عیماد عەلی : بێهەڵوێستی تورکیا لەبیر ناکرێت .
ئەو رۆژەی داعش زەفەری بە و ناوچە کوردستیانەی لە شەنگالەوە بۆ مەخمور هێنا ، هەندەکێک مابوو بگاتە هەولێر، هەمووان لەو باوەرەدابون کە تورکیا هەڵوێستێکی توندی دەبێت ، لەبەر خاتری هیچ نەبێت لەبەر هاوپەیمانە نزیکەکەی خۆی و هاوبەرژەوەندخوازەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ، بۆیە هەڵوێستێکی موشەڕەفی دەبێت ، هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی یەکەم دەوڵەتە کە زۆرترین قازانجی ئابووری لە هەرێمی کوردستانی کردبێت و ، پەیوەندیەکانی لەگەڵ کوردستان بە تایبەتی لەگەڵ پارتی لە ئاستێکدایە، کە وا پێویست بوو لە یەکەم چرکە ساتەوە و پێش هەر کەس و وڵاتێکی تر هەڵوێستێکی ئەوتۆی بنواندایە ، کە متمانەی خەڵکی کوردستانی بۆ خۆی فەراهەم بکردایە و هەتاهەتایە کورد پێش پارتی بە برا گەورەی لەقەڵەم بدایە ، بەڵام داخەکەم ، بە دوو بیانوی پوچ ، رۆڵی تەماشاکەری بینی . بۆ بەدبەختی کورد ، سەرکردایەتی کوردستان ، بەتایبەتی پارتی ، کە زۆر نزیکە لە تورکیا و بەڵکو خۆی بە هاوپەیمانێکی بەهێز و ستراتیجیی دەزانێت و شەو و رۆژ بە باڵای یەکتردا گۆرانی دەڵین ، ئێستاش گلەییەکی نەبووە . بەڵکو بیانوەکانی بۆ خەڵک پشت راست دەکاتەوە و، دەڵێت؛ تورکیا حەقی خۆیەتی . هەولێر داگیر بکرێت و ئەم ئەزمونە لەناوبچێت وخەڵکی ئاوارەبێت و کچانمان لە بازارەکان بفرۆشرێن ، چیە ، تورکیا لە قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆکدایە ، نەخێر لە لایەکی ترەوە دیبلۆماسیەکانی لای داعشن، باشە کوا و بۆچی کە داعش هەمیشە خەریکی سەربرینن هیچی لەو دیبلۆماسیانە نەکردوە و تەنانەت تورکیاش بێخەم پاڵی بۆ داوەتەوە و زۆر بیمنەتە ، باشە بۆچی تورکیا سنورەکەی واڵایە بۆ هاتوچۆی داعش ، ئەگەر ئەمە سیناریۆ نەبێت .
بۆیە دەبێت هەموو دونیا بزانن کە کورد وەکو میلەت ئەوەنە خۆشباوەر نیە ، هەرچەند کەس بەو بیانوە باوەر ناکات ، بەتایبەتی و لەپێشەوەی هەموو لایەک خودی پارتی ، بەڵام ململانێکەو پێگەی لە میحوەرەکانی ناوچەکە رێگەی نادات بە ئاشکرا بڵێت تورکیا لای گرنگ نەبوو داعش نەک هەولێر بەڵکو هەموو کوردستانی داگیر کردبا و وەزعی کوردستانی بەدەردی موسل بردبا .
نازانم بۆچی شەرم بکەیت لە وتن و راگەیاندنی راستیەکان ، تورکیا دەریخست کە بۆ تاکە رۆژێکیش دۆستی کورد و کوردستان نەبووە و هیچ کاتێک پشتکیری کوردستان ناکات و ، جگە لە قازانجی ئابووری هیچ هەڵوێستێکی روونی لە ئاست پرسی سیاسی کورد نیە، بەڵکو لە خوای دەویست کە کورد بگەرێتەوە چوارگۆشەی یەکەم . ئەگەر لەم ماوەیە باسی سەربەخۆیی کوردستان کرابێت ، بەم جموجوڵەی داعش زۆر هاتینە دواوە ، کە ئەمەش ئاوات و مەبەستی تورکیا بوو و، هەموو هەوڵێکی ئەوەیە ، کە بە خۆی رۆڵی گەورەتر لە ناوچەکە بگێرێت ، شکیش دەکرێت کە بە هاندانی تورکیا داعش روی خۆی بۆ کوردستان وەرگێرابێت ، ئێستاش کە موجامەلەی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دەکات تەنها لەبەر بەرژەوەندی خۆیە و دەزانێت پرسی کورد قۆناغێکی جیهانی بریوە و وڵاتە زلهێزەکان تا رادەیەکی باش پشتگیری دەکەن ، ئەمجارەش ئاواتەکەی تورکیا بەدینەهات لە مەر لەناوچونی ئەزمونەکەی کورد ، ئەگینا لە زۆر شتدا رێگری لە هەرێمی کوردستان دەکرد و خۆی شل نەکرد ، بۆیە ئەم هەڵوێستەی تورکیا کە نزیکترین وڵاتە لە شانۆی کێشەکە ، دەبێت ئەو سیاسەتەی لەبیر نەکرێت و مێشکی خەڵک بەوە پرنەکەنەوە کە تورکیا هۆکاری تایبەتی خۆی هەبووە بۆ بێ هەڵوێستی و، دان بە بێ متمانەبون بە تورکیا بنرێت و خەڵکی کوردستانیش لێی ئاگادار بکرێتەوە ، چونکە هەموو کورد دەزانێت و دەپرسێت؛ ئەگەر تورکیا هەر بە خۆیشی هەڵوێستی وەرنەگرتبا دەکرا رێگە بە ئەمریکا و ڵاتانی رۆژئاوا بدات بنکەی ئەنجەرلیک بە کار بێنن و هیچیش لەسەری نەکەوێت ، بەڵام! بۆ کێ بڵێیت، سەرکرادیەتی سیاسیی کورد، ئێستاش لە جاران گەرموگورتر سەردان و پیرۆزبایی هەڵبژاردن لەئەردوگان دەکەن ولە تەراتێن کردن و هاتوچۆی تورکیا نەکەوتون ، تەنها لەبەر خاتر و بەرژەوەندی شەخسی و حزبی و، کوردستانیش چش . دەبێت تەنها ئەو پرسیارە بکەین ، ئەگەر داعش چەند کیلۆمەترێک پێشرەوی بکردایە چی رویدەدا ؟
بۆیە دەبێت سەرکردایەتی پارتی پێش هەموو لایەک حەقیقەتی تورکیا و سیاسەتەکانی بۆ خەڵک باس بکات و خۆی لەو بەرپرسیارێتیە نەدزێتەوە و پرسی گەلی کورد نەکاتە قوربانی بەرزەوندی پارتی و سەرکردایەتیەکەی .