عیماد عەلی : بۆچی دەبێت ئەگەری شکستی پێشمەرگەش لەئارادابێت ؟
ئەوەی پێشمەرگە بناسێت دەزانێت هەمیشە بە هەستێکی کوردانە و ورەیەکی بەرزەوە بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆی کردوە و ، مێژوویەکی پاک و خاوێن و پر لە شانازیی بۆ گەلی کوردی تۆمار کردوە ، هەمیشە باوەربونی بە پرسەکەی بەهێزترین چەکی دەستی بووە و داستانەکانی شۆرشەکان شایەتی ئەوەن کە بە چەند پێشمەرگەیەکی کەمەوە شکستیان بە چەندین لیوا و فەیلەقی دوژمن و لەنێویاندا جەیشە زەبەلاحەکەی بەعس هێنا ، لە رۆژانی پر لە باوەربون بە پرسی عادیلانەی گەلی کورد . قەت رۆژێک نەمانبیستوە تۆپ و تەیارە ورەی بە پێشمەرگە بەردابێت ، بەڵام کە قۆڵێک شکستی هێنابێت و ورەی بەردابێت چەند کاریگەری سەلبی لەسەر قۆڵەکانی دیکەی هەبووە ، ئەمە لە کاتێکدا پێشمەرگە بە یەک بیروباوەر و یەک سەرکردایەتی و رێبازەوە شەری کردوە .
ئەمرۆ پاش رزگاری و پێکهێنانی سوپای نیزامی نیشتمانی ، پاش ئەوەی کە هەرێمی کوردستان رزگار بوە ، کۆمەڵێک مەرجی پێویست لە ئارادا نین بۆ مانەوەی پێشمەرگە بەو جەهەرەی جارانی :
یەکەم : نەبونی هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی خاوەن یەک سەرکردایەتی و هەڵگری قەناعەتێکی تەواو کە بۆ میلەت دەجەنگێت نەک بۆ حزب و، تەنها نەبونی و نەداری و دەستکورتی دارایی پاڵی پێوەنەنابێت لە بەپێشمەرگەبونی .
دووەم :سەرجەم مەرجەکانی پێَشمەرگە ، کە ئێستا وەک سوپای نیزامی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت تێیدا نیە ، لەبەر نەبونی چەکی نوێ و ئاراستەکردنی فکری و هاندان و تەعبیئەی عەقیدی و خزمەتکردن و زامنکردنی ژیانی ماڵ و منداڵی .
سێیەم : بونی گەندەڵی هەمەچشن لە ئیدارە ی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و ، هەستکردنیی بە ناعەدالەتی و بونی خەڵکانی بندیوار و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە نێو پێشمەرگە و روبەروبونەوەی مامەڵەی جیاواز لە لایەن فەرماندەکانی هێزی پێشمەگەوە ، هۆکاری سەرەکی لاوازکردنی باوەربونی پێشمەرگەیە بە پرسە پیرۆزەکەی کورد .
چوارەم : نەبونی راهێنانی باش و سەردەمانە و فێرکردنی هەمو جۆرە شەرێک لە لایەن پێشمەرگەوە .
پێنجەم : بونی ململانێی حزبی و ناوچەیی لە ریزەکانی پێشمەگەدا .
شەشەم : بونی جیاوازی لە وەزع و حاڵ و مەعاشی بێشمەرگە و لە زۆر بواری تریشدا لە نێوان یەکەکانی پێشمەرگەدا .
حەوتەم : پلە و پایە بەخشینەوە لەسەر بنەمای حزبایەتی و ناسیاوی و مەحسوبیەت بێ پشت بەستن بە کەفائەت و توانا وشارەزایی و زانیاری عەسکەری .
بۆیە ، ئەگەر وەزعی پێشمەرگە بەم شێوەیە بێت دەبێت چاوەرێی شکستیشی لێ بکرێت ، بەڵام باوەربونی زۆرینەی خەڵکی سادە و کورە هەژاری کوردستان بە پرسی نەتەوەیی کورد زۆرجار ئەم رەخنانەیان دەخاتە لاوە یان دوایدەخات بۆ رۆژێک کە ئەمن و ئاسایش بەقەرار بێت و کوردستان لە خەتەردا نەبێت . سەرەرای ئەم هەموو کەم و کورتیە، قوربانیدانی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان جێگەی شانازیە بۆ گەلی کورد . بەڵام سەرەرای سەرکەوتن و بەرگری قارەمانانە و خۆبەخت کردن ، بەم بارودۆخەی ئێستای، دەبێت چاوەرێی شکستیشی لێ بکرێت لەهەر ئان و ساتێکدا .