عیماد عەلی : کاک نەوشیروان بۆ قسەیەک ناکەیت ؟!
دیارە هەموو کەس لاری لەوە نیە کە بڵێین ، کاک نەوشیروان هەمیشە بە راستگۆ ناسراوە و شتێکی نەدرکاندوە ئەگەر بە راست و رەوانی لێی دڵنیا نەبوبێت و پشتی نەخوێندبێتەوەو زانیاری لەسەر نەبوبێت ، هەرچەند جارجارێکیش لە بۆچونەکانی سیاسەتیشی کردوەو خۆی لەقەرەی زۆر شت نەداوە , کە پێوست بووە بوترێت و بەزەرەری تایبەتی خۆی زانیوە ، بە تایبەتی لەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراندو لەو باوەرەدابوو وەزعی بزوتنەوەکە و ئەگەرەکانی بەردەمی ئەوە رەفتارانەی دەویست ، ئەگەر خۆی ئاسا بەراشکاوی قسە بکەین ، لەوێشدا بەحەق و رەق و قسە لەروو ناسراوە ، بەڵام قسەیەک پر بە پێستی هەر بابەتێک کە لێی دوابێت ، چ حزبی بێت یا شەخسی ، گرنگ بوبێت یان ساکار و کاری ئاسایی . ئەم چەند ساڵە هەموومان وا راهاتبوین هەمیشە لە کاتە پێویستەکاندا ، زۆر و کەم کاک نەشیروان لە راگەیاندنەکان دەردەکەوت راو هەڵوێستی خۆی لەمەر بابەتەکانی رۆژ و تەنانەت وەزعی گشتی کوردستان و ئامانجە ستراتیجیەکانیش دەردەخست و بە رەخنەی بابەتیش دەیرازاندنەوە ، خەڵکیش لە وەزعەکە دڵنیا دەبووەوەو تا رادەیەک زۆر شتی پشت پەردەش بۆ هەمووان روون دەبووەوە .
ئەوەی لەم ماوەیەدا هەموومانی توشی شۆک کردوە ئەوەیە ، کە کاک نەشیروان لەم هەموو رووداوە زۆرو زەوەندەو گۆڕانە ریشەییانەی ناوچەکە و عیراق و کوردستان روودەدەن هیچ راو بۆچون و هەڵوێست و شیکردنەوەیەکی دەرنەخستوە ، ئەوەی بە سەرسورماوی هێشتوینیەتەوە ئەوەیە ، کە ئەم دەرنەکەوتنەی کاک نەوشیروان پاش بریاردانی گۆڕان لە بەشداریکردن لە دەسەڵاتی هەرێم و چەند کۆبونەوەیەکی دوقۆڵی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا دێت ، دیارە زۆر هۆکار هەن ئەم وەزعەی هەڵبژاردوە ، پێویستە خەڵک لێی ئاگادار بێت . ئەمەش وای لێکردوین کە بیر لەوەبکەینەوە و لەو باوەرەدا بین کە زۆر شتی نهێنی لای کاک نەوشیروانە و کاتی ئاشکراکردنی نیە ، یان ئەوەتا دوودڵە لەڕاست و هەڵەی هەنگاو و بریارە چارەنوسسازەکان و دەرئەنجامەکانی و نایەوێت خۆی لەقەرەی بدات . یان زۆر زانیاری بەڵگەداری باوەرپێکراوی پێ نیە ، تەنها قسەی زارەکی نەبێت و لەوەیە چاوەرێی هەنگاو و کاردانەوە هەمەلایەنەکان بکات .
لێرەدا پێویستە بڵیم : کاک نەوشیروان جەنابت زۆر جەختت لە شەفافیەت و ئاشکراکاری دەکردەوە ، لەم کاتەشدا هەر هیچ نەبێت ئەوەی پێشبینی دەکەیت و بەپێی ئەو زانیاریانەی لاتە بۆ خەڵک نەبێت بۆ هەواداران و ئەندامانی بزوتنەوەکەی خۆت باس بکە . لە باورەدام کە جەنابت باش باوەرت بەوەیە کە عەقڵی جەمعی هەڵەی کەمترە ، هەرچەند لێرەو لەوێ باس لە رێژەیەک لە تاکرەوی جەنابیشت دەکرێت ، بۆیە ئەو بۆچونانەت موڵکی خۆت نیە ، پێویستە بۆ قازانجی خەڵک و رای گشتی دەریخەیت .
لەو باوەرەدام قۆناغەکە ئەوەندە هەستیارە لە ئاست بەدیهێنانی ئامانجە چارەنوسسازەکان ، بۆیە پێویستە هیچ کەسایەتیەک خۆی لە بەرپرسیارێتی نەدزێتەوە ، لێرەشدا رای جەنابت کاریگەری لەسەر رای گشتی دەبێت و کۆی گشتی سیاسەتی هەرێمیش بە رای گشتی و هەڵوێستی کەسایەتیە سیاسیە باڵاکان تا رادەیەکی زۆر لەبەرچاو دەگیرێت و رۆڵی خۆی دەبێت و میژووش تۆماری دەکات . بۆیە بۆ کوردستان و دوارۆژەکەی راو و هەڵوێست و ئەوەی پێویستە بڵێ ..