عیماد عەلی : کام تەوەر پاڵپشتی پێشکەوتنی کوردستان دەکات .
ئەوەی تا ئێستا روونە لامان ، کە رەوتی سیاسی کوردستان بەسەر دوو تەوەری جیاوازی ناوچەیی و نێوخۆییدا دابەشبوە . تەوەری وڵاتانی سونە و شیعە و هاوبەرژەوەندیە جیهانیەکانیان ، دەتوانین بڵێین دوور لە تەورە هەرێمیەکە ، لە نێوخۆی هەرێمدا دوو بەرەی پێشکەوتنخواز و موحافکار هەن ، ئەمە جگە لە هەندێک لایەن کە سەرکردایەتیەکانیان بە پێی بەرژەوەندیە تایبەتی و شەخسیەکانیان ، لەو نێوەندەدا یاری دەکەن ، یان خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە، بەڵام جەماوەر و قاعیدەیان لە یەک تێروانین و بۆچوندا دەبینرێنەوە . ئەوەی بە ئاشکرا دیارە کە بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری بابەتی و خودیەوە ، بەرەی موحافزکار بەهێز و زاڵترە .
ئەگەر بە وردی لە تەوەرە هەرێمیەکە بڕوانین ، وای دەبینین، کە هەر یەک لەمانە بە پێی بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکانی خۆیان سیاسەت دەکەن ، حەقی خۆشیانە ، ئەگەر لە یاری و هاوکێشەکان تێبگەین و بە ئاراستەیەک رەفتار بکەین کە هاوبەرژەوەند بین لە گەڵیاندا ، دەتوانین هەردوکیان لە بەرژەوەندی دورمەودای خۆماندا بەکاربێنین ، یان بیانخەینە خزمەت ئامانجە چارەنوسسازەکەی خۆمانەوە ، لەبەر ئەوەی هەردوو تەوەر لە ململانێیەکی خوێناویدان و ، ئێمەش تا رادەیەک نەک لەسەر بنەمای ئەوەی کە هێلکەکانمان نەخستبێتە نێو سەبەتەیەکەوە ، بەڵام بە پێی بەرژەوەندیی حزبی نەک لەسەر عەقڵ و مەنتیق و خوێندنەوەی کارلێکەکان، بێ ویست و ئارەزوی خۆمان ، دابەشبوین بەسەریاندا . ئەوەی گرنگە لەم کاتەدا ، ئێمە دەتوانین لەو نێوەندەدا گەمەی خۆمان بکەین ، ئەگەر هێزە دابەشبوە نێوخۆیەکان هاوسەنگی هێز بپارێزن .
ئەگەر ململانێ ناوخۆیەکە بە پێی تەوەرە نێوخۆیەکان وردکەینەوە ، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرپەرشتیکاری بەرەی موحافزکار و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش تا رادەیەک وەک سەرپەرشتیکاری بەرەی پێشکەوتنخواز و باوەربون تا رێژەیەکی باش بە دیموکراسی . ئەوا گۆڕان ، لە رووی سیاسی و راوبۆچونی سەرکردایەتیەوە ، کە هەمیشە سیاسەت و سازش خۆی لەهیچ سەرکردایەتیەک دوور نەخستۆتەوە ، نەک قاعیدە و جەماوەرەکەیان کە پێشرەون و لە پێشەوەی خەڵکانی پێشکەتنخوازەوەن ، تا ئێستا لە هیچ بەرەیەکدا خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە . ئەگەر لەولاشەوە، کۆمەڵێک حزبی بچوکی وەک شیوعی و حسک و زەحمەتکێشان و یایندە هەن کە بە پێی بەرژەوەندی سەرکردایەتیەکانیان رەفتار دەکەن نەک بە را و هەڵوێست و بۆچونی کادر و جەماوەری پێشکەتنخوازیان ، بۆیە ناتوانرێت لە تەوەرێکدا پۆلێنیان بکەین ، وا تا ئەمرۆش لەگەڵ ئەو لایەنەن کە بودجەکەیان مسۆگەر دەکات ، لایەنە ئیسلامیەکانیش بۆچونی فکری و رێباز و رەفتاریان بۆ هەموو لایەک دیارە .
ئێمە ئەگەر قسەمان لەسەر پێشکەتنخوازی و لایەنی پاڵپشتیکاریی بکەین نەک سیاسەت و ململانێی حزبی لە نێوخۆ و ناوچەکەدا ، لەم کاتەدا پێویستمان بە یەکریزی سەرجەم لایەنەکان هەیە بە پێشکەتنخواز و موحافکار و پاشکەتنخوازیشەوە . ئەوە قاعیدەی زۆرینەی حزبەکان بە جەماوەر و ئەندام و کادری خوارەوە ( نەک سەرکردایەتی ) لە تەوەری پێشکەوتنخوازانن .
ئەگەر ئەمرۆ ، ئێمە لە بارودۆخێکی ناوچەیی و نێوخۆیی ئاڵوزداین و لە قۆناغێکی گواستنەوەی هەستیارداین ، پێویستی کوردستان بە هەموو لایەک ، تاوەکو تاکە هاوڵاتیەکیش هەیە ، لەم کاتەشدا ململانێی دەرەکی و بۆچونی عەسکەری و هێز و پارە زاڵترە ، بۆیە جەماوەری موحافزکار تا رادەیەک زۆرترن ، ئەگەر ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری خەڵک و مێژووی کوردستان لەبەرچاو بگرین . بۆیە سبەی رۆژ گۆڕانێکی ریشەیی بەسەر سەرجەم ململانێکاندا دێت و جەماوەریش بەرژەوەندی خۆی و دوارۆژی ولاتەکەی لا پیرۆزترەنەک سەرکردایەتی و حزب ، لەوێشدا حزبەکانیش ملکەچی بیرو بۆچونی جەماوەر و قاعیدەی خۆیای دەبن و تەوەری پێشکەتنخواز لە وەزعی ئاسایی ئاسایش و ئارامی بیر لە ئازادی و خوەشگوەزەرانی و دوارۆژی رونی میلەت دەکاتەوە . بۆیە جەماوەری زۆینەی حزبەکان خۆیان لەیەک بەرەدا دەبیننەوە و ، لەو کاتەشدا ، رەش و سپی و قازانجی میلەت و دوارۆژی نەوەکانی بۆ هەموان رون دەبێتەوەی و مەودای گەشەکردنی موحافزکاری و پاشکەتنخوازی بۆ هیچ کەس و لایەنێک نامێنیتەوە ، لەوباوەرەدام تەنها لایەنێک بەتاقی تەنها لەم تەوەرەدا دەمێنێتەوە و ململانێی سیاسی کوردستان دەکەوێتە سەر سکەی راست و دروستی خۆی .
هەر جەماوەری حزبە پێشکەتنخوازەکانە کە پاڵپشتی پێشکەوتنی کوردستان دەکەن و هەموو قوربانیەک لەو پێناوەدا دەدەن .
ئەوەی گرنگە کەسەرجەم لایەنە پێشکەتنخوازەکان لە یەک بەرەدا کۆببنەوە و بەرژەوەندی سەرکردایەتی و ئەڵقەیەک نەبنَتە بەربەست لەو رێگەیەداو، بە ئاراستەگرتنی ئەو بۆچونە ئاستەنگەکانی پێش پێشکەتنخوازیش نامێنن .