ئاکۆ برایم : کامیان هەڵبژێرین راکردن یان بەرگرى ؟ .
هەر ولاِتێک کە شەڕتیایدا روو دەدات ، شڵەژان وبێ یاسایى و سەرەرۆیى و پرۆپاگەندەوشەڕى درەوونى و،وتى وتى ئەبێتە بەشێک لەژیانى ئەو کۆمەڵگەیە. رەنگبێت هەڵگیرسانى شەڕو نائارامى پەشێوى بۆ زۆرێک لەوڵاتان و میللەتانى دیکە کارێکى نوێ بێت، لەلایان نامۆ و ناخۆش بێت و ، بەدواى خۆیدا ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقین بهێنێت . بەڵام بۆ ئێمەى کورد شتێکى نوێ نى یە،ئەتوانم بڵێم شەڕ و نەهامەتى وماڵوێرانى بۆتە بەشێکى دانەبڕاوى ژیانمان و، رۆژ بەرۆژ لەگەڵمان باڵاى کردوە ، شەڕى چەندین ساڵەى رژێمە سەرکوتکەرەکان ، شەڕى ئێراق و ئێران ، شەڕى ئێراق و کوەیت،شەڕى راپەرین و رزگارکردنى کوردستان و ئاوارە بوون ، شەڕى ناوخۆ، شەڕى رۆخانى دیکتاتۆر ، شەڕى پەکەکە، شەڕى ئیسلامیەکان ، چەندەها شەڕى دیکە،تازەترینیان ئەم شەڕەى داعش .
بەداخەوە کە شەڕ بۆتە بەشێکى دانەبڕاوى ژیانمان و پانتایى گەورەى لێ داگیر کردوین . کە هیچ دەمو کاتێک خواست و حەزمان لەسەرى نەبووە ، هەمیشە وبەردەوام شەڕیان پێ فرۆشتووین ، دوژمن بەردەرگاى پێگرتوین ، هاتۆتە سەرمان، ماف و ئاو وخاکى زەوتکردوین . ئەوەشى کە کردومانە بەرگریمان کردوە و لووتى دوژمنمان شکاندووە ، هەق و مافى خۆمان بووە .
مادام گوێمان بەدەنگى تەقە و گوللە کراوەتەوە ، چاومان بەدیمەنى تۆپ و تەیارە تانک هەڵهێناوە ، چ پێویست ئەکات لەشەڕ بترسین ، راستە شەڕ ناخۆشە کاولکارى و خوێن و فرمێسک بەدواى خۆیدا دەهێنێت ، ولات دەکات بەوێرانە ، منداڵان بێ باوک دەکات ، جەرگى دەیان دایک دەسووتێنێ ، بەڵام چارمان ناچارە،کورد ئەڵێت (شەڕەو ئێخەمان ئەگرێت). بۆیە لەبرى ترس و تۆقین وراکردن وهات هات و ، وورە بەردان و ساربونەوە وسەنگەر چۆڵکردن ، ئەرکى سەرشانمانە کە روبەرووى دوژمن بوەستینەوە ، رێگە نەدەین خاکمان پیس بکات .
ئێمە نەچووینەتە سەر کەس و خاک وئاوى کەسمان داکیر نەکردوە ، تەعەدا و بێ رێزیمان بەکەس نەکردوە ، بەڵکو دوژمنە ئەو کارە دەکات ، لێناگەڕێت لەسەر خاکى خۆمان بەئاسودەیى و بێ گرفت بژین . بۆیە هەرکاتێک دوژمن رێگاى پێگرتیت و هێرشى بۆهێنایت ، ئەوکاتە بەپێى هەموو ئاین ومەهەب و بیروباوەڕەکانیش ، بەرگرى لەخاک و کەرامەتى وڵات ئەبێتە ئەرک شتێکى حەتمى .
کەچى بەداخەوە ئێمەى کورد لەسەرێک خۆمان بە قارەمان و گیان باز ئەزانین و بەقسەو دروشم هیچمان نەهێشتۆتەوە ، هەوڵى ئەوە ئەدەین سەربەخۆى بەدەست بهێنین و ، ببینە خاوەن کیان. کەچى لەهەمبەر یەک دوو پەلامارى چەتەکانى داعش و ، یەک دوو پرۆپاگەندە و ناڕاستى ئەژنۆمان ئەشکێت و ، لەجیاتى هەر شتێک، لەبرى ئەوەى بیر لە بەرگرى بکەینەوە ، لەباتى ئەوەى رێگە نەدەین دوژمن پێبخاتە وڵاتمانەوە ، یەکەو راست بیر لە راکردن وهەڵهاتن و بەجێهێشتنى وڵات ئەکەینەوە . دوژمن وچەتە ترسنۆکەکانى داعش لەخۆمان دەکەین بە قارەمان و، خۆمان لەناو خۆماندا لەوان زیاتر لە قەبارەى خۆیان پتر گەورەیان دەکەین .
باشە بەڕێزینە ، راکردن و هەڵهاتن چ دەردێک تیمار دەکات؟ چ کێشەیەک چارەسەردەکات ؟ ئەوەتا بەسەدان هەزار هاوڵاتى دەڤەرى شەنگال و دەوروبەرى سەرگەردان و ئاوارە بوون ، چیان لەمەسەلەکە گۆڕى؟ جگە لە ورە رووخاندنى ئێمە و بڵاوکردنەوەى ترس و تۆقاندن ، ئەى باشە لەناو ئەو سەدان هەزار هەڵهاتوەدا ،ئەگەر بهاتایە تەنها چەند هەزار گەنج و لاوێک خۆیان پڕ چەک بکردایە و شان بەشانى پێشمەرگەو گەریلاکان سەنگەریان لەدوژمن بگرتایە ، لەسەدا سەد سەردەکەوتین ؟! توشى ئەو حاڵە ناخۆشەش نەدەبوین وئەو تراژیدیا و مەرگەساتەش رووى نەدەدا . دوژمنیش هێندەى دیکە دەبەزى و ئەژنۆى دەشکا .
هەقى وایە حکومەت و لایەنى بەرپرس ، رۆڵى کاریگەریان هەبێت لەهێور کردنەوەى خەڵک وگێرانەوەى باوەڕ ومتمانە بۆیان ، بەجۆرێک هەستى نەتەوەیى و خۆشەویستى وڵات وپاراستنى بکاتە دەسپێکى کارەکانى . کارێکى زۆر ناخۆشە و مایەى نیگەرانیشە کە زۆرێک لەخەڵکان بەجارێ زارەترەک بوون و زیڕەیان لەداعش و چەتە بەناو ئیسلامیەکان کردوە ، هەر بجوڵێنەوە ، ئەوان یەک بەخۆ دەتۆقن و هەڵدێن . کە ئەمەش لاى کورد و میللەتەکەى کارێکى ترسنۆکانەو شەرمنانەیە ، راکردن وهەڵهاتن لەدەست دوژمن هەرگیزا و هەرگیز لەفەرهەنگى کوردا بوونى نەبووە .
چاکتریشە حکومەت چیدى رێگە نەدات لەرێگەى کەناڵەکانى راگەیاندنەوە، هێندە لەسەر داعش و شەڕو کوشتارەکەى قسە بکات ولێدوان بدات ، بەڵکو تا دەتوانێت بێ کاریگەر و بچووکیان بکاتەوە ، ئەو کەناڵەشى کە هەوڵى بڵاوکردنەوەى ترس و نارامى دەدات و ، بەناراستەوخۆ ئەچێتە خزمەتى دوژمنەوە دایبخات وسزاى بدات . لەئینتەرنێت و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەکانیش فیلتەر و چاودێرى دابنێت و ، سنورێک بۆ ئەو ماڵپەر و کەسانە دابنێت کە وێنەى سەربڕین وکوشتن و تۆقاندن بڵاو دەکەنەوە ، کەلاى من بەئەندازەى دەیان لەشکرو هێرشى دوژمن کاریگەرى لەسەر وورە و بارى دەروونى خەڵک هەیە .
کەلتور و عەقڵیەتى داعش بریتیە لەدڕندەیى و وێرانکردن سڕینەوەى مێژوو و فەرهەنگ، تێکدانى جوانیەکان ، لەبار بردنى ئەو ئەزمون و دەسکەوت بەرهەمانەى کە بەساڵان خوێن ورەنجى بۆدەدەین . بۆیە ئەبێت ئێمەش دوو ئەوەندەى ئەوان بوێربین ، سێ بەرابەرى ئەوان سەنگەر بگرین ، چەنێک دڕندەو بێ بەزەیى بن، نەمانترسێنێ ، چونکە ئێمە کوردین خاوەنى دەیان وسەدان داستان و قارەمانێتى و نەبەردین ، مێژوومان پڕاوپڕە لە سەروەریى و گیانبازى ، بۆیە دوژمن چەنێک زاڵم بێت ، چەنێک دڕندە بێت، چەنێک توندو تیژ بێت ، ناگات بەهۆلاکۆ و سەدام وتاوان کارانى فارس و رۆم وتورک ،کە کە کورد چۆکی پێ دادان ، رەنگە بارو زروفى ئەمڕۆ قورس و گران و زەحمەت بێت ، رەنگبێت تووشى نارەحەتى و بارگرانى ببین ، بەڵام ئەبێت هەمیشە ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە ئیمە خاوەن هەقین ، دوژمنان هاتونەتە سەرمان . ئەوەشى لەپێناوى داواو مافى رەواى گەل و خاکیدا بکوژرێت بەبێ ئەملاو لا شەهیدە .
بیریشمان نەچێت هەمووان مردنێک قەرزارین و ،کەس قوتارى نابێت لەدەستى ، جا مردنێک بە سەربەرزى و پڕشکۆیى و قارەمانى خۆشترە لەپێناو گێڕانەوەى ئارامى و کەرامەت و خەندە بۆ مناڵان ، یان مردنێکى ترسنوکانە . کە پاش مردنیش کەسو کارمان لەرویان نەیەت باسى بکەن ؟!