پەشێو حەمە ئەمین : سلێمانی نە مەحکومی عەجەمەو نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان …
لە شۆڕشدا ئەو پاڵەوانەی زۆرترین شەڕ دەکات ، لە کۆتایی دا کەمترین دەستکەوتی بەردەکەوێت ، ئیستا سلێمانیش ڕێك لەو پاڵەوانە دەچێت ، بە درێژایی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردو وتەواوی شۆڕشە یەك لە دوای یەکەکان ، هە ر لە سەردەمی میرنشینی بابانەوە تاوەك و ڕووخانی ڕژێمی بەعسی فاشیست ، ڕۆڵەکانی ئەم شارە بەو پەڕی دڵنیایی وگیانی خۆنەویستیەوە بەرەو ڕووی دوژمن جەنگاون ولەو پێناوەشدا بە هەزاران قوربانیان داوە و زۆرترین سزاش دراون .
ئیستا سلێمانی نە مەحکومی عەجەمەو نە سوخرە کێشی ئالی عوسمان ، بەڵکوکەوتۆتە ژێرسزای حیزبێك بە ناوی یەکێتی نیشتمانی، کە باوەڕی بەهیچ پڕەنسیپێکی دیموکراسی وبنەماکانی هەڵبژاردن ودەستاو دەست کردنی دەسەڵات نیە ، کە چی خۆیشی بە لیبڕال ترین ودیموکراتی ترین وسوشیال ترین حیزب دەزانێ لە کوردستان ، لە گەڵ ئەوەشدا کەوتۆتە ژێربێ هەڵوێستی ونا ڕوونی سیاسەتی هێزە ئیسلامیەکان .
١٩ساڵە یەکێتی نیشتمانی ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات ، لەم مەجالەدا کۆمەڵێك دەرکەوتەی زۆر خراپ لە ئەنجامی پەێڕەوی سیاسەتەکانی ئەو حیزبەوە لە یەکە ئیداری وئەمنیەکاندا ڕوویانداوە ، لە نێویاندا ڕۆتینیاتی ئیداری وسەرکوت کردنی دەنگە ئازاکان وبەرتەسك کردنەوەی ئازادی ولێدان لە ڕۆژنامە نووسان بوونیان هەبووە .
ئەمانە جگە لە زاڵبوونی هەیمەنەی حیزب بەسەر کاری حکومی ودامەزاراندنی بە تەسکیەو بەحیزبی کردنی دەزگا ئەمنیەکان ودەست تێوەردانە نێو کارووباری دادگاو پەنادان وچاوپۆشی کردن لە گەندەڵ کاران وبە هەدەر دانی سامانی گشتی .
خەڵکی ئەم شارە کە سەر مەشقی هەموو گۆڕانکاریەکان وهەوێنی هەموو شۆڕشەکانن ، کە چی لەماوەی چەند ساڵی ئیدارە دانیان لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ، لە چاوشارەکانی ترەوە کەمترین خزمەت کراون .
لە پاش دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان وبەژداری کردنی لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ،خەڵکی ئەم شارە ، لە ئەنجامی ئەو ڕق وبێزاریانەی کە پێشتر لە سیستەمی حوکمڕانی ئەو پارێزگایە هەیانبوو، متتمانەیان دایە ئەو بزووتنەوەیەو کردیانە یەکەم هێزی سیاسی لەو پارێزگایە .
سەرباری هەموو ئەو تێبینیانەی لە سەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە هەبوون ، بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی (٥٠+١ی ) کورسیەکانی ئەو ئەنجومەنە بە دەست بێنێت ، بۆیە دەرگای گفتووگۆی لایەنەکان بە ڕووی یەکتردا کرانەوەو، ئەوە ماوەی چوار مانگە دانیشتنەکان بێ ئەنجامن وپۆستی پارێزگار یەك لانەبۆتەوە ، کە هۆکاری یەکەم لە دواکەوتنی ئەم پرسە و نەگەیشتن بە ئەنجامێك ، یەکێتی نیشتمانی کوردستانەو هۆکاری دووەمیش بێ هەڵوێستی پارت ولایەنە ئیسلامیەکانە ، کە چەندین ساڵە لەو پارێزگایەدا بە ڕێکخستنی نهێنی کاردەکەن وزۆربەی ئەندامەکانیان تووشی لێدان وگرتن وتەهدیدو تەشهیر بونەتەوە . لە ئیستاشدا کە دەتوانن دەوری کاریگەریان هەبێت کە چی بێ هەڵوێستن و، وە هەروەهاهە موو ڕاستیەکانیش وەك خۆی دەبینن وکە چی لێی بێ دەنگن .
لە کۆتاییەکانی ئەم ماوەدا هێزە ئیسلامیەکان بۆ نیشاندانی ڕووی سپی خۆیان وکە مکردنەوەی ئەو فشارانەی لە لایەن شەقام وڕێکخستنەکانیانەوە لە سەریان بوو ، لیستی خزمەتیان درووست کردوو چەند پێشنیازێکیان خستە بەردەم یەکێتی وگۆڕان .
لە دووا جاردا پێشنیازی دووساڵ بە دووساڵیان کرد بۆ هەردوولا ، لەکاتێکدا ئەمە خۆی لە خۆیدا زوڵمێکی گەورە بوو لە بزووتنەوەی گۆڕان و ئیرادەو دەنگی هاوڵاتیان . بۆیە دووا مۆڵەتیان دایە یەکێتی وگۆڕان کە لەماوەی چەند ڕۆژێکی داهاتوودا گەرهەر کامێکیان بەو پێشنیارە ڕازی نەبن ، ئەوا ئەوان پرسەکە بە قازانجی لایەنەکەی تر یەکلادەکەنەوە .
سەرەنجام بزووتنەوەی گۆڕان کە یەکەمی ئەو پارێزگایەیەو خاوەنی ١٢ کورسی ئەنجومەنە ، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وکۆتایی هێنان بە چاوەڕوانی هاوڵاتیان ، بە پێشنیارەکە ڕازی بوون ویەکێتی نیشتمانیش بە بیانوو و پاساوی نایاسایی ، کە هیچ پەیوەندیەکی بەو پرسەوە نەبوو داوای دواخستنی دانیشتنەکان ومۆڵەتی زیاتریان کرد .
بۆیە لێرەدا هێزە ئیسلامیەکان بێ هەڵوێست مانەوەو وەك خۆیان ووتیان نەبوونە خاڵی یەکلاکردنەوەی پرسەکەو بەڵێنەکەیان بە جێ نەگەیاند ، ئیستا ئەوانیش بە هاوسەنگی لە گەڵ یەکێتی داتاوان بارن لە مەڕ ئەو پرسەدا .
لێرەدا یەکێتی یا دەیەوێت مامەڵە بەکاتەوە بکات و وەك وئیستا پارێزگار لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە ؟ یا ئەوەتا دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لە مەبدەئیا نیەو ، ڕێز لە ئیرادەو دەنگی هاوڵاتیان ناگرێت ؟ یا ئەوەتانێ دڵنیایە لەوەی کە چیترهێزە ئیسلامیەکان دژ بە پڕەنسیپەکانی ئەوکارناکەن و سیاسەتەکانی ئەیان قبوڵە .
بۆیە ئیستا سلێمانی نە مەحکومی عەجەمەو نە سوخرە کێشی ئالی عوسمان
بەڵکومەحکووم کراوە بە دەستی یەکێتی نیشتمانی وهێزە ئیسلامیەکان .