agr-akram

 ئاگر ئەکرەم : هەڵەبجە و N.R.T  شوناس و میدیا لە نێوان قوربانى و شەهیددا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر میدیا کارى گواستنەوەى ڕوودا و شرۆڤەکردنى ڕوداو بێت ، ئەوا لەسەر ئاستى نەتەوەیى دەتوانرێت میدیاى نیشتمانى پێکبهێنرێت ، بۆ ئەوى کار لەسەر چەمکى بەها نیشتمانیەکان بکات و لە کاتى ڕوداوەکاندا ببێتە کەناڵیکى ئەکتیڤ و چالاک بۆ گواستنەوەى ئەو روِوداوانە ، تا ئەمە ببێت بە کارتێک بۆ بەرهەڵستى ئەو ڕوداوە و بە زەرەرى ئاسایشى نەتەوەیى نەشکێتەوە ، وە بتوانێت ڕاى گشتى وڵاتان و شەقامى نێودەوڵەتى بوروژێنێ لە بەرژەوەندى نیشتماندا ، خۆ ئەگەر بە مانا گشتیەکەى میدیا دەسەڵاتى چوارەم بێت ئەوا لە ئێستاى ئەم ڕووداوانەدا زیاترە لەو دەسەڵاتەى کە هەیەتى .

هەر چەندە بە هۆى سەرقاڵیم بە ئەرکەکانم  ، لە ناوچە دابڕاوەکاندا ئەم نوسینەم دواکەوت ….ئا لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر قسە لەسەر میدیاى ئازاد بکەین ، کە چەند چالاک بووە لە بەرهەمهێنانى تاکێکى هوشیار بەرامبەر بە مروڤ دۆستى و وەلائى نەتەوەیى ، ئەوا بێگومان تا ئاستێکى باش میدیاى سەربەخۆ توانیویەتى ئەم کارانە بکات ، بەڵام لە سەرەتاى دەست پێ کردنى ڕوداوەکانى داعش و گۆڕانکاریەناوچەیەکانەوە ، کوردستان بوە سەنگەرى بەرگرى کردن لە نەتەوەى کورد و بوە نمایندەى جیهانى بۆ بەرەى دژە تیرۆر ، خۆ ئەگەر پێشمەرگە و ئەو هاوپەیمانیتیە جیهانیەى کە ئێستا هەیە ، لە دژى داعش نەبوایە ئێستا کوردستان لەبەردەم هەڕەشەى داگیرکارى داعشدا دەبوو …. ئەگەر وەک گریمانە وەرى بگرین ئەگەر داعش بهاتایەتە کوردستان ئەوا  N.R.T یش بەر ئەو هێرشە دەکەوت و دور نەبوو ببوایەتە بارگایەکى داعش و دروست کردنى T.N.T ، بە دیوێکى تردا ئەگەر N.R.T مەبەستى بێت بۆ بێلایەنى خۆى ناوى شەهید بە قوربانى بەرێت ، ئەوا لەم دۆخەدا کە دۆخێکى نیشتمانى دروست بووە دەبێت وەک میدیاى نیشتمانى لێبێت ، ئا لەم ڕوانگەیەوە کاتێک  N.R.T پولێن دەبێت لە نێوان [ شەهید و قوربانیدا ] ئەوا لە میدیاى نیشتمانى دەردەچێت ، دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەگەر ئەو شەهیدانە نەبونایە ئەوا ئێستا بە N.R.T یشەوە لەبەر هەڕەشەى داگیرکاریدا بوو ، هەر چەندە ئەم بڕیارەیان گۆڕى ، بەڵام دەبوو زوتر هەست بەم بەرپرسیاریەتە نەتەوەییە بکرایە .

سەبارەت بە هەڵکەوتەى جوگرافى هەڵەبجە کە ناوچەیەکى فراوانە دانیشتوانێکى زۆرى هەیە ، سنورى بەریەککەوتنى ئێران و عێراقە ، وە ئێران کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەیە لەسەر هەڵەبجە وە پێکهاتەى هەڵەبجە پێکهاتەیەکى هەمە ڕەنگ و فرە دید و چەند ئاین و فرە عەشیرەت و چەندین زاراوەیە ، کە لە مێژوەوە تا ئێستا هیچ بەریەککەوتنێک لە نێوان پێکهاتەکانیدا نەبوە ، مەگەر ئەمە لە وڵاتاناى وەک سوید نمونەى هەبێت ، دەبوو ئەوە لەبەرچاو بگیرایە کە لە ساڵى شەستەکانەوە بەرداوم هەڵبجە شەهیدى داوە و زۆربەى ناکۆکیەکانى ناوخۆ و دەرەوە کەوتونەتە ناو هەڵبجەوە وە لەشەڕى ناوخۆدا هێزەکان چەکدارەکانیان نارد بۆ هەڵەبجە و کردیانە قەڵغانێک بۆ شارە گەورەکان و دور خستنەوەى شەڕ لە سلێمانى هەولێر و دهۆک ، کە لە ناوەڕاستى نەوەدەکانەوە تا ڕوخانى ڕژیمى بەعس و کۆتایى هێنان بە ئەنسارئیسلام دیسانەوە هەڵەبجە بووە قوربانى نەتوانرا وەک پێویستى خۆى ئاوەدان بکریتەوە ، کە دیسانەوە بووە قوربانى جەنگە ناوخۆییەکان ، بەدەر لەمە ئەوە هەڵەبجەیە کە تا ئێستا وەک بونى خۆى و وێنەى لە ناوەندەکانى جیهانیدا کارى بۆ نەکراوە ، گەنجەکانمان لە بێکاریەکى کوشندەدان ، بە شێوەیەک گەنجى وامان هەیە تا ئێستا سلێمانى لەبەر بێ پارەیى نەدیوە ،  ئەى بۆ ئەمەیان N.R.T دەڵى َچى ..؟ وە دەبێت ئەوە بزانین کە زۆربەى  ئیسلامیەکانى هەڵەبجە ، ئیسلامى میانڕەون هیچ زەرەرێکیان بۆ دۆسەیى نەتەوەیى و دیموکراتى نەبووە ، خۆ ئەگەر مەبەست لە لایەنگرى بێت بۆ داعش ، ئەوا هەموو شوێنەکانى ترى کوردستانى باشور بە هەمان شێوەن ، بگرە لەمە گەورەتر هەموو دنیا ، ئەوەتا لە بەریتانیا 400 کەسى هەیە ، لە ئوسترالیاوە بۆ ئەوروپا لایەنگرى داعش هەیە ، کەچى  N.R.T زیاتر باسى هەڵەبجە دەکات ، خۆ ئەگەر بەدیوێکى تردا سەیرى وێنەى هەڵەبجە بکەین ، ئەوا لەشەڕى داعشدا زۆرترین شەهیدى داوە ، کە دەبوو N.R.T ئەمەشى زیاتر بوروژاندایە تا ئەگەر لایەنگریەکیش هەبێت بۆ داعش نەمێنێت ، چاو لە برا پێشمەرگەکانیان بکەن ، کە جگە لە هێزى خۆبەخش هەڵەبجە و شارەزور زیاتر لە 15000 پێشمەرگەى لە بەرەکانى بەرگرى کردنە لە کوردستان بە N.R.T یشەوە ، لەم کاتەدا کە هەڵەبجە وەک سمبولى قوربانى گەلێکى کیمیابارانکراو دەبێتە جێ ى باسو خواستى دنیا  ، وە دەبێتە شوناس بۆ نەتەوەیەکى ئاشتى خواز ، لەم سەرو بەندەدا کار بۆ ئەوە کرا کە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا ، کە ئەم ڕوماڵکردن و هەواڵانەى N.R.T دەبێتە هۆیەک بۆ دواخستنى پرسى بە پارێزگابونى هەڵەبجە ، لەگەڵ ئەمانەشدا مێژووى هەڵەبجە پڕە لە شاکارە ئەدەبیەکانى کوردى هەر لە نالى و مەولەوى و گۆران و ئەحمدموختارجاف و قانع و موفتى و هەزارانى تر .

مەبەست لەم نوسینە ئەوە نیە هێندە تەسک بیر بکەمەوە کە ناوچەگەرى زاڵبێت بەسەر دید و تێروانینم بۆ دنیا بە پێچەوانەوە لاى من مرۆڤ هەڵگرى هەر شوناسێک بێت خاوەنى ڕێزە بەڵام وەک هەقیقەتێک ئەم بابەتەم نوسیوە .

تێبینى : سەرەڕاى ئینتماى سیاسیم بۆ (ى . ن . ک ) بەڵام لە نوسیندا بابەتیانە دەنوسم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت