Berhem_-Fwad

پەشێو حەمە ئەمین : یەکێتی و هەڵە ستراتیجیەکانی لەبەر دەم ئەگەری لێکترازانە نێوخۆییەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چوارچێوەی ئەو کێشەو ململانێ ناوخۆییانەی لەماوەی ڕابردوودا لە نێو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا درووست بوو ، سەبارەت بە پرسی دیاری کردنی کاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار ، کە یەکێتی نەیتوانی ئەو پرسە یەکلابکاتەوە ، سەرەنجام بە پێچەوانەی هەموو بۆچوونەکان ، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی بەغدا ئەو پرسەیان لە بەرژەوەندی ( د.فوادمەعصووم ) کۆتایی پێهێناو ( د. بەرهەم صاڵح) یان لەو کێبڕکێیە بێ بەری کردوو خستیانە دەرەوەی هاوکێشەکەو بێ ئومێدیان کرد ، ئەمە لە کاتێکدا ، کە بەڕێزیان بەهێزترین کاندید بوون بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرن .
هەر چەندە دەبوو لەنێو مەکتەبی سیاسی و ڕیزەکانی یەکێتی ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە ، بەڵام بە هۆی کێشە ناوخۆییەکان و جیاوازی لەستراتیجی ئەو قوتبانەی لە نێو یەکێتیدا درووست بوون بڕیاریاندا ، کە نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕێگەی دەنگدانەوە ئەو پرسە یەکلابکەنەوە .
لە ماوەی ڕابردوودا ئەم پرسە کێشە ناوخۆیی و ململانێ سیاسیانەی نێو باڵەکانی یەکێتی زیاتر کرد ، چوونکە لە ئاستی جەماوەری و ئەنجومەنی ناوەندو بەشێکی زۆری مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی ئەو حیزبە کۆ دەنگیان لەسەر کاندیدکردنی ( بەرهەم صاڵح) زیاتر بوو نەك کەسانێکی تر ، بەڵام باڵی دەست ڕۆیشتووی نێو مەکتەبی سیاسی کە بە باڵی ( هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) ناسراوە ، ڕێگر بوو لەوەی بەبێ ئیستسناء ( بەرهەم صاڵح ) کاندید بکرێ ، بۆ ئەم مەبەستەش ( نجم الدین کەریم ) یان لە بەرامبەردا ڕاستکردەوە .
دواتریش بەهۆی نیگەران بوونی باڵی ( کۆسرەت ڕەسوڵ ) و لایەنگرانی ( بەرهەم صاڵح ) ەوە گۆمەکە زیاتر شڵەژاو لەبەر ڕوونەدانی کێشەی گەورەتر لەوەی کە هەبوو ( نەجمەدین کەریم ) پەراوێزخراو کاندیدکردنی ( د. فواد مەعصووم ) هاتە باسەوە.
لێرەدا ئەوەی سەیر بوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان پرسەکەی بەکراوەیی هێشتەوەو برینەکانی خستە بەردەم لایەنە سیاسیەکانی تروو ئەوانیش بەپێی بەرژەوەندی ئایندەی سیاسی خۆیان بڕیاریان لەسەر ئەو پرسە داو ، نەخشەکەیان بەشێوەیەك کێشا وەك ئەوەی کە خۆیان دەیان ویست بیکێشن . بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان وەك نەقاشێکی کارامە دەورێکی باڵای لە نەخشاندنی ئەو تابلۆیە گێڕا ، بۆیە لە ئایندەیا یەکێتی هەستی پێدەکات کە چ گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە لەوەی کە خۆی نەیتوانی ئەو پرسە یەکلا بکاتەوەو ، شوێنگەی خۆی لەو نەخشەدا بەڕوونی بۆ دەردەکەوێت . چونکە بزووتنەوەی گۆڕان پارتی دیموکراتی کوردستان دوو گەورەترین منافسی یەکێتین و پێچەوانکەشی هەر ڕاستە ، ئیتر ئەو دژایەتی کردنە ئەگەر دیمۆکراسی و مەدەنی بێت یاخوود بەشێوازێکی تر بێت ، ئەمە لەسیاسەتدا چاوەڕوانکراوە .
ئیستاو لەنێو شەقامی یەکێتیدا هەست بە نیگەرانیەکی زۆردەکرێ لەلایەن هەواداروو ئەندامانی ئەو حیزبەوە ، لەمەڕ پەراوێز خستنی ( بەرهەم صاڵح) و کاندید کردنی فواد مەعصووم ، وە کاریگەریە سلبیەکانیشی لە دوواتردا زۆر بەڕوونی دەردەکەون ، بۆیە ڕوودانی ئەم نیگەرانیانەش لە دیدی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان و تەنانەت لایەنە ئیسلامیەکانیش زۆر بەڕوونی هەستی پێدەکراو خوازیاری ڕوودانی وەها پێشهاتێك بوون کە لە ئەنجام دا ئامانجی خۆیان پێکاو یەکێتیش لەو نێوەندەیا بەدەستی خۆی هۆکار بوو بۆ ئەوەی ئەو گورزەی بەربکەوێ .
لێرەدا یەکێتی ناتوانێ خۆی وا نیشان بدات ، کە هیچ هەڵەیەکی نەکردوەو ئەوە بشارێتەوە کە ململانێی نێو باڵەکانی زیادی نەکردوە ! وە هەروەها ناتوانێ خۆی لەوە بەریکا ، کە لایەنگران و سەرکردە دڵسۆزەکانی لێی توڕە نین و لە سیاسەتەکانی بێزار نین ! چونکە گەر وا بوایە هانایان نەدەبردە بەر لایەنەکاسیاسیەکان و لە نێوخۆیاندا سازشیان بۆ یەکتر دەکرد و لە نێویاندا بە تایبەت ( د. بەرهەم صاڵح ) کە بەڕێزیان باوەڕیان بە بنەماکانی تەوافق وسازشکردن هەیە بۆخۆی ئەو پۆستەی پێشکەشی ( فواد مەعصووم) دەکردوو وەك و خەمخۆرێکی یەکێتی ڕێگەی بەوە نەئەدا ئەوەندە یەکێتی برینەکنی دەرکەون و خەڵکان و لایەنی تر بەکەیفی خۆیان بکەونە وێزەی و ، ئەوان بڕیار لەسەر چارەکردنی کێشەکانیان بدەن ، کە هەرگیز لە سیاسەتدا دۆستایەتی نیەو تابکرێ زیاتر برینی یەك قوڵدەکەنەوە لە پێناو ڕەهابوونی خۆیان .
لێرەدا من نامەوێ وێنایەکی ناشرین لە باڵای بەڕێز ( فواد مەعصووم ) داتاشم و ، وە کەسایەتیەکی خراپیان بدەمە پاڵ ، بۆیە داوای لێبوردنم لە بەڕێزیان هەیەو ، ئەو پۆستەشی مبارەك بێت ، بەڵام گەر تۆزێك بابەتیانە سەرنج بدەینە ڕەوشی ئیستای یەکێتی و ئەو قسەو باسانەی لەسەر سیاسەتی ئەو حیزبە دەکرێ ، هیچ کەسێك نیە بتوانێ ئەوە بشارێتەوە کە زۆربەی یەکێتیەکان زیاتر خۆشحاڵ بوون بەوەی بەڕێز ( بەرهەم صاڵح ) کاندید بکرێ نەك ( فواد مەعصووم ) وە نیگەرانی ئەندامەکانی بەبێ بوونی پەردەو هیچ نهێنیەك ئاشکرایەو بەر لەوەی خەڵکانی تر توانج بدەن ، بۆ خۆیان لەو هەنگاوانە نیگەرانن وپێیان وایە ململانێی نێوان باڵەکان ، یەکێتیان بەو ئاکامە گەیاندووە ، کە یەکێتی بڕیار بەدەست و خاوەن قسەی خۆی نەبێت . وە پێیان وایە جیاخوازی و فررە دەنگی و هەڵەکانی ئیستای یەکێتی ئەوەندە زۆروو کوشندەن بەهیچ حەکیمێك چارەناکرێ ، بۆیە زۆربەی بۆچوونەکان لەوێدا یەکدەگرنەوە ، کە تەنانەت طاڵەبانیش لە پاش هاتنەوەی توانای لە ناوبردنی ئەو ڕەنگانەی نەبوو کە باگراوەندی یەکێتیان ناشرین کردوەو هەنگاوەکانی یەکێتیان بەرەو ئاسۆ لاواز کردووە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت