دکتۆر کەمال میراودەلی : حەرەسی وەطەنی لە عێراقدا و میلیشیای نانیشتمانیی لە هەرێمدا .
الی من یهمه الامر- عاجل
ئەو چەکدارکردن و مەشقپێکردنەی گوایە هەموو دنیا بە هێزی پێشمەرگەی دەکا ، گەر لەسەر بنەمای ڕێکەوتنێکی یاسایی نێونەتەوەیی نەبێت کە ماف و ئیمتیازاتی کورد لە خاکەکەیدا بە کەرکوک و شەنگالێشەوە مسۆگەر بکات و نەتەوە یەکگرتۆکان زامنی بێت و ، گەر هەروەک جاران بەقسەی شەفەهی و گەوادیی سیاسیی بێت لە ڕێی خودادا ، ئەوە ئەمجارە نەک تەنیا هی تورکیا ، بەڵکو دەبنە جاشی هەموو ئەو هێزانەی تەماع و پرۆژەیان لە نەوت و شوێنی ستراتیجیی و جیۆپۆلیتیکی کوردستاندا هەیەو لە جاشیتیی یان رووڕەشی و تێشکانی بێشەرەفانەی وەک شەنگال و مەخموور و کارەساتی پتر بۆ گەلەکەمان هیچی ترتان بۆ نامێنێتەوە .
پرۆژەی دامەزراندنی حەرەسی وەطەنی عێراق کە ئەمریکا و غەرب و ئێرانیش پشتیوانیی لێ دەکات نەکەوتە سەر کاغەز تا دیسان فسفسپالەوانەکانی حیزب بە شێوەیەکی هەرەمەکی و هەر کەس بۆخۆیی و بەبێ بوونی فیکرو ستراتیچ و دووربینیی ، کەوتنە دژایەتی ئەو بیرەو بوونی پێشمەرگە یان بەشیکی پێشمەرگە بە بەشێک لەو حەرەسە .
رۆژنامەی الشرق الاوسط رۆژی ١٢/٩ راپۆرتێکی بە سەردێڕی گەورەی { الاکراد یرفضون انضمام البشمەرگە الی حرس الوطنی } بلاوکردۆتەوە .. کە تێیدا کەسانێک بە ناوی پارتی و لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان و کوردێکی لیژنەی ئەمنی کۆن لە پەرلەمانی عێراق دیسان بە ناوی کوردەوە قسە دەکەن و دژایەتی کورد بۆ ئەم پرۆژەیە دەردەبڕن بەو بەهانەی کە پێشمەرگە هێزێکە تەنیا بۆ پارێزگاری لە سنووورەکانی ئیقلیم [ زۆر جوان پارێزگارییان کرد! ] بۆیە نابێتە بەشێک لە هێزێکی گشتیی نیشتمانیی عێراق … دیارە هیچ شتێک لە بەربەرستاندا لە لێژنە فشەترو هێچتر نییە . بەلام بۆ شتێکی ئاوا گەورەو گرنگ ، بۆچی کەسانێک بە ناوی لێژنەی فشە یان بەسەرچووەوە قسە بکەن لە کاتێکدا ئەم بابەتە تازەیەو لە هیچ شوێنێ موناقەشەی نەکراوە؟ بۆ دەبێ سەرکی هەرێم کە گوایە سەرۆکی هێزە چەکدارەکانیشە یان وەزارەتی پێشمەرگە یان پەرلەمان ئەم باسە موناقەشە نەکەن و ئەگەر جێبەجێ کرا لە بەرژەوەندی کوردا بەکاری نەهێنن هەڵوێستی رەسمییان نەبێت ؟.
گەرچی ئاشکرایە لەم بەربەرستانەدا هەر هیچ پرسێک یان ترسێک لەهیچ شوێن و پلاتفۆرمێک موناقاشە ناکرێت و بۆ وەلامی قەزاوقەدەر یان پیلانسازیی دەوروبەر بەچێدەهێڵڕێت و دواییش دەبینن رووت و قووت بێ پشت و پەنا جگە لە گەوجاندنی خەلک دەروازەیەکیان لەبەردەم نەماوە.. تاکەی دوای ٢٣ ساڵ گوایە دەسەلات و حکومەت ، ئەم ولاتە بەربەریی و بەرەلاو پڕ کارەساتە مەرجەعێکی دەستووریی و یاسایی تێدا نەبێت ، لەم پرسە چارەنووسسازانە ورد بیتەوەو وەک دەزگایەکی نەتەوەیی و لەپێناوی خاک و نەتەوەو نەوەکان و پاشەرۆژدا ، نەک خزم و خێڵدا ، بریاری عەقلانیی و دەستووریی لەسەر بدات ؟
با هەندی سەرنج پێشکەش بکەین :
1 – هەر لەو ژمارەی ١٢/٩ ی الشرق الاوسط دا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەڕیز سەرۆک کۆماری عێراق د. فوئاد مەعصوم تێدایە .. دکتۆری سەرۆک ئەولەویاتی حکومەتەکەی ئاوا باس دەکات : فی العراق عندنا اولویات لا بد عن نتفق علیها و هی : محاربە الارهاب و توحید المواقف من الارهاب ، و الاهتمام بالخدمات ، و اعادە تنظیم الجیش و الاجهزە الامنیە …
واتە : لە عێراقدا ئەولەویاتی کارمان هەن کە بریتین لە جەنگان بەرامبەر ئیرهاب و یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەری ، گرنگیدان بە خزمەتگوزارییەکان و رێکخستنەوەی سوپاو دەزگا ئەمنییەکان .
هەر لەو ژمارەدا راپۆرتێکی فروانی تیدایە دەربارەی نەخشەو هەوڵی چڕی ئوردون بۆ مەشقپێکردنی سوننە عەرەبەکان لە ئەنبار لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەدا .
2 – بەرپرسە ئەمریکییەکان لە وەلامی ئەو پرسیارەدا بۆچی پێشمەرگە تەنایا چەکی سووکی پێ بووەو چەکی قورسی پێنەدراوە ، وەلامەکەیان ئەوەیە کە پێشمەرگە نەچۆتە ناو سیستمی سوپای عێراقەوە [ ئینتێگرەیشن ] کە ئەوان تەنیا پێوەندیی و ڕێکەوتنی رەسمیان لەگەڵ عێراقە وەک دەولەت ، کورد تەنیا وەک پاسەوانی سنوور لە هەرێم ستاتوویان هەیە بۆیە چەکی قورسیان پێ نەداون . ئیستاش دانی چەکی قورس بە پێشمەرگەو راهێنانی لەسەریان ، بۆ شەری داعش ، گەر شتی وا بە جددی هەبێت ، بۆ خاتری چاوی رەشی کورد نییە … یا دەبێ ستاتووی یاسایی کورد وەک دەولەتێکی کۆنفیدرالی هاوشان و یەکسانی عێراق بناسرێت و ئەمریکا وغەرب و نەتەوەیەکگرتۆکان ئیعتیراف بەم باڵاکردنەی ستاتووی دەستووریی و عێراقی بکەن یان عێراق خۆی بە هەموارکردنی دەستوور بیکات ، ئەگینا کورد هەر دەوری پاشکۆو جاشی بۆ دەمێنیتەوەو لە چەکی قورس و راهێاننی سەربازیی پرۆفێشنالی عێراقیش بێبەش دەبێت .
3 – بۆیە لە ئەگەری نەبوونی ئەم بالاکردنەی ستاتووی دەستووریی و سیاسیی هەرێم وەک کۆنفیدرالی ، باشترین رێگا ئەوەیە سوود لە ماف و ئیمتیازو دەرفەتەکانی کورد لە دەستوورو لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا وەبگرین گەرچی ئەم هەرەسەی دوایی زۆربەی وەرەقەکانی سووتاندووین .
4 – بەلام لە بەر رووناکایی ئەولەویاتی سەرۆک کۆمار و گرنگی سەربازیی و نێونەتەوەیی ئەم پرۆژەیە من بە دروستی دەزانم کەڵک لەم دەرفەتەی چەکدارکردن و پرۆفێشنالکردن و تەنانەت یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سیستمی حەرەسی وەطەنی وەربگیرێت لەبەر ئەم چەند هۆیانەی خوارەوە :
1 – ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی سەربەخۆی خۆمان وەک دەزگایەکی بناغەیی سەربەخۆیی کوردستان هەبێت باناگشەیەکی ئایدیۆلۆجی بۆشەو ، قەت بەدی نایە . مەحالە لەگەڵ سسیتمی دوو ئیدارەیی و میلیشییایی حیزبیدا هێزی پێشمەرگە یەکگرتوو- و پرۆفێشنال و بەسیستم بکرێت . حەفتەیەک دوای فشەی راگەیاندنی سەربەخۆیی ، داعش لەبەر دەروازەی هەولێر بوو ، جۆ بایدن رزگاری کردن . خۆیان هەردوو سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران دانیان بەوەدا نا ، ئەوان فەقیرە هێشتا تەنیا شەڕی میلیشیایی دەزانن و داعشی دوو حەفتەیی لە سوپاو هێزە فیدائییەکانی ٢٣ ساڵەی ئەوان زیرەکتر و ئازاترن و زیاتر چەکی قورس و مەشق و تواناو حەماسی جەنگانی هەیە …
کارەسات و تراژیدیایەکی گەورەی وەک داگیرکردنی %٢٥ ی خاکەکەمان و لە رەگهەڵکێشان و کۆمەلکوژی و شەرەفشکاندن و لەدین وەرگێرانی بەشێکی گەورەی میللەتەکەمان نەبۆتە هۆی رێگری لە مەهزەلەی حیزبایەتی تەسک و فشەکردنی بەرامبەر بە گرتنەوەی مەخموور لە کاتێدا دەوری سەرەکی لەمەدا هێرشی هێزی ئاسمانیی ئەمریکی و هاوکاری رۆلەکانی باکوورو رۆژاوامان بوو .
ئێستاش کە دەوڵەتانی دنیا گوایە پێشمەرگە چەکدار دەکەن و تەدریبی پێ دەکەن ، هیچ ستراکتورێكی سەرکردایەتی و ستراتیجی سەربازیی یەکگرتوو نییە . ئێستاش خەمی گەورەی یەکێتیی و تەنانەت کوردەکانی باکوورو رۆژاواش ئەوەیە کە لە غیابی وتارو سەرکردایەتی ستراتیجی نەتەوەیی یەکگرتوودا لە لایەکەوەو نەبوونی هیچ رێکەوتنێکی رەسمیی لەگەڵ ئەو ولاتانەی چەکمان دەدەنێ دەربارەی پاشەرۆژو پاراستنی کوردستان ، کە ئەم چەکانە دەشێ یان بکەونە دەست دوژمنان یان حیزبێکی کوردیی یەک لایەنە خۆی پێ بەهێز بکات و دوایی بۆ خۆسەپاندن یان خیانەت بەفیتی هێزێکی داگیرکەر ، دژی هێزەکانی تر بەکاری بهێنێت . هەر بوونی ئەم جۆرە ترس و گومانە لەگەڵ مەشروعییەتیشیدا لەم کاتە ناسکەی کارەساتی نەتەوەییدا ، دیسانەوە خیانەتاویی و میلیشیایی بوون و دابەشبوونی عەقلی کوردیی و فشەیی ستراکتورو موئەسسەساتی نەبوو دەردەبڕێ ..
بەداخەوە کەس مێژووی کورد نانووسێتەوەو هیچی لێ فێر نابین . بوونی کادرو پلەدار و چەکداری کورد لە ریزی سوپاو سلکی پۆلیسی عێراقدا هەمیشە بەقازانجی گەلەکەمان شکاوەتەوە .. .
یەکەم دەستەی شۆڕشگێرانی خاوەن بیرو باوەڕی راستەقینە شەهیدانی نەمر چوار ئەفسەرەکە بوون : (محەمەد قودسی ، مستەفا خۆشناو ، عیزەت عزیز و خەیروڵڵا عەبدوالکەریم )
ئەو ئەفسەرانە کە کاتی خۆی حیزبی هیوا ناردنی تا پشتگیری مەلا مستەفا بکەن و بەمە باڵێکی سەربازیی بۆ بزوتنەوە سیاسییە نەتەوەیی یە گەشەکردووەکەیان دروست بکەن .. بەلام حیزبی هیوا پەلەو هەڵەیان کرد ، هەر خەباتی سیاسییان بکردایەو ئەو ئەفسەرانە لەناو سوپای عێراقدا بۆ دەرفەتێکی باشتر بمانایەوە باشتر بوو . هەر زوو ، هەر چوار ئەفسەرەکە بۆیان دەرکەوت کە باڵەکەی بارزانی شتێكی خێلەکی بۆش و بێ ناوەرۆک بوو لەداخا گەڕانەوەو حکومەتی عێراق ئیعدامی کردن و بە خوێنی خۆیان وەسیەتیان بۆ گەلەکەیان نووسی کە بە دوای جەهالەت نەکەون و یەکگرن و خەباتی نەتەوەیی راستەقینە بکەن . هەروەها تەواوی سەرکردەی مرۆڤدۆست و کوردستانپەروەرو خەلکپەروەری کۆماری مەهاباد بە پێشەنگی قازی نەمرەوە خۆیان تەسلیمی ئێران کرد تاکورد بەتایبەتی خەڵکی مەهابادی بەشەرەف کۆمەلکوژ نەکرێ و ، بەکۆمەڵ سەرکردەکان ، لەجیاتی هەڵاتنی ترسنۆکانەو جیهێشتنی میللەت بۆ قەڵاچۆکردن ، گیانی خۆیان کردە قوربانی گەلەکەیان .
لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا دوای قۆناغی یەکەمی خەباتی چەکداری کە دەوری دامەزرێنەرو سەرەکیی بۆ چەکدارانی عەشایری کوردی ولاتپەروەری پشدەرو بیتوێن بوو ، لە قۆناغی دووەمدا زۆربەی هێزی چەکداری پۆلیسی کوردستان چووە ناو شۆڕشەوەو دوایی ژمارەیەک ئەفسەرو پلەداری سەربازیش هاتنە ناو ریزەکانی شۆڕشەوەو ئەمە بوو وای کرد شۆڕش بتوانێ هێزی پێشمەرگە دروست بکات .
تەنانەت دوای ئەنفال ئەو عەشیرەت و هێزانەی کوردیی کە لەژێر گوشاری لە ناوبردندا ببوونە جاش یان هاوکاری رژێمی بەعس ، یەکەم دەرفەتی لاوازبوونی رژێمیان لەشەڕی کوێتدا بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ریزەکانی خەلک بەکارهێناو دەورێکی سەرەکییان لە راپەریندا لە لایەنە سەربازییەکەیدا هەبوو .
مەبەست لەم ئاخاوتن و نموونانە ئەوەیە بوونی هێزی چەکدار و پرۆفێشنال و رێکخراوی کوردیی دوور لە حیزبایەتیی و خێلچێتیی و بنەماڵەچێتیی کوشندەی ئەزموونی فشەو فەشەلی ٢٣ ساڵەی باشوور ، بێ گومان لە قازانجی گەلەکەماندا دەبێت بەتایبەتی کە هەر نەبێت کوردێکی زۆر لە ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی هەرێم بچنە ناو ریزی حەرەسی وەتەنی یەوەو لەسەر بەکارهێاننی چەکی قورس و ستراتیج و تاکتیکی جەنگی نوێی ناوشاران مەشق و راهێنانیان پێ بکرێت .
گەر ئەم پرۆژەیەی حەرەسی وەتەنی عێراق بێتە ئەنجام دان ، بێهێننە پێش چاوی خۆتان کە دوای سێ یان 5 ساڵ بە هەزارەها شیعەو سوننی عەرەب و تەنانەت تورکمانیش بوونە هێزیكی رێکخراوو باشترین ئیمتیازاتیان هەیەو باشترین مەشقیان لەسەر بەکارهێنانی باشترین چەک پێکراوەو پشتگیری ئەمریکاو دنیایان هەیە ، بەلام کورد هەر بەفشە بەشداری نەکردو لەمرۆڤی بێدەسەلات و دەست و مەچەکی رووتی بێ کەس و پشتیوان زیاتر هیچی نەبوو …
دیارە گەر بەدیلی باشترتان هەیە ئەوە رەفزکردنی بەشداری لەحەرەسی وەتەنی قەیدی نییە ، بەلام دڵنیام لە فشەبوون و میلیشیابوون و شەڕەدەنووکی مریشکانە دژی یەکتر ، بەدیلێکی ترتان نییە . ئەو چەکدارکردن و مەشقپێکردنەی گوایە هەموو دنیا بە هێزی پێشمەرگەی دەکا ، گەر لەسەر بنەمای ڕێکەوتنێکی یاسایی نێونەتەوەیی نەبێت ، کە ماف و ئیمتیازاتی کورد لە خاکەکەیدا بە کەرکوک و شەنگالێشەوە مسۆگەر بکات و نەتەوە یەکگرتۆکان زامنی بێت ، و گەر هەروەک جاران بەقسەی شەفەهی و گەوادیی سیاسیی بێت لەڕێی خودادا ، ئەوە ئەمجارە نەک تەنیا هی تورکیا ، بەڵکو دەبنە جاشی هەموو ئەو هێزانەی تەماع و پرۆژەیان لە نەوت و شوێنی ستراتیجیی و جیۆپۆلیتیکی کوردستاندا هەیەو لە جاشێتیی یان رووڕەشی و تێشکانی بێشەرەفانەی وەک شەنگال و مەخموور و کارەساتی پتر بۆ گەلەکەمان هیچی ترتان بۆ نامێنێتەوە .
پێویستە بە زووترین کات بەرنامەیەکی ستراتیجی گرنگ بۆ بەشداری قورسی کورد لەحەرەسی وەطەنی عێراقدا بەرهەمبهێنرێ و وەزیری پێشمەرگەی هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق هەولێکی چڕ بۆ سەرخستنی ئەو بەشدارییە بدەن . کوردی چاک و پاک لە هەر شوێنێ بێت کوردەو دڵسۆزی خەلک و خاکەکەیەتی . کوردی خۆپەرست و خۆفرۆشیش تا نزیکتر بێ لێت خەتەرناکترە وەک لە شەنگال و ناوچەکانی موسڵ بینیمان .