barham-najmadenkarem

شــکۆ عومەر کاکەڕەش : غیابى ئیرادە لە ناو مەکتەبى سیاسى ی ـ ن ـ ک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەوپێیەى بەرزترین دەسگاى نێو یەکێتییە و دەسەڵاتى رەهاى هەیە ، بەهەموو پێوەرێک هەقوایە ئێستا لەم ساتەوە خۆى تەجمید بکات و بە هەموو بنکەى جەماوەرى خۆى بڵێت ببورن ئێمە لە ئاست ئەو ئەرکە مێژووییەدا نین و چیتر ناکرێ نوێنەرایەتى ئەو بنکە جەماوەرییە فراوان و دڵسۆزە بکەین کە لە هەرە رۆژە سەختەکاندا ئێمەیان لە رسوایى و شەرمەزارى دەرباز کرد ، چونکە ئیدى سەردەمى شکستە گەورە و فەزیعەکانى ئەو مەکتەبى سیاسییە دەستى پێکرد و ئیتر ئەو دەسگایە لە پاشکۆیەکى بێ ئیرادەى پارتى زیاتر هیچ شتێکى دیکە نیە ، ئیدى مەکتەبى سیاسى یەکێتى ئەو نوێنەر و سەرکردە راستەقینەیەى کادیرانى یەکێتى نین کە بۆ سیاسەتکردن نوێنەرایەتییان دەکات . ئاخر مەکتەبى سیاسییەک هێندە بێدەسەڵات و بێ ئیرادەبێت نەتوانێت کادیرە شایستەکانى خۆى بۆ پۆستێکى هەستیارى وەک سەرۆکایەتى کۆمارى عیراق دیاری بکات و خۆى لە بەرپرسیارییەتى بدزێتەوە و ئەو ئەرکە بداتە دەست چەند ئەندام پەرلەمانێکى لایەنەکانى دیکە و ئەوانیش بەوپەڕى بێ ئینسافى و خواوەکیلى دەنگ لەسەر کاندیدى ” یەکێتى” بۆ ئەو پۆستە هەستیارە بدەن ، ئەبێ بنکەى جەماوەرى یەکێتى چ چاوەڕوانییەکى لە سەرکردایەتییەکەى هەبێت ؟! ئاخر بەرێزان ئێوە شکستە گەورەکەى 21/9 تان بیرچوەوە ؟ بیرتان چووە ئێوە بەبێ ئیرادەى جەماوەرەکەتان هیچ هیچ نین ؟ ئەگەر بیرتان نەماوە ئاوڕێک لە 30 ى نیسان بدەنەوە .
بەرێزان ئەندامانى مەکتەبى سیاسى ی . ن . ک ئێوە کە پۆستى سەرۆکایەتى کۆمارتان لە کەسێکى دڵسۆز و خاوەن پێگەى وەک دکتۆر نەجمەدین حەرام کرد و وەک کەسێکى بێگانە مامەڵەتان لەگەڵدا کرد ، ئیدى بۆ نەتانتوانى بەوپەڕى جەرائەتەوە بڵێن کاندیدى ئێمە دکتۆر بەهەم ساڵحە؟ ئاخر مەگەر لەسەرەتاوە ناوى دکتۆر فواد مەعسومتان هەر بۆ قوڵکردنەوەى ململانێکە نەهێنایە ناو ناوانەوە ؟ کەس گومانى لە دڵسۆزى و خەمخۆرى بەرێز دکتۆر فواد نیە ، بەڵام ناکرێ لەبەرامبەردا لێهاتوویى و سیاسەتمەدارى و دیبلۆماسییەتى دکتۆر بەرهەم ساڵح نادیدە بگرن .
بەڕێزان ئێوە بیرتان لە دەرەنجامى ئەم هەنگاوە ترسناکەتان کردبوەوە ؟ ئایا کێ گرەنتى ئەوە ئەکات کە ئیدى دکتۆر بەرهەم ساڵح بەم هەموو موئامەرانە رازى دەبێت و ئەویش هاوشێوەى کاک نەوشیروان ماڵە گەورەکە بەجێناهێلێت و هێندەى تر گۆشەگیرى ناکات ؟ ئاخر کەسێک با وەڵام بداتەوە بزانین لەو حاڵەتەدا کێ زەرەمەند دەبێت ؟ ئایا دکتۆر بەرهەم زەرەر دەکات ؟ بێگومان نەخێر ئەوە تەنها یەکێتییە هێندەى دیکە قەبارەى بچوک دەبێـتەوە و زیاتر دەبێتە ” دۆستى پارتى” . ئێ دەزانن سەرمایەیەکى وەک دکتۆر بەرهەم لەهەر حزبێکى دیکە بوایە ئێستا چۆن ئیستغلال دەکرا بۆ بەهێزکردن و تۆکمەکردنى پێگەى حیزبى خۆی؟!
تکایە مەکتەبى سیاسى بەرێز بۆمان روون بکەنەوە ئێوە بۆ هێندە دوژمن بە یەکێتین ؟ ئاخر مەعقول نیە ئێوە لەهەموو بنکەى جەماوەرى حیزبەکەتان زیرەکتر و دووربینتر بن ، تکایە کەمێک هەست بۆ بنکەى جەماوەرى بگرن بزانن کێ هەیە لەسیاسەتى دە ساڵى رابردووى ئێوە رازى بێت ! ئاخر ناکرێ روئیا و دیدگاى قیادەو قاعیدەیەک ، هێندە دوور بن لەیەکترەوە .
ئاخر دەبێت چى لەوە گاڵتەجارتر هەبێت ، کاتێ مەکتەبى سیاسى حیزبێک دەڵى ئەوا فڵان و فڵان کادیرمان بە ” تەوافوق ” کاندیدکرد بۆ فیسار پۆست ؟؟!! برادەران بیرتان چووە کە ئێوە مەکتەبى سیاسى کاریگەرترین هێزى ئەم ناوچەین و دەبێت بڕیارى یەکلاکەرەوە و حاسمتان هەبێت نەک بەپەرلەمانی ووڵاتێکى فرە نەتەوەو پێکهاتە بڵێن ” بە تەوافوق”! دەى بەڕێزان ئەگەر بۆچوون و دیدى ئێوە ئەوەندە دوورە لە یەکەوە تا بە تەوافوق بڕیارە گرنگەکان بدەن و بۆچوونى هاوبەشتان نەبێت بۆ هەر یەکەتان بەلایەکدا ناڕوات و هاوبیر و هاودیدەکانى خۆى بدۆزێتەوەو ئیدى خۆشى لەو مۆدێلى تەوافوقە سەیرە رزگار بکات!
بەداخەوە بەڕێزانى مەکتەبى سیاسى بەداخەوە خۆزگە هێندە بێ ئیرادە نەدەبوون و تەنها لەم بابەتەدا بوێرانە بڕیارتان دەدا و خۆتان و جەماوەرەکەشتان توشى ئەو ئیحراجییە نەدەکرد! بەداخەوە …..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت