Babe-Gurgur

دکتۆر سالار باسیره : جه‌نگ درێژه‌پێدانی سیاسه‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

‌ له‌ پێناسه‌كه‌ی Clausewitz جه‌نگ به‌واتای درێژه‌پێدانی سیاسه‌ته‌ به‌ ئامرازی تر . هه‌ول ئه‌دات جه‌نگ وه‌ك روداوێك تێبگات كه‌ تێیدا لایه‌نێكی به‌شداری جه‌نگ ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر لایه‌نێكی تری به‌شداربووی جه‌نگه‌كه‌ بسه‌پێنێ .
جه‌نگ شێوازێك له‌ كرداره‌ به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی گێڕ بكات یان سنوری بۆ دابنێت یان بیخاته‌ ژێر خواستی خۆی .
جه‌نگیش هه‌روه‌ك ئاشتی سیاسه‌ته ‌. ئاشتی سیاسه‌ته‌ به‌بێ شه‌ڕ ، جه‌نگیش سیاسه‌ته‌ به‌رێگای جه‌نگ و خوێن ڕشتنه‌وه‌ . سیاسه‌تیش بریتیه‌ له‌ هونه‌ری كه‌لك وه‌رگرتن له‌بارودۆخه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌ت . ” كاتێك ده‌توانین له‌ ناوه‌ڕۆكی جه‌نگ بگه‌ین ئه‌گه‌ر ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی دووفاقیی جه‌نگه‌كه‌ بكۆلینه‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌لگیرسانی .
جه‌نگ هه‌ر ته‌نیا پێكدادانی چه‌كداری نێوان لایه‌نه‌كان نیه‌ به‌لكو ململانێی توندوتیژه‌ له‌ نێوان ئابوری و سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیای لایه‌نه‌كان. به‌ ده‌ستپێكردنی جه‌نگ هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه‌ی ئاماژه‌م پێدا ئاڕاسته‌ی سه‌ركه‌وتن و هێنانه‌دی ئامانجه‌كانی جه‌نگ ده‌كرێن “. به‌لام هه‌موو جه‌نگه‌كانیش هاوشێوه‌ نین . هۆی ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ جیاوازی هه‌لومه‌رجی مێژویی سه‌رهه‌لدانی جه‌نگ و هۆكانی هه‌لگیرسانی جه‌نگه‌كه‌ . هه‌روه‌ها ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌ له‌ پێناویاندا جه‌نگه‌كان به‌رپاكراون . جگه‌ له‌وه‌ جه‌نگه‌كان له‌ڕووی شوێن و زه‌مه‌ن ، چه‌ك و تفاق و شێوازی چالاكیه‌كان هه‌روه‌ها ژماره‌ی پێكدادانه‌كان و به‌رفراوانیه‌وه‌ جیاوازیان هه‌یه‌ . به‌لام جه‌نگ هه‌میشه‌ شێوه‌یه‌كی توندوتیژ بوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن و به‌لادا خستنی ململانێ .
هه‌موو پێكدادانێكی چه‌كداری به‌ جه‌نگ دانانرێت چونكه‌ به‌بێ هه‌بوونی ئامانجی سیاسی توندوتیژترین پێكدادان به‌جه‌نگ ناژمێردرێ . رۆژانه‌ به‌ ده‌یان پێكدادانی چه‌كداری له‌ نێوان هۆزه‌كانی ناو دارستانه‌كانی ئه‌فه‌ریقاو ئه‌مه‌زۆنای ئه‌مریكای لاتین و دارستانه‌كانی فیلیپین روو ده‌ده‌ن بێئه‌وه‌ی ناوه‌رۆكێكی سیاسی و ئایدۆلۆژی هه‌بێت . ئه‌مانه‌ هه‌مووی پێكدادانی توندوتیژن له‌ مێژوی رۆژانه‌ی مرۆڤدا به‌لام وه‌ك تێگه‌یشتنی جه‌نگ به‌ جه‌نگ ناژمێردرێن و ناچنه‌ ناو ئه‌م خشته‌یه‌وه‌ . لێره‌دا پێویسته‌ سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ رابكێشین كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ئه‌و چین و لایه‌ن و ده‌وله‌ته‌ی له‌جه‌نگدان ئامانجی جه‌نگه‌كه‌ دیاری ده‌كه‌ن بۆنمونه‌ جه‌نگی عێراق / ئێران ، هه‌روه‌ها عێراق / كوێت ، سوریاو ئۆپۆزسیۆن ، كورد به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌ دژه‌كانی و ده‌وله‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان … جه‌نگ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی دوو لایه‌نه‌ . ئامانجی ئه‌م چالاكیه‌ ئه‌وه‌یه‌ دوژمنه‌كه‌ بخرێته‌ ژێر ركێفه‌وه‌و له‌ چالاكی بخرێت بۆئه‌وه‌ی به‌م رێگایه‌وه‌ بگاته‌ ئامانجی سیاسی . به‌م پێیه‌ دژه‌كه‌ به‌ رێگای زه‌بروزه‌نگی فیزیكیه‌وه‌ ، به‌واتا لایه‌نێك ئیراده‌ی به‌سه‌ر ئه‌ویتردا بسه‌پێنێت . ده‌سپێكی جه‌نگ پێشتر به‌ ناكۆكی سیاسی ده‌ستپێده‌كات .
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌كرێ جه‌نگ وه‌ك درێژكه‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت ببینرێت و جه‌نگ ده‌بێته‌ ئامرازی به‌ ده‌ستهینانی ئامانجی سیاسی و ئابوري …

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت