سامان ڕەشید : کەرکوک بەشێکى دانەبڕاوە لە کوردستان .
بۆ بەڕێز نەجمەدین کەریم .
لەهەموو ئەو شۆرش و ڕاپەرین و سەرهەڵدانانەى بزوتنەوەى ڕزگارى خوازى کورد ، هەمیشە کەرکوک بەشێکى دانەبڕاو بووە لە جوگرافیاى سیاسى کورد . تا ئێستا هیچ کەس وڵایەنێک نەیانتوانیووە و ناتوانن ئەم شارە لە جوگرافیاى هەرێمى کوردستان دابڕن . تەنانەت ئەتوانین بڵێن هەموو ئەو دانوستاندن و گفتوگۆیانەى لە نێوان سەرکردایەتى کورد و رژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بەڕێوەچووە ، خاڵى سەرەکى گفتوگۆکان شارى کەرکوک بووە و هەر ئەم کێشەیە بووەتە هۆى شکستهێنانى ئەو دانوستاندنانە . لەهیچ کات و ساتێکدا وەفدى دانوستکارى کورد سازشى لەسەر کوردستانى بوونى ئەم شارە نەکردووە , ئەگەر چى زۆر جار هەلومەرجى کوردستان لەڕەوشێکى زۆر خراپدابووە لەکاتى دانوستاندنەکان ، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەى سەرکردایەتى کورد سازش لەبستێک لەخاکەکەى بکات .
ئەمرۆ بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەم شارە لەرووى ئیدارى و ئەمنى و سەربازیش لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبریت و هیچ کاتێک وەک ئەمرۆ پێگە و قورسایى کورد لەم شارە بوونى نەبووە ، دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکانی نیسانى ٢٠١٤ ش پارسەنگى هێزى لەبەرژەوەندى کورد شکاندەووە .
ماوەیەکە باس لە ئایدیاى جێاواز لەسەر چارەنوس و فوڕمى بەڕێوەبردنى جیاواز دەکرێت بۆ چۆنێتى بەڕێوەبردنى ئەم شارە،یان شێوازى ئیدارى ئەم شارە لەچوارچێوەى حوکمرانیدا بەبیانووى بوونى نەتەوە و ئاینى جیاواز . لەنوێنترین ئەو فۆرمانە ئەو ئایدیاى بەڕێزتان بوو کە لەچوارچێوەى Mapping the Future of Energy ، بۆ شێوازى بەڕێوبردنى ئەم شارە ئەماژەت پێدا.ئەویش کرکوکێکى تایبەت لە چوارچێوەى هەرێم!؟ بێ ئەوەى ئەو جۆرە تایبەتمەندیە روونبکیتەوە ؟ ئەگەر مەبەستى بەڕێزتان ئەوەیە کە ئەم شارە تایبەتمەندە لەرووى ستراکچەرەى کۆمەڵایەتیەوە و چەندین نەتەوە و ئاینى جیاواز لەخۆ دەگرێ،ئەوە زۆر شار و شاروچکەى هەرێم هەیە کە نەتەوە و ئاینى جیاواز دانشتوانەکەى پێکدەهێنن بەڵام لە رووى جوگرافییەوە خاکى کوردستانن و بەشێکن لە ئیدارەى هەرێمى کوردستان و هەموو مافەکان یەکسانن لەنێوان ئەم پێکهاتانە بەهەموو نەتەوە ئاینزاکانەوە و جیاوازیش نەکراووە لە نیوانیان بەڵکو هەوڵى زۆر دراوە بۆ پاراستنى مافەکانیان تەنانەت لەرووى بەشدارى سیاسی ئەو پێکهاتانە لە هەرێمى کوردستان هەمان ئەو مافانەى کە بۆ کوردێک هەیە بۆ ئەوانیش ڕەخساوە ، تەنانەت ڕێژەى کۆتا بۆ ئەو پێکهاتانەش بە زیادەوە بۆیان تەرخان کراووە لە پەرلەمانى کوردستان وە لەکابینەکانى هەرێمیش پۆستى وزارییان پێدراوە . پرنسیپى پێکەو ژیان و ئازادى و دیموکراسى لەنێوان هاونیشتمانیان بەپراکتیک لە ئەرزى واقیع جێبەجی دەکرێت و هەر ئەم سیاسەتە مەدەنى و دیموکراسییە کە هەرێمى کوردستانى کردووەتە ناوەندێکى گرنگ لەناوچەکە .
وە ئەگەر مەبەستى بەڕێزتان ئەوەیە کە تایبەتى ئیدارى بەم شارە بدریت ؟ ئەوە یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێم ڕەچاویى لامەرکەزییەتى کردووە و کۆمەڵى سڵاحیات و مافى زۆرى داوە بۆ پارێزگاکان . ئەمەش لوتکەى دیموکراسیەتە لەبەڕێوەبردن .
بەڵام ئەگەر مەبەستى بەڕێزتان هەرێم بێت ؟ ئەوە ئەم بیرۆکەیە خەونێکە وبەدى نایەت ، چونکە ئەم شارە موڵکى من و بەڕێزتان و کەرکوکێکان نیە بەتەنها ، بەڵکۆ ئەم شارە شارى هەموو کوردستانیانە لەهەر شوێن و قوژبنێکى ئەم کوردستانە بن . ئەو شەهیدانەى کە خوێنیان لە پێناو ئەم شارە ڕشت و ئەمڕۆیان بۆ هێناینە بەرهەم کە من وتۆى لێ دانشتوین ، هیچ کات بیریان بۆ ئەوە نەچوو کە بڵین ئێمە خەڵکى ئەم شارە نین و خەبات بۆ ئەم شارە ناکەین . بڕوانە مێژووى خەباتى کورد و ناوى ئەو شەهیدانەى کە بۆ ئەم شارە هەوڵ و کۆششیان کردوە, بڕوانە ئەو خەباتگێرانەى کورد کە خەباتیان لە پێناو رزگارى ئەم شارە کردووە, هیچ کات ئەم شارە بەشێکى دانابراو نەبووە لەهزرى هیچ کوردێک .
ئەم شارە شارى هەموو کوردێکە و بەشێکى دانەبڕاوى کوردستانە و شاڕیک دەبێت وەک شارەکانى ترى هەرێمى کوردستان .