ماردین محمد : ده‌شێ داعش بکرێته پێمه‌ڕه‌ی دیاریکردنی سنووری هه‌میشه‌یی ! .
{ پێشه‌کی ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که هه‌رگیز لایه‌نگری شه‌ڕ و ڕاستکردنه‌وه‌ی لووله‌ی تفه‌نگه‌کان نیم و نه‌بووم ، به‌ڵکو هه‌میشه چزه له ناخم دێت که ببینم شاپه‌ڕی کۆترێکی ئاشتی هه‌ڵده‌وه‌رێت و فڕینی لاسه‌نگ ده‌کات ، به‌ڵام هه‌ندێک جاریش بۆ ڕیگری کردن له کوشتنی کۆتره‌کان ، جێگای داخه که ده‌بێت تفه‌نگه‌کان قسه بکه‌ن }
ڕه‌نگه داعش دروستکراوی پلانێکی ناوچه‌یی بێت دژی هه‌رێم ، یان جێبه‌جێکاری پلانێک بێت بۆ ده‌وڵه‌تانی دژ به هه‌رێم و له‌پای چه‌ک و پاره‌یه‌کی زۆردا به‌قۆنته‌رات پشێوی بنێنه‌وه و ئامانجی سه‌ره‌کیشیان ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ناوچه سوننه نشینه‌کان بێت و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و ناوچه دابڕاوه‌کان و دواتریش په‌ل بهاوێت به‌ره‌و ناوچه‌کانی دیکه‌ی هه‌رێم!
به‌ڵگه‌ی ڕوونیش که ده‌ریده‌خات ئه‌و کاره پلانێکی داڕێژراو بێت ئه‌وه‌یه که سوپای عێراقی له ناوچه‌کانی موسڵ و ده‌وروبه‌ری ئه‌و هه‌موو چه‌ک و تانک و زرێپۆشه‌ی به‌بێ هیچ به‌ره‌نگاریه‌کی به‌رچاو ڕاده‌ستی هێزه‌کانی داعش کردووه!
لێره‌وه ده‌کرێت بڵێین که هه‌رکام له‌و گریمانانه‌ی باسمان کردن ڕاست بێت یان هه‌ر دهسایسێکی تری له‌پشته‌وه هه‌بێت ، کورد ده‌توانێت سوود له‌م هه‌لومه‌رجه وه‌ربگرێت و ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2003 دا نه‌کرا و له‌باربرا ، ئه‌مجاره‌یان له‌ژێر بیانوی هه‌ڕه‌شه‌کانی داعشدا زیندوی بکاته‌وه و هه‌لێکی ئاوا زێڕین جارێکی تر له‌ده‌ست نه‌درێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان و توندوتۆڵ کردنی هێڵه‌کانی ته‌ماس .
ئاشکراشه که ههنگاوێکی له‌و جۆره پشتگیری ئه‌مریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایشی ده‌بێت ، به‌وپێیه‌ی داعش له ئێستادا یه‌کێکه له گروپه تیرۆرستیه پڕمهترسیهکانی ناوچه‌که!
به‌ڵام ده‌بێت پلانی درێژخایه‌ن و تۆکمه و گرنگ بۆ جوڵانێکی له‌وشێوه‌یه داڕێژرێت و چه‌ند ههنگاوێکی گرنگ هه‌یه بگیرێته‌به‌ر بۆ مسۆگه‌رکردنی ده‌رئه‌نجامه خوازراوه‌کان و هه‌روه‌ها خه‌ڵک ڕاسته‌وخۆ پێگه و ڕۆڵی هه‌بیت له‌و به‌رگری و پارێزگاری کردنه‌که‌ی هه‌رێم و ناوچه دابڕاوهکانیشدا.
یه‌که‌م: پێش هه‌ر شتێک هه‌رچی ئاواره‌و ڕاکردوهکانی ده‌ستی داعشه له ژماره‌یه‌ک ئۆردوگادا جێگا بکرێنه‌وه که شایسته بێت به ژیانی مرۆڤ و هه‌موو پێویستیه‌کیان بۆ دابین بکرێت و ڕێکخراوه نێودهوڵهتیهکانیشیان لێ ئاگادار بکرێته‌وه ، به‌ڵام چاکتر و گونجاوتره که چاودێری وورد بکرێن و هاتوچۆیان به‌پێی ڕێنمایی په‌یوه‌ست به‌دۆخه‌که بێت ، نه‌ک داعش شانه‌ی نوستووی تێدا چاندبێتن و خۆیان بۆ پشێوی ناوخۆی هه‌رێم نابێته‌وه ئه‌وکاته‌ی هێزه‌کانی هه‌رێم ده‌که‌وێته به‌ره‌نگاری و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ چه‌کدارانی داعش ده‌کات.
دووه‌م : به‌و پێیه‌ی هه‌تا ئێستا هێزی به‌رگری هه‌رێم یه‌کپارچه نیه و توانای سه‌ربازی دابه‌ش بووه به‌سه‌ر دوو لایه‌نی سیاسی‌دا و به‌هۆی ئینتمای حیزبیه‌وه په‌رت ولاواز کراوه ، ده‌بێت زۆر به‌په‌له ڕێگه بدرێت ده‌سه‌ڵاتی شورای شاره‌کان هاوشێوه‌ی ساڵی 1991 پێکبهێنرێت و ئه‌کتیڤ بکرێنه‌وه و هاوکاری ته‌واو بکرێن له‌ڕووی پێدانی چه‌ک و پێداویستیه‌وه و گشت ئاسانکاریه‌کیان بۆ بکرێت و هیچیان که‌متر نه‌بێت له هێزه‌کانی پێشمه‌رگه .
سێیه‌م : گه‌وهه‌ری پلانه‌که داکوتانی سنگ و مێخی سه‌ربازی بێت له ناوچه هه‌ستیاره‌کاندا و مه‌ته‌رێز و سه‌نگه‌ر و په‌ناگه‌ی ژێرزه‌مینی به‌هێزی کۆنکریتی لێبدرێت و ته‌لبه‌ند و قووله و تاوه‌ری به‌رز له‌و ناوچانه‌دا داکوترێن که پانتاییه‌کی درێژکراوه‌ی سنووری بکاته ناوچه‌یه‌کی سه‌ربازی نه‌به‌زێنراو ، هه‌روه‌ها له‌ڕێی پارله‌مانی کوردستانه‌وه به‌یاسایه‌کی تایبه‌ت بخرێته ژێر باری نائاساییه‌وه .
چواره‌م : ده‌بێت له‌مڕۆ به‌دواوه گوتاری هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌که‌ی بچێته قۆناخێکی دیکه‌ی مامه‌ڵه‌ی سیاسیه‌وه ، هه‌موومان ده‌زانین که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم هه‌تا ئه‌مڕۆ له دوو خولگه‌ی دژبه‌یه‌کدا ڕێکار و مامه‌ڵه و به‌رخورد ده‌کات ؛ یه‌کێکیان خۆبه‌که‌مزانی و شه‌رمنی سیاسی بووه به‌رامبه‌ر ئه‌و له‌مپه‌ره ده‌ره‌کیانه‌ی کێشه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا هه‌یه و له‌به‌رامبه‌ر گه‌لی کوردستانیشدا به‌رده‌می خۆیان نابینن هێنده لووتبه‌رز و له‌خۆبایی ڕێده‌که‌ن !
ده‌بێت ئه‌و دوو مامه‌ڵه‌یه ڕێک پێچه‌وانه بکرێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ببێته شه‌رمنی به‌رده‌م گه‌وره‌یی خه‌ڵک و چاوبزێکی نهترسیش بێت به‌رامبه‌ر له‌مپه‌ر و هێزه ده‌ره‌کیه‌کاندا…
پێنجه‌م : ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان خاوه‌نی ئه‌زمونیش نه‌بێت له‌ئیداره کردنی جه‌نگ و ئاشتیدا ، ئه‌وا ده‌بێت سوود له ئه‌زمون و مێژووی گه‌لانی تر وه‌رگرێت!
بۆ نمونه ؛ ئیسرائیلیه‌کان له ساڵی 1947دا ته‌نها له سه‌دا 56%ی خاکی فه‌له‌ستینیان له‌لایه‌ن به‌ریتانیه‌کانه‌وه پێدرا ، ته‌نانه‌ت قودس و زۆر ناوچه‌ی دیکه‌شیان له‌ده‌ستدا نه‌بوو ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕی گه‌له‌کۆمه‌ی عه‌ره‌ب له ساڵی 1948 دژیان به‌رپاکرا ، ئیسرائیلیه‌کان توانیان پانتاییه‌کی گه‌وره له ناوچه عه‌ره‌ب نشینه‌کان به قودسیشه‌وه له‌ده‌ست عه‌ره‌به‌کان ده‌ربهێنن و هه‌تا ئێستاش نه‌یانگه‌ڕاندۆته‌وه بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان .
جارێکی تریش عه‌ره‌به‌کان له‌ساڵی 1967دا به‌ختی خۆیان تاقی کرده‌وه و هێرشێکی دیکه‌ی به‌ربڵاویان له‌چه‌ندین قۆڵه‌وه کرده سه‌ر ئیسرائیلیه‌کان و ئه‌م جه‌نگه له مێژوودا به جه‌نگی (شه‌ش ڕۆژه) ناسراوه.
هه‌رچه‌نده هیزه عه‌ره‌بیه‌کان پێکهاتبوو له جه‌نگاوه‌رانی فه‌له‌ستینی و میسری و سوری و ئوردنی و لوبنانی و سعودی و ئیخوانه‌کان ، به‌ڵام ئه‌م جه‌نگه‌شیان دۆڕاند و ئیسرائیلیه‌کان توانییان چه‌ندین پانتایی له خاکی وڵاتانی ده‌وروبه‌ریان داگیر بکه‌ن ؛ وه‌ک به‌رزاییه‌کانی جۆلانی سوریا و بیابانی سینا له میسر و ناوچه‌کانی خواروی لوبنان و به‌شێکیش له ئوردن ، جگه له‌وه‌ش له‌ناو خودی فه‌له‌ستیندا زهففهی خۆرئاوا و غه‌ززه و هه‌موو ناوچه عه‌ره‌ب نشینه‌کانی دیکه‌ی ده‌ست به‌سه‌ردا گرت و داگیر کرد .
له‌وکاته‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ یه‌کێک له‌داخوازیه‌کانی شانده دانوستانکاره‌کانی عه‌ره‌بی ئه‌وه‌یه که ئیسرائیلیه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه سنووری دیاری کراوی پێش ساڵی 1948 و ناوچه داگیرکراوه‌کان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ فه‌له‌ستین !
به‌ڵام ئیسرائیلیه‌کان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی کردووه به پێشمه‌رج بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی و سیاسه‌تی ( خاک به‌رامبه‌ر به‌ئاشتی ) پێ ئیداره ده‌که‌ن و به‌شێکی زۆریشی له‌ده‌ستدا ماوه‌و نه‌یانگه‌ڕاندۆته‌وه و پێناچێت هه‌رگیز بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ فه‌له‌ستینی و سوریه‌کان !
من له‌م خاڵه‌دا که ئاماژه‌م بهمێژووچهی ململانێکانی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل کرد ؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه کوردیش هێرش بکاته سه‌ر مڵک و زه‌وی و ئاوی خه‌ڵکی تر ، به‌ڵکو له‌و چه‌ند دێڕه‌دا ئه‌و ڕاستیه ئاشکرا و به‌رجه‌سته ده‌بێت و ده‌سه‌لمێت که‌باشترین ڕیگاچاره بۆ به‌رگری له‌خۆکردن ههنگاوههڵێنانه به‌ره‌و هه‌رده سنووریه‌کان بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و هێڵه نه‌به‌زێنراوه سه‌ربازیه‌ی که پشتێنه‌یه‌کی به‌رگری دروست ده‌کات و له‌ڕووی لۆجیستیشهوه ئاسانکاریه بۆ کاری به‌رگری هه‌نووکه‌یی و درێژخایه‌ن .
ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره نه‌کرێت ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕێی زه‌فه‌ر و هێرشی به‌رامبه‌ر بکرێت و خه‌ڵکی هه‌رێم و ناوچه دابڕاوه‌کان و هێزه به‌رگریکاره‌کان دوچاری شه‌ڕی کۆڵان به‌کۆڵان و ناوشاره‌کان ببنه‌وه !
شه‌ڕێکی له‌و جۆره‌ش به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌نگه‌ر گرتن و پشتێنه سنووریه‌ی که پێشتر باسم کرد ، خوێن و قوربانی و ماڵوێرانی زۆرتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ و به‌هه‌موو پێوه‌رێک ماکی شکست له‌هه‌ناویدا هه‌ڵده‌گرێت نه‌ک سه‌رکه‌وتن !
– ئه‌مریکا