Ako-Ibrahim

ئاکۆ برایم : حکومەتى دەست و پێ سپى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من حاڵى نابم ئەم حکومەت هەرخۆى واخوڵقاوە ، یان لەلایەن کەسانێکى بێ بەرنامە پلان بەڕێوەى ئەبرێت ؟ بۆهیچ کێشەوگرفت و پێش هاتێک چارەسەرى نى یە ، بۆهیچ رووداو و حاڵەتێکى کتوپڕ تەدبیرى پێویستى نیە . دوورنەڕۆین ، بەملیۆن جار باسکراوە ، هەموان شارەزاى وەزعى رێگاوبانین ، ئەزانین کەتاچەند کێشەو گرفتمان هەیە ، هەر لەخراپى رێگا و بان بۆ سەقەتى شوفێر و بۆ خراپى سیستەمى هاتوچۆ ، کەچى حکومەت لەبرى ئەوەى بیر لەچارەسەرى ریشەى بۆ ئەو گرفتە بکاتەوە ، دێت وەزعەکە قۆڕتر دەکات ، بەپێچەوانەوە رۆژانە بەهەزاران ئوتومبیلى دیکە داخڵى هەرێم دەکات . یاخود لەبرى بوژاندنەوەى ژێرخانى وڵات و برەو دان بە کەرتەکانى دیکە ، نیوەى کوردى کردوە بەموچە خۆرى بێ بەرهەم ، کەمانگانە نیوەى زۆرى داهاتى حکومەت بەبادەدرێت ، بەداخەوە تا ئێستا خاوەنى ئابوریەکى سەربەخۆ و داهاتێکى خۆمان نین ، تەنها و تەنها هەربەشە بودجەى بەغایە ، کە بینیمان بەیەک مانگ نەناردنى توشى چ تەنگژەیەک بوین .

ئەوانەش بەهەرحاڵ ، ناخۆشترین شت بۆ ئەم سات و کات و گرژیەى ناوچەکەى گرتۆتەوە ، سوپاس بۆخوا تائێستا لەئێمەوە دوورە ،، بەڵام ئاسەوارو گاریگەرى لەسەرمان هەیە ، ئەبوایە بەخێرێ حکومەت لەسەرەتاى گرفتەکەوە رێوشوێنى پێویستى بگرتایە بەر ، تۆ سەیرى ناوبازاڕ نرخى شتومەک فڕیوە ، بچۆ بەنزینخانەکان چۆڕێ بەنزینى تیا نەماوە ، ئەى کوا حکومەت ؟ کوا پلان ؟ کوالێپێچینەوە ؟ بۆچى ناپرسێت بۆچ دۆخەکەواوئاڵۆز بووە ، کێ سەبەبکارەو دەستى تیایەتى ؟ ئەوەى وا دەکات ئەویش بەشێک نى یە لەداعش و لەدوژمن تاوانبارتر نى یە .؟!
لاریمان لەوەنى یە کەژمارەیەکى زۆر خێزانى عەرەب رویان لەهەرێم کردوە ، ئەمانیش بۆخۆیان خۆراک و پێداویستى و بەنزین و شتومەکیان دەوێت ، بەڵام ناکاتە ئەوەى نرخ نیواو نیو بفڕێت ، قەیران دروست بێت . چۆن حکومەت لەراگەیاندن و میدیاکانەوە بانگەشەى ئەوە دەکات کە ژیان و خۆراک وئاسایشیان بۆ مەیسەر دەکات ، ئەوە کارى حکومەت و لایەنى بەرپرسە ، بەڵام چ رەواى هەقە لەسەر بەشە خۆراک و شتومەکى من پیاوەتى بکات ؟ بۆخاترى هاوکارى و دەستگیرۆى چەند هەزار خێزانێک ، هەرێمێکى چەند ملیۆنى توشى کێشەو قەیران و شڵەژان و گرانى بکەیت ؟
ئایا حکومەت بیرى لەوە نەکردۆتەوە کە ئەو یاریکردنە بەنرخى شتومەک و داخستنى بەنزینخانەکان ، لەلایەن کۆمەڵێک کەسى چاوچنۆک و نەفس نزم وخیانەتکار بە میللەت ، هەروەها بێ پلان وبەرنامە و خەمساردى حکومەت خۆى ،ئەبێتە شەڕێکى دەروونى ئاڵۆز ، ورەى خەڵک و پێشمەرگەو بەجارێک ئەڕوخێنێت ؟
باشە کێ وەڵامى ئەو پرسیارەم دەداتەوە . من پێشمەرگەم بەدوومانگ و زیاتریش ئەوجا موچەیەک وەردەگرم ، ئێستا چومەتە بەرەى پێشەوە بۆپارێزگارى لە کوردستان ، نازانم شەڕى دوژمن بکەم ، یان شەڕى بژێوى و ژیان ؟ لێرە بەهەموو هێزو ورە و بیروباوەڕێکم ئاو وخاکى نیشتیمان دەپارێزیم و ، ناهێڵم داعش و دوژمنان پێشڕەوى بکەن ، ئایا ئەو کارەى من بەرگرى یە لە وڵات ، یان بەرگرى یە لەبەرژەوەندى کۆمەڵێک دەوڵەمەند وبەرپرس ، کە لەسایەى بارودۆخەکە چەندین ملیاردێرى تر هەڵدەتۆقن و ئێمە و مانانیش زیاتر و زیاتر دەچین بەچاڵى لەعنەدا .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت