Zana-Osman

زانـا عـثمـان : داعش دەرفەتێكی تر بۆ یاكپارچەیی و سەركەوتن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نمایش و قسە بریقەدارەكان و كەمكردنەوەو كورتكردنەوەی نەتەوەیەك كۆتایی بوو ، كۆتایی بوو لەگەڵ هەموو ئەو دەرفەتانەی ، كەبۆ گەلەكەمان لەباشووری كوردستان هاتنە پێشەوە ، لەڕابردووی دووروو نزیك ، چونكە لەوەتەی كوردی باشور هەیە ، زۆر زیاترو زۆرتر لەزۆربەی هەرەزۆری دەوڵەتە سەربەخۆكانی ئێستا ، كەشانازی بەسەربەخۆیی خۆیان دەكەن ، هەڵی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ زۆرتر بووە . بەڵام سیاسیەكانی ئەم هەرێمە بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەك بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ ، كاریان نەكردوەو بناغەیەكی تۆكمەیان دانەناوە بگرە بۆ سەربەخۆیی یەك پارچەیی هەرێمیش ، هەر ئەم هەل و دەرفاتانەیان لەگەڵ هەرجارێكدا كورت و سوككردۆتەوە لەبەرژەوەندی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆ بەرژەوەندیەكی تەسكی حیزبایەتی ، كەئەمەش یان گشتی لەگەڵ دەرفەتەكان بەرژەوەندیە حیزبایەتیەكانیان لا گەورە تربووە ، یانیش دابەشبوونە بەسەر بەرژەوەندی حیزبی و بەرژەوەندی نیشتیمانی ، بەڵام لەكۆتاییدا بەرژەوەندیە حیزبیەكە سەری نیشتیمانی خواردووەو ، لەدایكبوونی سەربەخۆیی دیسانەوە لەگەڵ گشت دەرفەتەكانا كەوتۆتە ژێر ئارەزووەكانی حیزبایەتیەكی زۆرینەوە ، لەوەتەی مێژوو هەیە ، كورد لەناوچەكەدا بەردەوام و جیا لەهەموو میللەتانی تری ئەم جیهانە دابەش بووە بۆ دووقۆناغی ژیانەوە :
1) ژیانێك پڕبووە لەزۆرداری سەركردە دیكتاتۆرو خوێنڕێژەكانی عێراق ناوچەكە ، كەبەكوردیان بەخشیووە .
2) ژیانێك لەخۆ كوژیی و كاتكوشتنێكی بەزیان ، چەق بەستوویی مانەوەی كورد لەدونیایەكی تەسك و داخراودا ، لەئەنجامی شەڕە پەڕۆو حیزبایەتی نادروستەوە ، خۆیان بەخۆیان بەخشیوە .
مێژووی دوور ، هیچی ناوێت كەبینوسین و بدوێین بۆ دەرس لێوەرگرتن بەبەراورد بەگرینگی ئەوچەند ساڵەی دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لەو هەلە زێڕینانەی ، كەبۆ كورد هاتنە پێشەوە بۆ سەربەخۆیی تەواوەتی گشت ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ، لەژێر یەك ئیدارەو بەڕێوەبردندا كەئەویش حكومەتی هەرێمی كوردستانەو كاركردن و سوود نەبینینەی لەو هەموو هێزە مرۆیی و ماددییەی كە ئەم نیشتیمانە هەیە بۆ ئاوەدانی و پشت بەخۆبەستن و بەرگری لێكردنی ڕژێمی بەعسی دیكتاتۆر ، ئەوكاتەی لەبەرامبەر هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كونەمشكی لێ ببوو بەقەیسەری و لەناو بیابانەكانی ناوڕاستدا ، دەگەڕا بۆ هێلانەیەك كەخۆی تێدا حەشاربدات و گیانی خۆی بەقوربانی نیشتیمانە وێرانەكەی دەستی خۆی نەكات . هێزی پێشمەرگەبوو بێ یارمەتی و پشتیوانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكان توانی تەواوی ناوچە كوردستانیەكان پاك بكاتەوە لەتیرۆرو بیپارێزێت لەهەڕەشەی هێزە شۆڤێنی و ئەقلیمیەكان بۆ هێنانەدی بەرنامە گڵاوەكانی خۆیان بەرامبەر وێرانكردنی ئەم ناوچانە .
ئەوە ئەوكات بوو , كە نوری مالكی :
1 – نەحیزبی هەبوو نەسوپا و پارە .
2 – بستێك زەوی تاپۆكراوی نەبوو .
3 – دەرگای هاتنە ناوەوەی بۆ عێراق لەترسی ڕژێمی بەعس نەكا تیرۆری بكات ، هەرێمی كوردستان بوو .
4 – ترسنۆكێك بوو ئێجگار ناوازە سەدام لەتاو خۆی ئاگای لەخێزانەكەی خۆی نەمابوو ، مالكی داوای لەهێزە كوردیەكان كرد ، بیپارێزن لەبەرامبەر صەدام , بۆیە دوای ماوەیەكی كەم سەرۆكی پارتی ئەوكات چەند ئۆتۆمبێلێكی پێشكەش كردوو ناردییەوە بۆ بەغدا لەگەڵ بڕە پارەیەك تا بنكەی بەرەگای حیزبەكەی پێ‌ بكاتەوە !
بۆیە لێرەدا ئەوانە هەمووی پرسیارگەلێكن جگە لەسەرسوڕمان ، هیچ هێزوو لایەن و كەسێك ئەگەر بەواقعی نەمان بینیبا دەمان ووت : سەركەووتنی مالكی بۆ تەختی سەرۆكایەتی فلیمێكی ئەكشنەو هیچی تر !
كەوتنی كوردیش لەنەگەڕانەوەی ناوچە كوردیەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان لەو بەهێزییەو یەكگرتنەی ئەوكاتی جگە لەبێ ئیرادەیی سەركردە كوردەكان و باوەڕنەبوون بەگەڕانەوەی ناوچەكان هیچی تری لێنەدەخوێنرایەوەو ناخوێندرێتەوە !؟ چونكە ئەوكاتە لەبەغدای پایتەختی عێراق كەشەڕ كردبوویە دۆزەخ هێزی پێشمەرگە لەناوچە كوردیەكانی دەرەوەی هەرێم زەماوەندی ڕزگاربوونیان ئەگێڕاو ، ڕەنگ و بۆن و هێزی هێزێكی دەوڵەتیان لێئەچۆڕا .
هەر دوای ئەوكات بەماوەیەكی كەمی تەواوبوونی شەڕ هەموو خەڵكی لەگەڵ بەشێكی هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كەووتنە بەرزكردنەوەی دەنگیان بۆ گەڕانەوەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ، بەڵام نەكراو نەهاتەدی ئەو ئاوەتە لەمێژینەی گەلی كوردستان بەهەر چوار پارچەکەیەوە !
بۆیە لەدوای ئەمەش هەڕەشەو چاوسوركردنەوەی تازەو نەوەی دیكتاتۆری تازە هاتنە مەیدانەكە بەرامبەر بەكورد ، كەئەم دیكتاتۆرانەش جیاوازبوون لەصەدام ، چونكە ئەوكات بەس سەدام هەبوو ، بەڵام ئێستا لەهەر پارێزگایەك چەندین دژە كوردو سەدام هاتووونەتە دەرەوە دژی كورد دەجەنگن ، هەڕەشەی بەكارهێنانی ڕێگای سەربازیان دەكرد و دەكەنە دژمان . نمونەش هێزی دیجلە ، كە شڵەژانێكی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی هێنا ، لەڕێگای هەڕەشەكانیەوە ، بەڵام هەڕەشەكانیان لەتۆزێك بەهەواوە زیاتر نەبوون و نین ، چونكە هاتنی داعش هێزی ئەوان ( هێزی دەوڵەتی عێراق) و هێزی پێشمەرگەو گیانفیدایی پیشمەرگەی پیشاندان بەرامبەر نیشتمان ، كەچۆن ئێستا لەسەر سنورەكان پارێزگاری لەناوچە كوردییەكان دەكەن بێ هەڵاتن و ئەوانیش چۆن وەك فیشەكە شێت بۆی دەرچوون ، فەریق و مەریق و لیواو میواكانیان خۆیان گەیاندە هەرێم و جلەكانیشیان لەبن پێی داعش جێهێشت !
ئا ـ ئەمەیە هێزی دەوڵەتی عێراق ، بۆیە ئێستا هەلێكی وازێڕین و گەورە هاتۆتە پێش گەورەتر لە هەموو هەلەكانی تر لەفرسەتەكانی تر بۆ گەڕانەوەی تەواوەتی ناوچە كوردستانیەكان لەژێر دەستی حكومەتی عێراق و بەعسە ئاساكانیان ، چونكە ئەمجارەیان جگە لەیەكبوون و ڕێكخستنی هێزی پێشمەرگە بەبەراود بەڕابردو وەبەهەلەكانی تر ئەوە برا كوردە پۆڵایینەكانی ( پارتی كرێكارانی كوردستان – باكور ) ئامادەیی تەواویان بۆ پارێزگاریی و كوردستانی باشورو بەرەنگاری هێزەكانی داعش دەربڕیوە هاوشان لەگەڵ شێرەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ، لەم هەلەو هێزە زیاتر نایەتە پێشمان بۆ سەربەخۆیی تەواوی كوردستانی باشور و هێنانەدەرەوەی لەژێر دەستی دوژمنان ، وەهێزی سوپای عێراقیش لەو بەهێزییەی زیاتر نابێت و نیەتی ، خۆمان سەلماند لە كەمتر لە24 كاتژمێردا بەرامبەر ئەم هێزە تێكشكاوەو ترسنۆكەی بەرامبەر كورد لەمیدیاكانەوە هەڕەشەی دەكرد بەبێ تەقاندنی یەك فیشەك دووەم پارێزگای بەهێمنی چۆڵ كردوو دانیشتوانەكەی دایە دەستی داعشی دەجاڵ ، ئێستاش ئەو هێزەی لەگۆڕەپانەكەدا هێزە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە كەنەك هەر كورد بگرە حكومەتە خاوەن چەكە قورسەكەی بەغداش داوای هاوكاری لێئەكات , بۆیە لێرەوە پێویستە هێزی پێشمەرگە پاشەكشێی پێنەكرێت لەناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان و جێگیری خۆی بكاتە قەڵای پارێزی یەكپارچەیی كوردستانی باشور ، فرسەتەو بالەدەست نەچێت بۆ گەڕانەوەی یەكجارەكی ناوچە كوردییەكان و تێكشكاندنی ماددەی 140 نادەستوری ، كەگەڕانەوەی ناوچە كوردییەكانیان كردۆتە دەستورو بەئارەزووی خۆیان دیكتاتۆرو خوێن مژەكانی دژە كورد دەنگی نەخێری لەسەر دەدەن و دەستورو یاسامان پێئەفرۆشنەوە لەبێدەستوری و بێتوانایی خۆیان .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت