Turkman

بەرپرسێكی باڵای توركمان: ئەمڕۆ لە پێشمەرگە تێگەیشتین و تا ئێستە زۆر هەڵە بووین .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرپرسێكی باڵای توركمان لە كەركووك پەشیمانی خۆی لە لێدوانەكانی پێشووی بەرامبەر بە هێزەكانی پێشمەرگە رادەگەیەنێت و دەڵێت ، ” زۆر زۆر هەڵە بووین بەرامبەر بە پێشمەرگە و ئێستە تێگەیشتین پێشمەرگە پارێزەری هەموو پێكهاتەكانی كەركووكە “.

نەجات حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك و سەرۆكی رەوتی هاوپەیمانی توركمانی شیعە ، بە ” وشە ” ی راگەیاند ، كەمێك پێش ئێستە هێزەكانی پێشمەرگە بە تەواوی گوندی بەشیریان لە چەكدارانی داعش پاك كردەوە و لە ئێستەدا گوندەكە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵ كراوە .

گوندی بەشیر بە دووری 25 كم كەوتووەتە باشووری شاری كەركووكەوە ، دانیشتووانەكەی توركمانی شیعە مەزەبن .

حوسێن بەناوی توركمانەكانی شارەكەوە سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد ، بەوەی توانیویانە سەر و ماڵی توركمانانی دانیشتووی گوندی بەشیر بپارێزن و ئاماژەی دا، ” ئەمڕۆ بۆمان دەركەوت پێشمەرگە پارێزەری هەموو پێكهاتەكانی كەركووكە ” و داوای كرد ، “هێزەكانی پێشمەرگە بۆ هەمیشە لە كەركووك جێگیر بكرێن لە پێناو پاراستنی پێكهاتەكانی شارەكە “.

لە بەیانی ئەمڕۆوە چەكدارانی داعش لە سێ‌ قۆڵەوە هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیسی شارۆچكە و شارەدێیەكانی كەركووك ، لە گوندی بەشیر، گوندی مەلا عەبدوڵا و یایچی و بە هاوەن بۆردومانی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیسیان كرد ، بەهۆی بۆردومانەكانی چەكدارانی داعشەوە، ژمارەیەك لە پێشمەرگە و هێزەكانی پۆلیس شەهید و بریندار بوون .

سەرۆكی رەوتی هاوپەیمانی توركمانی شیعە یەكێك لەو كەسایەتییە سیاسییانەی توركمان بوو، كە دوای پێكهێنانی هێزەكانی دیجلە-فرقەی 12ی سوپای عێراق بە فەرماندەیی عەبدولئەمیر زەیدی – بە توندی رەخنەی لە هێزەكانی پێشمەرگە دەگرت و پێداگیری لەسەر ئەوە دەكرد كە نابێت بە هیچ شێوەیەك هێزەكانی پێشمەرگە لە شاری كەركووك بن.

دەربارەی لێدوانەكانی پێشووی دژ بە ئامادەیی هێزەكانی پێشمەرگە لە شاری كەركووك، نەجات گوتی ، ” زۆر زۆر پەشیمانم لە لێدوانەكانم بەرامبەر بە پێشمەرگە و ئێمە پێشتر پێمان وابوو ئەگەر پێشمەرگە بێتە كەركووكەوە هەموو توركمان و عەرەبی كەركووك دەردەكاتە دەرەوە “.

ئاماژەی دا، ” ئەمڕۆ تێگەیشتین ، پێشمەرگە تەنیا پارێزەر و موڵكی كورد نییە ، بەڵكو پارێزەری هەموو پێكهاتەكانە و پێویستە لە كەركووك جێگیر بكرێن”.

ئاشكرای كرد، لە ئێستەدا سەرقاڵی پێكهێنانی هێزێكی خۆبەخشن لە گەنجانی توركمانی كەركووك، ” دەمانەوێت گەنجانی توركمان شان بە شانی برا پێشمەرگەكانیان لە پێناو پارێزگاری لە كەركووك چەك هەڵگرن “.

سەرچاوە / وشە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت