقیدەو مەزهەبى سوننە ، شەڕکردن وکوشتار لەدژى شیعە ئەرک واجیبە ، چونکە لاىئەوان ( شیعە) مورتەدن و لەدین هەڵگەراونەتەوە . بۆزانیاری هەمو لایەک رۆژ نیە تەنها لەناو شارى بەغدا 40 بۆ50 کەس لەسەردەستى شیعە تیرۆرنەکرین ، تەنها تاوانێک کە لەسەرى دەکوژرێن سوننە بونیانە .
کێشەو ململانێکانى ئێستاى عێراق و شەڕى کورسى و دەسەڵات و هەوڵ و تەقەلاکانى مالیکى بۆ چونەوە سەر حوکم و ، دەستى دەرەکى ئێران و ، پاڵپشتى وڵاتانى دیکە ، هەموو ئەمانە ، بەشێکن لەو سیناریۆیەى کە مالیکى و یاوەرانى سازیان کردوە ، تا ئەو چەند شارو ناوچە سوننە نشینەش مەحف بکەن و بەبیانوى بوونى شەڕ و کوشتار ، گۆڕەپانى جەنگ بگوێزنەوە بۆ ئەوەى لەوێ دەست بکەن بەکوشت و بڕ و تۆقاندنى خەڵکەکەى و ، بەوهۆیشەوە حکومەت رەوشى ئاوارتە رابگەیەنێت و نیزامى عورفى و سەربازى پیادەبکات و ، ئەو دەمەش هەموو دەسەڵاتەکان ئوتوماتیکى دەچنە دەستى کەسى یەکەم ( مالیکى) ئەویش بەئارەزوو عەقڵیەتى خۆى رەوشەکە بەرەو کاول بون دەبات و ، لەرێگەى زەبر و زەنگ و هێزەوە ، سەرجەم شارە سوننە مەزهەبەکان دەخاتەوە ژێر رکێفى خۆى ، کە ئەوەش بەرنامە کارێکى نەخشە بۆ کێشراوى ئێران و ئایەتولڵا کانە . تا عێراق بکەن بە دەوڵەتێکى شیعى و ئاسەوارى سوننە بۆ هەتایە بسڕنەوە.
هاوکات مالیکى و حزب و دەسەڵاتەکەى دەخوازن لەرێگەى چەتەکانى داعیش و بەکرێگیراوەکانەوە ـ ناڕاستەو خۆ پەیامێک بۆکوردیش بنێرن ، کە واز لە سەربەخۆى و فرۆشتنى نەوت و سەرکێشى لەگەڵ بەغدا بهێنن ، ئەگەر نا ئەوا داعش لەبەردەگایە ، ئەتوانێت کارى خراپ بکات ، ئاسایش و ئایندەى هەرێمى کوردستان بخاتە مەترسیەوە . هەرچەندە ئەوە ئەگەرێکى زۆر لاواز و تەنانەت محاڵیشە ، چونکە یەکەم : داعش هێندە بوێر وئازا نى یە خۆى لەشەڕى پێشمەرگە و کورد بگلێنێت ، کە لەسەرەتاوە ئەنجامەکەى لاى مەعلومە ، سەربارى ئەوەش لەو شەڕەدا هیچ قازانجێک وەدەست ناخات .
دووەم / پێگەو بونى داعش لەهەرێم و کوردستاندا نەک لاوازە ، دەتوانم بڵێم هەر نى یە ، جوداى ئەوەش جەماوەر و هەوادارى یان کەسانى هاوشێوەى ئەوان مێشک پووت و کەللە خاڵى نیە و جێگەى لەکوردستان نابێتەوە . لەوەش گرنگتر نابەڵەدى ونەشارەزایى لە سروشت وجوگرافیاى کوردستان و سەخت و دژوارى ناوچەکە بۆ عەرەبى بەدەوى و پێ پەتى کارێکى ئەستەمەو، بەکوردیەکەى پیاوى خۆى دەوێت ، .ئەوان هەرگیز لەو جۆرە نین زاتى ئەو شتە بکەن .
مەبەستم لەوە ئەوە نى یە کەئیدى پاڵى لێبدەینەوە بێخەمبین ، بڵێن هەرگیزاو هەرگیز داعش و چەکدارانى ناتوانن هیچ شتێک بکەن ، نەخێر بالەبیرمان نەچێت ، لەهەموشوێنێک بەکرێگیراو خائین و کەسانى نەفس نزمان هەیە ، رەنگبێت لەرێگەى ئەوانەوە بتوانن ، لێرەو لەوى یەک دووکارى تێکدەرانە بکەن و ئارامى سەقامگیرى شارەکان بشڵەژێنن . جا بۆئەوەى ئەو کۆمەڵە چەکدار و چەتە گەریەى بەناوى ئیسلامەوە هەن ، زیاد لەقەبارەى خۆیان گەورەیان نەکەین و نەیان کەین بە پاڵەوانى گۆڕەپانەکە ، پێویستە لەسەر حکومەت و دەزگاى ئاسایش رێگربێت لە گواستنەوەى هەواڵ وجموجوڵ و کردەوەکانیان ، لەرێگەى تەلەفزیۆن و کەناڵە کانەوە ، سنورێک بۆ ئەو کەناڵانە دابنێت کە زیادە رەوى ئەکەن لە گواستنەوەى هەواڵەکان ، یان لێرەو لەوێ دیمانە و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى ئەوچەکدارانە ئەکەن . کە ئەگەر دیققەت بدەین و ئاگادار بین ، پەیام و وتەى چەکدارانیان زیاتر تۆقاندن و کوشتن و تەقینەوەو چى وچى یە . بەدەر لەوەش زۆر ماڵپەر وکەناڵ بەبێ رەچاوکردنى هیچ شتێک و بەعەقڵیەتى تەسکى حزبایەتەیەوە ، تانەو تەشەر لەهێزێک دەدات ، یان هەواڵێکى ناراست بڵاو دەکاتەوە گوایە فڵان هێز یان فڵان فەرماندە هەڵهاتوە ، یان فڵان شوێن و جێگە کەوتۆتە دەست داعش ، کە زۆربەیان دورن لەراستى و بنەمایان نى یە ، ئەوەش بۆخۆى کاریگەرى خراپى لە سەر بارى دەروونى و ورەى جەماوەر هەیە ، چاکترە ئەو کەناڵانە بەعەقڵى سەردەم وواقعى لەگەڵ رەوشەکە مامەڵە بکەن ، سەربارى ئەوەش ، داعش هێزێکى پەرتەوازە و نا رێکخراو و بێ سەروبەرە ، رەنگبێت لەکاتى هەڵهاتنى خەڵکى سڤیل یان چەکدارو سەرباز وپۆلیسى عێراق بۆ ناو کوردستان ، ئەوانیش خۆیان تێهەڵکێش بکەن بێنە ناو هەرێمەوە ، جا کە دەربازى کوردستان بون ، ئەو دەمە گرتن و جێپێ هەڵگرتنیان کاتى زۆرى دەوێت ،ـ بۆیە پێویستە لەسەر لایەنى ئەمنى و ئاسایش کە بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدات تاکە یەک عەرەبى ئەو ناوچانە ، دەبازى ئەمدیو سنورى هەرێم ببێت ، هەرلەسەر خاڵى تەماس و سنورى نێوان کوردستان و عەرەبستان ، کەمپ و خێمەیان بۆهەڵدات .جگە لەپاراستنى گیانیان هیچ شتێکى دیکە لەئەستۆ نەگرێت .
بیرمان نەچێت تا هەنوکەش حکومەتى عێراق بەراستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دژایەتمیان دەکات ، لەلایەک بودجە نانێرێت لەلایەک زوڵم لەپێشمەرگە دەکات و مافى دەخوات ، ئیدى چ رەواى هەقە ئێمە ببینە تەرەفێکى شەڕکەر بۆدوژمنمان . یان بۆچى خۆمان لە شەڕێک بگلێنن کە شەڕى ئێمە نى یە ، شەڕى تایفى و پلە و میراتى شیعەو سوننەیە ، لەبرى ئەوە چاکترە پێگەى خۆمان و هێزى خۆمان وگوتارى خۆمان یەک بخەین. ئەو شەڕ و ململانێیەى کە ئەخوازن پێمان بکەن ، با لەپێناو کیانێکى سەربەخۆ و هەرێمێکى سەربەستدا بێت ، نەک داعش و ماعش .

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت