swara-kemal-1

سوارە کەمال : چاکی مەکەن با خراپتر نەبێ !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم بارودۆخەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێ ، ئەگەر نشتەجێبوانی پاش مانەوەی شەرە یەک لەدوای یەکەکان نەبونایە ، باروگوزەرانێکە هێندە سەخت و مەترسیدارە ، ئەگەر فلێمی سینەمایی بوایە و لە وڵاتانی پێشکەوتوو نمایش بکرایە کەمترین کەس جورئەتی بینینی دەکرد ، کەچی خەڵکی کوردستان تێدا دەژێن .
کردەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە  سەربرین و کوشتن ، قرکردن  لە سەر هزر ، ئاین و ئاینزا . ..هتد  . دیارە لە دونیای دەرەوەی  وڵاتانی ئێسلامنشیندا ، تەنها لە نێو لاپەرەکانی مێژوودا دەبینرێن . بەڵام ئەگەر بە مێژووی عیراقدا بچینەوە هەمان ئەم کارانەی ئەمرۆ  لە رابردووداشدا بە شێوازی جۆراو جۆر هەر هەبووە ، پێم وایە  ژینگەی مانەوەی ئەم عەقلیەتە لە عیراقی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی فرە  ئاین و ئاینزا بەشێوازێک بوتە باو گۆڕینی ئاسان نەبێ ، لەبەر ئەوەی هەمان ئەو  فه‌رهه‌نگه‌ سیاسیە كۆنه‌یە کە سەدان ساڵ لەمەوبەر لە باوباپیریان بۆیان ماوەتەوەو بە ئەرکی دەزانن بەم  شێوازە قێزەونە پیادەی بکەن .

ئەگەر لە کارەساتەکانی ناو مێژوو دوور کەوینەوە ، تەنها باس لە ١٠ساڵی رابردوو بەکەین دەبینرێت تەنها لە شاری کەرکوک زیاتر لە ١٢٠ هاوڵاتی سڤیلی کاکەیی تیرۆکراوە ، جاران گەرەگی عەرەفە زۆرینەی مەسیحی نشین بوون ، لە ترسی کوشتن بە جێاهێشتووە ، ئەم دۆخە هێندە درێژەی کێشا ، ژیانی ئاسایی لەبیر خەڵک بردووتەوە ، بەڵام پاش هێرشی ئەم جارەی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی کار گەیشتە ئەو ئاستەی گرەکەی بەر هەمووان بکەوێ بۆیە  دنیای دەرەوەش هاتنە وەڵام ، بەڵام سەد مخابن خوێن لە ئێمەو گوتار لەوانە !

ئایا لە دۆخێکی وادا دەبێ ئەولویاتی کاری پەرلەمان چی بێت ؟ خۆ رزگارکردنبێ لە دۆزەخی عیراق یان خۆ سەرقاڵکردن بێ بە کاری لاوەکیەوە ؟

دیارە لە سیستەمی تەندروستدا هەر دامەزراوەیەک لە کاتی جەنگ بێ یان ئاسایی ، ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانی ، بەڵام لە سیستەمی ناتەندروستدا لە هاتنە کایەی هەر تەنگەژەیەک هەموو شتێ تێگەل  و پێگەل دەکرێ ، لەوەشدا زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتیە .

ئەوەی جێگای تێڕامانە لە دوخێکی مەترسیداری لەم جۆرە ، وێرای خەم و پەرۆشی خەڵکی کوردستان بۆ رۆڵەکانیان لە بەرەکانی جەنگ ،  قەیرانی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران ، و لەسەرووی گشتیانەوە فرۆشتنی کچان و خوشکەکانمان… کەچی قیچی لە ئەندام پەرلەمانەکان بەپاساوی بەرژەوەندی ھاوڵاتی لە سەر خاوەن ئوتۆمبیلەکان هاتوونەتە دەنگ و کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمان سەرقالکردووە ، دەیانەوێت وێرای ئەو نائارامییەی مللەتی تێدایە شەری کارە چەوتەکانی حکومەتیشی پێبکەن . کە من پێم وایە ئەمە جگە لە یاری کردن بە هه‌ست‌و سۆزی ئەم مللەتە هیچی دیکە نیە . ئەگینا با بپرسین خەڵکی کوردستان پەرلەمانی بۆچیە ؟ بۆ ئەوەیە هەموو رۆژی لە میدیاکان دەرکەون و بە شان و بالی خۆیان هەلبدەن و یەکتر بشکیننەوە یان بۆ ئەوەیە کۆمەڵگا دوورخەنەوە لە شەری دەروونی و خۆیان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە ئەو شەرە لە نێو پەرلەمان ئەنجام بدەن و بەرهەمەکەی بەخەڵک راگەینن ، ئەگینا ئەو قسانەی ئەوان دەیکەن خەڵک لەبەری کردووە زۆر بە باشی دەزانن نادادپەروەری هەیە ، بۆیە دەنگیاندا تا گوزەرانیان باشبکرێت و به‌ئاسووده‌یی بژین ، نەک  رۆژانە سەرودڵیان بگرن و منەتباریان بکەن بەوەی کە لەسەریان هاتوونەتە وەڵام !

با نموونەیەک بکەینە پرسیار لێیان ؛ ئایا کەمکردنەوەی نرخی سوتەمەنی لە بەرژەوەندی گشتیدایە ؟ دیارە ئەرکی حکومەتە هاوسەنگی نرخی هەر شتومەگی کە پێداویستی پێویست و گشتیە ، لەگەل داهاتی تاکدا بگونجینێت !.
بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتیەکان حکومەت نزیکەی (٣٠٠ – ٧٠٠) هەزار دینار لە سامانی گشتی دەخاتە سەر هەر لترێک لە بەنزین ،  من ناڵیم نرخی بەنزین کەم یان زیاد بکرێت ، ئەوە ئەرکی خەڵکانی پسپورە لە بوارەکانی ژینگە ، دارایی …هتد بەڵام دەپرسم : بۆ هەر ٤٠ لترێ بەنزین نزیکەی ٢٠ هەزار دینار دەکات ئەگەر هەر ئۆتۆمبیلێک لە مانگیکدا ١٥جار بەنزین وەربکرێت دەکاتە ٣٠٠ هەزار دینار ، دەستان خۆش بێ کە لە سامانی گشتی بەشی ئەو هاوڵاتیانە دەدەن کە سیارەیان هەیە ، ئەی ئەوانەی سیارەیان نیە چی ؟

جگە لە پیسکردنی ژینگەو هەڵمژینی هەوای ناتەندروست چیان بۆ دەمێنێتەوە ، ئایا هەقی ئەوانش نیە پارەیان پێبدرێت ؟ ئایا بەم شێوەیە لە دادپەروەری گەیشتوون ؟

وام پێ باشه‌ ئەندام پەرلەمانەکان ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆیان بكه‌ن ، ئایا خەریکی باشتر کردنی سیستمی بەڕێوەبردن و دەربازبوون لە دۆزەخی عیراق بن باشترە یان خۆیان سەرقالکەن بەشتگەلێکەوە تەنانەت ئەگەر ” چاکشی کەن ” کاتیە ! بۆیە ناچارم پێان بڵێم هەندی شت هەیە تکایە چاکی مەکەن با خراپتر نەبی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت