رەحمان پیرۆتی : تێرۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران .
تێرۆریسم ، “بەکارهێنانی بەرنامە بۆداڕێژراوی تووندوتیژی ، یان هەڕەشەی بەکارهێنانی تووندوتیژی وەکوو کەرەستەیەکی مەشروع بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی سیاسی ، مەزهەبی ، ئیدئۆلۆژیک و هتد . لە رێگای بڵاوکردنەوەی ترس و بە پێشێلکردنی هەموو نۆرم و پرەنسیپە یاسایی و ئەخلاقییەکانە ” . ئەوە دەکرێ تاریفێکی مەنتقی بێ ، بەڵام بەو هۆیە کە چەمکی تێرۆریسم ، بەستراوەتەوە بە چۆنیەتی لێڕوانین و گۆشەنیگای لایەنە نەیارەکان و شێوازی دەستەبەرکرانی ئامانجەکان ، تا ئێستا پێناسەیەکی گشتگیر بۆ تێرۆریسم بوونی نییە و زۆر جار لەگەڵ تاریفی “تووندوتیژی سیاسی” و “تاوانی سیاسی” تێکەڵ بووە .
تێرۆریسم شێوازی جۆراوجۆر و مەیدانێکی مەفهومی رەهای هەیە ، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە دەوڵەتەکان خاوەن دەسەڵات و سەرچاوەی ماڵی ، هێزی سەربازی رێکخراو ، پشتیوانی دیپڵۆماتیک و دەزگای میدیا و راگەیاندنی کاریگەرن ، “تیرۆریسمی دەوڵەتی” بە سەرەکیترین و مەترسیدارترین شێوازی تیرۆریسم دادەنرێ . تیرۆریسمی دەوڵەتی ، واتا کەڵکوەرگرتنی دەوڵەت لە ستراتێژییەکی تایبەت بۆ بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و ترس و تۆقاندن بە مەبەستی بەرەوپێشبردن و ئاڕاستەکردنی ئەو سیاسەتانەی کە بە شێوە یاسایی و ئاسایی تێیاندا سەرکەوتوو نەبووە .
ستراتێژی تیرۆریسمی دەوڵەتی ، بە گوێڕەی بۆچوونەکانی “ویلیام دی پێردیۆ” ، نووسەر و بیرمەندی سیاسی ، بە گشتی دەرەنجامی ئەو شێوە کردەوانەی ژێرەوەیە :
1 / چالاکییە سیاسییەکانی یەک دەوڵەت بەرامبەر بە خەڵکەکەی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و ترس ، کە بۆی هەیە بە شێوەی کۆنترۆڵی راگەیاندنەکان و رۆژنامە و مێدیاکان ، ئەشکەنجە و ئازار ، دادگایی کردنی نادادپەروەرانە ، مهەندیسی کردنی خۆپێشانان و رێپێوانەکان ، و لەسێدارەدانی خێرا و بەپەلە و بەربڵاو ئەنجام بدرێن .
2 / هێرشی چەکداری هێزی نیزامی یەک دەوڵەت بۆ سەر ئامانجەکانی دەوڵەتێکی دیکە کە لەو ناوەدا ژیان و گیانی خەڵکی مەدەنی بکەویتە مەترسیەوە .
3 / حەولدان بۆ لەناوبردن و حەزف کردنی بەرپرسان و دیپڵۆماتکارانی وڵاتانی دیکە ؛ واتا سازماندانی شاخە و جوخەی تیرۆر لە سەرتاسەری وڵاتانی جیهان .
4 / داگیرکردنی نیزامی یەک وڵات ، چ بە شێوەی راستەوخۆ و چ لە رێگەی دامەزراندنی پێگەی عەمەلیاتی .
5 / چالاکی نهێنی و شاراوەی یەک دەوڵەت بۆ لەسەر کار راگرتن یا لەدەسەڵات خستنی دەوڵەتێکی دیکە .
6 / بەکارهێنانی دەستوپێوەندەکان و گروپە نیزامییەکان لە وڵاتانی دیکە ، بۆ لە دەسەڵات خستنی حکومەتی ئەو وڵاتانە و دواتر کۆنترۆڵکردن و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات .
7 / پشتیوانی و پشتگیری لەو دەوڵەتانەی کە مافی بڕیاردانی خەڵک رەد دەکەنەوە و سەرەڕۆیانە و لەرێگەی قۆڕخکردنی دەسەڵات و دامەزراندنی دیکتاتۆڕی حوکمی وڵات دەکەن .
8 / فرۆشتن نایاسایی و راگواستنی چەکوچۆڵ و تەسلیحات بۆ بڵاوکردنەوەی شەڕە ناوچەیی و هەرێمییەکان ، و تێکدانی حەولە ئاشتیخوازەکان بۆ گەیشتن بە رێگاچارەیەکی سیاسی و کۆتایی هێنان بە کێشەکە .
9 / پەرەپێدان یان ئەنجامدانی تاقیکاری ئەتۆمی ، کە لەوانەیە کوشتاری بەکۆمەڵ و رەشەکوژی و تێکچوونی ژینگەی لێدەکەوێتەوە .
ئەگەر بۆچوونەکانی پێردیۆ بە پێوەری هەڵسەنگاندنی تیرۆریسمی دەوڵەتی دابنەین ، بەشێک لە زلهێزەکانی جیهان و دەسەڵاتە ناوچەیی و هەرێمییەکان دەکەونە ناو لیستی وڵاتانی تیرۆریستییەوە . یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەردەوام پێگەی شیاوی خۆی لە ریزی وڵاتانی تیرۆریستی و پشتیوانانی تیرۆر لە سەرتاسەری جیهان پاراستووە ، کۆماری ئیسلامی ئێرانە . سیاسەتی ورد و کەلانی کۆماری ئیسلامی وەکوو حکومەتێکی دیکتاتۆڕی ئیدئۆلۆژیک ، داخراو و زێدەخواز هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەم لە ئاستی دەرەوە ، بە پێوەرەکانی پێردیۆ ، خاوەن کارنامەیەکی دەوڵەمەند لە تێرۆریسمی دەوڵەتییە .
لە ناوخۆی وڵات ، کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر بیری رادیکاڵیسمی مەزهەبی و سەپاندنی سیستمێکی حکومەتی پاشکەوتوو ، بە کەڵکوەرگرتن لە تیرۆر و هەڕەشە و بۆمبارانی تەبلیغاتی ، و بەو شێوە لە مەیدان بەدەرکردنی لایەن و حیزبە سیاسییەکان و قۆڕخ کردنی دەسەڵات و بڵاوکردنەوەی ترس و نیگەرانی بناغەکانی حکومەتی خۆی پتەو کرد کە لە ئاکامدا بە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی وەکوو تەورێز و تورکمەن سەحراو و ئەهواز گەیشت کە تێیدا بە هەزاران کەس بوونە قوربانی ماشێنی تیرۆر و کوشتاری کۆماری ئیسلامی . رەوتێک کە لە چوار دەیەی تەمەنیدا درێژەی هەبووە : لە دەیەی یەکەم ؛ بە شەڕفرۆشی ناوخۆیی و دەرەکی ، کوشتاری بە کۆمەڵی بەندکراوانی سیاسی ، و رێکخستن و سازماندەیی کردنی گروپی خۆسەر و رێکخراوی سەرکوتکەری هاوتەریبی وەزارەتی ئیتلاعات ؛ بە مەبەستی هەڕەشەلێکردن لە نەیاران و رەخنەگران ، رفاندن و ئەشکەنجەکردنی سیاسەتمەداران و رووناکبیران ، هێرش کردنە سەر راگەیەندنەکان و رۆژنامەکان . لە دەیەی دووەم ، بە دڕێژەپێدان بە میلیتایزەکردنی کوردستان ، رەشەکوژی زەنجیرەیی و کوشتاری دەیان چالاکی سیاسی و نووسەر و رەخنەگری حکومەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ، و سەرکوتی بێرەحمانە و دڕندانەی نارەزایەتیە ناوخۆیییەکانی ئێران بۆ نمونە سەرکوتی بزوتنەوەی خوێندکاری لە ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ . دەیەی سێیەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بە بەرپەرچدانەوەی تووندوتیژانەی بزووتنەوەی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٣٨٤ ، یان سەرکوتی بەبڵاوی ناڕەزایەتیەکانی پاش داسەپاندنەوەی ئەحمەدی نژاد و مهەندیسی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی ١٣٨٨ ، رەوتی کپکردنی دەنگی نارەزایەتی و یەکڕەنگ و یەکدەست کردنی سیاسی وڵات ، درێژەی کێشا . لە دەیەی چوارەم ، بە هێرش کردنی بەردەوام بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتان ، بۆ نمونە باڵوێزخانەی بریتانیا لە ساڵی ١٣٩٢ ، و درێژەکێشانی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی چالاکانی سیاسی و مافخواز بەتایبەت چالاکانی کورد و هەروەها کۆمەڵکوژی بە کۆمەڵی ١٦ بەندکراوی بەلوچ ، بە تۆڵەی چالاکییە نیزامییەکانی گروپی “جەیشولعەدل” و بە بارمتەگیرانی سەربازانی ئێران لە سەر سنوورەکانی ئێران و پاکستان ؛ ماشێنی تێرۆر و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی پڕدەسکەوتتر بوو . جگە لەوە بێبەش کردنی کۆمەڵانی خەڵک لە مافە ئەساسییەکانیان ، مۆڵەت نەدان بە کۆبوونەوە و رێکخستنی سێمینار ، داخستنی رۆژنامە و گۆڤارە ناوچەییەکان ، بێبەش کردنی خەڵک لە خوێندن بە زمانی زگماکی خۆیان ، هەموو تێکڕا وەکوو یەکێک لە لایەنەکانی تێرۆریسمی کوێر و شاراوەی کۆماری ئیسلامی لەئەژمار دێن .
کۆماری ئیسلامی ، تێرۆریسمی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەم بەدژی نەیارانی سیاسی و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بنکە و بارەگاکانیان و هەم بە دژی رکەبەرانی ناوچەیی خۆی لە چوارچێوەی ستراتێژی دامەزراندنی کەوانەی شیعە و بەدەستەوەگرتنی رێبەری جیهانی ئیسلام؛ و بە دژی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ وەدەستهێنانی پوان و مافی دەنگدان لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو ئەنجام دەدا. جگە لەوە ، کۆماری ئیسلامی بە هەستکردن بە ئاستەنگەکانی شەڕی باو و کردەوەی راستەوخۆ ، لەگەڵ زۆربەی گروپە تیرۆریستیەکانی سەرتاسەری جیهان پێوەندی و هاوکاری دامەزراندووە و تۆڕێکی تیرۆریستی جیهانی دروست کردووە. سپای پاسداران و بەتایبەتی سپای قودس ، حیزبوڵلای لوبنان ، حەماس ، رێکخراوی بەدر و لایەنە شیعەکانی دیکەی عێراق ، لەشکری مێهدی ، حیزبوڵلای بەحرەین ، حیزبوڵلای کوەیت ، حیزبوڵلای حیجاز ، گروپی “ئەلحوسی” یەمەن و دەیان رێکخراوی دیکە بەشێکی ئەم تۆڕە پێکدەهێنن.
کۆماری ئیسلامی لە رێگەی پشتیوانی هەمەلایەنە لە هەر یەک لە ئەندامانی ئەو تۆڕە و هەر لایەنێکی ئامادەی دیکە ، لە راستیدا چەشنێک “شەڕی نیابەتی” بۆ هەڕەشەلێکردن لە نەیارەکان و کێشەنانەوە و تێکدانی سەقامگیری سیاسی و ئابووری لەو وڵاتانەی تێیاندا خاوەن بەرژەوەندییە بەڕێوە دەبا ، تا هاوکات لەگەڵ لاواز کردنی نەیارەکانی ، حەولی بەرەپێشبردن و دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی بدات . نمونە دیارەکانی تیرۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بریتین لە :
1 / بە بارمتەگرتنی سەربازانی ئەمریکایی لە ساڵی ١٣٦٤ لە بەیروت لە لایەن حیزبوڵلای لوبنان ، کە دواتر لە بەرامبەر وەرگرتنی چەک و تەسلیحات لە ئەمریکا لە چوارچێوی پرۆژەی “ئێران-کۆنترا” ئازاد کران .
2 / ئەنجامدانی تەقینەوە لە پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە “زەهران” لە عەرەبستانی سعودی و دواتر لە لوبنان .
3 / تیرۆری رێبەرانی کورد؛ بۆ نمونە تیرۆری دکتۆر قاسملو لە ڤییەن ، تیرۆری دکتۆر شەرەفکەندی لە ئاڵمان و رێبەران و چالاکانی دیکەی بزووتنەوەی کورد . لە هەمان کاتدا ، تیرۆری سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان ، ئێراق و تورکیە .
4 / تێرۆری رێبەرانی ئێرانی و نووسەران و رووناکبیرانی رەخنەگر : وەکوو تیرۆری دکتۆر شاپور بەختیار لە پاریس ، یان تێرۆری دکتۆر کازم رەجەوی لە ژێنێو .
5 / تێرۆرکردنی دیپڵۆماتکاران و بەرپرسانی عەرەبستانی سعودی لە دەیەکانی ١٣٦٠ و ١٣٧٠ کە چەندین جار تێیدا سەرکەوتوو بووە .
6 / تەقاندنەوەی فرۆکەیەکی هێڵی هەوایی عەرەبستانی سعودی لە ساڵی ١٣٦٨ لە “لاهور” لە پاکستان کە وەکوو تۆڵەی حەجی خوێناوی ساڵی ١٣٦٦ کە تێیدا ٤٠٠ ئێرانی کوژران ، ئەژمار کرا .
7 / تەقاندنەوەی بنکەی “هاوکاری یەهودییەکان” لە ئارژانتین لە ساڵی ١٩٩٤ ، کە کوژرانی ٨٥ کەسی لێکەوتەوە .
8 / پلانداڕشتن بۆ تیرۆری دیپڵۆماتکاران و تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە سالێ ١٣٨٩ لە باکو لە ئازەربایجان ، و لە ساڵی ١٣٩١ لە “دێهلی نوێ” لە هێندوستان و دواتر لە تایلەند و گورجێستان .
9 / ئاشکرابوونی ناردنی چەکوچۆڵ و تەسلیحات بۆ نیجێریە ، یەمەن و سوماڵی و دەستبەسەرکرانی ئەندامانی سپای قودس لەو وڵاتانە .
10 / حەولی تێرۆر کردنی باڵوێزی عەرەبستانی سعودی ،”عادل ئەلجەبیر” ، لە واشێنگتۆن لە ساڵی ١٣٩٠؛ کە دەوڵەتی ئەمریکا بە فەرمی سپای قودسی وەکوو پلاندارێژی ئەو عەمەلیاتە راگەیاند و “مەنسوور ئەرباب سیر” وەکوو بەڕێوەبەری تێرۆر ، دەستبەسەر کرا .
بەو خاڵانەی سەرەوە ئەگەر تێرۆریسمی بەرنامەبۆداڕێژراو لە ئێراق ، سوریە ، بەحرەین ، یەمەن ، لوبنان و فەلەستین کە بە شێوەی راهێنانی گروپی چەکدار و سەرەڕۆ و ئەنجامدانی عەمەلیاتی بەربڵاوی تێرۆر و کوشتار شێوازمەند بە مەبەستی حەزف و سڕینەوەی نەیارانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و یان لەدەسەڵات لادانی حکومەتەکانی هاوشێوەی یەمەن و بەحرەین زیاد بکەین ، تێرۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی باشتر دەردەکەوێ . بەڵام بە هەمووی ئەوانەشەوە ، بە پێدانی ئیمتیازی ئابووری و یارمەتیدانی وڵاتی زلهێز لە هەندێ پرسی ناوچەیی و هەرێمی ، کۆماری ئیسلامی تا رادەیەکی باش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رازی کردووە . نمونەی هەرە دیاریش رازی کردنی دەوڵەتی ئۆتریش بوو بۆ شاردنەوەی راستییەکان و دەربازکردنی ئەنجامدەرانی تێرۆری دکتۆر قاسملو .
بەڵام هەمیشەش کۆماری ئیسلامی دەرباز نەبووە . بۆ نمونە لە تێرۆری دکتۆر شەرەفکەندی و پەروەندەی میکۆنۆس لە ئاستی باڵادا ، تێکڕای رێبەرانی کۆماری ئیسلامی مەحکوم کران و دواتر زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی ، باڵوێزەکانی خۆیان لە ئێران بۆ ماوەی چەند مانگ کشاندەوە و پێوەندی دیپڵۆماتیکیان لەگەڵ تاران هەڵپەسارد . هاوشێوەی ئەو حوکمە بۆ پەروەندەی تەقاندنەوەی بنکەی هاوکاری یەهودییەکان درا و بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵلای لوبنان وەکوو پلانداڕێژ و بەڕێوەبەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە راگەیەندران . جگە لەوە ، ئەندامانی سپای قودس و هێزەکانی ئەندام لە تۆڕی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە دەیان پەروەندەی دیکە لە وڵاتانی وەکوو ئەمریکا ،ئازەربایجان ، تورکیە ، تایلەند و هێندوستان حوکم دراون . لە تازەترین نمونەش دا ، کۆماری ئیسلامی لە ٢١ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ لە لایەن دادگای نیۆیۆرک ، کە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانە تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت تەقاندنەوەی پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەیروت ، لە ساڵی ١٣٨٠ بەولاوە پێکهاتبوو ، بە دانی ٢ میلیارد دۆلار قەرەبوو بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە مەحکوم کرا و دواتر بە بڕیاری دادگا بەشێک لە دارایی و موڵکەکانی ئێران لە ئەمریکا دەستیان بەسەر داگیرا .
تیرۆریسم ، چەمکێکە کە بە تەواوێتی لە ناو ساختاری کۆماری ئیسلامیدا ریشەی داکووتاوە و سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەی نزیک بە چوار دەیەی رابردوو دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و سیاسی لەناو بازنەی توندڕەو ، رێفۆڕمخواز ، کۆنەپارێز و محافزەکاردا ئاڵوگۆڕ کراوە ، بەڵام گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ستراتێژی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی وەدینەهاتووە . لە حاڵێکدا ، تیرۆریسمی کۆماری ئیسلامی بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بۆتەوە و لە زۆربەی راپۆڕتە ئەمنی و دژەتیرۆریستییەکان وەکوو “هەڕەشەیەکی جیددی” بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچە و جیهان ئەژمار دەکرێ ، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرانی دەزگای دیپڵۆماسی ئەو وڵاتە بە بەکارهێنانی دژەتاکتیک و بۆمبارانی مەسمومی تەبلیغاتی ، و پێشکێشکردنی پوانی ئابووری و نیزامی و قایلکردنی هاوپەیمانان و نەیارەکانیان لە حەولی پاکانەکردن بۆ خۆیان و شێواندنی راستییەکانن ؛ رەوتێک کە تەنیا مزگێنیدەری شەڕ و کێشە و تێچووی ئینسانی زیاتر بۆ نەتەوەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچەیە .
سەرچاوەکان :
- فەرهەنگی زانستی سیاسی ، ئەحمەد شەبانی
- فصلنامەی راهبرد ، مرکز مطالعات راهبردی