ئازاد حەمدى : ئاخ سەرەگرتن .. چاک هەموو تەمەنمت بەبابرد.
بیر ئەکەمەوە ، وەکو هەموو تاکێکى ئەم گەلە ستەم دیدەیە ، بەڕاستى ستەم دیدەو کورد واتەنى { هەموو عەمرم بە بابردوو} . بەشێکى زۆرى ژیانم لەبری داهێنان و کار بەسەربردن ، وەیا بیرکردنەوە بۆ نەتەوەو نیشتمان و ژیان …. بە سەرە گرتنەوە بەسەربرد ..”!
هەر لە شەش و حەوت ساڵانیمەوە ، بەیانیان زوو ئەچووم بۆ سەرەى نانى بە یانیان بۆ بەرچایی ..،.. ئەمە هەر نەبرایەوە هەر بەردەوامە .. ئێستاتەمەنم سەر ژوور هەڵدەکشێت و هەنگاو دەنێت بەرەو تەواو پیریی ، سەرە گرتن هەرماوەو نەبڕایەوە ..
سەرەڕای سەرەگرتن بۆ هێلکەوەرگرتن و مریشکى بەرازیلى ، کەلوپەلی ئۆرزدى و دەقیقە ، هەتا بۆسەفەرکردن بە پاس و مەنشەئە بەخوا بۆ سواربوونى تەیارەش ، وەجێبەجێکردنى مامەڵەى فەرمانبەرەکان لەنموونەى { تاپۆ ، دائرەى نفوس و ڕەگەزنامە ، پاسپۆرت ، باجەکانى دەرامەت و نیشتەجێبوون } . سەرەى سەرتاشین و خەستەخانەو چوونە لای دکتۆر و تاقیگەو ئەشیعەو … هتد . کەهەمووى بەسەرەیە .
ئەمانە مشتێک بوون لە خەروارێک .. بوونەتە حیکایەتى مێشەکە ! بەڵام :- ئەوا ئێستاکەش لەپاش نەوت و غازەوە ،، لەسەر هەموویانەوە بەشەرعیەت سەرەی بەنزیشی هاتەسەر …
بەم حاڵەشەوە کە بەش و حاڵمانە ….. لەسەرهەموویانە منەتباریشمان دەکەن ، هەزار فاکمان بە فیکێکیان ..