پۆلیسی سلێمانی ئەشکەنجەی کوڕی خێزانێکی چوار شەهیدی یەکێتی دەدەن .
شەوی یەکشەمە بەرواری ٣٠ لەسەر ٣١ ی ئاب ئوتومبێلێک پەکی دەکەوێت لە سەر شەقامی مەلیک مەحمود ، خاوەنی ئوتومبێلەکە برازامەو هانا دەبات بۆ برایەکم وتەلەفونی بۆ دەکات کە بچێت بە هانایەوە و هاوکاری بکات . کاتێک سەرقاڵی ئەوە دەبن گرفتی ئوتومبێلەکەیان چارەسەر بکەن مەفرەزەیەک لە پۆلیسی ( ١٠٤ ) دەچنە شوێنی ڕوداوەکەو بەهەر هۆیەک بێت ، دەمەقاڵێ دروست دەبێت لە نێوانیاندا . بەڵام دوور لە هەموو پەروەردە و نەریتێکی کارەکەیان ، کە بۆ خزمەتی هاوڵاتیانە ، وەک گەلە گورک هەڵدەکوتنە سەر( محمەد هەڵگورد) کە ناوبراو برای منەو خاوەنی چوار شەهیدە و ، لە هەمان کاتیشدا کارمەندی وەزارەتی ناوخۆیە ، لەسەرەتاوە خۆشی پێناساندون و پێی وتون من کارمەندی وەزارەتی ناوخۆم . پاش ئەوەی کەلەپچەشیان کردۆتە دەست زۆر بێویژدانانە و دوور لە هەموو ڕێنماییەکی مرۆڤایەتی بە ١٠ پۆلیس لە ناوبراویان داوە ، کە دایک و خوشک و دوو براشی شەهیدە . لە بری پاداشت و حورمەتگرتنی کەسوکاری شەهید ، ئاواشت لی بکەن بە بێ تاوان . مرۆڤێک لە پێناو ئەم ئازادیەی ئەمڕۆی کوردستاندا تێگرای خێزانەکەی کردبێتە قوربانی بۆ میللەتەکەی ، ببینن بە چ شیوازێک لێی دراوەو سوکایەتی یەتی پێکراوە ، سەڕەرای ئەو هەموو تاوانانەی کردویانە بەرامبەری وەک ئەوەی تیرۆرستێکی داعشیان کەوتبێتە بەردەست ، دوای ئەو هەموو ئازارو ئەشکەنجەیەشیان داوە ، راستەوخۆ ڕاپێجی زیندانیان کردووە . جگە لەوەی لێیانداوە و ئازارێکی زۆری چەستەیشیان داوە دەیان قسەی سوکو نا بەجێشیان پێ وتووە ، کە مایەی شەرمە بخریتە بەردەم خوێنەرانی بەڕێز .
ئێمە وێرای سەرزەنشتکردنی ئەو کارە قێزەونە ، وەک بنەماڵەی چوار شەهیدی زەمەنی بەعس ، داوای یاسایی لەسەر ئەو تاوانبارانە تۆمار دەکەین و بەهیچ شێوەیەک لێیان خۆش نابین .
ئارام قزلەریی
٣٠/٨/٢٠١٤