ئومێد قه‌ره‌داغی : دوای هێرشی داعش ، پێویسته ، چی بكه‌ین؟
روداوی په‌لاماردانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ، به هه‌موو پێوه‌رێك روداوێكی راچڵه‌كێنه‌ر و شۆكهێنه‌ر بوو، چونكه ئه‌م روداوه تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ راده‌ی توانای پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێم و خاكی كوردستان له هێرشی ده‌ره‌وه ، تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ راده‌ی توانای سه‌ربازی و گیانی خۆفیداكاری پێشمه‌رگه و مانه‌وه‌ی هه‌ستی كوردایه‌تی راسته‌قینه له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا ، رۆژی 3 -8-2014 داعش په‌لاماری ناوچه‌ی شه‌نگالیدا، بێ هیچ به‌رگرییه‌كی ئه‌وتۆ ، پێشمه‌رگه ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی بۆ تیرۆریستانی داعش به‌جێهێشت ، دواتریش ناحییه‌كانی ره‌بیعه زومار و سنونێ و خانسۆر و وانكێ به ته‌واوی كه‌وتنه ده‌ستی داعش ، له‌م لایه‌نه‌وه زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی دیمه‌نی هه‌ڵهاتنی چاوه‌ڕواننه‌كراوی پێشمه‌رگه ئه‌گێڕنه‌وه ، قاسم شهسۆ سه‌رۆك خێڵكی ناوچیه ئیزیدیانه له لێدوانێكدیا بۆ سایتی ئاوێنه ئه‌لێت (( هەرگیز چاوەڕوانی شكستێكی ئاوا گەورە نەبووین ، كە بەرپرسەكان هەڵبێنو پێشمەرگە لەدوای خۆیان جێبهێڵن، ئاخر ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگەی كوردستان لەوێ بوون بەشی بەرگری هەموو كوردستانیان دەكرد ، نەك تەنها شەنگال ، بەڵام بەداخەوە نیو ملیۆن كوردی ئێزیدییان تەسلیم بەداعش كرد ، كە هەموتان ئەنجامەكەیتان لەبەرچاوە )) .
له درێژه‌ی ئه‌و زنجیره شكسته‌ی پێشمه‌رگه‌دا ، داعش هه‌ریه‌ك له گوێر و مه‌خموریشی داگیر كرد ، ئیدی به‌داگیركردنی مه‌خموور ، داعش گه‌یشته به‌ر ده‌رگای هه‌ولێر ، دۆخێكی یه‌كجار مه‌ترسیدار هاته ئاراوه ، هه‌م له كوردستان و هه‌م له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا هه‌ست به مه‌ترسیداری بارودۆخه‌كه كرا ، بۆیه ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان به شێوه‌یه‌كی جددی و خێرا هاته سه‌ر خه‌ت و ، هێڵه‌كانی به‌رگری داعشی له سنووری مه‌خموور و گوێر بۆردومان كرد ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند پێویست بوو هێرشی ئاسمانی بكه‌ینه سه‌ر داعش چونكه ئه‌وان به كاتی لیخۆرینی ئۆتۆمبیل ته‌نها 25 خولهك له هه‌ولێری پایته‌خته‌وه دوور بوون .
ئه‌و تێكشكانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له راستیدا تێشكانێكی پێوانه‌ییه و له ته‌واوی مێژووی پێشمه‌رگایه‌تیدا شتی وا رووینه‌داوه ، به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ئاوێنه پێشمه‌رگه ته‌نها له ماوه‌ی ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌دا 4 قه‌زار و 10 ناحیه و سه‌دان گوندی له ده‌ستداوه و ، له دوای ده‌ستگرتنی داعش و خێڵه عه‌ره‌به‌كان به‌سه‌ر جه‌له‌ولادا ، داگیركردنی قه‌زا و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم زیادیكرد ، به راده‌یه‌ك له كۆی 16 قه‌زای ناوچه كوردستانییه‌كانی هه‌رێم ته‌نها 6 قه‌زا به‌ده‌ست كورده‌وه ماوه و 10 قه‌زا به ده‌ست داعشه‌وه‌یه ، به‌مه‌ش كورد نزیكه‌ی نزیكه‌ی 10420 ( ده هه‌زار و چوارسه‌د و بیست كیلۆمه‌تر ) خاكه‌كه‌ی له ده‌ستداوه ، كه به نزیككراوهیی ئه‌كاته نزیكه‌ی 25% هه‌موو خاكی كوردستان كه كورد له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا له ده‌ستیداوه ..
ئه‌م روداوانه به راده‌یه‌كی یه‌كجار زۆر راچڵهكێنهره بۆ هه‌موو كوردێك دڵی بۆ نیشتمانه‌كه‌ی و بۆ ئازادی مرۆڤی كورد لێ بدات ، ئه‌گه‌ر بۆردومانی ئه‌مریكی بۆ سه‌ر داعش نه‌بوایه چی روی ئه‌دا ؟ ئه‌گه‌ر پشتگیری ئه‌مریكی بوهستێتیت چاره‌نوسی كوردستان به كۆی ئه‌گات ؟ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه چه‌كی نوێی ئه‌مریكی و ئه‌وروپی پێ نه‌گات تا كۆی و تا چه‌ند توانای به‌رگری هه‌یه ؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌كه ئه‌مریكی و ئه‌وروپیانه له رێگه‌ی شه‌ڕكردنه‌وه یان هه‌ر رێگه‌یه‌كی دیكه‌وه بگاته ده‌ستی داعش ئه‌وكات ئه‌وكات چی رو ئه‌دات ؟
له راستیدا ئه‌م هێرشانه‌ی داعش ئه‌و راستییه‌ی نیشانی هه‌موو لایه‌كدا كه ئه‌زموونی كوردی ئه‌زمونێكی نا سه‌قامگیر و فشۆڵه و ، له به‌رده‌م هه‌ر هێرشێكی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌گه‌ری روخانی هه‌یه ، ئه‌گه‌ری له ده‌ستدانی هه‌ر شتێك هه‌یه كه له بیست و دوو ساڵی رابردوودا به ده‌ستهاتوه ، پرسیاری گرنگ و چاره‌نوسساز له ئێستادا ئه‌وه‌یه ، دوای ئه‌و روداوه مهترسیدارنهی هاتنه پێش ، پێویسته ، چی بكه‌ین ؟
به بروای من پێویسته چه‌ند هه‌نگاوێكی گرنگ و ستراتیژی بنرێت كه به ته‌واوی قۆناغێكی نوێ له ژیانی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ست پێبكات :
یه‌كه‌م : دروستكردنی سوپایه‌كی نیشتیمانی پڕ چهككراو:
له ماوه‌ی بیست و دوو ساڵی رابردووی حوكمڕانی كوردیدا نه‌توانرا سوپایه‌كی نیشتیمانی دروست بكرێت ، نه‌توانرا كۆتایی به میلیشیاگه‌ری حزبی بهێندرێت ، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ، به فۆرمی جیاواز و له ژێر ناوی جیادا جۆره‌ها جۆری چه‌كداری حزبی دروستكرا ، لیوا و گروپی سه‌ربازی تایبه‌ت به سه‌ركرده‌كان و باڵه ده‌ستڕۆیشتوه‌كانی نێو حزب دروستكرا ، به كرده‌وه ئه‌وه سه‌لمێنرا ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی نێو حزب ناتوانن به‌رگری له سنووری نیشتیمان بكه‌ن ، ئه‌وه‌ی ئه‌توانن بیكه‌ن تهسیفهكردنی حساباته سیاسییه‌كانی ناوخۆیه ، هێزێكی له‌م شێوه‌یه شایانی مانه‌وه نییه ، به‌ڵكو پێویسته ئه‌م فه‌وزا چه‌كداریی و ملیشیاگهرییهی حزبه‌كان كۆتایی پێبێت و ، هه‌موو هێزی چه‌كداری كوردستان له سوپایه‌كی پیشه‌یی نیشتیمانیدا رێكبخرێت ، ته‌نها ئه‌م سوپایه ئه‌توانیت گره‌نتی پاراستنی ئه‌زموونی كوردستان و خاكی كوردستان بكات ، به بێ یه‌كخستنی هێزی چه‌كدار و دروستكردنی سوپایه‌كی نیشتیمانی ، هه‌موو ساتێك ئه‌گه‌ری روخاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ، ئه‌گه‌ری داگیركردنی خاكی كوردستان هه‌یه له‌لایه‌ن هه‌ر هێزێكی ده‌ره‌كییه‌وه كه بیه‌وێت و به‌هێز بیت …
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به درێژایی بیست و دوو ساڵ حوكمڕانی كوردی ، هێشتا پێشمه‌رگه هێزێكی بی تفاق و بێ پێداویستی سه‌ربازییه ، كه ره‌نگه نموونه‌ی سوپایه‌كی ده‌وڵه‌تی بێ تفاق و بێ كه‌ره‌سته‌ی له‌و شێوه‌یه له دنیادا نه‌بێت ، سوپایه‌ك دوای بیست و دوو ساڵ له ده‌سه‌ڵاتداری به‌و شێوه‌یه بێ كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی بێت ، مایه‌ی پێكه‌نینه كاتێك داعش ئه‌گاته به‌رده‌رگای ماڵه‌كانمان ئینجا بیر له كڕینی چه‌كی قورس ئه‌كه‌ینه‌وه و ، مژده‌ی ئه‌وه ئه‌ده‌ین به پێشمه‌رگه كه چه‌كی قورسیان به ده‌ست ئه‌گات ، مایه‌ی ئه‌سه‌فێكی گه‌وره‌یه پێشمه‌رگه له‌به‌ر نه‌بوونی چه‌ك و فیشه‌ك له ناوچه‌كه ئازادكراوه‌كان پاشه‌كشه بكات .
له سه‌ره‌تای داگیركردنی موسڵدا ، پێشمه‌رگه‌یه‌ك دۆخی راسته‌قینه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ئاشكرا كرد، ئه‌و وتی (( ئه‌مه حاڵ نییه پێشمه‌رگه‌ی تیایه ، نه ئاو هه‌یه نه نان ، لیوایه‌ك له‌م ناوچه‌یه‌ین بیكه‌ی سیهكمان پێ نییه )) . رۆژی سێی ئاب وتەبێژی یەپەگە پۆلات جان ، لە چاوپێکەتنەکەیدا لەگەڵ چەترپرێس دەڵێت : ( بەهۆی كشانەوەی پێشمەرگە و داگیركردنی ناوچەكە لەلایەن چەتەكانی داعشەوە كوردە ئێزدییەكان داوایان لە یەپەگە كردبوو بەهانایانەوە بچن و و بیانپارێزن، ئێمە هێزی خۆمان بۆ پاراستنیان هێناوە و هێزی تریشمان بەڕێوەن بەهەموو ئیمكانی خۆمان دەیانپارێزین، بەڵام بەداخەوە ئێستا چەندین پێشمەرگە لەگەڵ ئێمەدان تەنانەت فیشەكیان پێنیە، گەلۆ عەیب نیە پێشمەرگەیەك خاكی كوردستان دەپارێزێت و لە سەنگەرەكانی پێشەوەری بەرگریدایە فیشەكی پێنەبێت؟عەیب نیە لەم ڕۆژەدا پێشمەرگە تۆپ و چەكی گرانی پێنەبێت ؟ ئەوەتا تۆپیان پێیە و گولەی تۆپەكەیان پێ نیە ؟) .
ئه‌م دۆخه خراپه‌ی پێشمه‌رگه له حاڵێكدایه كه هه‌رێمی كوردستان به درێژایی دوو ده‌یه داهات و سامانێكی به‌رفراوانی له‌به‌رده‌ستدا بوه، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌م سامانه بۆ دروستكردنی كۆمپانیا و ته‌لاری ده‌یان نهۆمی و خۆشگوزه‌رانی ژماره‌یه‌ك كه‌سی ده‌ستڕۆیشتووی نێو حزب و حكومه‌ت سه‌رفكراوه نه‌ك پڕ چه‌ككردنی پێشمه‌رگه، كه ئیدی له ئێستاوه پێویسته هاوكات له‌گه‌ڵ پێكهێنانی سوپای نیشتیمانیدا ، پێشمه‌رگه پڕ چه‌ك و راهێنانی سه‌ربازی هاوچه‌رخ بكریت .
دوه‌م : یه‌كێك له هۆكاره گرنگه‌كانی به‌رگرینه‌كردنی پێشمه‌رگه و ته‌سلیمكردنی خاكی كوردستان بریتی بوو له نه‌مانی بیروباوه‌ر، له نه‌مانی مه‌سه‌له‌یه‌ك كه شایانی ئه‌وه بێت مرۆڤ له پێناویدا خۆی به كوشت بدات ، نه‌مانی ئه‌م بیروباوهرهش به‌رهه‌مێكی راسته‌وخۆی ئه‌و ناداد په‌روه‌رییه بێ سنووره‌یه كه له دابه‌شكردنی سامانی نیشیمانی ئه‌م وڵاته‌دا بوونی هه‌یه، به‌رهه‌می ئه‌و گه‌نده‌ڵی و دزی و تاڵانییه كه به فۆرمی جیاواز له‌م هه‌رێمه‌دا به‌رێوه چوه ، گه‌نده‌ڵی و خه‌ونی ته‌ماعكارانه‌ی به‌رپرسه‌كان هه‌موو ئه‌خلاق و به‌هایه‌كی كوشت ، مانایه‌كی بۆ كوردایه‌تی و نیشتیمانپهرهوهری نه‌هێشته‌وه ، هه‌موو به‌هایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی سووك كرد و، به‌های خۆپه‌رستی و هه‌لپه‌رستی و ته‌ماع و به‌رژه‌وه‌ندی بێ سنوور بالاده‌ست بوو …
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ماوه‌ی بیست و دوو ساڵی رابردووی حوكمڕانی كوردیدا به چاوی خۆی هه‌موو نا عهدالهتییهكانی حوكمڕانی كوردی بینی ، به چاوی خۆی ئه‌وه‌ی بینی كه ستراتیژی مه‌سئول و سه‌ركرده‌كانی كورد كۆكردنه‌وه‌ی پاره و پێكه‌وه‌نانی سامانه،ئه‌وه‌یان بینی كور و كچی مه‌سئوله‌كان ئه‌بن به هه‌موو شتێك، ئه‌گه‌ر حه‌ز له سیاسه‌ت بكه‌ن ئه‌وا به كون فه‌یه‌كونێك ئه‌بن به په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و هه‌موو پۆست و پله‌یه‌كی باڵا وه‌رده‌گرن ، ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی كاری سه‌ربازی بكه‌ن ئه‌وا یه‌كسه‌ر ئه‌بن به ” جه‌نابی فه‌رمانده ” و پله‌ی لیوا و جه‌نه‌ڕاڵ و شتی وا وه‌ر ئه‌گرن، ئه‌گه‌ر كچ وكوره مه‌سئوله‌كان ئاره‌زووی كاری بازرگان‌یش بكه‌ن ئه‌وا باشترین و به به‌رهه‌مترین كه‌رته ئابوورییه‌كان ده‌بێته موڵكی ئه‌وان و قۆرخی هه‌موو چالاكی وكارێكی بازرگانی ئه‌كه‌ن، بێ مونافه‌سه باشترین و پڕ قانزانجترین ته‌ندره‌كان بۆ ئه‌وانه، بازرگانی به قازانجترین كاڵاكان بۆ ئه‌وانه ، خۆ ئه‌گه‌ر بشیانه‌وێ بخوێنن وخولیای خویندنیان هه‌بێت ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه له موعتبهرترین زانكۆكانی دنیا ئه‌خوێنن و له راقیترین شوێندا وه‌ك شازاده‌یه‌ك ئه‌ژین ، پێشمه‌رگه ئه‌وه‌ی به چاوی خۆی بینی كه كه نه‌ك كوڕ و كچ، به‌ڵكو هه‌موو كه‌سه نزیكه‌كانی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات خاوه‌نی هه‌موو شتێكن ، خاوه‌نی گرانبه‌هاترین مۆدیلی ئۆتۆمبیلن ، خاوه‌نی به به‌هاترین ڤیلا و شاهانه‌ترین جۆری ژیانن، به كورتی سه‌رجه‌م ئابووری كۆمه‌ڵگا و حكومه‌ت له خزمه‌تی ئه‌واندایه و بێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی پێوه ئه‌كه‌ن ، پێشمه‌رگه به چاوی خۆی ئه‌وه‌ی بینی جاش و سیخور و ئه‌نفالچی وه‌ك پاڵه‌وان پێشوازییان لێ كرا و ، ناوی جاشه كوژراوه‌كان له ریزی پێشه‌وه‌ی لیستی ناوی شه‌هیده‌كانی كوردستاندا تۆمار كرا، جاشه كوژراوه‌كان به موچه و پله‌ی باڵا خانه‌نشین كران، ده‌یان هه‌زار كه‌س به پله‌ی باڵای سه‌ربازی خانه‌نشینكران كه رۆژێك له رۆژان پێشمه‌رگه نه‌بوه، به‌رانبه‌ر به‌م دۆخه ، به‌و ره‌فاهیه‌ته بێ سنوره‌ی سه‌كرده و كه‌س نزیك و خزم و بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ، پێشمه‌رگه له نزمترین ئاستی ژیان و گوزه‌راندا ژیا ، پێشمه‌رگه‌ی چنك به‌ئاگر وای لێهات له‌به‌ر نه‌بوونی موچه و خراپی گوزه‌ران و ژیان ، له‌به‌رده‌م مایكی كه‌ناڵێكی ئاسمانی‌دا ده‌ست بكات به گریان ،كه ئه‌وه تراژیدیایه‌ك بوو زمان ناتوانێت وه‌سفی بكات، پاش بیست و دوو ساڵ حوكمڕانی پێَشمهرگه خاوه‌نی بسته زه‌وییه‌ك نییه شه‌وی تیا رۆژ بكاته‌وه ، گوێم له هاوسه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌هیدبوو ئه‌یوت ته‌نها داواكاریم ئه‌وه‌یه شوێنێكی نیشته‌جێبوون بۆ منداڵه‌كانمان دابین بكه‌ن، پێشمه‌رگه له‌م دنیایه‌دا جگه له موچه‌یه‌ك كه به‌شی نزمترین ئاستی گوزه‌ران ناكات، خاوه‌نی هیچ شتێكی دیكه نییه، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م دنیایه بسوتێت پیشمه‌رگه هیچ زیانیك ناكات چونكه هیچ شتێكی نییه له ده‌ستی بدات، دوای ئه‌و دیمه‌نه تراژیدییه‌ی به‌راستی ده‌توانین پرسیارێكی كوردانه بكه‌ین: ئایا هیچ پره‌نسیپێك ماوه شایانی ئه‌وه بێت پێشمه‌رگه له پێناویدا گیانی به‌خت بكات؟ ئایا پێشمه‌رگه روحی ده‌به‌خشێت به نیشتیمانێك كه تیایدا خاوه‌نی بسته زه‌وییه‌ك نییه؟ ئایا نیشتیمانێك كه ته‌نها گروپێكی ده‌سه‌ڵاتدار خێر و بێره‌كه‌ی ئه‌خۆن ده‌كرێت هه‌موان خۆمان له پێناویدا بكه‌ین به قوربانی ؟ مه‌به‌ستم له وروژاندنی ئه‌م پرسیارانه ئه‌وه‌یه كه جه‌خت له‌وه بكه‌مه‌وه كه گه‌نده‌ڵی بێ شومار، نا دادپه‌ره‌وه‌ریی له دابه‌شكردنی سامانی نیشتیمانیدا، هه‌لپه‌رستی و خۆ په‌رستی كه‌س و گروپ ، وایكرد بیروباوه‌رێك نه‌مێنێت پێشمه‌رگه به هه‌موو حهماسهتێكهوه خۆی له پێناویدا ، پێش راپه‌رین هه‌مان ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئێستا بوو ، به چه‌كی ساده و ساكارتر توانیتی یه‌كێك له هێزه سه‌ربازییه گه‌وره‌كانی دنیا، كه به‌عس بوو به چوكدا بێنێت، به‌ڵام دوای راپه‌رین، گه‌ده‌ڵی و مشه‌خۆری و تاڵانی و ، ئه‌وپه‌ری نادادپه‌روه‌ری له سامانی گشتیدا ، بیروباوه‌ری كوردایه‌تی و، ژیاندۆستی و، ئایینده‌ی باشتر بۆ نه‌ته‌وه ، مانای نه‌ما و ، جێگه‌ی خۆیدا به هه‌لپه‌رستی و خۆپه‌رستی و هه‌ڵپه‌ی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و بێ باكی به‌رانبه‌ر به هه‌موو شتێك جگه له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خود .
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی زۆریان كه‌ڵه‌كه كردوه، ئه‌م فه‌رماندانه ئاماده‌ی هیچ چه‌شنه رووبهروبوونهوهیهك نین ، به‌ڵكو ئه‌یانه‌وێ به هه‌میشه‌یی بژین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كۆیان كردۆته‌وه به رهفاهییهتهوه سه‌رفی بكه‌ن، قاسم سهشۆ جوانی بۆ چوه كه ده‌ڵێت (( بەداخەوە بەرپرسە سەربازیو ئەمنی‌و حیزبیەكان فێری كۆشك‌و پارەو خواردنی خۆش بوون ، ئێستا تێكۆشانیان بیرچۆتەوە، بۆیە چۆكدادانو هەڵهاتنیان پێ ئاساییە ))
رێگای راسته‌قینه‌ی تێپه‌راندنی ئه‌م دۆخه بریتییه لة بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی ، كۆتایهێنانة به‌و نا دادپه‌روه‌رییه گه‌وره‌یه‌ی سامانی نیشتیمانی ئه‌م وڵاته‌ی گرتۆته‌وه، دابینكردنی ژیانێكی شهرهفهمهندانهی یه‌كسانه بۆ هاوڵاتیان، تا هه‌مووان باوه‌ر به‌وه بهێنێن نیشتیمان بۆ هه‌مووانه، هه‌مووان ئاماده بن له پێناویدا قوربانی بده‌ن، تا پێشمه‌رگه باوه‌ڕی به به‌هایه‌ك هه‌بیت كه شایانی ئه‌وه‌یه له پێناویدا گیانی به‌خت بكات .
سێیه‌م : گومان له‌وه‌دا نییه بیری توندره‌وی ئیسلامی یه‌كێكه له مه‌ترسییه راسته‌قینه‌كانی دنیای ئه‌مڕۆ و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی له دایك بوونی داعش و قاعیده و هه‌موو گروپه تیرۆریستیه‌كانی دنیایه، داعش له ئاسمان نه‌هاتۆته خواره‌وه، بهڵكوبهرههمی هه‌لومه‌رجی ئایینی وهوشیاری كۆمه‌ڵگای عَراقی و ئیسلامی خۆیه‌تی ، پێشتر سه‌دام هه‌ڵمه‌تی ئیمانی راگه‌یاند و له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا بیروهه‌ستی ئایینی توندره‌وانه گه‌شه‌ی پێدرا، دواتریش ناوةندة ئایینیه‌كان و بانگخوازه‌كان و وتاربێژه ئایینیه‌كان زیاتر بیری ئایینی سوونهگهرای توندرهویان په‌ره‌پێدا ، سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهات داعش بوو .
له‌م ئاسته‌دا داعش ته‌نها دو‌ژمنێك نییه لهبهرانبهرماندا وه‌ستا بێت ، به‌ڵكو دوژمنێكه له ناوه‌وه ، له نێو ماڵی خۆماندا بوونی هه‌یه ، ئه‌ركی هه‌ره گرنگی ئه‌م قۆناغه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رووبه‌رووبونه‌وه‌ی هه‌موو بیرێكی ئایینی توندڕه‌وه ، كۆتایهێنانه به هه‌موو بیرێك كه فره‌یی ئایینی قبوڵ ناكات ، كه رێز له بیروباوه‌ڕی جیاواز ناگرێت ، كه به ناوی ئایینه‌وه رق و كینه بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه سه‌باره‌ت به كه‌مه نه‌ته‌وه‌یی و كه‌مایه‌تییه ئایینیه‌كان ، رق و كینه به‌رانبه‌ر مرۆڤه عه‌لمانی و دوور له ئایینه‌كان، پێویسته له‌م روه‌وه كوردستان كار به یاسای رووبه‌روونه‌وه‌ی تیرۆ بكات و ده‌زگای داواكاری گشتی چاودێری وردی گوتار و تێزی ئایینی بكات ، هه‌ر چه‌شنه توندره‌ویی و قبوڵنه‌كردنی جیاوازی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیی و جیاوازی بیر و ویژدان به تاوانی گه‌وره له قه‌ڵه‌م بدرێت و سزای توندی بۆ دابنرێت .
پێویسته حكومه‌ت به وردی به پرۆگرامه په‌روه‌رده‌ییه‌كان و دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كانی حكومه‌تدا بچێته‌وه و پاكتاوی هه‌موو بیرێكی توندڕه‌وی و په‌رگیر بكات ، به‌تایبه‌ت له‌م روه‌وه پێداچوونه‌وه به پرۆگرام و میتۆدی خوێندن و په‌رووه‌رده‌ی قوتابخانه ئایینییه‌كان و حوجره‌كان و كولیژهكانی شه‌ریعه و په‌یمانگا ئایینییه‌كاندا بچێته‌وه ..