فەتاح حەسەن : کورتە نامەی شیعریی .
بەشی یەکەم
من و تۆ سێبەری یەکین
کە شەود داهات .. هەردوك تەنهاین
هەر بۆیە .. رقم لە شەوە .
هەرکات توانیت
روناکی لە ئاگر داماڵی
منیش ، دابماڵە .. لە خۆت .
کەی ئەستێرە
سنگی ئاسمانی بەجێهێشت
ئەو دەمەش، دڵی من .. تۆ .
خۆشەویستی .. ئاوێتەبونی یەکترە
نەوەك سووتان
گەر سووتان بێت !
کەی رەوایە، یەك بسوتێ
ئەویدیکە، بێخەبربێ !
ژیان، بێ خۆشەویستی ئەستەمە
بۆیە ، مردن
لە پێناو خۆشەویستیدا کەمە .
بمدەرە دەم رەشەبایەك
لە شاری بەفرو رەشەبا
رازو نیازی ئاشقانت
بە دیارییەك بۆ دەهێنم .
ببمە خاوەنی بەلەمێك .
بە زەردەپەڕی ئێواران
لە بەلەما
هێدی هێدی .. لەجێی شیعر
ئەمن ، پرچت دەهۆنمەوە .
ئەو ساتەی کە :
دڵتەنگ دەبم
نە گوڵ جوانە لەلام
نە بۆنی خۆشە .. رێحانە .
کە سەردەخەمە سەر سینەت
هێند ئاسودەم .. لەو ساتەدا
هەرچی خەمی کۆن و نوێیە ..
سەرلەبەری بەبادەکەم .
کلو .. کلو ، بەفر دەباری
لە باڵکۆنی ماڵەکەما
بە بوتڵیك شەرابی سوورەوە
چاوەڕێت بووم
بۆ نەهاتی ؟!
کە دەگرێم .. بیردەکەمەوە لەخۆم .
پێدەکەنم .. لەتۆ
ئەمئێستا ، بۆخۆشم نازانم !!
بگرێم ، یا ..
هەڵوەدای کەسێکم
کە دیارنەمام .. هەڵوەدام بێ
بۆچی دەبێ
ئەوی لەبەرچاوبێ ..
هەموو دەمێ
لەبەر دڵ بێ ؟!
گەر دەپرسیت..
من و سروشت
کاممان جوانین ؟؟
دڵنیابە .. هیچتان
بێ یەکتری ، جوان نین .
ئای چ رۆژێکی بەدە !!
ئەو رۆژەی کە :
یادەوەریەکانمان
بەر لە مردنی خۆمان دەمرن .
تۆ، خەم مەخۆ ، گلێنەکەم
بارگەی خەمەکانت لێکنێ
بینێرە بۆم
خەمەکانت .. چاك دەزانن
ئەمنیش تۆم .
تا هەست بە بێ تۆیی نەکەم
لە بەرامبەر ئاوێنەیەك
دانیشتوم
و
لەچاوی تۆ .. پێك فڕدەکەم .