پشکۆ نه‌جمه‌دین : هەڵکشان بەرەو ڕۆشنایی .
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ دیوانه‌شیعری ( بڵاچهیهک درز ده‌خاته تاریکه‌شه‌وی ته‌مه‌نم ) ی , فهرهادشاکهلی .
ده‌روازه:
ئه‌فراندن و نووسینی شیعر چه‌ند سه‌ختن ، قسه‌کردن له‌مه‌ڕ شیعر و هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵاواردنی شیعر له ناشیعر ، به مه‌به‌ستی خولقاندنی ده‌قێکی ڕه‌خنه‌یی و دۆزینه‌وه و ڕۆشنکردنه‌وه‌ی پرده‌کانی نێوان نووسه‌ر/ ده‌ق / خوێنه‌ر ، سه‌ختترن!
خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی شیعری ، ئه‌گه‌ر له فه‌زایه‌کی ته‌ندروستدا ئه‌نجام بدرێت و خوێنه‌ر ئامادییهکی ڕۆحی ، زه‌ینی و ڕۆشنبیریی بۆ تێگه‌یشتن له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه هه‌بێت ، ده‌شێت فه‌زایه‌ک بۆ خوێنه‌ر بخولقێنێت که له‌وێدا به‌رهه‌می تێڕامان و تێهزرینه‌کانی له ” ده‌ق ” بچنێته‌وه و به‌و خاڵه ئامانجدارانه‌ی بگه‌یه‌نێت که کرده‌ی ” خوێندنه‌وه ” ده‌یانخوازێت .
خوێندنه‌وه ، له کن خوێنه‌ری زیره‌ک ، کرده‌یه‌کی له‌خۆڕا و هه‌ڕه‌مه‌کی نییه و پێوه‌ستی چه‌ند ڕێسایه‌کی نه‌بینراون که ده‌شی له زه‌ینی خۆێنهردا و پێش ده‌ستپێکی هه‌ڵبژاردنی ده‌ق ، ئاماده‌ییان هه‌بێت. سه‌لیقه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ده‌قێکی باڵا بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه ، دیارده‌یه‌کی خۆڕسک نییه که لای خوێنه‌رێکی گریمان بوونی هه‌بێت و لای ئه‌وی دی نه‌بێت ! ئه‌م سه‌لیقه‌یه هه‌ڵقوڵاوی پاشخانێکی فیکری و مه‌عریفییه و پێبهستبوونی خوێنه‌ریش به تیور و میتۆده‌کانی خوێندنه‌وه‌وه ، واته هه‌ڵبژاردنی تیورێک که ئازادییه‌کی بێسنووری له بواری بیرکردنه‌وه‌دا ، بۆ گه‌یشتن به لایه‌نه نهێن و شاراوه‌کانی ده‌ق بۆ مه‌یسه‌ر بکات ، ڕۆڵێکی گرنگ له ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ته‌ندروستدا ده‌گێڕێ .
ده‌قی شیعریی باڵا ، خوێندنه‌وه‌ی سه‌رپێی و تیژپه‌ڕ هه‌ڵناگرێت و ئه‌گه‌ر وه‌هامان کرد ، ئیدی ناتوانین له سروشتی باڵاییی ده‌قی داهێنراو بگه‌ین و پێکهاته‌کانی شیکار بکه‌ین ، که له به‌رده‌م کارێکی وههایشدا ناتوانا و دهستەوهستاو بووین ، ئیدی له بینین و هه‌ستپێکردنی مانا و وێنه سیحراوییه‌کانی شیعر ، زهینخاڵی و مایه‌پوچ ده‌بین.
ده‌قی شیعریی باڵا کامه ده‌قه و چۆن ده‌توانین ئه‌م خه‌سڵه‌ته به ده‌قێک ببه‌خشین و به‌وی دیکه نا ؟ به دیوێکی تردا ، ئه‌و ڕه‌گه‌ز و کاراکته‌رانه‌ی که ده‌توانن پێناسه‌ی شیعربوون به ده‌قێکی نووسراو بده‌ن ، چین و چلۆنیان ده‌ناسینه‌وه؟
ڕه‌نگه شیعرناسان و توێژه‌رانی هونه‌ری شیعر ، له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک بن که زمان بناخه و بنچینه‌ی ڕۆنانی ته‌لاری ده‌قی شیعرییه و ئه‌و که‌ره‌سته و ئاتاژهیه که داروپه‌ردووه‌کانی دیکه‌ی سازکردنی شیعری له‌سه‌ر داده‌نرێن ، به‌ڵام زمانناسین و زمانزانینی شاعیر به ته‌نها ناتوانن ده‌قێکی باڵامان بۆ بخولقێنن و ئه‌و وێنانه‌مان نیشان بده‌ن که ئێمه دهیانخوازین و چاوه‌ڕێیان ده‌که‌ین.
ده‌شێ کارایی له زانستی زمان و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌نباری زمان لای نووسه‌ر، بۆ نووسینی وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌ده‌بی مه‌رج بن ، باڵام زمانی شیعر ( ڕێساکانی ڕێزمان و ڕێنووسی لێ وه‌ده‌ر نێی ) ناچێته نێو بازنه‌ی زانستی زمانه‌وه، به‌ڵکه سه‌روکاری له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی شاعیردا هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه و به‌کاربردنی ئه‌و وشه و ” دال ” انه‌ی زمان که میتافۆره‌کان ده‌خولقێنن ، ئه‌و وشه به ڕیتم و موزیک بارگاوییانهی که له‌سه‌ر سه‌کۆی زه‌ینی خوێنه‌ر سه‌ما ده‌که‌ن و بۆ قووڵاییه‌کانی کرده‌ی چێژوه‌رگرتن په‌لکێشی ده‌که‌ن.
لێره‌وه ، له هونه‌ری به‌کاربردنی زمان و نهێنهکانییهوه که ده‌بنه مه‌کۆی ته‌وزیفکردنی ” بیر” له فۆڕم و ئیستاتیکیی شیعردا ، له ده‌رکه‌ی دیوانی شاکه‌لی وه ژوور ده‌که‌وین ..
ناساندن:
دیوانی ( بڵاچهیهک درز ده‌خاته …) ی فه‌رهاد ، کۆکردنه‌وه و له‌چاپدانه‌وه‌ی چوار کۆمه‌ڵه‌شیعری پێشتر چاپکراون که تاڵێک له تیشکی بیر و دنیابینی ، زمان و میتافۆڕه‌کانی ، عه‌شقی مه‌عشوق و سووتانه‌کانی پێکه‌وه‌یان ده‌به‌ستن و خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌یاندا هه‌ست به قووڵیی ئه‌زموون و جوانیی سه‌لیقه‌ی شاعیر بۆ پێکه‌وه‌گرێدانی پاژه‌کانی پرۆسه‌ی خولقاندنی شیعر ده‌کات … دیوانی شیعر که زۆر جاران وا ده‌بێ کۆکردنه‌وه و پێکه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی چه‌ند کۆمه‌ڵه‌شیعر بێت و له زه‌مه‌ن و زه‌وینی جیادا نووسرابن ، به‌ڵام ئه‌م کۆکردنه‌وه‌یه ناکرێت بێ نه‌خشه و هه‌ڕه‌مه‌کی بێت . مه‌به‌ستمه بڵێم ، ساحێبی ” دیوان ” و خاوه‌نی ته‌لارێکی بڵندی قه‌شه‌نگ ، پلانێکی نه‌خشه‌سازیی لێکچوویان هه‌یه .. ههرتکلا هه‌موو ئه‌زموونی جوانکاریی خۆیان بۆ ڕۆنان و پێکڕاگرێدانی به‌شه‌کانی موڵکی خۆیان به گه‌ڕ ده‌خه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن باشترین باڵانس و هارمۆنیای شته‌کان ، که‌ره‌سه‌کان ، ڕه‌نگه‌کان و بیره‌کان بخولقێنن . فه‌رهاد ، له هه‌ڵبژاردن و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و چوار کۆمه‌ڵه شیعره‌دا ، بۆ ئه‌وه‌ی ” خاوه‌نی چوار موڵک ” بێت و دیوانی هه‌بێت ، وه‌های کردووه!
دیوانی فه‌رهاد ، دکتۆر محه‌مه‌د که‌مال پێشه‌کیی بۆ نووسیوه ، پێشه‌کییه‌که خوێندنه‌وه‌یه‌کی پڕ مه‌عریفه‌یه له ڕوانگه‌ی فیکری سۆفیزم و دال و مهدلوولهکانیهوه .. دکتۆرمحهمهدکهمال ، میژووی سه‌رهه‌ڵدانی سۆفیزم ، بیر ، ڕێباز ، چه‌مک و تێگه‌یشتنه جیاوازه‌کانی سۆفییه دیار و ناوداره‌کانی له سه‌رده‌م و قۆناخه جیاکاندا شیکردوونه‌ته‌وه و باسێکیشی له مێژووی ته‌سه‌وف له کوردستاندا کردووه . پێشه‌کییه‌که به‌و وردی و وردبینییه‌وه ، ده‌روازه‌یه‌که بۆ تێگه‌یشتن له دنیای بیری سۆفیزم و بێ ئه‌م زانیارییانه‌ش ، تێگه‌یشتن له ته‌سه‌وف و شیعرێک یاخود دیوانهشیعرێک که تیشکی ئه‌م ڕێباز و بیره‌ی لێ ده‌ڕژێ، کارێکی مه‌حاڵه.
دیوانی ” بڵاچهیهک … ” 157 شیعری کورت و درێژی له خۆ گرتوون که مێژووی نووسینیان له نێوان ساڵانی 1978 و 2005 دایه ..
_ کۆمه‌ڵه شیعری ژێ ، 35 شیعر و له به‌راییی دیواندا جێگای گرتووه .
_ کۆمه‌ڵه‌شیعری ” نیگاری تۆ له دیواری زیندانه‌که‌م هه‌ڵده‌کۆڵم “، 33 شیعر ، لاپه‌ڕه‌کانی 175 بۆ 222.
_ کۆمه‌ڵه‌شیعری ” هه‌موو ڕازی من ئاشکرایه و هه‌موو ئاشکرای تۆ ڕاز “، 49 شیعر ، لاپه‌ڕه‌کانی 225 بۆ 316.
_ ئه‌م چرایه دڵم ڕووناک ده‌کاته‌وه و ته‌مه‌نم ده‌سووتێنێ ، دوا کۆمه‌ڵه‌شیعری دیوانه‌که‌یه ، 40 شیعره و له لاپه‌ڕه‌کانی 317 بۆ 390دا جێ که‌وتوون.
له سه‌رجه‌می شیعره‌کانی شاکه‌لیدا ، که‌متر وا ده‌بینین که شیعرێک ڕه‌گه‌زه‌کانی شیعربوونی له ده‌ره‌وه‌ی خۆی قه‌رز بکات ، ئه‌مه‌ش به مانای ئه‌وه‌یه شیعر و حاڵه‌ته‌کانی خولقاندنی شیعر لای فه‌رهاد ، زاده‌ی نیگه‌رانییه ڕۆحییه‌کان و تێڕامانێکی قووڵی ئاوهزئامێزه بۆ هه‌موو دیارده و شته‌کان ، ڕیشه‌کانی ده‌قی خولقێنراو له قووڵاییه‌کانی بیر و پاشخانێکی مه‌عریفیی گشتلایهندا ڕۆ ده‌چن و پێویستییه‌کانی بوونی خۆیان دابین ده‌که‌ن .
با بێ ده‌نگی پڕ ئاوازت ، با ده‌نگت بێ ،
با هه‌ناسه‌ت له دووره‌وه مێشکی ماندووم سه‌رخۆش بکات ،
با به ئاسته‌م بکرێته‌وه گوڵهه‌ناری دهمولێوت .
با بێ ده‌نگت …!
به‌سه‌ر هه‌ستی مات و خه‌مباری ئهمشهوما
نه‌رمه‌بارانی دڵداری ببارێنه
( بۆنی باران ، ژێ ، ل 56)
دووری و لێک‌دابڕان له ئه‌وی دی ، تاسه‌ی بیستنی ده‌نگێک، ده‌نگێک جیا له ده‌نگه‌کانی تر ، هه‌ناسه‌یه‌ک له دووره‌وه که پێشتر ، له ساته‌وه‌خته سه‌خته‌کاندا ، مێشکێکی ماندووی مه‌ست کردووه و ئێستا ئیدی به‌رامه‌ی ناگات ، گوڵهه‌ناری دهمولێوێک که به چاوی خه‌یاڵ وێنای ده‌کات و تمهننا ده‌کات به ئاسته‌م بکرێته‌وه .. تامه‌زرۆی ده‌نگێک ، ئه‌گه‌ر بێت ، ده‌شێ نه‌رمه‌بارانی دڵداری به‌سه‌ر هه‌ستی مات و خه‌مباری شه‌وێکی شاعیردا ببارێنێ ! ئه‌م وێنه بزۆکانهی ” ده‌نگ ” که پڕاوپڕن له جوانی و هارمۆنیایه‌ک له ڕه‌نگ ، وه‌زیفه‌یه‌کیان پێ ده‌به‌خشرێت که وه‌زیفه‌ی به سه‌فرکردنی مه‌وداکانی دابڕان و هه‌وڵدانه بۆ پێکگه‌یاندنی زه‌مه‌ن و شوێن له خه‌یاڵی شاعیردا ، سڕینه‌وه‌ی مه‌وداکان تا به‌یه‌کگه‌یشتنی دڵدار و دولبه‌ر، له چوارچێوه‌ی وێنه‌کاندا که زمان ده‌یاننه‌خشێنێت!
له درێژایی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌دا ، که مێژووی 28 ی 5 ی 1978 ی له بندا دانراوه و له هامبۆرگ نووسراوه ، تێده‌گه‌ین که شیعرێکه له سه‌ره‌تاکانی ئه‌زموونی شیعریی فه‌رهاد له تاراوگه‌دا و ئیدی ترس ، ته‌نهایی ، نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێکانی ژیان ده‌بنه ڕایه‌ڵه‌کانی بینای شیعر ..
شه‌وی دڵدارێکه ته‌نێ
هه‌رچی مه‌رگی سه‌رزه‌وییه
وه‌کو پۆلیس ڕاوی ده‌نێن و نایگه‌نێ
هاودهردێ ، هاوخهمێ له نیشتمانه‌وه بێته ئێره و ( قۆزاخه‌ی خه‌ونه‌کانی بکاته‌وه ) … فه‌رهاد ، جوانیی هه‌موو دارستانه‌کانی ئه‌وروپا سوکنایی ناداتێ و چاو‌ڕێی
کچه دملی ،
کچه ڕووبار ،
کچه زازاییی گوڵهه‌نار ...) ده‌کات و له شه‌وێکی نامۆییدا ، تاسه‌باری بۆنێکی تایبه‌ته ..
( بۆنی دارستانت پێیه ،
بۆنی شار و گوندی کوردستانت پێیه ..
عیشق چ حه‌قیقی بێت و چ مه‌جازی ، له دابڕان‌دا ڕۆحی شاعیر هه‌ڵده‌قرچێنێ و ده‌یکاته سۆفیی خه‌رابات و باده‌ی شیعری پێ ده‌خولقێنێ .. فه‌رهاد ، له سه‌ره‌تاکانی ئه‌زموونه‌کانی تاراوگه‌دا ، جارێ له بازنه‌ی بیری سۆفیزم نه‌که‌وتووه و ئه‌و له شیعری ” بۆنی باران ” و چه‌ند شیعری دیکه‌ی ” ژێ ” دا ، وێڕای شیعربوونی ده‌قه‌کان و باڵایی زمانه‌که‌ی ، سۆفیی کۆڕی زیکری جوانییه له‌ده‌ستچووه‌کانی نیشتمان و یاده‌وه‌رییه‌کانییه‌تی.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی ئه‌زموونی شاعیردا ، تێمای شیعر ، زمانی شیعر ، ته‌کنیک و هونه‌ری ته‌لارسازیی شیعر ، چڕیی وێنه و میتافۆڕه‌کان به جێگایه‌کی دیکه ده‌گه‌ن و شیعر لای فه‌رهاد بوونه‌وه‌رێکه له ناوجه‌رگه‌ی تاریکییه‌وه ، ئه‌وداڵی ڕووناکاییه و به‌ره‌و ڕۆشنایی هه‌ڵده‌کشێ ..
کێوی دڵم
به تیشکی ئاشناییت ڕۆشن که‌وه!
دڵ و گیان
ده‌که‌مه به‌رده‌بازی ڕێگه‌که‌ت.
وای ، که بێتۆیی چ ساڵانێکی شه‌وه‌زه‌نگه ،
وه‌ی که شاری گیان
بێ یادی تۆ ،
چ گۆڕێ ، چ گۆڕستانێکی بێده‌نگه .
شیعری کێوی دڵ، نیگاری تۆ..، بڵاچهیهک ..، ل 196
مه‌ودای نێوان ” کێوی دڵ ” و ” بۆنی باران ” ده ساڵان ئه‌زموونی شیعرییه و له‌م زه‌مه‌نه‌دا ، هه‌موو شته‌کانی شیعر گۆڕدراون ، تێما ، بیر ، زمان ، وێنه و خوازه‌کان .. لێره‌دا ، فه‌رهاد سۆفیی فیکر و دیابینییهکی دیکه‌یه ، لێره‌دا ، خه‌م و نیگه‌رانییه‌کان ، دابڕان و تاسه‌ی پێکهگهیشتن و توانه‌وه ، جوانییه‌کانی نشتمان ده‌به‌زێنن و مه‌ودایه‌کی گه‌ردوونی له خۆ ده‌گرن..
شاعیر ، له سۆنگه‌ی ئه‌و ئاشناێتییه ڕۆحییه‌ی له گه‌ڵ( مه‌عشوق ، خالیق ، خوادا) هه‌یه‌تی ، چاوه‌ڕێیه کێوی دڵی به تیشکی ئه‌و ڕۆشن بێته‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش ، هه‌م دڵ و هه‌م گیان ده‌کاته به‌رده‌باز … دڵ که له فیکری سۆفییه‌کاندا ، کانیی ڕۆشناییه ، ساتێ وه‌کو ” کێو ” بڵنده و چه‌ند پله‌یه‌کی ” په‌یژه‌ی تیشک ” سه‌ر که‌وتووه و به هیوای یه‌کگرتن و توانه‌وه‌یه له ” ڕۆشناییه ئهبهدیهکه ” دا.
له خوێندنه‌وه‌ی دیوانی ” بڵاچهیهک .. ” دا ، منی خوێنه‌ر ، ههنگئاسا ، شه‌یدای مژینی شیله‌ی زمان ، له گوڵی شیعرێکه‌وه بۆ گوڵهشیعرێک ، له خه‌رمانه‌ی مانگی وێنه‌یه‌که‌وه بۆ ڕۆژنه‌ی شیعرێکی سه‌رڕێژ له ڕووناکایی که له تاریکایی ته‌مه‌ندا ” چۆڵه‌چرا ” یه‌ک پێ ده‌کات ، ده‌فڕم و له جامۆڵکه‌ی کۆپله‌یه‌کدا ، چۆڕیک زمان ده‌خۆمه‌وه و دڵی تاسه‌باری شیعرم ئۆخژن ده‌کات .. له خوێندنه‌وه‌دا ، دڵم له ” کوپه‌ی کۆنهشهرابێک ” ی تیشکبار هه‌ڵده‌کێشم و حه‌رفه‌کان له زه‌ینمدا داده‌گیرسێن ، داگیرسانیش مانایه‌ک به تاریکایی ” شاری دڵمان ” ده‌دات و پێمان ده‌ڵێ :
له گه‌ردووندا ، گه‌ردوونێک که په‌رژینی تاریکایی لێمانی ده‌شێرێته‌وه ، کانی تیشک و کانیی هومێدێک بۆ بێهومێدان هه‌یه و هه‌ر هێنده‌ت گه‌ره‌که ، تۆ به عیشقی په‌یکه‌ری تیشکینهوه ، له شاتیشکی ڕووناکایی بڕوانیت ، خۆت فێری ئه‌م پرۆسه سه‌خته‌ی توانه‌وه له عیشقدا بکه‌یت.. عیشقی هه‌موو جوانییه باڵاکان .