دارا خونچە : ئەستێرەش نەبای ..!
پێشکەشە وە خۆم و هەر کەسەکی دیکە کە دەیەوێ پێشکەشی خۆی بکا!
رۆژ نەبوو چەندین جار
خۆ لەبەر تیشکی شەو لانەدەم و
رۆشناییەکان لە تارماییم نەگرن..
کەچی تازە دەرفەت نەما و کات راگوزەری؛
کێ نایزانی
ئەز لەپاولەپ خۆم رادەستی رۆشنایی کرد!
کێ نایبینی
کێ نایبیستی
کێ هەست ناکا
ئەز لەسەر چەنگ
لە بەر دامەن و پێ و پلی
گەلەئەستێرە رووکەش و ناخ رەشەکان
تەخت بوومە!
جا خۆ ئەتوو.. ئەستێرەش نەبای
هەر دەبوو
دەربەستی درەخشانەوەی چاوانت و
شەپۆڵی ورتکە ئاوری ژێر پێیانت و
گورزە تیشکی جموجۆل و بزاوتت بام!
ئاخەر نووکە
شەو نییە چەندین جار
خۆ لەبەر تاریکیی هەتاو لانەدەم و
تارماییەکان لە رۆشناییم نەگرن..
شەو نییە.. پنت وە پنتی
جەستە و سەراپای دەروونم
وەبەر پڕووشە ئاورینگ و
هەژموونی گڕ و هاڵاوی
درەخشانەوەت نەکەون!!!