Hejar-Namiq

هەژار نامیق : بە مەرج بەشدارى بکەین لە عێراق !!!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە داخەوە خەریکە خەونى کورد بۆ دروست کردن و بنیات نانى دەوڵەتێک بە ناوى ( دەوڵەتى کوردستان ) لە ناو دەچێت و ئەگەریش وانەبێت ئەو گەرم و گوڕیەى سەرەتاى نەماوە .. لێرەدا ئەمەوێت باس لەوە بکەم ئەگەر هاتوو بەشدارى حکومەتى عێراقمان کرد و بڕیارى ئەوەمان دا بۆ جارێکى تر خۆمان بلکێنینەوە بە عێراقەوە پێویستە ئەم جارە کورد چى بکات ؟ ئەبێت چۆن بەشدارى بکەین ؟ لەیەکەم هەنگاو دەبێت مەرجى بەشدارى کردنمان لە عێراقێکى پارچە پارچە بوو ئەوەبێت کە ئەو ناوچانەى ئێستا لە ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى پێشمەرگەدان و گەڕاونەتەوە باوەشى نیشتمان بکەینە مەرجمان ، نابێت جارێکى تر بە هەمان سیناریۆکانى پێشوو تێپەڕینەوە و هەمان هەڵەکانى پێشووتر بکەینەوە کە کردمان لە ڕابردوو ، ئێستا بۆمان دەرکەوتووە کە عێراق بە هیچ شێوەیەک دۆستى کورد نیە و ئەگەر بۆى بکرێت و بۆى بگونجێت تاک بە تاکى کورد لە هەرشوێنێک بێت لە ناو بەرێت !
با ئەم جارە گەڕانەوەمان بۆ عێراق بۆ بەدەستهێنانى هەموو مافەکانمان بێت نەوەک تەنها کۆمەڵێک پلەو پۆستى وەربگرین و وابزانین کە ئیتر هەموو شتێک تەواو بووە و ئاوبێنەو دەست بشۆ . هێندە سیناریۆى دوبارەمان لە عێراق بینیوە کە ئەکرێت ناوى عێراق بگۆڕین بۆ دەوڵەتى سیناریۆستان . ئێمە ئەڕۆینە پەرلەمانى عێراقەوە بۆ ئەوەى مافەکانمان بە دەست بهێنین نەک بۆ پڕکردنى باخەڵى هەندێک کەس و لەم لاشەوە خەڵکەکەمان لە برسا بمرێت و ئاو بەنزین و نەوت و کارەبا … هتد ، نەبێت تا دوێنى ئەوان مووچەیان بڕین چى گەرەنتیەک هەیە کە جارێکى تر هەمان شتەکان دووبارە نەبێتەوە ؟! با جارێکى تر تووشى هەمان هەڵەکان نەبینەوە چون هەر ئەوانەى دوێنێ دەگەڕێنەوە ڕەنگە دەم و چاوەکانیان گۆڕابێت بەڵام هەمان عەقڵیەتیان هەیە و هەمان کارەکانى جارانى پێشوو دووبارە دەبێتەوە ئەگەر ئێمە ئەم جارە دەستپێشخەرى نەکەین بۆئەوەى هەموو مافەکانمان وەربگرینەوە زۆر دڵنیام لەوەى کە ئەو ناوچانەشى ئێستا لە ژێر دەستمانن بە زیادەشەوە لێمان دەسەندرێتەوە .
با هەوڵ بدەین کە زمانى کوردى بە ڕەسمى لە پەرلەمانى عێراق قسەى پێ بکرێت ، هەوڵ بدەین بودجەى تەواوى کوردستان لە عێراقەوە ڕەوانە بکرێت نەوەک ئێمە ڕێژەى 17% مان هەبێت وەک دەڵێن 11% و کەمترو زیاترمان بۆ بنێرن ، باچیتر هاوڵاتیان هەرێم نەبنە قوربانى و بە دوو مانگ و سێ مانگ مووچە وەرنەگرن و هێزەکانى پێشمەرگە لێرە بڕە پارەیەکى کەم وەربگرن و هێزەکانى ئەوێ دووقات و سێ قات پارە وەربگرن ئەگەر بڕیار وایە هەمووان لە سەر مێزێک کۆبینەوە لە سەر یەک سفرە نان بخۆێن ئەبێت ئێمەش وەک ئەوان لە هەموو ئیمتیازاتەکان بەشداربین ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت