پشکۆ نەجمەدین : دەبێ بەهەموو لایەک پارێزگاری لە یەکگرتوویی ئاخاوتەی سیاسی کورد بکرێت و ڕێگا بە کەرتبوونی نەدرێت .
ئەو جەنگەی وا خەریکە سەرتاپای ئێراق دەگرێتەوە و چارەنووسی ئاییندەی قەوارەی سیاسی و نێواخنی ئیتنیکی و مەزهەبیی ئەم “ نیشتمان ” ـە داتاشراوە دیاری دەکات ، جەنگی نێوان سوننە و شێعەیە لە ئێراق و نێوچەکەدا ، جەنگی نێوان بەرژەوەندییە ئیقلیمی و نیودەوڵەتییەکانە ، جەنگێکە بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناخێک و کردنەەی دەرگا لەسەر قۆناخ و سەردەمێکی تر .
شەڕی نێوان سوننە و شێعەیە ، سوننە بە تەواوی مەییل و خەسڵەتە سیاسییە جیاوازەکانییەوە ، بە پێکهاتەیەکەوە کە یەکێک لە ڕەگەزەکانی گرووپێکی دڕندەی سەلەفیی داعشە و گەمەیەکی پۆخڵی مەزهەبیی بێسنوور جێبەجێ دەکات ، ڕەگەزی دووەمی ئەم پێکهاتەیەی سوننەکان بەعس و لایەنگرانی بەعسن لە ئێراقدا و لە هەوڵی گێڕانەوەی “سەروەری”یە لەدەستچووەکانیاندان .
دەبێ ئەوە بزانین کە بەعس لە ئێراقدا تەنیا بەفەرمی و بەپێی “ یاسا ” هەڵوەشاوەتەوە ، دەنا لە واقیعدا ، بەعس جگە لە لەدەستدانی حوکمڕانی و ئیعدامکردنی سەدام و چەند سەرکردەیەکی، ئیدی وەکوو خۆی ماوەتەوە !
ڕەگەزێکی دیکەی نێو پیکهاتەی سوننەکان ، جەماوەرێکی ناڕازیی پەراوێزخراوی سوننەیە لە ئێراقدا ، کە دەسەڵاتی حوکمڕانیی شێعەکان لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا ، لە هەر مافێکی بەشداریی جیددیی لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بێبەشی کردووە .
ئەم جەنگە و تەقینەوەی ناکۆکییە تاییفی و مەزهەبییەکانی پێکهاتەکانی ئێراق ، دەروویەکی چارەنووسسازی لەبەردەم کورد و مافە سروشتییە نەتەوایەتییەکانیدا ئاوەڵا کردووە ، دوا چانس و دەرفەتی لەبەردەم کورد و سەرکردەیەتییە سیاسییەکەیدا داناوە .
سەکردەیەتیی سیاسیی کورد لەبەردەم چەند ئەگەرێکدا وەستاوە و دەشێ بەپێی لۆژیکی سیاسەت و دۆخی نێوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا ، مامەڵەی لەتەکدا بکات و هەوڵ بدا بە شوێن و سەردەمێکی کوردخوازی بگەیەنێت .
ئێستا کورد و هێزە سیاسی و چەکدارییەکەی، پاشی شکست و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێراق ، ( هێزێک کە پێکهاتە و دامزراندنەکەی فشۆڵ و بێ بنەما بووە ) ، زیاتر لە سەدا نەوەد و پێنجی ڕووبەری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی لەبندەستدایە و نابێت :
_ لەژێر هیچ پاساو و فشارێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا پاشەکشێی لێ بکات .
_ هەوڵێکی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بخاتە گەڕ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو ناوچانەدا و ئەنجامیش دیارە گەڕانەوەیان دەبێت بۆ نێو سنووری هەرێمی کوردستان .
_ کورد هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ئاییندەی ئێراقدا لەسەر مەسەلەی پۆست و جێگاو پایەی خۆی لە حکومەت و دامەزراوەسییەکانی ئێراقدا بکات ، بێ لە دیاریکردنی سنووری کوردستان و سەربەخۆییی ئابووری لە کوردستاندا .
لەسەر ئاستی ئێقلیمی و نێودەوڵەتی ، مەییل و دەنگێک ( با لاوازیش بێت ) لەمەڕ پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان هەیە و دەبێ سەکردەیەتیی سیاسیی کورد ، لە هەوڵی فراوانکردن و بەهێزکردنی ئەم دەنگ و پشتیوانییەدا بێت .
لەسەر ئاستی نێوخۆی کوردستان و فرەلایەنیی هێزەسیاسییەکانی کوردستان ، دەبێ پارێزگاری لە یەکگرتوویی ئاخاوتەی سیاسی کورد بکرێت و ڕێگا بە کەرتبوون و بەلاڕیدابردنی نەدرێت .
گەشبینی و بینینی دواڕۆژێکی ڕووناک بۆ چارەنووسی کوردستان لەم تەنگژەیەی ئێراقی تێ کەوتووە ، سەرکردەیەتیی کورد لە پلەی یەکەمدا لێی بەرپرسیارە .
٢٩ی یونیی ٢٠١٤ سلێمانی