شەریف هەژارى : ستراتیژەکەى ئۆباما و بەتایبەت ئەو ئاراستانەى پەیوەندى بە دواڕۆژى کوردەوە هەیە .
لەو ڕوانگەیەوە کە ماستێرم لە سیاسەت و ستراتیژى بەریتانیا لە خاکى ئەمریکا دا لە زانکۆى لەندەن دا خوێندووە و ، بە ووردى فێرکراووم لە بارەى ” مێژووى سیاسیى بەریتانیا و ئەمریکا “، ئەوا بە کورتى ئەم لێکدانەوەم لەسەر ووتارەکەى ئەم سەر لە بەیانییەى ئۆباما لە بارەى کورد و ناوچەکەوە هەیە :
ئۆباما سەرەتاى قسەکانى لە بارەى داعشەوە ووتى : ” داعش ئیسلام نییە ، بەڵکو هیچ ئاینێک خۆشنابێت لە کووشتنى خەڵکى بێ تاوان “، ئۆباما مەبەستى لەم قسەیەى ڕێک ئاراستەکردنى بوو بۆ ووڵاتە ئیسلامییەکان بەتایبەت ” تورکیا و سعودیە ” کە داعش هێزێکە دژ بە هەموومانە و پێویستە ووڵاتە ئیسلامیەکانیش بزانن کە داعش مەترسیە بۆ سەر ئەوانیش وەک ئەمریکا ! هەربۆیە ئۆباما بە بەردەوامییەوە ووتى : ” داعش دەوڵەت نییە ! بەڵکو لقێکى پێشوو بووە لە ئەلقاعیدەى عێراق و توانیوویانە دەرفەتى سوریا بقۆزنەوە و ئەو ناوچانەى عێراق و سوریا کۆنترۆڵ بکەن “، ئەم ووتەیەش بەو مانایە دێت کە ” داعش” هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى بەرهەقى خەڵکى عێراق و سوریا نییە “، بەڵکو وەک ئۆباما ووتى : ” ڕێکخراوێکى تیرۆریستییە و کار لەسەر قۆزتنەوەى هەل دەکا و جگە لەسەربڕین هیچ ڕوئیایەکى دیکەیان نییە “.
ئۆباما مەترسى ئەوەى خستەڕوو کە سەرەڕاى ئەوە داعش مەترسییە بۆ کووشتنى هاوڵاتیانى عێراق و سوریا ئەوا مەترسیشە بۆ ئەو دامەزراوە و ئەمریکیانەى کە لەو ناوچەیەدان و لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش دان ، هەروەها ئۆباما ووتى : داعش توانیوویەتى بە هەزاران هاوڵاتى ڕۆژئاوایى بباتە ڕیزەکانییەوە “، کەواتە ئەم ووتانەشى ماناى وایە تیرۆریستانى داعش تواناى ” مێشک شۆرین و قەناعەت پێ کردن ” یان زۆرە و ئەگەرى هێرش کردنە سەر ئەمریکا و ئەوروپا لە ڕێى کەسانى ڕۆژئاوایى ناو داعشەوە زۆر مەترسیدارە
ئۆباما لە ووتەکانیدا ” زۆر مەبەستى بوو” کە ووڵاتە عەرەبیەکان هاوکارى بن لە ڕوبەڕوبوونەوەى داعش دا ، کە پێموایە ئۆباما بەباشى لەوە وورد بووەتەوە کە هەندێ ووڵاتى عەرەبیى هاوکارى داعش ئەکەن بۆ دژایەتى شیعەگەرایى و کەچى هاوپەیمانى ئەمریکاشن !، بۆیە ئەمریکا لەلایەک ئەیەوێت هاوپەیمانە عەرەبیەکانى بهێڵێتەوە و ، لەلایەکى دیکەش وابکات هەر هیچ نەبێت ووڵاتە عەربیى و ئیسلامیەکان بە هیچ جۆرێک هاوکارى داعش نەکەن ، بەتایبەت بە پێى ڕاپۆرتێکى ئەڵمانى لە %20 ى چەکدارانى داعش تورکن و تورکیاش چارەسەرى بریندارەکانیان ئەکا و قەتەر و سعودیەش هاوکارییان دەکات .
ئۆباما چەندین جار ئەیووتەوە کە ” بەڵێ ئەمەیە ئەمریکا کە بەرپرسیارێتى سەرکردایەتى جیهانمان لە ئەستۆدایە هەر لە ئەوروپا و ئەفریقاوە بۆ ئاسیا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست !”، کەوابوو ئۆباما بەتەواوى باوەڕى بە خۆیى و بە باڵادەستى ئەمریکا لە دونیادا هەبوو ، دووپاتیشى ئەکردەوە کە ئەمریکا لە ڕووى تەکنەلۆژیا و باڵادەستییەوە لەو پەڕى گەشەسەندندان .
سەبارەت بە کورد ، ئۆباما بۆ لێدانى داعش ، ستراتیژەکەى لە چوار خاڵدا بە کورتى شى کردەوە ، کە گرنگترینیان سەبارەت بە کورد من لەم دوو خاڵەدا هەلسەنگاندنى بۆ ئەکەم :
1- بە پێى خاڵى یەکەمى ستراتیژەکەى ، ئەمریکا هێرشى ئاسمانى تەواو ئەکاتە سەر داعش بەتایبەت لە عێراق و ئینجا سوریاش دا ، ئەوەى گرنگە گەلى کورد لە باشور دا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و ئەو ناوچە کوردستانیانەى کە تا ئێستا ماوون بکەونەوە ژێر دەستى پێشمەرگە و کۆنترۆڵیان بکاتەوە ، ناشبێت هێزى پێشمەرگە ” بە هیچ جۆرێک ” بۆ هەتاهەتایە لێیان بکشێینەوە .
2- بە پێى خاڵى دووەمى ستراتیژەکەى ، ئۆباما تەئکیدى کردەوە کە ئەمریکا هاوکارى ئەو هێزە زەمینیانە ئەکات کە لە عێراق و سوریادا لە دژى داعش بجەنگێن ، لێرەدا من تەنها مەترسیم لەسەر ” پەیەدە ” هەیە ، چونکە سیاسەتى ” پەیەدە ” لە ئێستادا زۆر ناتەبایە لەگەڵ سیاسەتیى ئەمریکا- ڕۆژئاوا دا ، بەتایبەت پەیەدە بەهۆى ئەوەى کە لقێکە لە پەکەکە ئەوا خۆى لەناو هاوپەیمانییەتى ڕووسیا – ئێران- بەشار ئەسەد دا ئەبینێتەوە ، بەمەش ئەگەر پەیەدا بە سیاسەت و بەرژەوەندى خۆیدا نەچێتەوە ئەگەرى هەیە کوردى ڕۆژئاوا ئەم دەرفەتە زێڕینە بۆ کۆنترۆڵکردنى ناوچە کوردییەکان لە دەست بدات ، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى هێزە کوردیەکانى کوردانى ڕۆژئاوا لەم کاتەدا زۆر ناتەبان لەناو یەکتر دا.
گرنگترین دێڕى دووەم خاڵى ستراتیژەکەى ئۆباما ئەوەبوو کە ووتى : ” ڕژێمى ئەسەد شەرعیەتى لەدەست داوە و بەهیچ جۆرێک ناخرێتە ئەم هاوپەیمانێتییەى دژ بە داعشەوە “، بەکارهێنانى زاراوەى ” شەرعیەت لە دەستدان بۆ ڕژێمى ئەسەدى سوریا ” ڕێک بە ماناى ئەوە دێت ” دواى داعش هەوڵ ئەدەین لە ڕێى ئۆپۆزسیۆنى سوریاوە ئەسەد لەناوببەین “. جەختى لەسەر ئەکەمەوە، پێویستە ” پەیەدە ” سیاسەتى خۆیان بگۆڕن و لەم هاوپەیمانییەى ئەمریکا بە قازانجى مافەکانى کورد بچنە بەرەى ئەمریکاوە ، چونکە پێموایە دواى داعش، ئەمریکا سوریاش لەناو ئەبا و دواتریش نۆرەى ئێرانە و ئەگەرى پراکتیزەکردنى پرۆژەى ” ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێى ئەمریکا ” زیندوو ئەکاتەوە، بۆیە گرنگ ئەوەیە ئێمەى کورد لە هەموو بەشەکاندا بە قازانجى مافەکانمان جێى خۆمانى تێدا بکەینەوە!
جێى بایەخ پێدانە جۆن مەکەین لە بەرنامەیەکى مشتومڕئامێزى کەناڵى ” سى ئێن ئێن ” دا لە بارەى ووتەکانى ئەم بەیانییەى ئۆباما ، چەندین ڕەخنەى لە ستراتیژەکەى ئۆباما هەبوو ، بەتایبەت مەکەین ووتى : ” ئەبوبەکر بەغدادى لە کاتى ئازادکردنى دا پێى ووتین کە لە نیویۆرک ئەتانبینینەوە بۆیە پێویستە لەمە تێ بگەین !”، واتە مەبەستى مەکەین ئەوەبوو کە ئەمریکا پێویستە ” بە هێزى زەمینیش ” بەشدار بێت لە لەناوبردنى داعش و هاوکاریکردنى ئۆپۆزسیۆنى سوریادا .