Kubani

بۆ چى هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر کۆبانێ؟ .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌ دواى هێرشى چه‌ته‌کانى داعش له‌ ٢ ى ته‌مووزه‌وه‌ شه‌ڕ و پێکدادان له‌ هه‌رێمى کۆبانێ به‌رده‌وام ده‌کات و ئه‌مرۆ له‌ هه‌شته‌مین ڕۆژى دا له‌ ٣ لایه‌نه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌کات . له‌و پێکدادانه‌ى که‌ هه‌تا ئێستا ڕوویداوه ‌، به‌ گشتى ٣٣٨ چه‌ته‌ى داعش کوژراون . له‌ هه‌مانکاتدا ٣٦ شه‌ڕڤانى ” YPG و YPJ ” گیانیان به‌ختکردووه‌ . سه‌رنج ڕاکێشه‌ که‌ له‌ مانگى ئادارى ئه‌مساڵیش دا هێرشى به‌و شێوه‌یه‌ له‌ دژى کۆبانێ پێکهاتبوو . له‌ دواى ئه‌وه‌ى چه‌ته‌کانى داعش شارى موسڵیان داگیر کرد ، هێزه‌ ناونه‌ته‌وه‌ى و هه‌رێمیه‌کان کۆبوونه‌وه‌ى شاراوه‌یان ئه‌نجام دا. ئه‌و هێرشانه‌ى ئێستا له‌ دژى کۆبانێ پێکدێن، له‌ رۆژئاواوه‌ له‌ سه‌ر سنوورى تورکیا ، له‌ باشووره‌وه‌ له‌ سنوورى شارى ” ڕه‌قا ” و له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ دیسان له‌ سه‌ر سنوورى تورکیاوه‌ به‌رفراوانتر ده‌بنه‌وه ‌.
کانتۆنى کۆبانێ بچووکترین به‌شى رۆژئاواى کوردستانه‌ . پێشتر ئه‌وێ گووندێکى بچووک بوو . ده‌گووترێ ئه‌و کۆمپانییەی که‌ ئه‌و ڕێگاى ئاسنییەی که‌ باکوور و ڕۆژئاواى کوردستان له‌ یه‌کدى جیا ده‌کاته‌وه‌ ، له‌وێ ناوه‌ندێکیان درووستکردووه‌ و ناوى ” کۆمپانی” یان له‌سه‌ر ئه‌و شاره‌ داناوه‌.
له‌ رۆژهه‌ڵاتى کۆبانێ شارۆچکه‌ى ( تل ئه‌بیه‌ز یان گرده‌سپى ) ، له‌ باشووره‌وه‌ شارى ڕه‌قا ، له‌ رۆژئاواوه‌ شارۆچکه‌کانى ( جه‌رابلوس و منبج ) و له‌ باکووره‌وه‌ شارۆچکه‌ى ( سرووچ ) ى پارێزگاى ( ڕوحا) ى باکوورى کوردستان هه‌ڵکه‌وتووه‌.
دانیشتوانى شارى کۆبانێ و گوونده‌کانى ده‌ورووبه‌رى ٢٠٠ هه‌زار که‌سه ‌. له‌ سه‌دا نه‌وه‌دى دانیشتوانى کوردن و کارى کشتوکاڵى و به‌خێوکردنى مه‌ڕ و ماڵات و هه‌ڵکۆڵینى بیرى ئاو ده‌که‌ن . کۆبانێ وه‌کوو شارێک که‌ دانیشتوانى خاوه‌ن هه‌ستێکى به‌رزى کوردایه‌تین ، ده‌ناسرێ.
کۆبانێ شارێکى بچووکه ‌، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ر سنوور هه‌ڵکه‌وتووه ‌، ژماره‌یه‌کى زۆر کۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر ڕوویان تێکردووه ‌. به‌ تایبه‌تى له‌ دواى سه‌رهه‌ڵدانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى گه‌لى کورد ئه‌و ڕه‌وته‌ په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ و ڕێبه‌رى گه‌لى کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجالان یه‌که‌مین جار له‌ شارى کۆبانێ وه‌ ده‌ربازى لوبنان بوو.
له‌ دواى پارچه‌کردنى کوردستان ، ڕژیمى سووریا سیاسه‌تێکى تایبه‌تى به‌ ناوى ( پشتێنى عه‌ره‌بی) له‌ دژى رۆژئاواى کوردستان خسته‌ وارى کرداره‌وه‌ که‌ شارى کۆبانێ له‌ نێوه‌دا پشکى شێرى به‌رکه‌وت و زۆربه‌ى گوونده‌کانى چۆڵ کران و له‌ جێگاى ئه‌وان عه‌ره‌بى هاورده‌ جێگر کران. به‌و شێوه‌یه‌ کۆبانێ له‌ هه‌رێمه‌کانى عه‌فرین و جزیره‌ دابڕێندرا . به‌ڵام دانیشتوانى کۆبانى قه‌د وازیان له‌ کوردایه‌تى و وڵاتپارێزى نه‌هێنا.
له‌ سه‌ره‌تاى پێڤاژۆى شۆرشى سووریا داب، کوردان سه‌ره‌تا له‌و شاره‌ ده‌ستیان به‌ شۆرش کرد و رۆژى ١٩ى ته‌مووزى ساڵى ٢٠١٢ هێزه‌کانى سووریایان له‌ شاره‌که‌یان ده‌رکرد. دواتر شۆرش به‌ شاره‌کانى هه‌رێمى جزیره‌ و عه‌فرین دا بڵاو بووه‌وه‌ . له‌ دواى ئه‌وه‌ بوو ، که‌ کوردان له‌ هه‌ر سێ هه‌رێمى جزیره‌ ، کۆبانێ و عه‌فرین سیسته‌مى خۆبه‌رێوه‌به‌رایه‌تییان ڕاگه‌یاند و وه‌کوو ناوچه‌یه‌کى ئارام ده‌بینران.
ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ى له‌ رۆژئاواى کوردستان هاته‌ ئاراوه ‌، پیلان و نه‌خشه‌ى زۆرێک له‌ هێزه‌کانى تێکدا. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش هێرشه‌کانى ئه‌وانیش ده‌ستى پێکرد . ئه‌و هێرشانه‌ى که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٢ دا له‌ حه‌له‌ب و عه‌فرین بۆ سه‌ر کوردان ده‌ستى پێکرد ، به‌ ده‌ستى چه‌ندین گرووپى جۆراوجۆر به‌رێوه‌ ده‌برا. دواتر ئه‌و هێرشانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى دژوار له‌ هه‌رێمى جزیره‌ و به‌ تایبه‌تى شارى سه‌رێکانى ده‌ستى پێکرد . به‌ڵام ئه‌و هێرشانه‌ ڕووبه‌ڕووى به‌رخۆدانێکى بێ وێنه‌ بوونه‌وه‌ و تێکشکێندران . له‌به‌ر ئه‌وه‌ش شیوازى هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا گۆڕی.
ده‌یانویست ئه‌وه‌ى که‌ به‌ده‌ستیان نه‌هێناوه‌ له‌ کۆبانێ به‌ ده‌ستى بێنن . چوونکه‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچکه‌کانى ده‌ورووبه‌رى کۆبانێ به‌ ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌ و له‌ باکووره‌وه‌ ده‌وڵه‌تى تورکیا گه‌مارۆى داوه‌.
هێرشى هه‌ره‌ دژوار له‌ ڕۆژى ٨ ى ئادارى ئه‌مساڵ دا بۆ سه‌ر کۆبانێ ده‌ستى پێکرد. به‌ر له‌ هێرشه‌که‌ له‌ شارى دیلۆک له‌ باکوورى کوردستان ده‌وڵه‌تى تورکیا به‌ به‌شدارى نوێنه‌رانى گرووپه‌ چه‌ته‌کان کۆبوونه‌وه‌یه‌کى پێکهنا. له‌ دواى ئه‌وه‌ چه‌ته‌کانى داعش له‌ هه‌رێمه‌کانى ( لازقیه‌ و ئیدلب) پاشه‌کشه‌یان پێکرا. ئه‌وى جێگاى سه‌رنجه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌و هه‌رێمانه‌وه‌ ده‌رباز بوون که‌ به‌ده‌ستى سه‌ربازانى ڕژیمى به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌ن و به‌و شێوه‌یه‌ له‌ باشوورى کۆبانێ جێگر کران. له‌ هه‌مانکات دا چه‌ته‌کان سنوورى تورکیایان به‌ ئاسانى به‌کار ده‌هێنا و له‌وێوه‌ چه‌ک و که‌ره‌سته‌ى سه‌ربازییان ده‌رباز ده‌کرد.
چه‌ته‌کانى داعش له‌ سنوورى شارۆچکه‌ى ( سرین) و گووندى ( قه‌ره‌قۆزۆک) هیرشه‌کانیان چڕ کرده‌وه‌. ئه‌و شوێنانه‌ ستراتیژیک بوون و کۆبانییان له‌ هه‌رێمى عه‌فرین و شارى حه‌له‌ب داده‌بڕی . ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ هه‌ردووکیان له‌سه‌ر چه‌مى فورات هه‌ڵکه‌وتوون. هه‌روه‌ها له‌ پاڵ پردى ( قه‌ره‌قۆزۆک) گۆری(عوسمان گازی) دامه‌زرێنه‌رى ئیمپراتۆرى عوسمانى هه‌ڵکه‌وتووه‌ که‌ به‌ ( شا سلێمان) ناسراوه‌.
چه‌ته‌کانى داعش ڕۆژى ١٣ى ئادار که‌وتنه‌ نێو گووندى ( قه‌ره‌قۆزۆک ) و له‌گه‌ڵ سه‌ربازانى تورک پێکه‌وه‌ جمووجووڵیان ده‌کرد.
به‌پێى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى له‌و کاته‌دا له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانى تورکیادا بڵاو بووته‌وه ‌، سه‌رفه‌رماندارى ئه‌رته‌شى تورک فه‌رمانى ( لێدانێ) دا بوو ، هێزه‌ ئاسمانى و زه‌مینیه‌کانى خۆى خستبووه‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه ‌. له‌ هه‌مان رۆژدا وه‌زیرى کاروباریى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا( ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵو ) له‌شارى وان له‌گه‌ڵ وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى ئازه‌ربایجان و ئێران چاوپێکه‌وتنى ئه‌نجام دا و له‌ وڵامى ڕۆژنامه‌وانان دا ڕایگه‌یاند؛” ڕژیمى سووریا گرووپه‌ ڕادیکاڵه‌کان ده‌ربازى گۆڕى ( شا سلێمان) کردووه‌ و ده‌ستى به‌هێرش کردووه ‌، ئێمه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ى ئه‌وان وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه‌. بۆ پاراستنى خاکى تورکیا ، به‌بێ دوودڵى ئه‌وه‌ى پێویست بێ ئه‌نجامى ده‌ده‌ین.”
ڕۆژى ٢٠ ئادار و چه‌ند رۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کان له‌ تورکیا ، سه‌رۆکى گشتى پارتى کۆمارى گه‌ل CHP ، ( که‌ماڵ کڵچدار ئۆغڵو ) به‌شدارى به‌رنامه‌ى ته‌له‌فزیۆنێکى تورکیا بوو و گووتی :” ئێستا ئێمه‌ ده‌که‌وێنه‌ نێو پێڤاژۆى هه‌ڵبژاردن . ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ گۆرى ( شا سلێمان ) هێرش پێکهاتوون. ئیمکانى هه‌یه‌ ئه‌و ( مه‌به‌ستى ئه‌ردۆغان) بیه‌وێ ئه‌رته‌ش ده‌ربازیى سووریا بکات ، به‌ڵام ده‌بێ هه‌موو که‌سێک به‌ هۆشیارییه‌وه‌ هه‌ڵسووکه‌ت بکات . مافى هیچ که‌سێک نییه‌ ئه‌رته‌ش بخاته‌ نێو زه‌لکاوى رۆژهه‌ڵاتى ناوینه‌وه‌.”
له‌ دواى ئه‌وه‌ بوو که‌ هێرشى چه‌ته‌کان له‌ رۆژهه‌ڵات ، باشوور و ڕۆژئاواوه‌ بۆ سه‌ر کۆبانێ ده‌ستى پێکرد. به‌ڵام به‌رخۆدانێکى بێوێنه‌ ئه‌نجام دراو ئه‌و هێرشانه‌ تێکشکێندرا.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ته‌کان تێکشکێندران ، به‌ڵام پیلانگێرى له‌ دژى هه‌رێمه‌که‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو . به‌پێى هه‌واڵێکى ڕۆژنامه‌ى ” ئۆزگوور گونده‌م ” که‌ له‌ تورکیا و باکوورى کوردستان بڵاو ده‌بێته‌وه ‌، ڕۆژى ١ى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ له‌ شارى (عومان) ى پایته‌ختى ( ئوردن) کۆبوونه‌وه‌یه‌ک به‌ به‌شدارى نوێنه‌رانى ( ئه‌مریکا ، ئیسرائیل ، عه‌ره‌بستانى سعوودی ، تورکیا و پارتى دیموکراتى کوردستان PDK ) پێکهاتووه‌ و ده‌گووترێ له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا هێرشى چه‌ته‌کانى داعش بۆ سه‌ر شارى موسڵ به‌رنامه‌ى بۆ داڕێژراوه‌ . ٧ رۆژ له‌ دواى ئه‌وه‌ داعش که‌وته‌ نێو شارى موسڵه‌وه‌.
له‌ هه‌مانکاتدا چه‌ته‌کانى داعش ژمارەیه‌ک شارۆچکه‌یان له‌ سه‌ر سنوورى سووریا به‌ده‌ست خست و به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌و چه‌که‌ قورسانه‌ وه‌کوو تانک و تۆپ له‌ موسڵ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو ، ده‌ربازى شارى ڕه‌قاى سووریایان کرد. له‌ دواى ئه‌وه‌ جمووجووڵى چه‌ته‌کان له‌ ده‌ورووبه‌رى کۆبانێ په‌ره‌ى سه‌ند.
له‌ رۆژى ٢ى ته‌مووز دا چه‌ته‌کانى داعش هێرشیان کرده‌ سه‌ر گووندى ( زور مغار) که‌ شوێنێکى به‌رزه‌و به‌سه‌ر شارى جه‌رابلۆس دا حاکمه‌ . دواتر هێرشیان کرده‌ سه‌ر گوونده‌کانى ( به‌یادیه‌ و جده‌یدی) له‌ ئاکامى وڵامدانه‌وه‌ى شه‌ڕڤانانى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل YPG و یه‌کینه‌کانى پاراستنى ژن YPJ چوار رۆژ شه‌ڕ له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو . له‌و شه‌ڕانه‌دا زیاتر له‌ ١٠٠ چه‌ته‌ کوژران .
له‌ چواره‌مین ڕۆژیی شه‌ڕدا ، هێزه‌کانى YPG له‌ گوونده‌کانى زۆر مغار ، به‌یادیه ‌، جده‌یدی ، خراب عه‌تۆ ، جب ئه‌لفه‌رج و ناوچه‌ى شیوخا ده‌ستیان به‌ئۆپه‌راسیۆن کرد و به‌پێى لێدوانى YPG له‌و شه‌ڕانه‌ى که‌ ڕوویاندا ٤٩ چه‌ته‌ کوژران .
له‌ ڕۆژى شه‌شى ته‌مووز دا چه‌ته‌کان هێرشیان کرده‌ سه‌ر گووندى ( کۆنه‌فتار ) که‌ ٣٥ کلیۆمیتر له‌ باشوورى کۆبانێ هه‌ڵکه‌وتووه ‌. له‌ ڕۆژى ٧ى ته‌مووز دا چه‌ته‌کان له‌ گووندى ( ئه‌بوو سڕا) به‌ ماشینێکى بۆمبڕێژکراو هێرشیان کرده‌ سه‌ر خاڵى کۆنترۆڵى YPG. له‌و شه‌ڕانه‌دا به‌ گشتى ٣٩ چه‌ته‌ کوژران .
له‌هه‌مان رۆژدا چه‌ته‌کانى داعش هێرشیان کرده‌ سه‌ر گووندى ( عڤدکۆ ) که‌ له‌ ٦٠ کیلۆمیترى رۆژهه‌ڵاتى کۆبانێ هه‌ڵکه‌وتووه ‌. له‌ هه‌مانکات دا له‌ ( تل ئه‌بیه‌ز و ڕه‌قا) وه‌ هاوکارى بۆ چه‌ته‌کان به‌رێ ده‌کرا . به‌و شێوه‌یه‌ شه‌ڕ و پێکدادان له‌ گوونده‌کان ( قزعه‌لی ، برکێتک ، گرێ سوور و که‌ندال) ى سه‌ر به‌ ( تل ئه‌بیه‌ز ) بڵاو بوویه‌وه‌ . له‌و شه‌ڕى ئه‌و ناوچانه‌دا به‌گشگى زیاتر له‌ ١٠٠ چه‌ته‌ کوژران و تانکێکیان تێکشکێندرا و گورز له‌ تانکێکى دیکه‌ چه‌ته‌کان درا.
له‌ رۆژى ٩ى ته‌مووز دا له‌ گوونده‌کانى ( زۆر مغار ، ئه‌بووسڕا ، خراب عه‌تۆ و چارقه‌لێ ) شه‌ڕى دژوار ڕوویاندا. له‌ ئاکامى ئه‌و شه‌ڕانه‌دا زیاتر له‌ ٥٠ چه‌ته‌ کوژران . له‌و شه‌ڕانه‌ى که‌ ڕوویانداوه‌ به‌ گشتى ٣٨ شه‌رڤانى (YPG و YPJ ) و که‌سێکى مه‌ده‌نى کورد گیانیان به‌ختکردووه‌ .
خاڵى سه‌رنج ڕاکێش له‌و هێرشانه‌دا ئه‌وه‌ بوو که‌ ، هێرشى چه‌ته‌کان له‌ رۆژئاواى کۆبانێ له‌ سه‌ر سنوورى تورکیاوه‌ ده‌ستى پێکرد ، له‌ باشووره‌وه‌ له‌ سنوورى ڕه‌قاوه‌و له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ له‌ سنوورى ( تل ئه‌بیه‌ز ) که‌ جارێکى دیکه‌ له‌ سه‌ر سنوورى تورکیایه‌ ده‌ستى پێکرد.
ده‌گووترێ که‌ چه‌ته‌کان به‌ ئاسانى له‌ سنوورى تورکیاوه‌ تێده‌په‌ڕن و برینداره‌کانیان ده‌ربازى ئه‌و دیوى سنوور ده‌که‌ن . هاوسه‌رۆکى PYD ساڵح موسلم ” ڕایگه‌یاند بوو که‌ هه‌ندێ له‌ داموده‌زگاکانى ده‌وڵه‌تى تورک پشتیوانى له‌داعش ده‌که‌ن .
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌ دژى داعش لێدوان ده‌ده‌ن ، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌کان بۆ سه‌ر کۆبانێ بێده‌نگییان هه‌ڵبژرادووه‌.
له‌ دژى ئه‌و هێرشانه‌ و ئه‌و بێده‌نگیه‌ى که‌ له‌ ئارادایه ‌، له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌رێکى رۆژئاواى کوردستان و هه‌ر چوار به‌شى کوردستان ناڕه‌زایه‌تییه‌کان مه‌زن له‌ ئارادایه‌ و هه‌ر که‌سێک له‌ لاى خۆیه‌وه‌ وەڵامى ئه‌و هه‌ڵمه‌تى سه‌رتاسه‌رى پشتیوانییه‌ک ، که‌ بۆ کۆبانێ ڕاگه‌یاندراوه‌ ده‌داته‌وه‌.
سه‌رچاوه‌ : ANHA
وه‌رگێران: شوان مه‌ریوان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت