عەتا قەرەداخی : جارێکی تر خۆفریودانی کوردو چوونە بەغداو وەهمی عێراقی فیدراڵی .
کورد ئەزموونی فەرمانڕەوایی نزیکەى دەساڵی لەگەڵ شیعەى عێراقدا هەیە . بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە لە خۆی بپرسێت ئایا ئەو دەستکەوتانەى لە ماوەى ئەو دە ساڵەدا دەستی کەوتوون چین ؟ ئایا لە ماوەى ئەو دە ساڵەدا حکومەتی شیعەى عێراقی چەندێ لە مافەکانی کوردی جێبەجێ کردووە کە مەبەست لەو مافانەیە لە دەستووری عێراقیدا دانیان پێدانراوەو جێگیر کراون ؟ ئایا جیاوازی رەفتارو شێوازی کارکردنی هەردوو سەرۆک حکومەتەکەى شیعە لە رابردوودا کە ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیکی بوون تا چ ئاستێک جیاواز بووە لە رەفتارو هەڵس و کەوتەکانی سەدام حسێن بەرامبەر بە کورد ؟ ئایا لە ئێستادا کە حەیدەر عەبادی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حیزبی دەعوەى ئیسلامی کە کەسێکی شیعەى عەرەبی شۆڤێنیستەو راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق چۆن دەڕوانێتە کوردو بە چ شێوەیەک لە ماوەى دەساڵی ساڵی رابردوودا کە پۆست و پلەى جۆراوجۆری هەبووە چۆن رەفتارو کرداری لەگەڵ کورددا کردووەو ئەگەر توانی حکومەت پێکبهێنێت لە چوار ساڵی داهاتوودا چۆن رەفتار دەکات ؟ ئایا دەبێ کورد ، چۆن و بە چ شێوەیەک و لەسەر چ بنەمایەک و بە چ مەرج و بەندێک بەشداری ئەو حکومەتە بکات ؟ ئایا کارێکی عەقڵانیە کە کورد لە ئێستاوە بۆ ئایندە هیچ ئومێدێک لەسەر عێراق بینا بکات یان دەبێ کورد بۆ بەڕێکردنی کات مامەڵەیەکی رۆتینیانە لەگەڵ بەغدا بکات و لەملاشەوە بەشێوەیەکی جیدی لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و لە سەر ئاستی نێوەوڵەتیش کار بکات بۆ خۆئامادەکردن و زەمینەسازی بۆ سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی؟
بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە تێڕوانینی گشتی کۆی عەرەبی عێراقی و تەنانەت کۆی ناسیونالیزمی عەرەبی بەرامبەر بە کورد جیاوازییەکی ئەوتۆی نییەو بە گشتی وەها سەیری کورد دەکەن کە ئەو ئەویترەیە کە دوژمنی سەرسەختی نەتەوەی عەرەبە . لە مێژووشدا بە تایبەتی لە پەنجا ساڵی رابردوودا ئەوەمان بە ئاشکرا بینیووە کە چۆن کۆی دەوڵەتانی عەرەبی لە جەنگی درێژخایەنی دەوڵەتی عێراقیدا دژی کورد ، ئەوان پشتگیری عێراقیان کردووە ، مەگەر لە هەندێ باردا نەبێت بۆ نموونە دەوڵەتی سوریاو لیبیا لەگەڵ عێراق ناکۆک بوون لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا هەندێ یارمەتی بزووتنەوەکانی کوردیان دابێت ، ئەگینا لە رووی ستراتیژییەوە بە گشتی عەرەب لایەنگری عێراق و دژی کورد بووە . دیارە لەسەر ئاستی دەسەڵاتی عێراقیش هەر لە یەکەم حکومەتی عێراقیەوە کە لە سەرەتای بیستەکاندا درووست بووە تاوەکو ئەمڕۆش کە مالیکی لەسەر کورسی دەسەڵاتە ، دەوڵەتی ناوەند وەکو دوژمنێکی سەرسەختی عێراق کە مەبەست عێراقی عەرەبیە رەفتار لەگەڵ کورد دەکات ، بۆیە هیچ ئومێدێکی ئەوە لە ئارادا نییە کە ئەگەر حەیدەر عەبادی حکومەتی درووستکرد تێڕوانینی ئەو حکومەتەو خودی عەبادیش باشتر دەبێت بەرامبەر بە کورد، چونکە ئەوە ئاشکرایە شێوازى رەفتارو مامەلەکردنی عەرەبی عێراق بەرامبەر بە کورد پەیوەندی بە تاکە کەسەکانەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە کەلتوورو عەقڵی عەرەبی عێراقی بە گشتی و نوخبەى سیاسی عێراقیەوە هەیە بە تایبەتی ، کە کەلتوورو عەقڵێکە ناتوانێـت بێجگە لە خۆی کەسی تر ببینێت یان دان بە بوونی کەسی تردا بنێت.
هەرچەندە ئەوەش ئاشکرایە کە حەیدەر عەبادی وەکو تاکەکەسیش ئەگەر رەفتارەکانی پێشتری بکرێنە بنەما بەرامبەر بە کورد ئەوا دەردەکەوێت کە کەسێکی لە جەعفەری و مالیکی باشتر نییە ، چونکە کاتێ ئەو سەرۆکی لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق بوو مەرجی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەسەر هەرێمی کوردستان دانرا ، هەروەها لەو ماوەیەدا بچوکترین کار لە لیژنەى ئابووری بۆ ئیلیزامکردنی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی پێشمەرگە نەکراو تەنانەت باسی ئەوە دەکرێت ئەو رۆڵی هەبووبێت لە یارمەتیدانی مالیکی لە پێشنیارو ئامادەسازیکردندا بۆ دەرکردنی بڕیاری بڕینی بودجەى هەرێمی کوردستان . بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان بە زانینی ئەم پێشینانەوەوە مامەڵە لەگەڵ حەیدەر عەبادی دا بکات .
لە راستیشدا ئەگەر بەوردی سەیری مێژووی دەسەڵاتدارێتی ئەم ماوەیەى شیعە بکەین لە عێراقدا ، سەرباری لاوازییەکانی دەسەڵاتەکەیان ، بەڵام بە ئاشکرا دیارە ، بە هەمان عەقڵیەت و تێڕوانینی سەدام حسێن و بەعسەوە مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن . بۆ نموونە ئەوەندەى توانیوویانە لەسەر بەعەرەبکردنی ئەو بەشانەى کوردستان بەردەوامبوون کە دەسەڵاتیان بەسەریاندا شکاوە . لە دەرکردنی کوردی ئەو ناوچانە درێغیان نەکردووەو بە هەموو شێوەیەکیش هەوڵیانداوە درز لە نێوان هێزە کوردییەکاندا درووست بکەن. ئەمە سەرباری ئەو پێشێلکارییانەى تری دەستوور کە دەرهەق بە هەرێمی کوردستان و گەلی کورد کردوویانە . هەربۆیە ئەوە جۆرێکە لە خۆشباوەڕی ئەگەر پێمانوابێت راوبۆچوونی کەسێکی سیاسی عەرەب لە کەسێکی تریان باشترە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە رای گشتی نوخبەى سیاسی عەرەبی و هەڵوێستی گشتی دەسەڵاتە عەرەبیەکان بەرامبەر بە کورد هاوشێوەیە .
ئێستا دیارە ئەمە بارودۆخی عێراقەو ئەوەش تێڕوانینی گشتی عەرەبی عێراقە بۆ کورد بە شیعەو سوونەوە ، هەرچەندە من خۆم کاتێک باسی عەرەب و هەڵوێستی عەرەب دەکەم زیاتر مەبەستم هەڵوێستی نوخبەى سیاسی عەرەبی و حیزب و رێکخراوە ناسیونالیستە عەرەبەیەکانە نەک ئەو جەماوەرە سەرکوتکراوەى خوارەوەى کۆمەڵگەى عەرەبی کە بەردەوام دەسەڵاتـە عەربیەکان بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان هێناون و هەوڵیانداوە بیانکەنە دوژمنی کوردو ئەوانی تریش . بەهەرحاڵ تێڕوانینی گشتی نوخبەى سیاسی عەرەبی عێراقی و ناسیونالیزمی عەرەبیش بۆ کورد تێڕوانینێکی دوژمنکارانەیە. کەواتە کورد چۆن و بە چ شێوەیەک لەگەڵ ئەو نوخبە سیاسیەو دەسەڵاتی عەرەبی و ناسیونالیستی عەرەبی رەفتار بکات؟
بە بڕوای من دەبوو ئەمجارە کورد بەشداری پرۆسێسی سیاسی نەکردایە لە عێراقداو تەنانەت بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشی نەکردایە ، بەڵکو لەبری ئەوە هەوڵی بدایە لە ئاستی یەکەمدا ناوماڵی کوردی بەتەواوەتی رێکبخستایەو لەسەر ئاستی دەرەوەش کاری بکردایە بۆ زەمینەسازی نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ بڕیاردانی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی . بەڵام وەکو دەبینین وەکو ئەوەى کە هیچ رووینەدابێت کورد بەشداری لە هەڵبژاردنی عێراقدا کردو پاشانیش خۆی ئامادەکرد بۆ دیسانەوە بەشداریکردنی پرۆسێسی سیاسی لە عێراقداو هەنگاوی یەکەم و دووەمیشی هەڵنا کە بریتی بوون لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
ئێستاش کە حەیدەر عەبادی راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی کابینەى نوێ ، کورد لە ئامادەباشیدایە بۆ وەرگرتنی بەشی خۆی لە پۆستەکانی ئەو حکومەتە نوێیە . بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا کورد بە هەمان شێوەى جارانی پێشوو دەچێتە ناو کابینەى حکومەتی نوێوە ، یان ئەمجارە بە مەرج بەشداری حکومەت دەکات؟ دیارە ئەوە ئاشکرایە ئەگەر ئەمجارە کورد تەنیا بۆ وەرگرتنی پۆست و پلەو پایە حکومیەکان بەشداری بکات لە کابینەى حکومەتی نوێدا ئەوە ساویلکەییەکی گەورە دەکات و ئەمجارە بە تەواوەتی دەبێـتە جێگای سەرزەنشتکردنی جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئەوەشمان بۆ دەردەکەوێت کە نوخبەی سیاسی و حیزبی کوردی یان ناتوانن کەڵک لە هەڵەکانی رابردوویان وەربگرن یان ئەوەیە کە ئەمان تەنیا پۆست و پلەو پایەو بەشداریکردنی حکومەتیان لە پێناوی پارەدا دەوێت .
بۆیە بۆ ئەمجارە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان زۆر بە وریایانە مامەڵە بکات و ئەگەر دڵنیا نەبێـت مافە دەستوورییەکانی کورد بە زەمانەتەوە لە حکومەتی نوێدا جێبەجێ دەکرێن ، ئەوا پێویستە کورد بەشداری حکومەت نەکات و لە بارێکی وەهاشدا هیچ ئیلتیزامیکی دەستووری ناکەوێـتە ئەستۆ . رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات کە دەپرسێت ئایا ئەو مەرجانە چین کە پێویستە کورد بە پێی ئەوان و لەسەر بنەمای ئەوان بەشداری کابینەى ئەمجارە بکات؟ بێگومان خاڵی یەکەم و گرنگ بۆ یەشداریکردنی کورد حکومەتی ئەمجارەدا ، دەبێ داننانی ئەو حکومەتە بێـت بە شیوەیەکی نووسراو بە گەڕانەوەى کۆی ئەو ناوچانەى کوردستان کە ئێستا هێزی پێشمەرگەى کوردستانیان تێدایەو دەستبەجێش داننانی حکومەتی نوێی عێراق بە ئەنجامدانی راپرسی لەو ناوچانەدا کە ئەوەش دواخاڵی جێبەجێکردنی مادەی 140ى دەستووری عێراقە . دووەم داننان بە پێشمەرگەدا وەکو هێزی پارێزەری کوردستان و جێبەجێکردنی سەرجەم مافە دەستوورییەکانی پێشمەرگەو بژاردنی ئەو ئیستیحقاقە داراییەی هێزی پێشمەرگە کە لە چەندین ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراقی پشتگوێی خستووە، هەروەها دابینکردنی هەموو چەکێکی پێویست بۆ هێزی پێشمەرگە لە هەمان ئەو جۆرە چەکانەى کە بۆ سووپای عێراق دابینکراوە . سێیەم ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراقداو پێدانی بەشە بودجەى کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەى دانیشتوان و هەروەها بژاردنی بودجەى شەش مانگی رابردوو، هەروەها بژاردنی هەموو ئەو پارانەى کە ناوەند بە بیانووی جۆاوجۆر لە دە ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستانی بڕیووە. چوارەم داننان بە دەستووریبوونی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و سەرچاوە سرووشتیەکانی تریشدا لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەو دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق و بەشداری تەواوەتی کورد لە کۆی دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقدا بە پێی ژمارەى دانیشتووان. هەروەک پێویستە کۆی ئەم خاڵانە بە نووسین بێت و لایەنی سێیەمیش چاودێری جێبەجێکردنی بکات، بۆ نموونە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنی تری وەکو وڵاتـە یەکگرتووەکان ، پەرلەمانی ئەوروپا و رێکخراوی تری نێودەوڵەتی، واتە ئەم رێکخراوو دەوڵەتانە چاودێربن بەسەر ئەو رێکەوتنانەوەو لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەو خاڵانەدا لە کاتی دیاریکراودا ، کورد لەو حکومەتە بکشێتەوەو مەرجی هەرە سەرکیش بۆ بەشداریکردن لەو حکومەتەدا ئەوە بێت ئەگەر کورد کشایەوە ئەوا ئەو حکومەتە بە رووخاو یان دەست لەکارکێشاوە دابنرێت.
وەکو گووتم من پێموایە ئێستاش باشتروایە کورد لە پرۆسێسی سیاسی عێراق بکشێـتەوە چونکە ئەگەری ئەوەى کە سەقامگیری لەم وڵاتەدا درووست بێت و کورد ببێت بە خاوەنی مافە دەستوورییەکانی خۆی لە سایەی دەوڵەتی عێراقیدا ، ئەگەرێکی زۆر لاوازە . خۆئەگەر هەر بەشداریشی کرد پێویستە بەو مەرجانەى سەرەوە بەشداری بکات. خۆئەگەر بەشداری حکومەتی ئەمجارەی کرد لە دەرەوەى ئەو مەرجانەى سەرەوە ئەوا مانای وایە سەرکردایەتی سیاسی کوردی لاوازو بیتواناو کورتبینەو ئەو بەرپرسیاری سەرەکی دەبێت لە هەر کێشەیەک کە رووبەڕووی کوردستان بێـتەوە لەگەڵ حکومەتی بەغداو لەبارێکی وەهاشدا هەقە چیتر جەماوەری خەڵکی کوردستان چاوپۆشی لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان نەکات ، کە بۆجاری چەندەهەمین لە پێناوی پلەو پۆست و پارەدا ئەم یاریە درێژخایەنە لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا دەکات کە ئەوەش لەسەر حیسابی جەماوەری خەڵکی کوردستانە . یاریەک کە بێجگە لە خۆفریودان لە پێناوی پۆست و پارەدا هیچیتر نییەو مەسەلەى دیموکراتی لە عێراق و عێراقی فیدراڵی تەنیا وەهمێکەو هیچی لێبەرهەم نایەت .