muhamaed-ahmed

محەمەد ئەحمەد : شارە بێ حاكمەكە .!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر شوێنێك كەسێكی تێدا نەبێت دادپەروەری لە نێو خەڵكدا پەیڕەوبكات ,  پێی دەوترێت شاری بێ حاكم .
نمونەی شاری بێ حاكمیش ئەوەیە خاوەن هێزەكان غەدر لە بێ هێزەكان بكەن و هیچ دەسەڵاتێكیش نەبێت بەرگری لە چەوساندنەوەی بێ هێزەكان بكات .
خورماتوو , ئێستا نازناوی ” شارە بێ حاكمەكە ” پڕ پێستێتی , چونكە خورماتوو بۆ زیاتر لە مانگێكە دادگا لە كاركەوتوە دادوەرەكانیش ئامادە نین بێنەوە دادگا , هەروەها بنكەی پۆلیسی لێنییە تا لە كێشەی هاوڵاتییان بكۆڵێتەوە .
نەبوونی ئەم دوو فەرمانگە گرنگە لە خورماتوو بوەتە هۆی نیمچە وەستانی ژیانی هاوڵاتییانی ئەو شارە و دروستبونی فەراغی ئەمنی, بەتایبەتی كەس نازانێت ئێستا خورماتوو سەر بە كوێیە ,  پێشتر سەر بە پارێزگای صلاح الدین بوو , بەڵام صلاح الدین ئێستا لە ژێردەستی داعش دایە و خورماتوو بە دەر لە قەزاكانی ئەو پارێزگایە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگەدان وەكو پاراستنی سنورەكان, بەڵام وەكو ئیداری كەس نازانێت ئێستا بەكێوە بەسراوەتە .
ئەتوانین بڵێن 3 ساڵی رابردو لە مێژوی خورماتوودا خوێناویترین رۆژانی بووە و گەیشتە ئەو ڕادەیە لە ماوەی تەنها 2 كاتژمێردا لە خورماتوو زیاتر لە 25 تەقینەوە لە گەڕەكە جیاجیاكانی ئەنجامبدرێت ,  ئەمە جگەلە تەقاندنەوەی ماڵان و تیرۆركردنی هاوڵاتیان و تۆقاندنیان , هەمو ئەمانە وایكردوە هاوڵاتییان نەمانی ملیارەها دیناری پرۆژەكانی خورماتوویان بیربردبێتەوە و كەس نەزانێت چییان بەسەر هاتووە و هەروەها بە سەدان ماڵ كۆچبكەن بۆ شارەكانی دیكە .
لە پاش هێرشكردنی داعش بۆ موصل و صلاح الدین , زیاتر لە 100,000 سەدهەزار لە هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی عێراق بێ هیچ شەڕێك لە موصڵ و صلاح الدین و كەركوك كشانەوە زۆربەیان لە سنورەكانی هەرێمی كوردستانەوە گرانەوە شارەكانی خۆیان , لەپاش ئەمەش حكومەتی عێراقی حكومەتی هەرێمی تۆمەتباركرد بە دەست تێكەڵكردن لەگەل داعشدا دژ بە حكومەتی عێراق .
خورماتوش یەكێكە لەو شارانە بەبێ هیچ شەرێك هێزە ئەمنیەكانی عێراق لێی كشایەوە و هێزەكانی پێشمەرگە ئەركی پاراستنی سنورەكانی خورماتوو كەوتە ئەستۆیان , ئەم روداوە بۆماوەی زیاتر لە مانگێكە رویداوە و لەوكاتە بەرقەرار بونی ئەمنی تەواوی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە لە خورماتووی گرتەوە وایلێهات لە دەنگی تەقەی خۆشی زیاتر هیچی تر نەبیسترێت ,  ژیان وەك خۆی گەڕایەوە لە نێو كاولبونێكی دیاری ماڵ و كۆڵانی گەڕەكەكانی شار .
بەڵام لە چەند رۆژێك پێش كۆتایی مانگی پیرۆزی ” رەمەزان ” , لەپاش بڵاوبونەوەی هەواڵی گەیشتنی چەندین میلیشیای شیعی لە باشوری عێراقەوە بۆ شاری خورماتوو و گەیشتنی 2 ئۆتۆمبێڵی بارهەڵگر چەك بۆ میلیشیا شیعەكانی خورماتوو , دووبارە دیاردەی كوشتنی هاوڵاتیان و تەقاندنەوەی ماڵەكانیان دەستی پێكردۆتەوە و بە پێی زیانیاریەكان زیاتر لە 15 هاوڵاتی تیرۆركراوە و 5 تەقینەوە ئەنجامدراوە , ئەوەی جیاوازبێت ئەوەیە پێشتر مەلەفی ئەمنی خورماتوو لەژێر دەستی حكومەتی عێراقیدا بو , بەڵام ئەمجارە مەلەفی ئەمنی لە ژێر دەستی هێزەئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بەڕاستی ئەمە بوتە هۆی نیگەرانی هاوڵاتیان و داوادەكەن حكومەتی هەرێم ئەم كێشەیە چارەسەر بكات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت