ماردین محه‌مه‌د : تانوپۆی چنینی ده‌وڵه‌تێک , له‌ته‌ونی حیکمه‌تی سیاسی‌دا .
هه‌میشه سیاسه‌تی کۆڵه‌وار و کزبینی سیاسی، کوێره‌وه‌ری و به‌شمه‌ینه‌تی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و ده‌یان ساڵ شوێنه‌واری تاڵ و تفت له‌سه‌ر ژیان و سایکۆی خه‌ڵک جێده‌هێڵێت!
له ده‌یه‌ی پێش کۆتایی سه‌ده‌ی بیستدا که له سه‌رێکه‌وه سه‌رده‌می زێڕین بوو بۆ بلۆکی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوایی و ڕۆژبه‌ڕۆژ توانسته سه‌ربازی تهنکنهلۆژیهکانی ڕوو له هه‌ڵکشان بوو، له سه‌رێکی تریشه‌وه وڵاتانی بلۆکی رۆژهه‌ڵات له‌نێو تارمایی هه‌ڵدێران و به‌ره‌و نسکۆ و لێکترازان ڕۆژگاریان به‌ڕێ ده‌کرد، که ئه‌وه‌ش ده‌رئه‌نجامێکی چاوه‌ڕوان کراو و حه‌تمی به‌لاڕێدا بردنی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر بوو.
ئه‌وکات هه‌موو ئاماژه‌کان به‌و ئاڕاسته‌یه بوون که دنیای دوو جه‌مسه‌ر یان دوو زلهێز مانایه‌کی نه‌مابێ، به‌ڵکو ته‌نها هێزی کاریگه‌ر له‌گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازیدا خۆی له‌هێزی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوایدا ده‌بینیه‌وه که؛ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین پاشخانی به‌رهه‌می جه‌نگی و چه‌ک و جبه‌خانه‌ی سه‌ربازی ده‌یان ساڵه‌ی شه‌ڕی سارد بوون!
له‌وسه‌رده‌مه‌دا گه‌وره‌ترین خه‌می ڕۆژئاواییه‌کان ده‌ربازبوون و ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو چه‌ک و که‌ره‌سته جه‌نگیانه بوو که کۆگاکانی سه‌رزه‌مین و ژێرزه‌مینی سیخناخ کردبوو، هه‌روه‌ها تامه‌زرۆی دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌پانێکی جه‌نگ بوون بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌م و ته‌کنه‌لۆژیا جه‌نگیه نوێیانه‌ی که له‌جه‌نگ و کوشتاری ڕاسته‌قینه‌دا بهکارنهبرابوون!
ئه‌وه بوو ( سه‌دام) ی سه‌رکێش به‌هۆی کاڵفامی سیاسی و سهرکێشیهکانیهوه ئه‌و بازاڕ و گۆڕه‌پانه‌ی له‌سه‌ر ده‌فرێکی زێڕین پێشکه‌ش به ڕۆژئاواییه‌کان کرد!
ئه‌ویش له‌ڕێی ئه‌و داگیرکاریه‌وه که‌ناوی لێنا؛ ( گه‌ڕانه‌وه‌ی چڵ بۆ ئه‌سڵ ) و ده‌ستی گرت به‌سه‌ر وڵاتی کوه‌یتدا.
سه‌رئه‌نجام به‌هۆی ئه‌و بێ حیکمه‌ته سیاسیه‌شه‌وه ده‌یان تریلیۆن دۆلاری بۆ ڕۆژئاواییه‌کان چنیه‌وه و ژماره‌یه‌ک له وڵاتانی ناوچه‌که‌شی خسته ژێر باری قه‌رزێکی گه‌وره‌ی خۆپڕچه‌ک کردنه‌وه، نمونه‌ی به‌رچاویش وڵاتی سعودیه بوو ، که یه‌کێکه له وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ناوچه‌که و جیهان ،ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌شی له‌وێدا توایه‌وه عێراقیشی دوچاری ههڵدێرانێک کرد، که هیچ گره‌نتیه‌ک نیه بۆ ڕزگار بوون و گیرسانه‌وه‌ی!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیاسیه‌کانی وڵات پڕحیکمه‌ت بن و خوێندنه‌وه‌ی وردیان هه‌بێت بۆ پێشهاته‌کان و بارودۆخه جیاوازه‌کانی دنیا، ئه‌وکات ده‌زانن له چ کات و بار و دۆخێک‌دا بگه‌نه ئامانجه‌کان و گۆڵی بردنه‌وه‌ی گه‌مه سیاسیه‌کان چۆن و له چ کاتێکدا تۆمار بکه‌ن!
ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌که ڕوسیا ده‌یکات له ئۆکرانیا و نیمچه دورگه‌ی قرم، به هه‌موو پێوانه‌یه‌ک هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌یه که عێراق له ئابی 1990 دا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی کوه‌یتدا کردی!
به‌ڵام کاتێک ڕوسیا قرم داگیر ده‌کات و کۆده‌نگی نێونه‌ته‌وه‌یی دژی هه‌ڵوێستی ڕوسیا هاوشێوه‌ی ئه‌وه نیه که دژی عێراق گیرایه‌به‌ر له‌داگیرکردنی کوه‌یتدا، به‌ڵگه‌ی ئه‌و حیکمه‌ته سیاسیه‌یه که پێشتر باسم کرد و له‌م چه‌ند خاڵه‌شدا زیاتر تیشکی ده‌خه‌مه سه‌ر؛
سه‌ره‌تا فلادیمێر پوتین و سیاسه‌تکاره ڕوسه‌کان ده‌زانن که ڕۆژئاوا له قه‌یرانێکی دارایی قوڵدایه و هێشتا پشتی له‌ژێر ئه‌و باره‌دا ڕاست نه‌بۆته‌وه و ناتوانرێت هاوشێوه‌ی ساڵی 1991 که کۆده‌نگی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو بۆ ده‌رکردنی عێراق له خاکی کوه‌یت هه‌مان کۆده‌نگی دژ به‌ئه‌وانیش بکرێت!
جگه له‌وه‌ش روسیای خاوه‌ن هێزی سه‌ربازی و جبه‌خانه‌یه‌کی ئه‌تۆمی گه‌وره یه‌کسان نیه به عێراقێکی لاواز و شه‌که‌تی هه‌شت ساڵ له جه‌نگدا بوو!
هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌و ڕاستیه چاک ده‌زانن که هه‌ر ئاڵۆزیه‌ک یان هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی ڕه‌نگه ببێته هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێکی گه‌وره که کوژاندنه‌وه و کپ کردنی ئاسان نابێت گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت!
خاڵێکی تری گرنگ که “پوتین’ لێی به‌ئاگابوو ئه‌وه‌بوو که ده‌یزانی گره‌وی دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئیداره‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئامریکا پشکێکی گه‌وره‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و گفتانه‌ی که ئۆباما و دیموکراته‌کان دایان به‌گه‌لی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت بهپاشهکشهکردن له‌عیراق و ئه‌فغانستان و ساڕێژکردنی برینه‌کانی ئه‌و دوو جه‌نگه.
که‌واته ڕووسه‌کان ده‌یانزانی که ئه‌مریکیه‌کان هیچ ئامادهگیهکیان نیه بۆ جه‌نگ و ئاڵۆزی نوێ، لانیکه‌م له‌سه‌رده‌می ئه‌م سه‌رۆکایه‌تیه‌ی ئێستایاندا.
لێره‌وه ڕوسه‌کان گه‌یشتنه ئه‌و ڕاستیه‌ی که کاردانه‌وه‌کان له ڕێگای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه ده‌بێت و له‌وانه‌یه هه‌ندێ بڕیار له‌و دوو ده‌زگا نێودهڵهتیهوه ده‌رچێت، که ئاسته‌نگ بخاته به‌رده‌م په‌یوه‌ندیه بازرگانیه‌کانی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی ئه‌وروپی یان به‌دیوێکی تردا بڵێین گه‌مارۆیه‌کی سنورداری ئابوری بخرێته سه‌ر کریملن.
ئاشکرایه گرتنه‌به‌ری ئه‌و په‌رچه‌کرداره‌ش کاریگه‌ری نێگه‌تیڤانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وروپیه‌کان زۆرتر ده‌بێت وه‌ک له ڕوسیا، چونکه وڵاتانی کیشوه‌ری ئه‌وروپا نزیکه‌ی له 35%ی غازی سروشتی وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ووزه له ڕوسیا ده‌کڕن.
هه‌روه‌ها خاڵی گرنگ و گریمانه‌ی کۆتایی که له‌وه ده‌چێت ڕوسه‌کان بهسانتیم و ملیم حسابیان بۆ کردبێت ئه‌وه‌یه؛ گه‌ر گه‌مارۆکان زۆر توند‌و سه‌ختیش بن و ئه‌وروپاش پشت بکاته کڕینی غازی سروشتی وڵاته‌که‌یان، ئه‌وا هه‌رهه‌مووی شێوازێکی کاتی له‌خۆده‌گرێت و هێشتا زه‌ره‌رمه‌ند نین له ده‌ست به‌سه‌راگرتنی نیمچه دورگه‌که.
به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و دورگه‌یه له نه‌وت و غازی سروشتی و خه‌ڵوزی به‌ردین و مس و ئاسن و قوڕقوشم و مه‌نگه‌نیز هێنده زۆره که ئه‌و بڕیاره کاتیانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له نرخی که‌م ناکاته‌وه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی که ئه‌و دورگه‌یه جێکه‌وته‌یه‌کی جیۆگرافی و ستراتیجی گرنگی هه‌یه و خاوه‌نی ژێرخانێکی کشتوکاڵی به‌هێزیشه.
که‌واته ده‌کرێت سه‌رله‌به‌ر هه‌موو گریمانه‌کان لێکدانه‌وه‌یان بۆ کرابێت و سه‌لیقه سیاسی و سه‌ربازی و ستراتیجیه‌کان سه‌رجه‌میان خرابێته خزمه‌ت ئه‌و بڕیاره‌وه که (فلادیمێر پۆتین) شه‌رعیه‌تی له پارله‌مانی وڵاته‌که‌یه‌وه بۆ وه‌رگرت و دواتریش پارله‌مانی قرم ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ردا و له‌دوای ئیستفتایهکی دانیشتوانی دورگه‌که‌ش سه‌رۆک بڕیاره‌که‌ی نارده دادگای ده‌ستووری وڵات بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌ستووریش وه‌رگرێت!
لێره‌وه ده‌کرێت کورد به په‌له و به‌سوود وه‌رگرتن له‌و کۆمه‌ڵه هه‌لومه‌رجه ڕه‌خساوه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و عێراقیه‌ی له ئارادان که دیارترینیان ڕووداوه‌کانی ئه‌م دوواییه‌ی هێزه‌کانی داعشه ، زووبه‌زوو نه‌خشه‌ڕێیه‌ک بۆ جیابونه‌وه له‌عێراق یان به‌زمانێکی تر بۆ سه‌ربه‌خۆی کوردستان له ڕێگای دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌ک یان بۆردێکی پێکهاتوو له که‌سانی ( یاسایی و ئابووریناس و کۆمه‌ڵناس و ته‌کنۆکرات) که هه‌موان پێکڕا کاریان داڕێژانی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێیه بێت که ڕوخساری ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌نه‌خشێنێت و هاوڵاتی بوون بنه‌مای سه‌ره‌کی ماف و ئه‌رک بێت تێیدا.
دواتریش بخرێته ده‌نگدانێکی جه‌ماوه‌ری سه‌راسه‌ریه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتێکی به‌هێز و شه‌رعی هه‌بێت و بۆ دنیا ئاشکرا بێت که ئه‌و بڕیاره ئیراده‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستانه نه‌ک چه‌ند که‌س و لایه‌نێکی دیاری کراو.
شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه که کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زۆرتر حساب بۆ ئه‌و بڕیاره چاره‌نوسسازانه ده‌کات که کۆده‌نگی جه‌ماوه‌رییان تێیدا زاڵه و پاڵپشتی هاوڵاتیانی هه‌یه.
حیکمه‌تی بڕیارێکی له‌و شێوه‌یه له‌م دۆخه‌ی ئێستادا له‌وه‌دایه که ؛
یه‌که‌م/ په‌رچه‌کرداره نێوده‌وڵه‌تیه‌کان لاواز و بێ ئه‌رزش ده‌بن به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌وه که لهسهریکهوه ڕوسیا هێناویه‌تیه ئاراوه و له‌سه‌رێکی تریشه‌وه داعش هه‌موو هاوکێشه‌کانی گۆڕی.
دووه‌م/ تورکیا نه‌خۆی ده‌توانێت فشار بکات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌که نه ده‌توانێت فشار بخاته سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، له‌کاتێکدا کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی کێشه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ڕوسیا بۆ چاره‌سه‌ر نه‌کراوه و کوردیش ئه‌نجه‌تی پاراستنی ئه‌منیه‌تی له‌ده‌ستدایه!
سێهه‌م/ ئێران له قۆناخێکدایه که‌له سه‌رێکه‌وه سه‌رقاڵه بهساخلهمکردنهوهی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه ئاڵۆزه‌کانی خۆیه‌وه و له‌سه‌رێکی تریشه‌وه حکومه‌ته‌که‌ی (نوری مالکی) که براله‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تارانه، لهغهرغهرهی داچووندایهو ئێرانیه‌کان ناتوانن له ئێستادا ڕۆڵی نێگه‌تیڤ دژی سه‌ربه‌خۆیی کورد ببینن.
چواره‌م/ سوریا هه‌رچیه‌کی له‌ده‌سه‌ڵاتدا بێت یان پێی بکرێت له‌خزمه‌ت ساڕ‌ێژ کردنی برینه‌کانی خۆیدا سه‌رفی ده‌کات، له ئێستادا له‌وه‌ناچێت ئه‌وه‌شی پێ بکرێت!
پێنجه‌م/ عێراق هه‌رگیز له‌وه ئاڵۆزتر نابێت که بیانوی پێکه‌وه له‌گه‌ڵ نـهژیان و له‌گه‌ڵ ههڵنهکردنیان پێ بگیرێت !
سه‌رباری ئه‌و هه‌موو بڕگه و خاڵه سه‌ره‌کیانه‌ی که له‌باری و گونجاوی دۆخه‌که ده‌سه‌لمێنێت! خاڵێکی تری گرنگیش ئه‌وه‌یه که؛ ساخبونه‌وه‌ی کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌فه‌رهه‌نگی ململانێی چینایهتیشدا جێگایه‌کی گرنگ و له‌پێشینه و به‌رچاوی هه‌یه و (مارکس و ئه‌نگڵس) یش ئاماژه‌یان به‌و گرنگیه داوه.
له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ی باسم کردن و هه‌تا ئه‌و ئاڵۆزی و کێشه هه‌نوکه‌ییانه ساڕ‌ێژ نه‌بوون (ئێستا) باشترین هه‌لی ڕه‌خساوه که بڕیاری جیابونه‌وه له عێراقی تێدا بدرێت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ڕابگه‌یه‌نرێت به ناوچه دابڕاوه‌کانیشه‌وه.
ئه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان و سه‌رجه‌م حیزبه خاوه‌ن کورسیه‌کانی ناو پارله‌مان خواستی جیابونه‌وه له‌عێراق و سه‌ربه‌خۆییان هه‌بێت ؟!
ئه‌مریکا 17-6-2014