Mardin-Muhemed

ماردین محمد : داعش له‌بێده‌نگی 57 ده‌وڵه‌تی مسوڵماندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕێکخراوی هاریکاری وڵاتانی ئیسلامی که‌باره‌گاکه‌ی له‌ جه‌دده‌ی شانشینی سعودیه‌یه‌  57 وڵاتی مسوڵمان ئه‌ندامه‌ تێیدا، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ له‌جیهانی ئه‌مڕۆدا 57 ده‌وڵه‌تی بنه‌چه‌ مسوڵمان به‌فه‌رمی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان هه‌یه‌ .

ئه‌م وڵاتانه‌ی ئه‌ندامی ئه‌و ڕێکخراوه‌ن له‌زۆر که‌یس و کێشه‌ ئیسلامیه‌کاندا گه‌ر هیچیشیان پێنه‌کرێت له‌ڕووی ده‌سه‌ڵات و کرداریه‌وه ‌، ئه‌وا زمانیان دێته‌گۆ و به‌یاننامه‌ی سه‌رزه‌نشتکارانه‌ و په‌رچه‌کاری ده‌رده‌که‌ن و بێ په‌رده‌ و ڕاشکاوانه‌ دژایه‌تی ئه‌و هێزو ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌بنه‌ هۆی ئازاردانی کۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت و ئه‌و هه‌رێمانه‌ی مۆرکی مسوڵمانه‌تیان پێوه‌یه ‌! به‌ڵام هه‌رچۆن کاتی خۆی نه‌مانبینی ئه‌م 57 ده‌وڵه‌ته‌ مسوڵمانه‌ی دنیا هه‌ڵوێستێکی جوامێرانه‌یان هه‌بێت دژی ئه‌نفالی ژن و مناڵ و پیر و گه‌نجی کوردان یان کاتێک 5000 ئینسان له‌مه‌رگه‌ساتی کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌چه‌ند چرکه‌یه‌کدا خه‌زانبار کران و وه‌ک گه‌ڵای دار هه‌ڵوه‌رێنران !

ئه‌مجاره‌شیان به‌هه‌مان ته‌شی ئه‌وکاته‌ ڕستیانه‌وه‌ و گوێیان له‌هاندای ئه‌و هه‌موو هاوار و گریان و فیگانه‌ی مناڵانی سه‌رچیا و هه‌رده‌کانی شه‌نگال کپ و خاپوور کرده‌وه‌ !

ئه‌وان ده‌ڵین تینویه‌تی و برسیه‌تی فه‌ریزه‌ی ڕۆژوو بۆیه‌ ده‌کێشین ، هه‌تا هه‌ست به‌ تینووه‌کانی دنیا بکه‌ین و برسیه‌کانمان له‌بیرنه‌چێت !

ئه‌وان نه‌ک برسی و تینووه‌کانیان له‌بیرچوو ، به‌ڵکو هه‌واڵمان بیست که‌ برا مسوڵمانه‌کان ! ئاڵۆشی کڕینی كچه‌ شه‌نگالیه‌کان لێیدابوون و وێڵ و شه‌یدای ده‌ستکه‌وتنی فه‌توایه‌ک بوون که‌ کڕین و ڕاگرتنی ئه‌و کچانه‌یان بۆ حه‌ڵاڵ بکات وه‌کو سه‌بی * و سه‌بایا!

سه‌رئه‌نجام له‌و نێوه‌نده‌دا ، جگه‌ له‌داعش و داعشیه‌کان که‌خۆیان به‌میراتگری ئیسلامی ئه‌رسه‌دۆکس و سه‌له‌فیه‌تی جیهادی ده‌زانن ، هه‌‌ندێک موفتی و بانگخوازی وڵاتانی ئیسلام ، به‌تایبه‌ت سعودیه‌کان و که‌نداویه‌کان ، ده‌ست به‌سه‌رکردنی ئه‌و کچانه‌یان حه‌ڵاڵ کرد و ده‌ڵێن ؛ هه‌رکه‌س بڵێت سه‌بی و سه‌بایا و ملک الیمین حه‌رامه‌؛ ئه‌وکه‌سه‌ یان نه‌فامه‌ و له‌دین تێنه‌گه‌یشتووه‌ یاخود مولحید و بێئیمانه‌ !

له‌هه‌موو ئه‌و ئاماژانه‌ش خه‌مهێنه‌رتر و مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌ که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌کانی ئه‌و وڵاتانه ‌، که‌ به‌حساب خۆیان له‌سه‌ر میدیای ئازاد هه‌ژمار ده‌که‌ن و خۆیان به‌ شێره‌ و ته‌ژه‌ی ئازادیدا هه‌ڵواسیوه‌ ، که‌ بێگومان دیارتینیشیان که‌ناڵی جه‌زیره‌ی وڵاتی قه‌ته‌ره ‌، ئه‌م که‌ناڵانه‌ زۆر لاوه‌کی بێبایه‌خ خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی زوممار و شه‌نگال و مه‌خمور و گوێڕ ده‌دا و باسکردنه‌کانیان له‌ دێڕه‌هه‌واڵێک تێنه‌ده‌په‌ڕی یان ڕوونتر بڵێم سه‌رجه‌می باسکردنی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ هێنده‌ی یه‌ک له‌سه‌دی پانتایی باس و خواستی کاره‌ساتی غه‌زه‌ و غه‌زه‌ییه‌کان نه‌بوو …!

که‌واته‌ لێره‌وه‌ ده‌کرێت بگه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که‌ بڵێین ؛ ئه‌گه‌ر داعش نه‌هجێکی ئیسلامی و سه‌له‌فیه‌تی جیهادی ڕاسته‌قینه‌ نیه‌؟!

بۆچی 57 ده‌وڵه‌تی مسوڵمان ناچنه‌ پاڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و پشتگیری له‌و بڕیاره‌ بکه‌ن که‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و جه‌خت له‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌بێت داعش لاواز بکرێت و نابێت هیچ ده‌وڵه‌تێک هاوکاریان بکات ؟

به‌ڵام دیاره‌ و ئاشکرایه‌ که‌ له‌سه‌رێکه‌وه‌ بێده‌نگی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌هه‌مبه‌ر کاره‌ نامرۆییه‌کانی داعشدا و له‌سه‌رێکی تریشه‌وه‌ ڕێنه‌گرتنی ڕژێمه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌و که‌س و که‌سایه‌تیانه‌ی که‌ فه‌تواکانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کار وکرده‌وه‌کانی داعشیه‌کان له‌ تای ته‌رازووی حه‌رام و حه‌ڵاڵدا به‌دیوی حه‌ڵاڵدا ده‌خه‌ن ، ته‌نها یه‌ک لێکدانه‌وه‌ و شرۆڤه‌ی هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ؛ که‌ داعش نماینده‌ی ئیسلامه‌تی ئه‌رسه‌دۆکی و سه‌له‌فیه‌تی جیهادیه‌ و ئه‌و 57 وڵاته‌ی ئه‌ندامی ڕێکخراوی هاریکاری وڵاتانی مسوڵمان ناتوانن له‌ ڕووی فکری و جیهادیه‌‌وه‌ له‌گژ داعش ڕاچن، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان ‌به‌و کار و چالاکیانه‌ی داعشیه‌کان شاگه‌شکه‌ و دڵشاد ده‌رده‌که‌ون !

که‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و 57 ده‌وڵه‌ته‌ی ڕێکخراوی هاریکاری وڵاتانی مسوڵمان دیوی خه‌تی ئه‌و پاره‌یه‌ بن که‌هاوکێشه‌ی ئیسلامه‌تی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه‌، ئه‌وا داعش دیوی شێره‌که‌یه‌تی ..‌.!

* (سبي و سه‌بایا) له‌ ئیسلامدا به‌و کچ و ژنانه‌ ده‌گوترا که‌ له‌شه‌ڕ و جه‌نگه‌کاندا دیل ده‌کران و دواتر وه‌ک کۆیله‌ یان که‌نیزه‌که‌کان خاوه‌نه‌کانیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کردن و به‌کاری سه‌رجێگا کردنیشه‌وه ‌.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت